پەروانە 

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-14-16:01:00 - کۆدی بابەت: 9395
پەروانە 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەروانە (بە ئینگلیزی: Moth)، لە کۆمەڵەی مێرووە بێ بڕبرەکاندا پۆلێنکراوە و نزیکەی ٢٥٠٠٠٠ جۆری جیاوازی هەیە، نشینگەکەی هەموو وڵاتە جیاوازەکانی کیشوەرەکان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنی دەکەوێتە دارستان و لەوەڕگا هێمنەکانەوە، لە پاراستنی هاوسەنگی ژینگەییدا ڕۆڵی گەورەیان هەیە چونکە وەک پەپوولەکان دەبنە هۆی گواستنەوەی تۆوی گوڵەکان لە گوڵێکەوە بۆ گوڵێکی تر و لە ئەنجامدا پیتاندنیان، کاتێک پەروانە سەرچاوەیەکی ڕووناکی دەبینێت تووشی شڵەژان دەبێت و لە ئەنجامدا ئاڕاستەکانی وندەکات و بەرەو ڕووناکییەکە دەفڕێت، ئەم بوونەوەرانە شێوازی ژیانکردنیان تەنهایە و پێکەوە ناژین، جۆرێکی شەرمنن و زۆرینەی کاتەکان خۆیان بە حەشاردراوی دەهێڵنەوە، هەروەها مۆرانەکان حەزیان لە پلەی گەرمی بەرزە و بەرگەی کەشە ساردەکان ناگرن، بەهۆیەوە لە پێش ساردبوونی کەشوهەوا و وەرزی زستانەوە کۆچدەکەن بۆ ناوچە گەرمەکان.

هەندێک لە جۆرەکانی مەودای زۆر دوور دەبڕن بۆ نموونە جۆرێکی هەیە کە لە ئەفریقای باشوور دەژی کۆچدەکات بۆ شانشینی گەورەی بەریتانیا، هەرچەندە ژمارەی پەروانەکان بە دیاریکراوی زانراو نییە بەڵام لە مەترسیدان بەتایبەتی کە هەندێک لە جۆرەکانی هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، هۆکاری کەمبوونەوەشیان دەگەڕێتەوە بۆ لەدەستدانی نشینگە و سەرچاوە خۆراکییەکانیانەوە، ئەو کەسانەی کە ئارەزووی پەروانەکان ناکەن و دەیانەوێت دووریانبخەنەوە ئەوا پێویست ناکات دەرمانی ژەهراوی بڕژن و بیانکوژن، چونکە پەروانەکان بە هۆکاری سادەتر نامێنن وەک ئەوەی کە لە بۆنی برنج بێزاردەبن و دوور دەکەونەوە، بۆیە بە ڕشتنی زەیتی برنج لە ئەو ناوچانەی کە پەروانەی تێدایە دەبێتە هۆی نەمانیان.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی پەروانە بە موو داپۆشراوە و چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک، ڕەش، سپی، قاوەیی، زەرد، سوور یاخود پرتەقاڵی، دەکرێت هێڵ و خاڵ و نەخشی جیاوازیان لەسەر بێت، قەبارە و گەورەیی جەستەیان بەگوێرەی جۆرەکانیان جیاوازە، بۆ نموونە هەندێکیان دەگەنە کەمتر لە ٢.٥ سانتیمەتر لە کاتێکدا مەوداوی نێوان باڵی هەندێکی تریان دەگاتە نزیکەی ٢٨ سانتیمەتر، هەروەها پەروانە دوو ئارێڵی هەیە کە وەک پەڕی بچووکن و نووساون بە سەرییەوە، لە هەر لایەکی جەستەیدا باڵێکی گەورە و دانەیەکی بچووکی هەیە و لە هەموو جەستەشیدا شەش پێی هەیە، دوو چاوی ڕەش لە سەریدایە کە هاوکاری بینینی دەکات لە شەودا، نێرینەکانیشی هەستی بۆنکردنی پەرەسەندوویان هەیە، جۆرێکی پەروانە هەیە پێی دەوترێت لونا ئەم جۆرە دەمی نییە و ناتوانێت خۆراک بخوات، لە ئەنجامدا تەنها یەک هەفتە تەمەن دەکات و پاشان لەناودەچێت.

پەپوولە و پەروانەکان شێوەیان زۆر لەیەک دەچێت بە ڕووکەشی بەڵام جیاوازیشیان هەیە، جگە لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی جەستەیان خاڵێکی تری جیاوازییان ئەوەیە کە پەپوولەکان بوونەوەری ڕۆژەکین بەڵام پەروانەکان شەوانەن و چالاکییەکانیان بە شەودا ئەنجام دەدەن.

خۆراک

پەروانە بوونەوەرێکی ڕووەکخۆرە، خۆراکی سەرەکی بریتییە لە شیلەی گوڵ و میوە لەگەڵ گەڵا و کوتاڵە سروشتییەکان، لە ناویشیاندا خۆراکی پەسەند و دڵخوازی شیلەی گوڵەکانە، بەڵام کاتێک گەڵای ئەو باخچانەی ماڵەوە دەخۆن کە دەرمانی قڕپێکەری مێرووەکانی پێوەیە دەبێتە هۆی نەخۆشخستنی پەروانەکە و لە ئەنجامدا مردنی، ئەم جۆر بوونەوەرە ڕۆژەکی نییە و چالاکییەکانی بە شەودا ئەنجام دەدات و دەردەکەوێت، لە کاتەکانی ڕۆژدا لە تەنیشت گەڵای درەختەکان یاخود هێلانەکەی هەر جێگەیەکی تر بێت خۆی دەشارێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پەروانە خۆشی دەبێت بە نێچیری هەریەک لە باڵندە، مارمێلکە، بۆق، پشیلەی ماڵی، سەگی ماڵی لەگەڵ شەمشەمەکوێرە و جاڵجاڵۆکەکان.

بۆ خۆپاراستن لە دژی دڕندەکان ڕەنگ و نەخشی جەستەیان هاوکارییان دەکات لەوەی کە خۆیان حەشاربدەن بەتایبەتی لەسەر درەختەکان، کە هەندێک کات وەک یەکێک لە گەڵاکانی دەردەکەون یاخود بەشێکی قەدەکەی، یاخود بەهۆی ئارێڵەکانیانەوە شێوەیەکی ترسناکیان هەیە و ڕاوچییەکانیان هەستدەکەن کە پەروانەکان توانای پێوەدانیان هەیە، لە ئەنجامدا خۆیانن بەدوور دەگرن و کەمتر ڕاویاندەکەن، جۆرێکی دیاریکراویشیان هەیە کە شێوەی وەک باڵندەیە و گیانەوەرەکان وەک پەروانەی نابینن و زۆر جار بە چۆلەکەی دەزانن، جگە لە ئەمانەش خۆی بە شێوەیەکی سروشتی بە شەودا دەردەکەوێت کە بەگشتی لەئەم کاتانەدا ڕاوچی بۆ ڕاوکردنی کەمترە، تەنها شەمشەمەکوێرەکان دەبنە مەترسی سەرەکی.

زۆربوون

کاتێک مێینەیەک ئامادە دەبێت بۆ یەکگرتن بۆنێکی کیمیایی تایبەت دادەنێت، نێرینەیەک دەیدۆزێتەوە و بەدوای مێینەکەدا دەگەڕێت هەتاکوو یەکبگرن، دوای یەکگرتن مێینەکە ژمارەیەکی زۆر هێلکە دەکات کە بە گوێرەی جۆرەکانی لە نێوان ٥٠-٢٥٠ دانە دەبێت، دایکەکە دڵنیادەبێتەوە لەوەی کە هێلکەکان لەسەر گەڵایەک جێبهێڵیت و ناوچەکە بەجۆرێک بێت کە دوای هەڵهاتنی بێچووەکان بتوانن گەڵاکان بخۆن و بیکەن بە سەرچاوەی گەشەکردنیان، واتە دەبێت بە تەواوی جێگەیەکی گونجاوبێت چونکە لە دواتردا دایکەکە سەردانی هێلکەکان ناکاتەوە، پاش ١٠ ڕۆژ هێلکەکان هەڵدێن و دەچنە قۆناغی کرمۆکەییەوە کە نزیکەی حەوت هەفتە دەخایەنێت، بۆ ئەوەی بگەنە قۆناغی دواتر و پێش ئەوەی ببن بە تاکێکی تەواو پێگەیشتوو دەبێت ٢٧٠٠ هێندەی قەبارەی خۆیان خۆراک بخۆن.

لە سەرەتادا ئەو هێلکەیە دەخۆن کە تیایدا بوون چونکە ماددەی پڕۆتینی پێویستی تێدایە دواتر دەستدەکەن بە خواردنی گەڵاکانی دەوروبەریان، پاشان بۆ ماوەی سێ هەفتە دەچنە قۆناغی قۆزاخەیی و هەتاکوو نزیکەی مانگێک تێیدا دەمێننەوە پاشان دەبن بە پەروانە، هەروەها پەروانەکان تەمەنێکی درێژیان نییە و زۆرینەیان لە دۆخی ئاساییدا دەگەنە تەمەنی ٤٠ ڕۆژ، بەڵام ئەو جۆرەیان کە تەنها یەک هەفتە تەمەن دەکات، پێویستە لەم ماوە کورتەدا یەکگرتن ئەنجام بدات بۆ ئەوەی جۆرەکەی لەناونەچێت و قڕنەبێت.  

جۆرە سەرەکییەکان

  • پەروانەی بێلا
  • پەروانەی لونا
  • پەروانەی پڵنگی ئێزابێلا
  • پەروانەی هەڵۆ
  • پەروانەی ئەتڵەس
  • پەروانەی بەراز


سەرچاوەکان



406 بینین