شاری بۆکان

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-07-25-23:38:00 - کۆدی بابەت: 9545
شاری بۆکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆکان (بە ئینگلیزی: Bukan، بە فارسی: بوکان) یەکێکە لە شارە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە فەرمی شارێکی وڵاتی ئێرانە، شارەکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ورمێ، لە ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی دانیشتووان بە نزیکەیی ٢٥١,٤٠٩ کەس بووە کە ١٩٢٠٠٠ کەسیان شارنشین بوون، ئەم شارە لە ئاستی دەریاوە بە نزیکەی ١٣٤٠ مەتر بەرزە.

جوگرافیا

بۆکان دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئازەربایجان لە باکوورەوە لەگەڵ میاندواو، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ساینقەڵا، لە باشوورەوە لەگەڵ سنە و سەقز، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ سەردەشت، هەروەها لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ شاری مەهاباد هاوسنوورە.
بۆکان لە نێو شارە کوردنشینەکانی ئێراندا دوای کرماشان و ورمێ و سنە گەورەترین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتنی بۆکان لەسەر ڕێگەی سەرەکی باکوور و باشووری ڕۆژئاوای ئێران گرنگییەکی ئەوتۆی بەم شارە بەخشیوە و بووەتە هۆی کۆچکردنی گوندنشینەکان و شارەکانی دەوروبەری بۆ ئەم شارە، بۆکان گەورەترین شاری وەرگری کۆچبەرە لە ئێران، هەروەها دوای ورمێ بە دووەمین شاری خوێندەواری پارێزگای ورمێی ئێران هەژمار دەکرێت، هەروەها بۆکان گەورەترین شاری ناوچەی موکریانە.

ناوی شاری بۆکان لە چییەوە هاتووە؟

خەڵکی ناوچەکە لایان وایە کە ناوی بۆکان لە بنەڕەتدا بووکان بووە و ئەمەش بەهۆی نەریتێکەوە کە گوایە لە ڕابردووی کۆندا کاتێک بووک هاتووە پێش چوونە ماڵی زاوا بردوویانەتە سەر حەوزە گەورەکەی ناوەڕاستی شار و ئینجا لەوێوە بەرەو ماڵی زاوا بەڕێکەوتوون.

زمان

شاری بۆکان لەگەڵ سنە گەورەترین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانن ١٠٠٪ کوردن و بە کوردی و بە شێوەزاری کوردی ناوەندی قسە دەکەن.


مێژوو

مێژووی لۆلۆیی و گۆتییەکان و هۆزەکانی تری ناوچەکە و ئەو شوێنەوارانەی لە گەڕان و پشکنینە شوێنەوارناسییەکان و ئەو بەردنووسانەی دۆزراونەتەوە و گرنگترینیان بەردنووسی قەڵایچی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە ٨٠٠ ساڵ پێش زایین و قەڵا کۆنەکانی گوندەکانی (ئاغجێوان و ئەربەنووسی) ئاماژە بە مێژوو و شارستانییەتی کۆنی ئەم ناوچەیەی شاری بۆکان دەکەن، یەکەم سەرژمێری کە لە ساڵی ١٢٣١ی هەتاوی ئەنجام دراوە ڕێژەی دانیشتووانی شاری بۆکان ٦٠ کەس بووە، سەردار عەزیز خانی موکری لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجار خاوەنی بۆکان بوو هەروەها ١٢ بنەماڵە لە بۆکان نیشتەجێ بوون، دوای کۆچی دوایی عەزیز خانی موکری سەیفەدین موکری کوڕی عەزیز خان بە دەسەڵاتی ناوچەکە دەگات، سەیفەدین خان بۆکانی لە بۆکان حەوزێک دروست دەکات و بەهۆی گەورەیی کانییەکە لەو کاتەوە تا ئێستا ناوی حەوزە گەورەی لێ نراوە، سەیفەدین خان هەڵدەستێت بە فرۆشتنی چەند گوندێک لە موڵکەکانی خۆی لەسەر گردی تەنیشت حەوزە گەورەکە و قەڵای وێرانکراو کە ناوی لێ نراوە قەڵای سەردار.

ئایین

خەڵکی بۆکان زۆربەیان موسڵمان و سوننەن و پەیڕەوی مەزهەبی شافیعیین کە لە بابوباپیریانەوە وەک میرات بۆیان ماوەتەوە، هەروەها ئایینەکانی تر وەک زەردەشتی و جوولەکە لەم شارە بوونیان هەیە. شاری بۆکان خاوەنی زۆرترین ڕێژەی تۆمارکراوی جوولەکەی ئیسرائیلن کە ناویان لە کتێبی پیرۆزی تەوراتدا هاتووە.

شوێنەوارەکان

لە شاری بۆکان زیاتر لە ٥٠ شوێنەواری مێژوویی هەن کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین گرنگترینیان:

• قەڵای سەردار
• قەڵایچی بۆکان
• گردی تابانی
• گردی ڕۆژبەیانی
• گردی خەوزێنە
• گردی مێژوویی
• قەڵای فەراد

کەسایەتییە ناودارەکان

لە بواری ئەدەب

شاری بۆکان خاوەنی چەندین کەسایەتیی لێهاتووە، چەندین شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ و زمانەوان و ڕۆژنامەوان و چیرۆکنووس و پەیکەرتاشی تێدا هەڵکەوتووە وەک:
• عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی
سوارەی ئێلخانی زادە
• عەباس حەقیقی
• محەمەد سەعید نەججاڕی
• ئەمین گەردیگلانی
• حەسەن قزڵجی
سەید کامیل ئیمامی
• ڕێبین حەیدەری
• حوسێن شێربەگی
• محەمەد نووری
• سەید قادر هیدایەتی
ئەحمەد مەولانی
بریا کاکەسووری
• محەمەد ڕەمەزانی
• محەمەد باوەردی موقەددەم
• قادر عەلیخا
• ئەنوەر عەرەب
• ناسر ڕەسووڵی
• یوونس ڕەزایی
• کەریم حیکمەتی
• عەزیز مەحموودپوور
• لەیلا ساڵحی

لە بواری هونەری و مۆسیقا

حەسەن زیرەک
• حەسەن دەرزی
• قالە مەڕە
• کاریگەر
تاهیر خەلیلی
• عوسمانە سوور
• عەلی کەردار
ئاوات بۆکانی
• عەلی خەندان

لە بواری سیاسی

کۆمەڵە کەسایەتییەکی سیاسیشی تێدا هەڵکەوتووە:
سادق شەرەفکەندی
• سەڵاح موهتەدی
• عەبدوڵڵا موهتەدی
• عەزیز خان موکری
حاجی بابەشێخ
• ئیبراهیم عەلیزادە
• سەیف قازی موکری
• عومەر ئێلخانی زادە

لە بواری وەرزشی

هەروەها لە بواری وەرزشیش چەندین یاریزان و شاخەوانی تێدا هەڵکەوتووە:
• ئارام خەلیلی
• جەعفەر عەلیار
• محەمەد ئەکرەم سەرا
• موقبیل هونەرپەژووهـ
• حوسێن بەهامین


سەرچاوەکان



499 بینین