خاڵخاڵۆکە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-18-19:05:00 - کۆدی بابەت: 9444
خاڵخاڵۆکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خاڵخاڵۆکە (بە ئینگلیزی: Ladybug)، بوونەوەرێکی بێ بڕبڕەی کۆمەڵەی مێرووەکان و زیاد لە ٥٠٠٠ جۆری جیاوازی هەیە، نشینگەکەی وڵاتە جیاوازەکانی هەموو کیشوەرەکان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باکوور، جێگەی ژیانکردنیان لە ناوچەی سەوزایی دەبێت وەک دارستان و باخچە و لەوەڕگاکان، هەندێکجار شێوازی ژیانکردنی تاکەکان بەتەنهایە واتە پێکەوە ناژین و کۆمەڵە دروستناکەن، بەڵام بۆ نموونە لە زستاندا کە بڕی خۆراک دیاریکراوە پێکەوە دەبن بۆ ئاسانکاری خواردن، ژمارەی تاکەکانیش زۆر بەرز نییە بەڵام کەمیش نین چونکە لە لیستی ئەو گیانەوەرانەدا پۆلێننەکراوە کە مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، هەروەها هەبوونی ئەم جۆرە مێرووە لە باخچەکاندا هاوکاری لەناوبردنی گیانەوەری زیانبەخش دەکات، بەڵام ئەگەر ژمارەکەی زۆر بەرزبێتەوە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە دانەوێڵەکان، لە بۆچوونی هەندێک لە کولتوورەکاندا هەبوونی خاڵخاڵۆکە لە نزیک ماڵدا واتای بەختێکی باشی جادوویی هەیە و خەڵکی بەشێوەیەکی ئەرێنی دەیبینن.

شێوەی دەرەوەی

سەرەکیترین جیاکەوەرەی خاڵخاڵۆکە ئەوەیە کە ڕەنگی کاڵ و کراوەی هەیە و لەناویدا خاڵ و نیشانەی تێدایە، بەرگە پارێزەرەکەی جەستەی چەند ڕەنگێکی هەیە وەک، سوور، زەرد، پرتەقاڵی، قاوەیی، پەمەیی، ڕەش یاخود سپی، هەروەها قەبارەیەکی بچووکی هەیە و درێژییەکەی دەکرێت سانتیمەترێک بێت یاخود بچووکتر کێشیشی دەگاتە نزیکەی ٠.١ گرام، شێوەی جەستەی ساکارە کە ناسینەوەی ئاسانکردووە، بەرگی زۆرینەی خاڵخاڵۆکەکان هێلکەییە لەگەڵ سەرێکی بچووک و شەش پێیان هەیە، جگە لە ئەمانەش دوو چاوی ئاڵۆزیان هەیە کە لەهەمان کاتدا دەتوانێت چەندین ئاڕاستەی جیاواز لە جێگەکەدا ببینێت.  

خۆراک

ئەم بوونەوەرە هەموو شتخۆرە و دەتوانێت مێرووی بچووک و کرمۆکە و مێشی سەوز بخوات لەگەڵ چەندین جۆر بوونەوەری تر کە قەبارەیان لە خۆی بچووکترە، هەروەها ڕووەکخۆریشە و دەتوانێت گەڵا و قەوزە و قارچکەکانیش بخوات، خۆراکی پەسەند و دڵخوازی خواردنی سنە کە گیانەوەرێکی زیانبەخشە تووشی ڕووەکەکان دەبێت، خاڵخاڵۆکە دەتوانێت لەماوەی ڕۆژێكدا زیاتر لە ٥٠ سن بخوات، بەڵام ئەم جۆرە مێرووە خۆشی دەبێت بە خۆراک و نێچیری ژمارەیەکی زۆر لە گیانەوەران وەک، مێرووەکان، زەردەواڵە، باڵندە، قرتێنەر، بۆق، خشۆک، جاڵجاڵۆکەکان و چەندین جۆری جیاوازی تری گیانەوەران، بەڵام گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانیان بەکارهێنانی دەرمانی قڕپێکەری مێرووە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لەلایەن مرۆڤەکانەوە.

خاڵخاڵۆکە لەکاتی هەستکردن بە مەترسیدا دەکرێت گازبگرێت، هەروەها جومگەی پێیەکانیشی بە جۆرێک دروستبوون کە ماددەیەکی شلی ژەهراوی دەردەدات لە دژی ڕاوچییەکانی، ئەم ماددەیە بۆ مرۆڤ ژەهراوی نییە و گازگرتنیشی ئازاری نییە و نەخۆشیش ناگوازێتەوە، بەڵام هەندێک کەس دەکرێت تووشی هەستیاری ببن بەهۆیەوە، گیانەوەرە ڕاوکەرەکانی تریشی چونکە قەبارەیان گەورەیە بە ئاسانی خاڵخاڵۆکەکان ڕاودەکەن، واتە گەستن و ڕژاندنی شلە بۆ زۆرینەیان کاریگەر نابێت.

یەکگرتن و زۆربوون

خاڵخاڵۆکەکان لە نێوان تەمەنی ٣-٧ هەفتەیی دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، کاتێک ئەم مێرووانە پێکەوەن مێینەکان هاوبەشێک هەڵدەبژرێن بۆ ئەوەی لەگەڵیدا یەکبگرن، پاش یەکگرتنیش ژمارەی ئەو هێلکانەی کە مێینەکان دەیکەن بە گوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕێت و ڕێژەکەی لە نێوان ٣-٣٠٠ دانە دەبێت، هێلکەکان زۆر بە ئاسانی لە ژێر گەڵای درەختەکاندا جیدەهێڵرێن، دواتر ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکان ٥-٨ ڕۆژ دەخایەنێت، پاشان دەبنە کرمۆکە و پێویستە بڕێکی زۆر خۆراک بخۆن هەتاکوو گەشەبکەن، هەروەها سوڕی ژیانی ئەم مێرووە لە نێوان ١-٢ ساڵ دەبێت و تەمەنێکی زۆر درێژی نییە.  

جۆرە سەرەکییەکان

سەرەڕای ئەوەی کاتێک ناوی خاڵخاڵۆکە دەهێنرێت زۆرینەی خەڵکی مێشکیان بۆ خاڵخاڵۆکەی سووری خاڵدار دەجووڵێت، بەڵام ئەم جۆرە مێرووە ژمارەیەکی زۆر گەورە جۆری جیاوازی هەیە، کە جۆرەکانی تر ڕەنگی بەرگەکەیان جیاوازە و ڕەنگی خاڵەکانی ناویشیان جیاوازترە، بۆ ئاسانکردنی ناسینەوەیان لە چەندین کۆمەڵەی گەورەتردا پۆلێنکراون، هەندێک لە کۆمەڵەکانیش بریتین لە ئەمانە:

  • خاڵخاڵۆکەی حەوت خاڵ
  • خاڵخاڵۆکەی سیانزە خاڵ
  • خاڵخاڵۆکەی ئاسیایی


سەرچاوەکان



1284 بینین