چۆن منداڵ هان بدرێت بۆ خوێندنەوە؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-08-22:25:00 - کۆدی بابەت: 9330
چۆن منداڵ هان بدرێت بۆ خوێندنەوە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن منداڵان بۆ خوێندنەوە هان بدرێت (بە ئینگلیزی: How to encourage children to readمنداڵەکان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگان و پێویستە گرنگی زۆر بە پەروەردەکردنیان بدرێت، هان بدرێن بۆ کتێب خوێندنەوە. خوێندنەوەی کتێب گرنگە بۆ مێشک و ڕۆح، بیرکردنەوەی منداڵان فراوان دەکات، زانیارییەکانی جیهانی دەرەوەیان پیشان دەدات و توانای خوێندن و نووسین و قسەکردنیان زیاد دەکات.

چۆن منداڵەکان بۆ کتێب خوێندنەوە هان بدرێن؟         

چەند ڕێگایەک بۆ هاندانی منداڵان بۆ کتێب خوێندنەوە:

  • سەرەتا گرنگە زۆر لە منداڵەکان نەکرێت تا کتێب بخوێننەوە، سروشتی مرۆڤ بەو جۆرەیە دەیەوێت ئازاد بێت لەو کارانەی ئەنجامیان دەدات، ئەگەر زۆر لە منداڵەکان بکرێت بۆ کتێب خوێندنەوە ئەمە دەبێتە هۆکارێک تا دواتر حەز بە کتێب خوێندنەوە نەکەن.
  • ئەگەر بتەوێت منداڵەکەت خوێنەر بێت پێویستە کتێب لە ماڵەکەتدا هەبێت، چەند کتێبێکی بەسوود بکڕە کە لەگەڵ تەمەنی منداڵەکەتدا بگونجێت و لە شوێنێکی دیاری ماڵەکەت دایان بنێ کە منداڵەکان بەرچاویان بکەوێت، دواتر لە کاتی هەڵسوکەوتی ناو ماڵدا منداڵەکان چاویان بە کتێبەکان دەکەوێت و ئارەزووی خوێندنەوەیان دەکەن.
  • هەوڵ بدە هەموو ڕۆژێک چیرۆک بۆ منداڵەکەت بخوێنیتەوە، چیرۆکەکان گرنگن و منداڵان حەزیان بە دووبارە خوێندنەوەیانە، هەوڵبدە بە دەنگێکی جیاواز چیرۆکەکان بخوێنەرەوە و کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکە بەرجەستە بکە.
  • کاتێک کە خۆت کتێب دەخوێنیتەوە هەندێک بەشی کتێبەکە کە بەسوودە یان دەبێتە هۆی پێکەنین بە دەنگی بەرز بیخوێنەوە تا منداڵەکان گوێیان لێی بێت و ئەوانیش بەرەو خوێندنەوەی کتێب بڕۆن.
  • کاتێکی گونجاو دیاری بکەن تاوەکوو هەموو ئەندامانی خێزانەکە پێکەوە کتێب بیخوێننەوە، دەگونجێت منداڵەکان  کتێب بۆ یەکتری بخوێننەوە و ئەم کاتە کاتێکی ئارام و چێژ بەخشە بۆ هەموو ئەندامانی خێزانەکە.
  • هەوڵبدە لەگەڵ منداڵەکەت زۆرترین کات سەردانی کتێبخانە و پێشانگاکانی تایبەت بە کتێب بکە، کتێبە بەسوود و گونجاوەکانی تایبەت بە تەمەنی منداڵەکەت پێکەوە هەڵبژێرن.
  • کاتێک منداڵەکان پرسیارت دەربارەی شتێکی گرنگ لێ دەکەن لە وەڵامدانەوەیدا پشت بە کتێب ببەستە، بەهۆی ئەمە منداڵەکان ئەو هەستەیان لا دروست دەبێت کە کتێب دەتوانێت وەڵامی زۆر پرسیار بداتەوە.
  • لەدوای خوێندنەوەی کتێبەکان کاتێکی گونجاو دیاری بکەن تا باسی ئەو کتێبانە بکەن کە خوێندووتانەتەوە، دەکرێت باسی بیرۆکەی کتێبەکە بکەن، یان ئەو کەسایەتیانەی پێی سەرسام بوون، یاخود باسی ئەو شتە نوێیانە بکەن کە لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا فێری بوون، بیرۆکەکان ئاڵوگۆڕ بکەن ئەمە ڕێگەیەکی باشە بۆ پەرەدان بە تێگەیشتن و چێژبەخشکردنی خوێندنەوە.
  • شوێنێکی تایبەت لە ماڵەکەت تەرخان بکە بۆ کتێبە دڵخوازەکانی منداڵەکەت، با تایبەت بێت بە کتێبەکانی منداڵەکەت بۆ ئەوەی بە ویستی خۆی کتێبەکانی ڕێک بخات، ئەمە هانی دەدات کتێبخانەکەی گەورەتر بکات و زیاتر هەوڵی خوێندنەوە بدات.
  • هەروەک چۆن پارەی خواردن و خواردنەوە و پێداویستییەکانی دابین دەکەیت، بەپێی توانا بڕە پارەیەکیش تایبەت بە کتێبە دڵخوازەکانی منداڵەکەت دابین بکە، کتێبیش بەشێکە لە پێداویستییە گرنگەکانی منداڵەکەت.
  • لە کاتی ڕێکخستن و پاککردنەوەی کتێبخانەکەتدا، داوا لە منداڵەکەت بکە یارمەتیت بدات.
  • لەدوای ئەنجامدانی کارێکی باش یان بەدەستهێنانی نمرەیەکی بەرز کتێب بکە بە دیاری بۆ منداڵەکەت.

بۆچی گرنگە منداڵ هان بدرێت بۆ خوێندنەوە؟

خوێندنەوە کارامەیییەکی گرنگە و پێویستە لە منداڵاندا پەرەی پێ بدرێت، توێژینەوەکان سەلماندوویانە ئەو منداڵانەی زۆرتر دەخوێننەوە، توانایەکی باشتریان بۆ قسەکردن و تێگەیشتنیان لە جیهانی دەوروبەر هەیە.


سەرچاوەکان



776 بینین