یەمەن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-30-11:33:00 - کۆدی بابەت: 9231
یەمەن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆماری یەمەن (بە عەرەبی: الجُمْهُوْرِيَّةُ اليَمَنِيَّة، بە ئینگلیزی: Yemen) وڵاتێکی عەرەبییە و دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای نیمچەدوورگەی عەرەبی لە ڕۆژاوای کیشوەری ئاسیا. ڕووبەرەکەی نزیکەی ٥٥٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ژمارەی دانیشتووانەکەی بەپێی ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٣١ ملیۆن کەسە. یەمەن لە باکوورەوە لەگەڵ سعوودیە و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ شانشینی عوممان و کەنارەکانی باشووری لەسەر دەریای عەرەبی و کەنارەکانی ڕۆژاوای لەگەڵ دەریای سوور هاوسنوورە. 

یەمەن زیاتر لە ٢٠٠ دوورگەی لە دەریای سوور و دەریای عەرەبی هەیە کە گەورەترینیان بریتین لە سوقوتڕا و حەنیش. دەستووری یەمەن، دەوڵەتی دیموکراسی، پەسەندکردنی فرەیی سیاسی و حیزبی، پەسەندکردنی سیستمی ئابووریی ئازاد، پابەندبوونی بە پەیمان و پەیمانە نێودەوڵەتییەکانە کە لە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتووە، هەروەها شەریعەتی ئیسلامی وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان دیاری کراوە. یەمەن ئەندامی کۆمکاری عەرەبی، نەتەوە یەکگرتووەکان، بزووتنەوەی بێ لایەنەکان، ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییە.

پایتەخت سەنعا
زمانی فەرمی عەرەبی
ساڵی دامەزراندن ١٩٩٠
تەمەنی یاسایی ١٦ ساڵ
دراو ڕیاڵی یەمەنی YE
ژمارەی تەلەفۆنی فریاکەوتن ١٩٩
نیشانەی فەرمی هەڵۆ
ڕێڕەوی ڕۆشتن ڕاست
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی ٩٦٧+

مێژوو

یەمەن بە یەکێک لە ناوەندە دێرینەکانی شارستانییەتی جیهانی کۆن دادەنرێت. بەتەواوی نازانرێت مێژووی یەمەنی کۆن کەی دەستی پێکردووە، بەڵام هەندێک لە نووسراوەکانی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا وێنا دەکەن کە زۆر لەمێژە هەیە. بۆ نموونە لە دەقێکی سۆمەریدا باسی سەبەئـ کراوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین، واتە لە ناوەڕاستی هەزارەی سێیەمی پێش زایین.

ئەوەی لە نووسراوەکانی یەمەن دۆزرایەوە مێژووی یەمەنی کۆن بەوە ئاشکرا دەکات کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی هەزارەی دووەمی پێش زایین. یەکێک لە گرنگترین و بەناوبانگترین شانشینەکانی یەمەنی کۆن بریتییە لە شانشینی سەبەئـ و مەعین و قەتبان و حەزەڕمەوت حیمەیر. ئەم شانشین و قەوارانە کۆمەڵێک شانازی گەورەیان لەدوای خۆیان بەجێهێشتووە وەک پەرەپێدانی ڕێنووسی موسنەد. یەمەن لەچاو وڵاتانی تری نیمچەدوورگەی عەرەبی خاوەنی زۆرترین دەق و نووسراوی کۆنە.

ڕۆمەکان پێیان دەگوت ناوچەی "عەرەبی بەختەوەر - العربية السعيدة". لە سەدەکانی ناوەڕاستدا چەندین دەوڵەت دامەزران، وەک دەوڵەتی زیادی، دەوڵەتی یەعفەری، ئیماماتی زەیدی و دەوڵەتی تاهیری و بەهێزترینیان دەوڵەتی ڕەسووڵی بوو.

باکووری یەمەن لە ساڵی ١٩١٨دا سەربەخۆیی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەرگرت، لەدوای ئەو شانشینی موتەوەکولی یەمەن دەسەڵاتی گرتە تاوەکوو ساڵی ١٩٦٢، لەدوای ئەویش کۆماری عەرەبی یەمەن دامەزرا، لە کاتێکدا باشووری یەمەن تا ساڵی ١٩٦٧ وەک ناوچەی پارێزراوی بەریتانیا مایەوە و دوای ئەویش لە باشوور کۆماری دیموکراتی گەلی یەمەن دامەزرا. لە ١٩٩٠/٥/٢٢ هەردوو یەمەن یەکیان گرتەوە. 

ئابووری

ئابووریی یەمەن پشت بە سەرچاوەی نەوت و گازی سنووردار و کەم بەکارهێنراو دەبەستێت و ئەم کەرتە هەرچەندە گەورەترین ڕێژەی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت، بەڵام گەشەی نەکردووە. لە ڕووی مێژووییەوە یەمەن وڵاتێکی کشتوکاڵییە، بەڵام پشت بە داهاتی ڕێڕەوی دەریایی و بەندەرەکانی دەبەستێت. بەهۆی گەندەڵی و ململانێی چەکدارییەوە، وڵاتەکە بە هەلومەرجی سەختی سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕێت کە ڕێگرن لە پڕۆسەی گەشەپێدان. یەمەن وڵاتێکی گەشەسەندووە و لەنێو وڵاتانی کەم گەشەسەندوودایە، بەو پێیەی بۆ ساڵی ٢٠١٤ لە لیستی ناسکترین وڵاتەکانی جیهاندا پلەی هەشتەمی بەدەستهێناوە.

دۆخی سیاسی

ساڵی ٢٠١١ و لەژێر سێبەری هەڵمەتەکانی بەهاری عەرەبی، ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ ڕووخاندن و لابردنی حکوومەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەستی پێکرد، کە لە ساڵی ١٩٧٨ـەوە حوکمڕانی یەمەن بوو. سعوودیە دەستپێشخەرییەکی پێشکەش کرد بۆ پاراستنی کاریگەریی خۆی لە ڕێگەی کۆمەڵێک کەسی ڕژێمەکەوە، ئەمەش لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پەسەندکرا و درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر درا لەلایەن سعوودیەوە.

سەرۆک ساڵح دەستی لەکار کێشایەوە و لەڕێگەی پەرلەمانەوە پارێزبەندی بە خۆی و ٥٠٠ کەس لە هاوکارەکانی درا بۆ ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکرێت. جێگرەکەی، عەبد ڕەبۆ مەنسوور هادی لە ٢١ـی شوباتی ٢٠١٢ لە هەڵبژاردنێکی تاکە کاندیددا هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی قۆناغێکی ڕاگوزەری بکات بۆ ماوەی دوو ساڵ. قۆناغی ڕاگوزەری بەردەوام بەهۆی گێژاوی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی قەیرانی ساڵی ٢٠١١ بەربەستی دەخرایە پێش، وەک عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و لایەنگرانی لەلایەک و عەلی موحسین ئەحمەر و بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئەحمەد لە لایەکی ترەوە، ساڵحیش بەربەستی بۆ ئەوە دروست دەکرد کە خێزانەکەی لە دەسەڵات بمێننەوە و ڕکابەرێک ببێتە دەسەڵاتدار ئازادییان بۆ دابین بکات. 

حووسییەکان لە ٢١ـی ئەیلوولی ٢٠١٤دا کۆنتڕۆڵی شاری سەنعای پایتەختیان کرد. عەبد ڕەبۆ مەنسوور هادی و خالید بەحاح، سەروەزیرانی پێشوو، ڕۆژی ١٩ـی ١ـی ٢٠١٥ دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد، دەسەڵاتی حوسییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانانی وەرنەگرت. دانوستانەکان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکەوتوو نەبوون بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی نەبوونی سەرۆکایەتی و حکوومەت، بەڵام نوێنەری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەمال بنعوومەر، باسی لە نزیکبوونەوەی گەیشتن بە ڕێککەوتن کرد بەو مەرجەی ئۆپەراسیۆنەکانی سعوودیە ڕێگە بدات. 

هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی سعوودیە و ئیماڕات لە ٢٦ی ئازاری ٢٠١٥ـەوە هەڵمەتێکی ئاسمانی ئەنجامداوە لە شەڕێکی ناوخۆدا کە لایەنەکانی قەیرانی ٢٠١١ لەخۆدەگرێت و بە شێوەیەکی سەرەکی دژی میلیشیاکانی حووسی و عەلی عەبدوڵا ساڵحە.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ٩ هەزار کەسی مەدەنی بوونەتە قوربانی ئەم جەنگە ناوخۆییانە، کە لانیکەم سێ هەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ژمارەی ئاوارەکانیش ٢,٥ ملیۆنی لە ساڵی ٢٠١٥ تێپەڕاند. زۆرێک لە شوێنەوارەکانی سەردەمی مێژوویی جیاواز بەشێکیان یان بە تەواوی لەناوچوون. لەگەڵ بەئامانجکردنی سیستماتیکی مەزارگە سۆفییەکان لە حەزەڕمەوت.


سەرچاوەکان

70 بینین