ئیرەییبردنی منداڵی یەکەم

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-04-00:01:00 - کۆدی بابەت: 9270
ئیرەییبردنی منداڵی یەکەم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئیرەییبردنی منداڵی یەکەم بە منداڵی تازە لەدایکبوو، یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام ئیرەییبردنی منداڵی یەکەم کێشەیەکی کۆنترۆڵنەکراو نییە، ئەگەر بتوانن لە هۆکاری ناڕەحەتی منداڵەکەتان تێبگەن و بەباشی مامەڵەی لەگەڵ بکەن، ئەوا توڕەیی منداڵی یەکەم بەئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت. لەڕاستیدا دایک و باوک ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن لە کەمکردنەوەی ئیرەیی منداڵەکانیان، هەروەها ڕەفتاری نەشیاویان دەتوانێت دۆخەکە خراپتر بکات. 

نیشانەکانی ئیرەییبردنی منداڵی یەکەم

زانینی ئەوەی کە ئیرەیی شتێکی سروشتییە لە منداڵاندا وا لە خێزانەکان دەکات ئارامتر مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن، لەوانەیە منداڵی یەکەم کاتێک سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک بۆ منداڵە نوێیەکە دەبینێت، بێ ئارام بێت و بەبێ هۆکار بگریێت، هەروەها پشتگوێخستن دەبێتە هۆی تەڕکردنی جێگا لە شەودا و زۆر لەخەو هەستان لەکاتی خەو
خۆشەویستی منداڵی یەکەم بۆ منداڵی تازە لەدایکبوو بەزۆری زیادەڕەوی تێدا دەکرێت و توندوتیژی لەگەڵە بۆ نموونە لە باوەشی دەگرێت و بە توندی دەیگوشێت هەستێکی تێکەڵ لە ئازار و سۆز نیشان دەدات، زیان بە کەلوپەلی ناوماڵ یان یارییەکانی دەگەیەنێت و شەڕانگێز و گۆشەگیر دەبێت.

هۆکاری ئیرەییبردنی منداڵی یەکەم

١- دابەشبوونی سەرنجی دایک و باوک: منداڵی یەکەم بۆماوەیەک ناوەندی سەرنجی دایک و باوکی بووە، ئەم گرنگیدانانە وەکوو پێوەرێک بۆ خۆشەویستی و سۆز وەردەگرێت، لە ئەنجامدا لەگەڵ هاتنی منداڵێکی نوێ و دابەشبوونی سەرنج و گرنگیپێدانەکان، هەست دەکات دایک و باوکی ئیتر خۆشەویستیان بۆی نەماوە، منداڵێکی نوێیان لە شوێنی داناوە، ئەم بابەتە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی زۆر بێت و ئیرەیی بە منداڵە نوێیەکە ببات.
٢- خۆی بەراورد دەکات بە منداڵە نوێیەکە: بە گشتی دایک و باوک بە تێپەڕبوونی کات ئەزموونی زیاتر بەدەستدەهێنن، دەتوانن هەلومەرجی باشتر بۆ منداڵەکانی داهاتوویان دابین بکەن، هەر ئەم بابەتە دەتوانێت ئیرەیی منداڵەکانی پێشوو بوورووژێنێت، ببێتە هۆی ئەوەی بەردەوام بارودۆخی پێشتریان بە بارودۆخی ئێستای منداڵە نوێیەکە بەراورد بکەن.
٣- بەراوردکردنی بە منداڵە نوێیەکە: زۆر جار دایک و باوک منداڵەکان بەیەکتر بەراورد دەکەن، بە منداڵە تازەکەدا هەڵدەدەن، بۆنموونە دەڵێن براکەت هاتووە ئیتر تۆ باوت نەماوە! ئەم جۆرە ڕەفتارانە زۆر هەڵەن و دەبنە هۆی ئیرەیی و توڕەیی منداڵ.
٤- کەم ئەزموونی و هەڵەی دایک و باوک: بەهۆی کەم ئەزموونی دایک و باوکەوە، بەزۆری یەکەم منداڵ بە کەم ئەزموونی و هەڵەی دایک و باوکەوە گەورە دەبێت، بۆیە کاتێک شارەزایی ئێوە دەبینێت لە پەروەردەکردنی منداڵێکی نوێ، هەست بە ناخۆشی دەکات.
٥- ڕەچاونەکردنی سنوورەکان: سەرەتای ئیرەییبردنی منداڵی یەکەمن، لەوانەیە منداڵە نوێیەکە بە جۆرێک سنووری منداڵە گەورەکە ببەزێنێت، دەست بۆ جلوبەرگ، یارییەکانی و هەموو شتێک کە هی خۆیەتی ببات، ڕەنگە منداڵە گەورەکە ناڕەزایی دەرببڕێت و ببێتە هۆی ناڕەحەتی بۆی، ناڕەزایەتییەکەی قبوڵ بکەن تا دەتوانن بەبێ مۆڵەتی منداڵە گەورەکە هیچ کام لە شتەکانی مەدەن بە منداڵە تازەکە هەوڵی ڕەچاوکردنی دادپەروەری و یەکسانی بدەن، لەبیرتان بێت کە جیاوازیکردن لەنێوان منداڵەکان یەکەم هەنگاوی ئیرەییبردن لە نێوان منداڵەکان دروست دەکات.

چۆنیەتی کەمکردنەوەی ئیرەییبردنی منداڵی یەکەم

١- کەمکردنەوەی ئیرەیی بە هێنانی هاوڕێیەک: بە منداڵەکەتان بڵێن کە منداڵێکی نوێ چەند خۆشە، چەند دەتوانێت یاری لەگەڵ بکات، لە سەرەتای لەدایکبوونی منداڵە نوێیەکەدا، لەوانەیە باوەڕ نەکات کە منداڵێکی ئاوا بچووک چۆن یاری لەگەڵ دەکات، پێویستە بۆی ڕوونبکەنەوە کە جارێ بچووکە، ئەو یاریانە ڕوونبکەنەوە کە دەتوانێت لەگەڵیدا بیانکات.
٢- ڕێگریکردن لە زیان: ئامانجی یەکەمتان دەبێت ئەوە بێت کە منداڵە تازەکە بپارێزن، دواتر منداڵە گەورەکە فێری چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خوشک یان براکەی بکەن، دەبێت فێری چۆنیەتی یاریکردن لەگەڵ منداڵە تازەکەی بکەن، ڕێنمایی بکەن و هانی بدەن، هه‌وڵبده‌ن هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ له‌ نێوان منداڵه‌كانتان دروست بكه‌ن، بەته‌نیا جێیانمەهێڵن تا دڵنیا ده‌بنە‌وه‌ كه‌ ‌ئیرەیی منداڵی یه‌كه‌م زیانی نییه‌.
٣- توڕەیی و نیگەرانی مەهێڵن: لەوانەیە منداڵی یەکەم لە ئەنجامی زۆر سەردانی کردنی پزیشک لەماوەی دووگیانیدا، تووشی ترس و نیگەرانی ببێت. هەست بە توڕەیی بکات بەرانبەر کۆرپەکە، پێویستە ڕوونیبکەیتەوە کە بۆچی سەردانی پزیشک دەکەیت، وێنەکانی سۆنەری پیشان بدە.
٤- منداڵی دووەم مەکەن بە هۆکاری ئیرەییبردن: دوور بن لە قسەی وەکوو: “دەنگەدەنگ مەکە بۆ ئەوەی کۆرپەکە لە خەو هەڵنەسێت، ناتوانین یاری بکەین و ناتوانین بچینە پارک چونکە کۆرپەکە خەوتووە” هەوڵبدەن هۆکاری تر بدۆزنەوە بۆئەوەی منداڵی یەکەم ڕازی بکەن.
منداڵە گەورەکە مەورووژێنن بە وتنی شتگەلێکی وەکوو "ڕقت لە کۆرپە نوێیەکە دەبێتەوە؟" یان "تۆ خوشک یان برایەکی خراپیت لەبەرئەوەی گاڵتەت بە کۆرپەکە کردووە"
یان "دەتەوێت ئازاری پێبگات؟"، بۆی ڕوونبکەنەوە بەو پێیەی کۆرپەیە و بچووکە، پێویستە ئاگاداری بن و دایکی پێویستی بە بەسەربردنی کات هەیە لەگەڵیدا، تەنانەت هەندێک جار داوای لێبکەن یارمەتی دایکی بدات لە چاودێریکردنی کۆرپەکە، بەم شێوەیە ئەم کارە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرپرسیارێتی لای منداڵەکە.
٥- کاتە بەتاڵەکان بەکاربهێنە بۆ کەمکردنەوەی ئیرەییەکەی منداڵی یەکەم، کاتێک منداڵەکە خەوتووە هەوڵبدە هەموو کاتەکانت لەگەڵ منداڵە گەورەکە بەسەر بەریت، بەڵام گرنگە یاری لەگەڵ منداڵە گەورەکە بکرێت تەنانەت ئەگەر کۆرپەکەش بەئاگا بێت، بەگشتی کاتێکی زیاتر بۆ یەکەم منداڵ دابنێ، خۆشەویستی و سۆز بۆ یەکەم منداڵ زیاد بکە. 
٦- بەراوردکردن هانی ئیرەیی دەدات، هیچ کات بەراوردیان مەکە.
٧- زیاد لەپێویست منداڵی یەکەم کۆنتڕۆڵ مەکەن، یاسای قورس بەتایبەت بەبێ ڕوونکردنەوە، دەبێتە هۆی زیادبوونی ئیرەیی، بە ڕەخنە و مامەڵەی سەخت متمانە بەخۆبوونی لەناو مەبەن.


سەرچاوەکان

90 بینین