قرشی سەر چەکوش

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-21-21:40:00 - کۆدی بابەت: 9479
قرشی سەر چەکوش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قرشی سەر چەکوش (بە ئینگلیزی: Hammerhead shark)، جۆرێکی قرشەکانە و لەکۆمەڵەی ماسییەکاندا پۆلێنکراوە، نزیکەی ١٠ جۆری جیاوازی هەیە و نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکانەوە، زیاتریش لە ناوچەی ئاوە گەرمەکاندا دەژی، ئەم جۆرە قرشە ناوبانگی بە سەری لاکێشەیی و درێژ هەیە کە وەک چەکوشێک دەردەکەوێت، شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی بەتەنهایە دەکرێت پێکەوەبن و کۆمەڵە و پۆلی تایبەت بەخۆیان دروستبکەن، لە ڕۆژدا زۆرینەی مێینەکان پۆلی گەورە دروستدەکەن, بەڵام بە شەودا تەنها دەمێننەوە و ڕاودەکەن، هەروەها ئەم بوونەوەرە ئاوییە خێرایە و لە ماوەی کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٣٢ کیلۆمەتر ببڕێت، مەلەوانێکی لێهاتووە و شێوازی مەلەکردنی لەگۆشەیەکی نزمە ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی ڕاکێشانی بۆ دواوە و باشترکردنی مەلەکردن، ئەم قرشە جۆرێکی کۆچەرییە و بەگۆڕانی وەرزەکان جێگەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە وەرزی هاویندا دەڕوات بۆ نزیک جەمسەرەکان بەڵام لە زستاندا دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی، ژمارەی تاکەکانیشی زۆر نییە کە هەندێک جۆری نزیکن لەوەی مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەربێت، یەکێک لە هۆکارەکانی لەناوچوونیان ڕاوکردنی بێ مۆڵەتە، کە بەمەبەستی بازرگانیی ساڵانە ژمارەیەکی زۆریان ڕاودەکرێن.  

شێوەی دەرەوەی

یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوەکانی ئەم جۆرە قرشە ئەوەیە کە مەودای بینینی ٣٦٠ پلەیە و سەری لە شێوەی چەکوشدایە، جەستەی بە پێستێکی ئەستوور داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک ڕەساسی، سپی، قاوەیی یاخود سەوز، قەبارەیەکی گەورەی هەیە و درێژییەکەی لە نێوان ٠.٩-٦ مەتر دەبێت و کێشی بە نزیکەیی لە نێوان ١٣٦- ٤٥٤ کیلۆگرام دەبێت، ڕەنگی سکی سپییە کە هاوکاری دەکات لەخۆشاردنەوە لەسەر ڕووی ئاو کاتێک هەوڵی ڕاوکردن دەدات، دەمی ئەم جۆرە قرشە بچووکە بە بەراورد بە گەورەیی سەری، ددانی بچووک لە دەمیدا هەیە و هەر شەویلگەیەکی چەند ڕیزێک ددانی گەورە و بچووکی پێوەیە، هەروەها ئەم جۆرە قرشە پێنج درز لە کەوانەی ڕیشەداری هەیە، لەسەر پشتی پەڕەیەکی تیژ و ئاڕاستەکراو هەیە و هەندێک لە جۆرەکانیش لە کلکیاندا درز و قڵیشیان هەیە.  

خۆراک

قرشی سەر چەکوش گیانەوەرێکی هەموو شتخۆرە و ژەمە خۆراکییەکانی بریتین لە توێکڵدار، ستینگرەی و ماسییەکان، لەناویشیاندا خۆراکی پەسەند و دڵخوازی ستینگرەی و ماسییەکانن، هەروەها لەبەر شێوازی سەری و جێگەی چاوەکانی توانایەکی کارامەی هەیە بۆ ڕاوکردن، هاوشێوەی زۆرینەی جۆرەکانی تری قرشەکان قرشی سەر چەکوشیش بۆ ڕاوکردن ئەندامە هەستیارەکانی بەکاردەهێنێت، ئەو ئەندامانە دەتوانن هەست بە لێدانی کارەبایی بوونەوەرەکانی تر بکەن، لەئەنجامدا قرشەکە جێگەکەیان دەدۆزێتەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی سەری ئەم قرشە گەورەترە ژمارەی ئەندامە هەستیارەکانی زیاترن و بەهۆیەوە بەشێوەیەکی گونجاوتر لە هەندێک لە بوونەوەرەکانی تر ڕاو دەکات، بەڵام ئەگەر خۆراکی پێویستی دەستنەکەوێت ئەوا دەکرێت ئەندامە گەنجەکانی تری قرشە سەر چەکوشەکان ڕاوبکات، هەروەها قرشی سەر چەکوش خۆشی دەبێت بە خۆراکی گیانەوەری ئاوی دڕندەی وەک قرشی گەورەی سپی، قرشی پڵنگی، نەهەنگی بکوژ لەگەڵ مرۆڤەکانیش، یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر ژیانیان ئەوەیە کە مرۆڤەکان بۆ پەڕەکەیان ئەم جۆرە قرشانە ڕاو دەکەن، دواتر بەشێوەیەکی نایاسایی لە بواری پزیشکیدا بەکاردێت یاخود دەکرێت بە شلە و شۆربا، ڕاوچییەکان پەڕەکەی قرشەکە لێدەکەنەوە پاشان دەیگەڕێننەوە بۆ ناو ئاو، جۆرەکانی ئەم قرشە بەدەگمەن هێرش دەکەنە سەر مرۆڤەکان، تەنها یەک جۆریان نەبێت کە پێی دەوترێت قرشی سەر چەکوشی مەزن و دەتوانێت هەڕەشە بۆسەر مرۆڤەکان دروستبکات.  

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی زۆربوون دەکەوێتە مانگەکانی هاوین و بەهارەوە، جیاواز لە شێوازی جۆرەکانی تری قرشەکان بۆ یەکگرتن نێرینەکە گاز لە مێینەکە دەگرێت هەتاکوو ڕێگەی پێبدات کە ببن بە هاوبەشی یەکتر، سەرەڕای ئەوەی ئەم قرشانە پێستیان ئەستوورە بەڵام دەکرێت مێینە بەتەمەنەکان جێگەی برینی گازلێگرتنیان هەبێت، هەروەها ئەگەر مێینەکە ئارەزووی هاوبەشیکردنی نەکرد ئەوا دەکرێت شوێن نێرینەکە بکەوێت و شەڕانگێزی بنوێنێت، بۆ ڕازیبوونی مێینەیەک بۆ هاوبەشی دەکرێت ماوەی چەندین کاتژمێر بخایەنێت، پاش یەکگرتن و پیتاندنی هێلکە بەدوایدا ماوەی سکپڕی مێینەکان ١٠-١٢ مانگ دەخایەنێت، پاشان بێچووەکەی لەدایکدەبێت، جێگەی لەدایکبوونی بێچووەکە ئاوی تەنکە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات، پاشان کاتێک بێچووەکە گەشەدەکات و گەورەدەبێت دەچێتە ناوچەی ئاوە قووڵەکانەوە، هەروەها مێینەکانی ئەم جۆرە قرشە هەموو ساڵێک دەتوانێت بێچووی ببێت، بەهۆیەوە جیاواز لە جۆرەکای تری قرشەکان بەخێرایی ژمارەی تاکەکانی بەرزببێتەوە، سوڕی ژیانی قرشی سەر چەکوش لە نێوان ٢٠-٣٠ ساڵ دەبێت.  

جۆرە سەرەکییەکان

  • قرشی سەر چەکوشی بونیتی
  • قرشی سەر باڵدار
  • قرشی سەر چەکوشی مەزن
  • قرشی سەر چەکوشی سەدەفی


سەرچاوەکان



319 بینین