کۆنیشانەی کلاینفێلتەر

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-10-21:34:00 - کۆدی بابەت: 9350
کۆنیشانەی کلاینفێلتەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆنیشانەی کلاینفێلتەر (بە ئینگلیزی: klinefelter syndrome) حاڵەتێکی بۆماوەیییە کە تێیدا ڕەگەزی نێرینە بە کرۆمۆسۆمێکی X زیادە  (X chromosome) لەدایک دەبێت و کاریگەریی لەسەر گەشەی جەستەیی و هزری تاکەکە هەیە. لەشی مرۆڤی ئاسایی لە ٤٦ کرۆمۆسۆم پێکهاتووە، دووان لەم کرۆمۆسۆمانە پێیان دەوترێت توخمە کرۆمۆسۆمەکان، توخمە کرۆمۆسۆمەکان ڕەگەزی هەر تاکێک دیاری دەکەن. ڕەگەزی مێینە دوو توخمە کرۆمۆسۆمی Xـی هەیە (XX کرۆمۆسۆم) و ڕەگەزی نێرینە کرۆمۆسۆمێکی X و کرۆمۆسۆمێکیYـی هەیە (XY کرۆمۆسۆم). لە حاڵەتی کلاینفێلتەر تاکی لەدایکبوو کرۆمۆسۆمێکی Xـی زیادەی لە هەر خانەیەکدا هەیە، توخمە کرۆمۆسۆمی تاکەکە بەم جۆرەیە (XXY)، دەکرێت لە کرۆمۆسۆمێکی X زیاتریان هەبێت بەڵام ئەم حاڵەتە دەگمەن و سەختترە. ئەم حاڵەتە کاریگەری لە گەشەی نێرە کۆئەندامی زاوزێ و کەمتر بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی تێستێستیرۆن دەکات و تەنها لە ڕەگەزی نێردا دەردەکەوێت.

مێژووی دۆزینەوەی کۆنیشانەی کلاینفێلتەر

لە ساڵی ١٩٤٢ دکتۆر هاری کلاینفێلتەر و هاوکارەکانی وەسفی نیشانەکانی ئەم حاڵەتەیان کردووە و بە کۆنیشانەی کلاینفێلتەر ناسرا، دواتر لە ساڵی ١٩٥٠ توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت ئەو کەسانەی ئەم نیشانانەیان هەیە کێشەیان لە توخمە کرۆمۆسۆمەکاندا هەیە  و کرۆمۆسۆمێکی Xـی  زیادەیان هەیە.

 چۆنییەتی دروستبوونی ئەم حاڵەتە

کەمەدابەشبوون کردارێکی لەبەرگرتنەوەیە تێیدا ئەو خانانەی نیوەی ژمارەی سروشتی کرۆمۆسۆمیان تێدایە بەرهەم دێت، لە کرداری کەمە دابەشبووندا توخمە کرۆمۆسۆمەکان دابەش دەبن و لەیەکتر جیادەبنەوە، بەڵام لە حاڵەتی کلاینفێلتەر جووتە کرۆمۆسۆمی X جیانابنەوە و بەم جۆرە کەسەکە کرۆمۆسۆمێکی Xـی زیادەی دەبێت.

نیشانەکان

نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، لە هەندێکیاندا نیشانەکان کەم یان مامناوەندن، ئەم حاڵەتە بەزۆری تاوەکوو تەمەنی پێگەیشتن دەستنیشان ناکرێت و هەندێک جاریش بەهۆی کەمی نیشانەکان کەسەکە هەرگیز نازانێت تووشبووی ئەم حاڵەتەیە، هەروەها نیشانەکان بەپێی تەمەنیش جیاوازیان هەیە.

 نیشانەکان لە منداڵانی ساوادا:

  • لاوازی ماسولکەکان
  • گەشەکردنی هێواش
  • دواکەوتن لە قسەکردن
  • دانەبەزینی گونەکان بۆ ناو تورەگەی گون

 نیشانەکان لە تەمەنی ١١-١٢ ساڵی و هەرزەکاراندا:

  • باڵایان لە مامناوەندی بەرزترە
  • قاچەکانیان درێژتر، قەدیان (جەستە بەبێ سەر و پەلەکان) کورتتر و سمتیان پانترە بە بەراورد بە کوڕانی هاوتەمەنی خۆیان
  • دواکەوتن و ناتەواوی یان نەبوونی پێگەیشتن
  • لە دوای پێگەیشتن ماسولکە و مووی جەستە و دەموچاویان کەمترە بە بەراورد بە هەرزەکارانی تر
  • بچووکی چووک
  • گەورەبوونی شانەکانی مەمک
  • لاوازی ئێسکەکان
  • کەمی وزە
  • کەمتر کۆمەڵایەتین و توانای دەربڕینی بیرۆکەکانیان کەمترە
  • کێشە لە خوێندنەوە و نووسین

نیشانەکان لە پیاواندا:

  • نەبوونی تۆو یان ژمارەیەکی زۆر کەم لە تۆو
  • بچووکی چووک
  • لاوازی ئارەزووی سێکسی
  • باڵایان لە مامناوەندی بەرزترە
  • لاوازی ئێسکەکان
  • کەمی مووی جەستە و دەموچاو
  • کەمی ماسولکە
  • گەورەبوونی شانەکانی مەمک
  • زیادبوونی چەوری سک

 کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

  • لە کاتی گەشەکردنی هێواش لە تەمەنی لەدایکبوون تا ١٢ مانگی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت، دواکەوتنی گەشەکردن و پێگەیشتن دەکرێت نیشانەی چەند حاڵەتێک بن کە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە.
  • نەزۆکی لە پیاواندا: لەم حاڵەتەدا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت، لەبەرئەوەی دەکرێت نەزۆکی لە پیاواندا هۆکارەکەی حاڵەتی کلاینفێلتەر بێت

دەستنیشانکردن

  • پشکنینی هۆرمۆنەکان دەتوانێت کەموکوڕی هەندێک هۆرمۆن کە هۆکاری حاڵەتی کلاینفێلتەرن دیاری بکات
  • شیکردنەوەی کرۆمۆسۆمی: شیکردنەوە بۆ ژمارە و شێوەی کرۆمۆسۆمەکان دەکرێت

ئایا تووشبووانی ئەم حاڵەتە دەتوانن ببن بە باوک؟

تاوەکوو ساڵی ١٩٩٦ باوەڕ وابوو کەسانی تووشبوو بەم حاڵەتە توانای وەچە خستنەوەیان نییە، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای بەرهەمهێنانەوەی دەستکرد زیاتر لە ٥٠٪ پیاوانی تووشبوو بەم کێشەیە توانیویانە ببنە خاوەنی منداڵی خۆیان.

چارەسەرکردن

لە ئێستادا هیچ رێگەیەک نییە بۆ لابردنی کرۆمۆسۆمی Xـی زیادە  لە کەسانی تووشبوو بەم حاڵەتە، بەڵام زۆربەی نیشانەکان دەتوانرێن چارەسەر بکرێن، کەمکردنەوەی کاریگەری نیشانەکان کاریگەری لەسەر ماوەی ژیان و چۆنیەتی ژیانکردن هەیە. ڕێژەیەکی زۆر لە کەسانی تووشبوو بە حاڵەتی کلاینفێلتەر ئازادی تەواو، هاوسەر، هاوڕێ و پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئاسایییان هەیە.

چارەسەرکردنی نیشانەکان بریتین لە:

  • چارەسەری جێگرەوەی تێستێستیرۆن
  • لابردنی شانەکانی مەمک
  • پاڵپشتیکردن و پەرەپێدانی لایەنی پەروەردەیی
  • چارەسەرکردنی نەزۆکی
  • سەردانیکردنی ڕاوێژکاری دەروونی


سەرچاوەکان



713 بینین