ڕێبین ڕێبوار

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-20-13:32:00 - کۆدی بابەت: 9448
ڕێبین ڕێبوار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێبین ڕێبوار (بە ئینگلیزی: Rebeen Rebwar، بە عەرەبی: ريبين ريبوار) مامۆستای زانکۆ و شارەزایەکی تەکنەلۆجیای زانیاری و بواری تۆڕەکانی کۆمپیوتەرە. یەکێکە لە دەستپێشخەرانی ناساندنی تۆڕەکانی کۆمپیوتەر بە فێرخوازانی کورد بە زمانی کوردی

ژیان

مامۆستا ڕێبین ڕێبوار حەمەئەمین لە ساڵی ١٩٨٨ لە گەڕەکی مامۆستایانی شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. باوک و دایکی مامۆستا بوون و هەر لە سەرەتاییەوە هاوکاری بوون کە زوو فێری زمانی عەرەبی و پاشان ئینگلیزی ببێت. لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە، لە ساڵی ١٩٨٩ـوە لە هەڵەبجەی تازە نیشتەجێ دەبن و هەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی تەواو دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە ئاشنای کۆمپیوتەر دەبێت و هەر لەو کاتەوە خولیای کارکردنی لەسەر ئەم ئامێرە زیاتر و زیاتر دەبێت. لە ساڵی ٢٠٠٥ دەچێتە بەشی کۆمپیوتەری کۆلێجی زانست لە زانکۆی سلێمانی و ساڵی ٢٠٠٩ خوێندنی زانکۆ تەواو دەکات. پاشان لە کۆمپانیاکان دەست بە کاری پیشەیی دەکات و لە ساڵی ٢٠١١ لە پەیمانگای زانستی کۆمپیوتەری سەر بە دەستەی خوێندنی تەکنیکی (زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئێستا) وەک یاریدەری پڕۆگرامساز دەستبەکار دەبێت. لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕێگەی پڕۆگرامی فولبرایتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ خوێندنی ماستەر ڕوو دەکاتە ئەمریکا. پاش زیاتر لە دوو ساڵ خوێندنی ماستەر لە تۆڕەکانی کۆمپیوتەر و بەڕێوەبردنی سیستمەکان لە زانکۆی تەکنۆلۆجی ڕۆچێستەر لە ویلایەتی نیو یۆرک تەواو دەکات. پاش گەڕانەوەی لە خوێندنی ماستەر لە ساڵی ٢٠١٧ نازناوی زانستی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وەردەگرێت و دەبێتە مامۆستا.

ژیانی پیشەیی

  • ساڵی ٢٠٠٩ - ٢٠١٤: ئەندازیاری ئای تی (کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم – سلێمانی)
  • ساڵی ٢٠١١ - ئێستا: مامۆستای یاریدەر (زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی)
  • ساڵی ٢٠١٥: یاریدەری مامۆستا (زانکۆ تەکنۆلۆجی ڕۆچێستەر - نیو یۆرک - ئەمریکا)
  • ساڵی ٢٠١٦ – ٢٠٢٢: پێشڕەوی EPC ( کۆمپانیای تیشک نێت)
  • ساڵی ٢٠٢٠ – ٢٠٢١: مامۆستا بە سەردان لە (زانکۆی قەیوانی نێودەوڵەتی - کۆرسی Operating Systems)

بەرهەمەکان

  • ٣ توێژینەوەی زانستی بڵاوکراوە لە بواری نێتۆرک
  • کۆرسێکی تایبەتی CCNA بە زمانی کوردی لە یوتیوب 

بڕوانامەکان

  • بەکالۆریۆس لە زانستی کۆمپیوتەر (زانکۆی سلێمانی)
  • ماستەر لە تۆڕەکانی کۆمپیوتەر و بەڕێوەبردنی سیستمەکان (زانکۆ تەکنۆلۆجی ڕۆچێستەر - نیۆرک – ئەمریکا)
  • بڕوانامەی پیشەیی (ITIL, CCNP, CCDA, CCNA Security)

پڕۆژەی ڕێبین ئەکادیمی

لە ٢٠٢٢/٧/٢٤ مامۆستا ڕێبین ماڵپەڕێکی بەناوی rebeenacademy.com ڕاگەیاند، کە ماڵپەڕێکە بۆ ئەو خوێندکارانەی دەیانەوێت تاقیکردنەوەی CCNA ئەنجام بدەن، لەوێ پێشەکی تاقیکردنەوەکە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئاستیان چۆنە و تا چەند دەتوانن سەرکەوتوو بن، هەروەها بۆ ئەوەی شێوازی تاقیکردنەوە و پرسیار و کاتەکەی بزانن و لەگەڵ خۆیاندا بیگونجێنن و پێشووتر ئەزموونێکیان هەبێت. تێچووی تاقیکردنەوە لە ماڵپەڕەکە ٢٥,٠٠٠ دیناری عێراقییە.


سەرچاوەکان



503 بینین