تۆفیق وەهبی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-15-18:18:00 - کۆدی بابەت: 9411
تۆفیق وەهبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وەتۆفیق وەهبی بەگ (بە ئینگلیزیTaufiq Wahby، بە عەرەبیتوفيق وهبي) نووسەر، زمانەوان، مێژوونووس، سیاسەتمەند و ئەفسەری سەربازی بەناوبانگی‌ کورد بوو. لە ١ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٩١ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، کۆلیجی‌ سەربازی‌ لە ئیستەنبووڵ تەواو کردووە و بووە بە ئەفسەر، ساڵی‌ ١٩٢٩ لە بەغداد کراوە بە فەرماندەی‌ کۆلیجی‌ سەربازی، دواتر لە ساڵی ١٩٣٠ کراوە بە پارێزگاری شاری سلێمانی و پێش ڕاپەرینەکەی‌ بەردەرکی‌ سەرای سلێمانی لەسەر کار لابراوە. ساڵی‌ ١٩٤٣ بووە بە ‌وەزیری‌ ئابووری و ساڵی‌ ١٩٤٨ بووە بە وەزیری‌ مەعاریف (پەروەردە)، ئەندامی‌ کۆمەڵەی‌ جوگرافیاناسانی‌ بەریتانیا بووە. شەش زمانی زانیوە، لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی‌ بەرچاوی‌ لە سیاسەتی‌ عێراقدا ھەبووە. زۆر شارەزایی لە ‌بواری‌ شوێنەوارناسیی کوردستاندا ھەبووە، چەندین نووسینی لەو بارەیەوە بڵاوکردۆتەوە. لە ٥ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٤ لە شاری لەندەن کۆچی دوایی کردووە و لە چیای پیرەمەگروون نێژراوە.

ژیانی

 تۆفیق وەھبی بەگ کوڕی مەعرووف ‌لە ١ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٩١ لە شارۆچکەی چوارتای سەر بە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ھەر منداڵ بووە کە باوکی مردووە، خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٠٤ چووەتە بەغداد و خوێندنی ناوەندیی و ئامادەیی سەربازی تەواو کردووە. پاشان ڕووی کردووەتە شاری ئیستانبووڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی بۆ تەواو کردنی خوێندنی باڵاتر، لە کۆلێجی ئەرکان وەرگیراوە و بۆتە ئەفسەری ڕوکن لە سوپای عوسمانی.

کە جەنگی جیهانیی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤ دەستی پێکرد، بەشداری لە شەڕی (چەنە قەلعە) لە دەردەنیل کردووە و لە دواییدا ڕەوانەی خوارووی عێراق کراوە بۆ بەشداری کردن لەبەرەی جەنگ لە دژی ھێزەکانی بەریتانیا لە شعێبە و لە کاتی کشانەوەی سوپای عوسمانی بەرانبەر بە ھێزەکانی بەریتانیا لە مانگی ئەیلوولی ١٩١٧ بەشداریی کردووە لەبەرەی جەنگی ڕوومادی و کاتێکیش کە ئەو شارە کەوتووەتە دەست ھێزەکانی بەریتانیا ئەم بەخۆی و لەشکرەکەیەوە بەرەو شاری ھیت کشاوەتەوە.

لە ساڵی ١٩١٨ گواستراوەتەوە بۆ بەرەی جەنگی فەڵەستین و پلەی سەربازی بەرزکراوەتەوە بۆ پلەی ڕائید و مەدالیای قارەمانی لەسەرکردەی ئەڵمان وەرگرتووە و ئەوەی شایانی باسە زۆربەی سەرکردەکانی تیپی سوپای عوسمانی جەنەڕاڵی ئەڵمان بووە، چونکە لەو جەنگەدا عوسمانی و ئەڵمانیا ھاوپەیمان بوون لە دژی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئەمریکا شەڕەیان دەکرد.

کاتێک کە ئەو جەنگە جیھانییە بەشکانی دەوڵەتی عوسمانی ھاوپەیمانەکانی لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٨دا کۆتایی ھات، تۆفیق وەھبی بەگ گەڕایەوە کوردستان و چووە بەغداد و بووە یەکێک لە ئەفسەرە دیارەکانی کورد لەدامەزراندنی سوپای عێراق لە ڕۆژی ٦ـی کانوونی دووەمی ١٩٢١.

کاتێک کە شێخ مەحموودی نەمر لە ساڵی ١٩٢٢ لە هیندستان گەڕێنرایەوە سلێمانی و بووەوە حوکمداری کوردستان، تۆفیق وەھبی بەگ لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەی ١٩٢٢ چووە پاڵ بزووتنەوەکەی کە ئەم بزووتنەوە و شێخی نەمریش بەدەستی ئینگلیزەکان لەناوبران، تۆفیق وەھبی بەگ بۆ ماوەی ٤٢ ڕۆژ گیرا و کە ئازادکرا لە ساڵی ١٩٢٣ کرا بە کارگێڕی بزوتنەووەکان لە شالیارێتی بەرگری عێراق و لەمانگی ئابی ١٩٢٥ـیشدا کرا بە بەڕێوبەری قوتابخانەی سەربازی لە بەغداد و پلەی سەربازی بووە موقەددەم و لەساڵی ١٩٢٩ نێردرا بۆ ئینگلتەرا بۆ بەشداریی کردن لە خولێکی بەرزکردنەوەی شارەزایی سەربازی و لەساڵی ١٩٣٠ پلەی عەقیدی پێدرا و کرا بە پارێزگاری شاری سلێمانی، بەڵام بەر لە ڕوودانی ڕاپەڕینی ٦ـی ئەیلوولی ١٩٣٠ بەردەرکی سەرای سلێمانی لە کارەکەی دوورخرایەوە.

لەساڵی ١٩٣١ لەدوای شەڕی شێخ مەحموود لە ئاوباریک لەدژی دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوایی عێراق ماوەیەک گیرا و تاوانی ھاندانی خەڵکیان بۆ داواکردنی فەرمانڕەوایەکی کوردی خستەپاڵ و ماوەیەک بێکار و فرمان مایەوە تاکوو لەساڵی ١٩٤٦ کرا بە شالیاری ئابووری عێراق لە شالیارییەکەی حەمدی پاچەچیدا و دوای ئەوەش تاکوو ساڵی ١٩٥٨ گەلێک جار بەناوی کورد کراوە بە شالیاری بەرگری و مەعاریف (پەروەردە).

لەسەرەتای ساڵی ١٩٥٨ کراوە بە ئەندام لە ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی عێراق "مجلس الاعیان" و لەدوای شۆڕشی ١٤ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ عێراقی جێھێشتووە و چووەتە شاری لەندەن و دوا ساڵەکانی ژیانی لەوێ بەسەر بردووە، ھەر خەریکی نووسینی مێژووی کورد و نووسینی بابەتی زمانەوانی کوردی بووەم تاکوو لە ڕۆژی ٥ـی کانوونی دووەمی ١٩٨٤ لە تەمەنی ٩٣ ساڵی لە لەندەن کۆچی دوایی کردووە، تەرمەکەی ھێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی لەچیای پیرەمەگروون بەخاک سپێردراوە.

بەرهەمە چاپکراوەکانی

پاش دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کورد لە ساڵی ١٩٧١، تۆفیق وەھبی بە ئەندامی شانازی (فخری) ھەڵبژێردرا و گەلێک لێکۆڵێنەوەی دەگمەنی لە گۆڤاری کۆڕدا نووسی. ھەندێک لە بەرھەمە چاپکراوەکانی ئەمانەن:

بە زمانی کوردی

  • وتاری کوردییەکەمان بە چۆن حرووفێک و چۆن بنووسین؟ - دیاریی کوردستان (١٩٢٥)
  • دەستووری زمانی کوردی - بەغدا (١٩٢٨)
  • خوێندەواریی باو - بەغدا (١٩٣٣)
  • قسنێک لە کوردستان - بەغدا (١٩٤٧)
  • فەرهەنگی کوردی - ئینگلیزی (هاوبەش)، لەندەن (١٩٦٥)

بە زمانی عەرەبی

  • رجعیة المانیا و عبادة القوة - بەغدا (١٩٤٢)
  • الاصل و الاستطراد فی اصل معنی بەغداد - بەغدا (١٩٥٠)
  • قواعد اللغة الکردیة (١) ـ بیروت (١٩٥٦)
  • قواعد اللغة الکردیة (٢) - بیروت (١٩٥٦)
  • التون کوپری - بەغداد (١٩٥٦)
  • سخرة من دربند بازیان الی تاسلوجة - بەغداد (١٩٥٦)
  • حول مقال مسئوولیة الادیب الکردی للاستاذ عبدالمجید لطفی - بەغداد (١٩٧٣)

 بە زمانی ئینگلیزی

  • ئەشکەوتی گندۆک - بەغداد (١٩٤٩)
  • پاشماوەی میسرازئیەکان (ئێزدییەکان) - لەندەن (١٩٦٢)
  • خوێندنی کوردی - لەندەن (١٩٦٨)


سەرچاوەکان



977 بینین