ژیان جوانە (١٩٩٧)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-07-12-21:02:00 - کۆدی بابەت: 9372
ژیان جوانە (١٩٩٧)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ژیان جوانە (بە ئینگلیزی: Life is beautiful) فیلمێکی ئیتاڵییە لە دەرهێنان و نووسینی (ڕۆبێرتۆ بێنیگنی)ـیە کە خۆشی نواندنکاری سەرەکی فیلمەکەیە. ئەم فیلمە لە چەشنی درامی، ڕۆمانسی، کۆمیدییە، و کاتەکەی ١١٦ خولەکە. یەکێکە لە بەناوبانگترین فیلمەکان و نمرەی ٨٫٦/١٠ وەرگرتووە، و ڕیزبەندی ٢٥ گرتووە لە ٢٥٠ باشترین فیلمی جیهان بەپێی ماڵپەڕی IMdb.
فیلمەکە لە ساڵی ١٩٩٧ لە ئیتاڵیا و لە ساڵی ١٩٩٨ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوبوویەوە، و فرۆشەکەی زیاتربوو لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار.
جگە لە ڕۆبێرتۆ هەریەکە لە نواندنکارەکانی وەک: نێکۆلێتا پراسچی، جۆرجیۆ کنتارینی، بێنگینی ماریسا پەیر، سێرجیۆ بین بوستریک، گویستینۆ دورانۆ ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە.

چیرۆک

چیرۆکی فیلمەکە باسی ساڵی ١٩٣٠ دەکات و چیرۆکی دوو هاوسەری ئیتاڵی و کوڕە پێنج ساڵانەکەیان دەگێڕێتەوە، گویدۆو پیاوێکی جولەکەیە ئاشقی کچێکی مەسیحی دەبێت بەناوی دۆرا و پێکەوە هاوسەرگیری دەکەن. پاش هاوسەرگیرییان شوێنکی تایبەت بە فرۆشتنی پەرتووک دادەنێن، بەڵام دوای ئەوەی جەنگی جیهانیی دووەم ڕوودەدات. دوو هاوسەرەکە جیادەکرێنەوە و دەبرێنە کەمپی جولەکەکان بۆ کار. گویدۆو کوڕە پێنج ساڵانەکەی پێکەوە لە کەمپی پیاواندا دەبن، گویدۆو هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ دڵخۆشکردنی کوڕەکەی.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • ڕۆبێرتۆ بێنیگنی بە تەنها دەرهێنەر، نووسەر، نواندنکاری سەرەکی فیلمەکەیە.
  • گویدۆو و دۆرا کە لە فیلمەکەدا ڕۆڵی دوو هاوسەر دەبینن، لە ژیانی ڕاستیشیاندا هاوسەری یەکترن.
  • ڕۆبێرتۆی دەرهێنەر دەڵێت بیرۆکەی ناوی فیلمەکەم لە لیۆن ترۆتسکی (leon trotsky)ـیەوە وەرگرتووە، کە بیرمەند، شۆڕشگێر، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووسێکی مارکسی بووە، کاتێک کە دوورخرایەوە بۆ مەکسیک و لە کاتێکدا  دەیزانی بڕیارە لەسەر دەستی سەربازەکانی (ستالین) بکوژرێت، ژنەکەی لە باخێکدا بینی و نووسی (ژیان جوانە).
  • سیناریۆی فیلمەکە تا ڕادەیەک لە کتێبی (لە کۆتاییدا لە هیتلەرم دا)ـەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە ئەم کتێبە لە نووسینی ڕوبینۆ ڕۆمیۆ سالمۆنی و باوکی ڕۆبێرتۆ بێنیگنییە، ئەم دوو نووسەرە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا دوو ساڵ پێکەوە لە کەمپێکی کاری ئەڵمانیدا ژیاون.
  • یەکەمین جار بوو کە پیاوێکی ئیتاڵی توانی خەڵاتی ئۆسکار بباتەوە بۆ باشترین نواندنکاری پیاو، هەروەها دووەمین جار بوو کە نواندکارێک بتوانێت خەڵاتی باشترین نواندنکار بباتەوە لە کاتێکدا خۆشی دەرهێنەر بوو.
  • ڕۆبێرتۆ کاتێک خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلمی بیانی بردەوە، ئەوەندە دڵخۆش و پەشۆکاو بوو هەستایە سەرپێ و لەسەر کورسییەکی ڕاوەستا، پاشان بەسەر چەند کورسییەکیشدا ڕۆشت ئینجا خەڵاتەکەی وەرگرت.
  • دوای بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار فرۆشی فیلمەکە ٪٤٥ زیادی کرد.

خەڵاتەکان

فیلمەکە پاڵێوراو بوو بۆ بردنەوەی حەوت خەڵاتی ئۆسکار، کە لە کۆتاییدا سێ خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە:

  1. باشترین فیلمی بیانی
  2. باشترین مۆسیقا
  3. باشترین نواندنکاری سەرەکی بۆ ڕۆڵی پیاو


سەرچاوەکان



522 بینین