مردنی لەناکاوی منداڵی ساوا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-07-27-16:35:00 - کۆدی بابەت: 9570
مردنی لەناکاوی منداڵی ساوا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مردنی لەناکاوی منداڵی ساوا یان کۆرپە (بە ئینگلیزی: sudden infant death syndrome) بریتییە لە مردنی لەناکاوی منداڵانی خوار تەمەن یەک ساڵ کە ناتوانرێت هۆکاری مردنەکە دەستنیشان بکرێت. هەندێک کات بەم حاڵەتە دەوترێت مردنی ناو جێگا چونکە حاڵەتەکە کاتێک ڕوودەدات کە منداڵەکە لەناو جێگەکەیدا نوستووە.  90٪ ى حاڵەتەکانی مردنی لەناکاوی کۆرپەلە لە شەش مانگی یەکەمی تەمەنی کۆرپەلەدا، بەتایبەتی لە تەمەنی نێوان یەک بۆ چوار مانگیدا ڕوودەدەن. حاڵەتی مردنی لەناکاوی کۆرپەلە مەترسیدارە و بەزۆری لە کاتی خەوتندا ڕوودەدات. زۆربەی کات منداڵانی ساوا پێش ئەوەی تووشی ئەم حاڵەتە ببن زۆر تەندروست دەردەکەون، وەک ئەوەی هیچ کێشەیەکیان نەبێت. ئەم حاڵەتە بۆ کۆرپەلە تازە لەدایکبووەکان حاڵەتێکی مەترسیدارە، بەڵام چاودێری و ئاگاداربوونی زیاتر دەتوانێت مەترسی تووشبوونی کۆرپەلە بەم حاڵەتە کەم بکاتەوە.

هۆکارەکان

هۆکاری سەرەکی ڕوودانی ئەم حاڵەتە بەتەواوی ئاشکرا نییە، بەڵام وا بیر دەکرێتەوە کۆمەڵێک هۆکار پێکەوە ببنە هۆی ڕوودانی ئەم حاڵەتە، شارەزایان پێیان وایە ڕوودانی مردنی لەناکاوی کۆرپەلە زیاتر لەو منداڵانەدا کە لاوازن بەرانبەر هەندێک فشاری ژینگەیی ڕوودەدات، فشارە ژینگەیییەکان وەک دووکەڵی جگەرە، خەواندنی منداڵ لە شوێنی نەگونجاوی وەک شوێنی دانیشتن یان هەبوونی کێشە لە کۆئەندامی هەناسە. کاتێک منداڵانی ساوا بەرانبەر ئەم فشارانە لاواز دەبن، ئەم حاڵەتە ڕوودەدات.

ئەو هۆکارانەی ئەگەری مردنی لەناکاوی منداڵی ساوا زیاد دەکەن:

  • دانانی منداڵی ساوا لەسەر لا یان بە ڕووی پێشەوەدا واتە بە ڕووی گەدەدا لە کاتی خەوتندا.
  • لەدایکبوونی پێش وەختە یان ئەو منداڵانەی لە کاتی لەدایکبووندا کێشیان لە کێشی ئاسایی کەمترە.
  • زۆر گەرم داپۆشینی منداڵ لە کاتی خەوتندا.
  • هەبوونی ئەم حاڵەتە لە مێژووی خێزانیدا.
  • لەڕووی ڕەگەزەوە منداڵانی کوڕ زیاتر مەترسی تووشبوون بەم حاڵەتەیان لەسەرە.

هەرچەندە مردنی لەناکاوی منداڵانی ساوا دەکرێت دووچاری هەموو منداڵێک ببێتەوە، بەڵام تەندروستی دایکیش کاریگەری لەسەر ئەم حاڵەتە دەبێت وەک:

پاراستن

دەتوانرێت بەم ڕێگایانە ئەگەری تووشبوونی منداڵانی ساوا بەم حاڵەتە کەم بکرێتەوە:

  • خەواندنی منداڵ لەسەر پشت.
  • دابینکرنی جێگەی گونجاو بۆ نوستن و دوورخستنەوەی کەلوپەلی یاریکردن لە نزیک شوێنی نوستن.
  • گەرم دانەپۆشینی منداڵ، باشترە لە کاتی نووستنی منداڵدا جلوبەرگی کەمێک ئەستوور بەکاربهێنرێت تاوەکوو پێویست نەکات بەتانی بۆ داپۆشینی مندالەکە بەکاربهێنرێت.
  • باشترە منداڵانی تازە لەدایکبوو لە تەمەنی شەش مانگ تاوەکوو یەک ساڵی لە هەمان ژووری دایک و باوکیان بخەون، جێگەیەکی تایبەت بۆ خەوتنی منداڵانی ساوا لە هەمان ژووری دایک و باوکیان یەکێكە لە هۆکارەکانی کەمکردنەوەی مەترسی مردنی لەناکاوی منداڵانی ساوا.
  • باشترە منداڵانی ساوا لەم تەمەنەدا شیری دایک بخۆن، نەوەک شیری وشک تاوەکوو لە مەترسی ئەم حاڵەتە بە دووربن.
  • شارەزابوونی دایکان لە چۆنییەتی شیرپێدان و ڕێکخستنی کاتی خەوتنی منداڵەکەیان زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوونی منداڵانی ساوا بەم حاڵەتە.
  • لە کاتی خۆیدا ئەنجامدانی پشکنین و پێکوتەکان.

دەستنیشانکردن

 هیچ پشکنینێک نەدۆزراوەتەوە بەتایبەتی بتوانێت دەستنیشانی ئەم حاڵەتە بکات، بەڵام کاتێک توێکاری، پشکنینی شوێنی ڕوودانی ڕووداو یان پێداچوونەوە بە تۆمارە پزیشکییەکاندا ناتوانن هۆکاری مردن دیاری بکەن حاڵەتەکە بە مردنی لەناکاوی منداڵی ساوا دەستنیشان دەکرێت.


سەرچاوەکان



872 بینین