دەریای سێلتیک

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-04-15:28:00 - کۆدی بابەت: 9275
دەریای سێلتیک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەریای سێلتیک (بە ئینگلیزی: Celtic Sea)، بەشێکە لە زەریای ئەتڵەسی و دەکەوێتە باشووری کۆماری ئێرلەندا. لە باکووری ڕۆژهەڵات بە کەناڵی ساینت جۆرج، لە ڕۆژهەڵات بە کەناڵی ئینگلیزی و کەناڵی بریستۆڵەوە هاوسنوورە. ڕووبەری ڕووی دەریاکە 300 هەزار کیلۆمەتر دووجایە.

تایبەتمەندییە جوگرافییە گرنگەکانی دەریاکە

دەریای سێلتیک بە ڕەفەی سێلتیک ناودەبرێت، بنکی دەریاکە بەشێکە لە ڕەفەی کیشوەری ئەورووپا. هەروەها هەریەک لە ڕووبارەکانی وڵاتانی ئینگلتەرا، ئێرلەندا، فەڕەنسا و وێڵز دەڕژێنە ناو دەریای سێلتیکەوە. زنجیرە دوورگەیەکی بچووک کە بە دوورگەکانی سیلی (Scilly) ناسراون، لە دەریای سێلتیکدا هەڵکەوتووە. دوورگەکانی سیلی لە پێنج دوورگەی ئاوەدان و زیاتر لە 140 دوورگەی بچووکی بەردین پێکهاتووە. ئەم دوورگانەش جوانییەکی سروشتی ناوازەیان هەیە. گەشتیاری نزیکەی 85%ـی کۆی داهاتی دوورگەکان پێکدەهێنێت.

مێژووی دەریاکە

دەریای سێلتیک بە ناوی کەلەپووری سێلتیکی ناوچەکەوە ناونراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوی دەریاکه لەلایەن زانایەکی بەناوبانگی زیندەوەرزانی دەریایی ئینگلیزی بە ناوی (E.W.L.Holt) لە ساڵی 1921دا و لە میانەی کۆبوونەوەی پسپۆڕانی ماسیگرتن لە وڵاتانی فەڕەنسا و بەریتانیای مەزن و ئێرلەندا، پێشنیازکرا. بەهۆی بایۆلۆژی نیشتە دەریاییەکان و زەویزانی و ئاوزانی ناوچەکەوە، پسپۆڕان خواستیان لەسەر ناوێکی هاوبەش بوو بۆ دەریاکە ئەوە بوو ناوێکی هاوبەشیان هەڵبژارد کە لەگەڵ ناوچەکەدا ئاسان پێکبێت.

لەڕووی ژینگەزانییەوە

دەریای سێلتیک بە ڕاوگەی ماسی دەوڵەمەندە و ساڵانەی 1.8 ملیۆن تەن ماسی لە دەریاکەدا ڕاودەکرێت. هەروەها لە ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر گیانەوەری شیردەری دەریایی هەبووە و زۆرجار چوار جۆر گیانەوەری بێتووکی شیردەر لە ناوچەکەدا دەردەکەون، ئەوانیش بریتین لە: نەهەنگی پشت بۆری بچووک، دۆلفینی لووت بوتڵی دەریایی، دۆلفینی دەنووک کورت و بەرازی دەریایی بەندەری.


سەرچاوەکان



294 بینین