هاروون ڕەشید

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-17-21:06:00 - کۆدی بابەت: 9438
هاروون ڕەشید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیاننامەی

هاروونە ڕەشید یان هاروون ئەلڕەشید (بە عەرەبی: هارون الرشید، بە ئینگلیزی: Harun al-Rashid) ناودارترین و پێنجەمین جێنشینی عەباسییەکانە.
ناوی تەواوی هاروونی کوڕی محەمەدی مەهدی کوڕی ئەبووجەعفەری مەنسوورە، ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە سەر عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیبی مامی پێغەمبەر ﷺ. ساڵی لەدایکبوونی نادیارە، بەپێی سەرچاوەکان ساڵانی نێوان 146 بۆ 149ـی کۆچی بە ساڵی لەدایکبوونی دانراوە، بەڵام هەندێک سەرچاوە پشتڕاستی دەکەنەوه کە لەدایکبووی ساڵی 149ـی کۆچی بەرامبەر بە 766ـی زایینییە.
سەرەتاکانی تەمەنی لە نزیک خەلیفە مەهدی باوکییەوە بەسەربردووە، زانستەکانی وەک بنەماکانی ئایین و فیقهـ لەگەڵ نەحوو و ئەدەب و زمانی عەرەبی لەلایەن گەورە زاناکانی ئەو سەردەمە نموونەی "کیسائی" وەرگرتووە. لە دوای کۆچی دوایی براکەی لە ساڵی 170ـی کۆچی لە تەمەنی لاویدا ئەرکی جێنشینی گرتووەتە ئەستۆ.

تایبەتمەندیی کەسایەتی

بەهۆی پێگەی هاروون ڕەشیدەوە لە زۆرێک چیرۆک و ئەفسانەکان تایبەتمەندیی نادروست و ناڕاستی بۆ هەڵبەستراوە، بە تایبەت لە چیرۆکەکانی "هەزار و یەک شەو" بە جۆرێک وێنا کراوە کە کەسایەتییەکی سەرەڕۆ بووە و زیادەڕۆیی لە چێژ و خۆشییەکانی دونیا کردووه، بەڵام بەپێی سەرچاوە و بەڵگە مێژووییەکان هاروونە ڕەشید کەسێکی پەیوەست بووە بە ئایینی ئیسلامەوە و ساڵانە حەجی کردووە، هەروەها ڕێزی زانایان و زانستی گرتووە و بەرزی نرخاندوون، دژی گفتوگۆ و وتووێژێک بووە کە سوودی نەبووبێت، هەمیشە گرنگی بە شاعیران و ئەدیبانی سەردەمی خۆی داوە.
سەردەمی دەسەڵاتی گرنگی بە بیروڕای هاونیشتمانیانی داوە و چەندان جار بۆ زانینی بۆچوون و ئاگاداربوون لە بارودۆخیان بە نهێنی چووەتە ناو کۆمەڵگەوە و لە بارودۆخیانی پرسیووە. بۆیە سەردەمی دەسەڵاتی ئەو بە سەردەمی ئیسلامی زێڕین ناوزەد کراوە.
نازناوی "الرشید"ـی لەلایەن باوکییەوە پێبەخشراوە، کاتێک لە تەمەنی لاویدا لە ڕابەڕایەتیکردنی جەنگێکی دژی ڕۆمەکان سەرکەوتوو بووە، کە گەڕاوەتەوە باوکی ئەم نازناوە پێی بەخشییە کە واتای ژیری و داناییە.

سەردەمی دەسەڵاتی هاروون ڕەشید

لەدوای کۆچی دوایی مەهدی باوکی، برا گەورەکەی بە ناوی "مووسا هادی" بۆ ماوەی ساڵێک دەسەڵاتی گرتەدەست، بەڵام دوای تەنها ماوەی ساڵێک لە وەرگرتنی دەسەڵات براکەی کۆچی دوایی کرد. لە ساڵی 170ـی کۆچی بەرامبەر بە 786ـی زایینی بە فەرمی هاروونە ڕەشید بووە پێنجەم دەسەڵاتدار و جێنشینی عەباسییەکان، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی هاروون ڕەشید بارودۆخی ناوچە ئیسلامییەکان پێشکەوتن و بووژانەوەی لە زۆر بواری جیاجیا بەخۆوە بینی.
لە سەردەمی عەباسییەکان و بە دیاریکراوی سەردەمی دەسەڵاتی هاروونە ڕەشید زۆر کۆمەڵ و گرووپ دروستبوون کە دژایەی دەسەڵاتی عەباسییەکانیان دەکرد نموونەی خەواریجەکان، عەلەوییەکان، بەرامکییەکان و چەندانی تر، هاروونە ڕەشید ڕووبەڕوویان بووەوە و دەسەڵاتەکەی لە دژی ئەوان پاراست.

گرنگترین دەسکەوتەکانی سەردەمی دەسەڵاتی

  • دەرکردنی لێخۆشبوونی گشتی بۆ هەموو لادەر و هەڵگەڕاوەکانی سەر ئایین.
  • دانانی پارێزگای ڕەققە دوای بەغداد وەکوو پایتەختی دووەمی خەلافەت.
  • گرنگیدان بە زانست و هونەر و ئەدەب و دامەزراندی بەیتولحیکمە لە بەغداد کە بووە ناوەندێک بۆ زانستی سەردەم.
  • لە سەردەمی ئەو گرنگییەکی تەواو بە وەرگێڕان درا، بۆ یەکەم جار گرنگترین کتێبە مێژووییەکانی ڕۆژئاوای تایبەت بە بوارەکانی ئەندازیاری و فیزیا وەرگێڕدرانە سەر زمانی عەرەبی.
  • یەکەمین کارگەی بەرهەمهێنانی کاغەز لە ساڵی 795ـی زایینی لە بەغداد دامەزرا، کاغەزی بەغداد زۆر ناودار بوو و بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە.
  • لە سەردەمی دەسەڵاتی هاروونە ڕەشید زۆرترین کۆشک و مزگەوت و تەلاری ڕازاوە دروستکران، تەنانەت تا ئێستاش چەندان شوێنەواریان لە بەغداد ماوە.
  • گەورەترین نەخۆشخانەی لە بەغداد دروستکرد، "نەخۆشخانەی ڕەشید" بووە گەورەترین و پێشکەوتووترین نەخۆشخانەی ئەو سەردەمە.
  • زیادبوون و بەرزبوونەوەی ڕێژەی پارەی باج که سەر بە سامانی دەوڵەت بوو.

سەردەمی بەغدادی زێڕین

شاری بەغداد لە سەردەمی هاروون ئەلڕەشید وەکوو پایتەختی خیلافەت بایەخێکی زۆری پێدەدرا، لەڕووی شارستانی و بنیاتنانەوە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، هاوکات ببووە ڕووگەی زانایان و خوێندکارانی هەموو جیهان.
لەڕووی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ئاستی بژێوی هاوڵاتیان بەرز بوو، بەغداد ببووە یەکێک لە ناوچە پێشکەوتووەکانی جیهان و ئەو سەردەمە بە سەردەمی زێڕین ناوزەد کراوە.

لەلایەن خەلیفەوە لە بەغداد "بیت الحکمە/ ماڵی دانا" دامەزرا، کە یەکەمین ناوەندی ئیسلامی بوو بۆ گرنگیدان بە زانست و کتێب، گرنگییەکی تەواوی بە وەرگێڕان داوە بەتایبەتی لە زانستەکانی پزیشکی و ئەندازیاری لەگەڵ ئەدەب و شیعر. بەیتولحیکمە بووە ناوەند و سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری. هاوکات وەکوو کتێبخانەیەک بوو کە لە چەند ژوورێک پێکهاتبوو، هەر بەشێک تایبەت کرا بوو بە زانستێک، زۆرێک لە کتێب و نووسراوە گرنگەکانی تێدا کۆگا دەکرا و وەکوو تۆمار هەڵدەگیران، فێرخوازان لە تەواوی جیهانەوە بۆ وەرگرتنی زانست ڕوویان لەم ناوەندە دەکرد.

کۆچی دوایی

هاروون ئەلڕەشید بەهۆی نەخۆشییەکی نادیارەوە له تەمەنی 45 ساڵی کۆچی دوایی کردووە. کاتێک خەلیفە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کودەتای "ڕافعی کوڕی لەیس" دژی دەسەڵاتی عەباسییەکان ویستی سەردانی ناوچەی خوراسان بکات، لە ڕێگە نەخۆشییەکەی زیاتر بوو و لە ناوچەی "تۆس" لە وڵاتی فارس لە ساڵی 193ـی کۆچی بەرامبەر بە 808ـی زایینی کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



1362 بینین