مێژووی شاری هەولێر

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-23-18:02:00 - کۆدی بابەت: 9508
مێژووی شاری هەولێر

ناوه‌ڕۆك

مێژووی هەولێر

مێژووی ھەولێر (بە ئینگلیزی: Erbil History، بە عەرەبی: تاريخ أربيل) بە یەکێک لە دێرینترین شارەکان دادەنرێت کە تا ئێستاش ژیانی تێدا بەردەوامە، مێژووەکەی بۆ ٦٠٠٠ ساڵ بەر لە زایینی دەگەڕێتەوە، قەڵای هەولێر دڵی شارەکەیە و مێژووەکەی بە ٨٠٠٠ ساڵ دەخەمڵێندرێت.

مێژووی کۆن

لە ساڵەکانی ٢٣٧١ تاکوو ٢٣١٦ پێش زایینی بەمەبەستی دەست بەسەرداگرتنی داھات و فرە سامانێتی دەڤەرەکە، پەلاماری ھێرشەکانی سەرگۆنی ئەکەدی گەیشتوونەتە ھەولێر و دەستی بەسەرداگیراوە. دواتر لە ساڵانی ٢١٥٠ تاکوو ٢٠٥٠ـی پێش زایینی بووە بە بنکەیەکی سەرەکی بۆ دەوڵەتی گۆتییەکان کە لە نەتەوە دێرینەکانی زاگرۆسن، لە ساڵانی ٢٠٥٠ تاوەکوو ١٩٥٠ـی پێش زایینی کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی خانەوادەی سێھەمی ئیمپراتۆریەتی سۆمەرییەوە. لە ساڵی ١٦٠٠ پێش زایینییەوە و کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی کاشییەکانەوە.

ھاوکات دەوڵەتی ئاشووریش لە باکوور دامەزرا و چەند ھۆزێکی تری وەکوو میتانی و خۆرییەکان دەسەڵاتیان لەو ناوەدا پەیدا کرد، ناوچەکانی ئاشوور و ھەولێر و کەرکووک لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی میتانییەکاندا بوون.

لە ڕۆژگاری فەرمانڕەوایی ئاشوورییەکانەوە لە ٢٥٠٠ تاوەکوو ٦١٢ـی پێش زایینی ھەولێر لە ئەوپەڕی گەشەسەندن و پێشکەوتنی دابوو، ئەوکاتە پایتەختی ئایینی ئاشوورییەکان و تەختی خواوەندی عەشتار کە پەرستگای ئاشوورییەکان بووە، ناوی ھەولێر لە نووسراوە مێخییەکانەوە بە شێوەی (ئی کشان کلاما) ھاتووە کە دەکاتە (ماڵی خانمەکەی ھەرێم) کە سەرچاوە و ھێمای سەرکەوتن بووە.

ساڵانی ٧٠٥ تاکوو ٦٨١ـی پێش زایینی لە دوای سەرگۆنی ئەکەدی سەنحاریبی کوڕی بووە بە فەرمانڕەوا، ئەو پاشایە لە دووری ٢٠ کیلۆمەترەوە لە ڕووباری بەستۆڕەوە ئاوی بۆ شار و قەڵای ھەولێر ڕاکێشاوە، کە بە جۆگەی سەنحاریب ناسراوە و بۆ ئەو سەردەمە کارێکی دەگمەن و مەزن بووە.

دواتر لە ساڵی ٦١٢ پێش زایینی ئیمپراتۆریەتی ماد دامەزرا، ھەولێریش کەوتە نێو ئەو ئیمپراتۆرییەتەوە و بووە بە بەشێک لە بنکە و ناوەندی دەسەڵاتی ئەو ئیمپراتۆرییە. دوای ئەمە ھەولێر بووە بە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشی.

لە ساڵی ٣٣١ پێش زایینی و بە فەرماندەی ئەسکەندەری مەکدۆنی، لە شەڕی گۆگامێلا کە ھەڵکەوتەکەی نزیکەی سەد کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای ھەولێر مەزەندە دەکرێت نزیک ڕووباری گۆمەلی ناوچەی گۆرانەتی، ئیمپراتۆریەتی یۆنانی بەسەر دارای شای ھەخامەنییەکان زاڵبوون و ھەولێر بووە بەشێک لە موڵکەکانی ئەو ئیمپراتۆرییەتە. لە پاش مردنی ئەسکەندەر لە ساڵی ٣٢٣ـی پێش زایینی، ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی سلۆقس کە یەکێک بووە لە فەرماندەکانی ئەسکەندەر.

لە ساڵانی ١٤٨ تاکوو ٢٢٦ـی پێش زایینی فارسەکان توانیان بەسەر سلوقییەکاندا زاڵ بن کە پێشتر حوکمڕانی ھەولێر بوون. ساڵی ٨٣ پێش زایینی و بۆ ماوەی ١٠ ساڵێک لە سەردەمی تیگران شای ئەرمەنی ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی سوپای ئەرمەنەوە.

دوای زایینی و ھاتنی ئیسلام

لە ساڵی ٤٤ـی زایینی ھەولێر بووە پایتەختی ئەدیابین و شاژن ھیلین کە ئایینی جوولەکەیان پەیڕەو دەکرد. لە دوای چەند پەلامار و ھێرشی ڕۆمانەکان داگیرکرا، فارسەکان لەناوبران، ساڵی ٢٢٧ لە سەردەمی شا ئەردە شێری ساسانی، لە مەدائینەوە پەلاماری ھەولێر درا، ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی ساسانییەکان و پەرستگای ئایینی زەردەشتیی لێ دروستکرا.

ساڵی ٦١٢ لەگەڵ ھاتنی سوپای ئیسلام، ساسانییەکان مەدائین و ھەولێر و زۆربەی ناوچەکەیان جێھێشت. ساڵی ١٦ـی کۆچی و لە سەردەمی جێنشین عومەری کوڕی خەتتاب بە فەرماندەی عوقبەی کوڕی فەرقەد لەشکری ئیسلام گەیشتە ئەو ھەرێمە و ھەولێر و نەینەوا و زۆربەی ھەرە زۆری ناوچەکانی دەورووبەر کەوتنە ژێر ئاڵای دەوڵەتی ئیسلام.

ساڵی ١٣٢ـی کۆچی و لە نزیک ھەولێر و لە شەڕی زابی یەکلاکەرەوە، عەباسییەکان سەرکەوتن بەسەر ئومەوییەکاندا و ھەولێر کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی عەباسییەکانەوە.

لە ڕۆژگاری دەسەڵاتدارێتی بوەیھییەکان لە بەغداد کوردە ھەزبانییەکان توانیان میرنشینێکی بەدەسەڵات لە ھەولێر دابمەزرێنن. ئەم میرنشینە درێژەی کێشا تا ھەڵکەوتنی عیمادەدینی زەنگی لە مووسڵ لە ساڵی ٥٢١ـی کۆچی کە توانی کۆتایی بەم میرنشینە بھێنێت و تەواوی ناوچەکەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

ساڵی ١١٤٤ زێنەدینی عەلی کوچک کوڕی بەکتەکین کە فەرمانڕەوای قەڵای مووسڵ بوو لە سایەی عیمادەدینی زەنگی، توانی میرنشینێکی سەربەخۆ لە ھەولێر و دەورووبەریدا دابمەزرێنێت و بە میرنشینی بەکتیکی ناسرا. لە ساڵی ١١٦٨ زێنەدین عەلی کوچک کۆچی دوایی کرد و کوڕە بچووکەکەی زێنەدین یوسف دەسەڵاتی وەرگرت، دیاریترین شوێنەوارەکانی ئەو سەردەمە منارەی چۆلی و قوتابخانەی موزەفەرییە و بازاڕگاکانی ھەولێرن.

پاش کۆچی دوایی موزەفەرەدین لە ساڵی ١٢٣٣ میرنشینی ھەولێر چووەوە ژێر دەسەڵاتی موستەنسیر بیلای عەباسی و لە ساڵی ١٢٣٥ لەشکرێکی بە فەرماندەیی ئەبوفەزیل ئیقبالی شەڕابی ناردە سەر ھەولێر و داگیری کرد. ھەولێر لە ڕۆژگاری موزەفەردەین و لە دوای کۆچی دواییشی دوچاری پەلاماری مەغۆلەکان بووەوە.

دواتر لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عەباسی بەدەست مەغۆلەکان، لە ساڵی  ١٢٥٨ ھەولێر کەوتە ژێر فەرمانڕەوای مەغۆلەکانەوە. لە ساڵی ١٣٣٧ کەوتە ژێر دەسەڵاتی مەغۆلە ئیلخانییەکانەوە دواتریش جەلائیرییەکان. پاشان کەوتە ژێر ڕکێفی فەرمانڕەوایانی قەرەقۆینلو (بەرخی ڕەش) و لە ساڵی ١٤١٠ کەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئاق قۆینلو (بەرخی سپی) ئەمانەش لەو ھۆزە تورکمانانە بوون کە لایەنگر و جێگرەوەی مەغۆلەکان بوون.

ساڵی ١٥٠٨ کەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی سەفەوییەکان، تا شکانی سوپای فارس لە بەرانبەر ھێرشی سوپای سوڵتان سەلیمی دووەمی عوسمانی. ساڵی ١٥١٤ لە دوای شەڕی چاڵدێران و سەرکەوتنی لەشکری سوڵتان سەلیمی دووەمی عوسمانی، ھەولێر و پاشان ھەموو عێراق کەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییەوە. حوکمڕانی ھەولێر بۆ ماوەیەک بە فەرمانی سوڵتانی عوسمانی درا بە میر حوسێن داسنی میری شێخان.

دواتر میرانی میرنشینی سۆران بوون بە حوکمڕان. دوای ١٨٨١ لە سەردەمی سوڵتان عەبدولمەجید ھەولێر بوو بە سنجەق، لە سنووری ویلایەتی مووسڵ و یەکەم شارەوانی تێیدا دامەزرا و فەرمانگەی تاپۆ و گومرگ پێکھێنران، تورکی عوسمانی کرا بە زمانی فەرمی لە دەزگاکانی دەوڵەت. ئەم ھەرێمانە تا ساڵی ١٩١٧ لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا مانەوە.

مێژووی هاوچەرخ

لە سەردەمی عوسمانییەکان ھەولێر قەزایەک بووە سەر بە لیوای مووسڵ، بەڵام دوای نەمانیان و ھاتنی ئینگلیز بۆ ناوچەکە، ئالوگۆڕ بەسەر شێوەی بەڕێوبردنی دامودەزگاکان ھاتووە و جۆری بەڕێوبردنی نوێ ھاتووەتە ئاراوە. دیارە ھەولێریش سەردەستەی ئەم گۆڕانکارییانە بوو، لە سەردەمی ئینگلیزەکان حاکم سیاسی لە لیواکان کاریان کردووە، یاریدەدەری دادوەری ڕامیاریش لە قەزاکان دانیشتوون.

دەبلیو ئار ئێچ کە ئەفسەرێکی ئینگلیزە، یەکەم یاریدەدەری دادوەری ڕامیاری بووە لە ھەولێر، پاشان کە ھەولێر بووەتە پارێزگا خۆی بووە بە دادوەری ڕامیاری ئەم شارە، لە پەرتووکی (دوو ساڵ لە کوردستان) کە بیرەوەرییەکانی خۆیەتی ئاماژە بەوەدەکات ھەولێر ڕۆژی (١/١١/١٩١٩) بووەتە پارێزگا، بەگوێرەی ئەم کتێبە بێت دەبلیو ئار ئێچ یەکەم پارێزگاری ھەولێر بووە، لەپاش نەمانی دەسەڵاتی عوسمانییەکان، بەڵام دوای پێکەوەنانی دەوڵەتی عێراق و لکاندنی کوردستان بەعێراقەوە کەسانی شارەکە یان عێراقی ئەو پلەیان وەرگرتووە.

لە دوای ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانیی یەکەم و لەپاش پەیماننامەی سایکس بیکۆ و لە بەهاری ساڵی ١٩١٦ بە فەرماندەی لیوا پاراشۆف ھێزەکانی ڕووسیای ھاوپەیمانی لە ڕێگەی خانەقین و ورمێ بە مەبەستی داگیرکردنی بەغداد ڕەواندزیان داگیر کرد. پاشان بەھۆی ھەڵگیرسانی شۆڕشی تشرینی یەکەم لە ڕووسیا لەو ھەرێمە کشانەوە.

ساڵی ١٩١٨ و لەدوای داگیرکردنی بەغداد لەلایەن ئینگلیزەوە ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز و کاپتن ھای بوو بە حوکمڕانی ھەولێر. بەڵام ڕەواندز دووبارە کەوتەوە دەست ھێزی عوسمانییەکانەوە بۆ دوو ساڵ بووە پێگەی سەربازی ئەفسەرێکی تورک بە ناوی ئۆزدەمیر.

ساڵی ١٩٢١ لە پاش دروستبوونی حکوومەتی عێراق و لکاندنی کوردستانی باشوور بە دەوڵەتی عێراق، ھەولێر کرایە موتەسەریفییەت، ئەحمەدە فەندی عوسمان یەکەم پارێزگاری ھەولێر بووە. ساڵی ١٨٥٨ شارەوانی ھەولێر دامەزراوە، یەکەم سەرۆکی شارەوانی حاجی ئەحمەد ئاغای عەبدولوەھاب بووە.

لە ساڵی ١٩١٨ سوپای بەریتانی ھاتە ناو شاری ھەولێر. دواتر لە ساڵی ١٩٢٥ ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی قەزائی بەغداد. لە ساڵی ١٩٧٤ ھەولێر بوو بە پایتەختی حوکمی زاتی کوردستان. لە ساڵی ١٩٩١ پاش ڕووخانی سوپای ڕژێمی بەعس و کشانەوەیان لە ناوچەکانی کوردستان، ھەولێر بوو بە پایتەختی کوردستانی عێراق.


سەرچاوەکان



3428 بینین