زیانەکانی خواردنی خۆراک بەپەلە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-30-12:10:00 - کۆدی بابەت: 9609
زیانەکانی خواردنی خۆراک بەپەلە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زیانەکانی خواردنی خۆراک بەپەلە (بە ئینگلیزی: Disadvantages of eating in a hurry، بە عەرەبی: اضرار تناول على الطعام سریعا)، خواردنی خۆراک بەپەلە خوویەکی خراپی نانخواردنە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی زۆر نەخۆشی، لەم شێوازەدا خۆراک بەباشی ناجورێت و فشار بۆ سەر کۆئەندامی هەرس دروست دەکات، زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەخێرایی خۆراک دەخۆن، چێژ لە خواردنەکەیان وەرناگرن.

کاتێک کە بەهێواشی خۆراک دەخۆیت، خۆراکەکە باشتر هەرس دەبێت، بەو شێوەیە کێشت دەپارێزیت و هەست بە ڕازیبوون دەکەیت لە ژەمەکەت، لەبەرانبەر ئەوەدا ئەگەر خۆراکەکە بەپەلە بخۆیت، زیان بە کۆئەندامی هەرس دەگات هەروەها فشار دروست دەکات و وادەکات هەر ژەمێک بەخێرایی تەواو ببێت، خواردنی خۆراک بەپەلە دەکرێت وابکات حەز بکەیت زیاتر بخۆیت، یان خۆراکەکەت تەواو بکەیت پێش ئەوەی ئاماژەی تێربوون بە مێشک بگات.

چۆن بزانین کە بەپەلە خۆراک دەخۆین؟

ئەگەر لەماوەی کەمتر لە ١٥ بۆ ٢٠ خولەک خۆراکەکەت بخۆیت، واتا زۆر بەپەلە خواردووتە، ئەگەر دوای تەواوکردنی هەستت بە تێرییەکی زۆر کرد، واتا بەپەلە خۆراکەکەت خواردووە، خۆراک خواردن بەهێواشی یارمەتی جەستە دەدات زیاتر هەستیاری نیشان بدات بۆ ئاماژەکانی تێربوون، جگە لەوەش چێژێکی زیاتر لە خۆراکەکە وەردەگریت.
یاسایەکی گشتی هەیە دەربارەی خۆراک خواردن دەڵێت، بۆ خواردنی هەر ژەمێک دەبێت ٢٠ خولەک تێپەڕببێت، ئەمەش بەنزیکەیی ئەو ماوەیەیە کە کۆئەندامی هەرس پێویستییەتی بۆ ناردنی هۆڕمۆنەکان بۆ مێشک و ئاماژەی تێربوون و وەستاندنی خواردن، ئەگەر لەماوەی ٢٠ خولەک کەمتر خۆراکەکە تەواو بکەیت، ئەوا کاتی پێویستت نەداوە بۆ ئەوەی ئاماژەکانی تێربوون بە مێشک بگەن.

چەند خاڵێک بۆئەوەی هێواشتر خۆراک بخۆن

  1. لە کاتی نانخواردن چەند کارێک بەیەکەوە ئەنجام مەدە: زۆرکەس لەکاتی نانخواردن سەیری تەلەڤزیۆن دەکەن، کاردەکەن یان سەیری شاشەی کۆمپیوتەر دەکەن، لەکاتی نانخواردن ئەو شتانە دوور بخەرەوە کە سەرقاڵت دەکەن تاکوو سەرنجت زیاتر لەسەر خۆراکەکە بێت، ئەمەش یارمەتیت دەدات زیاتر چێژ لە خۆراکەکە وەربگریت و هێواشتر بیخۆیت.
  2. گازی بچووک بگرە: لەبری ئەوەی بەجارێک خۆراکێکی زۆر بخەیتە ناو دەمت، گازی بچووک لە خۆراکەکە بگرە یان پارووی بچووک بخە دەمتەوە، دەتوانیت کەوچکی بچووک بەکاربهێنیت، تاکوو هێواشتر نان بخۆیت.
  3. خۆراکەکە بەباشی بجووە: خواردنی خۆراک بەپەلە بەگشتی وادەکات خۆراکەکە بەباشی نەجوویت، زیاتر سەرنج بخەرە سەر جووینی خۆراکەکە، ئەمە یارمەتی باشتر هەرسکردنی خۆراکەش دەدات.
  4. لەماوەی نانخواردنەکەدا کەوچک و چەتاڵەکە دابنێ: بۆ ئەوەی بەهێواشی خۆراک بخۆیت، یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە کە لەدوای هەر کەوچێک کە دەیخۆیت کەوچک و چەتاڵەکەت دابنێیت، ئەمەش ناچارت دەکات بەهێواشی نان بخۆیت.

ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی خواردنی خۆراک بەپەلە دروست دەبن

کێشەی دڵ

توێژینەوەیەک لەسەر ١٠٠٠ کەس کرا بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بەشداربووەکان بەپێی خێرایی لە نانخواردندا بۆ سەر سێ گروپ دابەش کران: هێواش، مامناوەند و خێرا ئەنجامەکەی دەریخست ئەو گرووپەی بەخێرایی نانیان دەخوارد، زیاتر تووشی کۆنیشانەی مێتابۆلیکی (کۆنیشانەی زیندەچالاکی) بوون، ئەمەش مەترسی نەخۆشی دڵ و مێشک زیاد دەکات.

قەڵەوی

ئەو کەسانەی بەپەلە نان دەخۆن، لە تەمەنێکی گەورەتردا زیاتر ئەگەری قەڵەوییان لەسەرە، هەروەها ئەو کەسانەی تاکوو تێر دەبن بەخێرایی خۆراک دەخۆن، سێ ئەوەندەی ئەو کەسانەی لەسەرخۆ نان دەخۆن، ئەگەری قەڵەوبوونیان هەیە.

شەکرە

شەکرەی جۆری دوو دەکرێت بەهۆی بەرگریی ئەنسۆلینەوە بێت، حاڵەتێکە تێیدا خانەکانی لەش ناتوانن بەباشی وەڵامی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین بدەنەوە، کاتێک مرۆڤ بەپەلە نان دەخوات، زوو هەست بەتێری ناکات و خۆراکی زیاد لە پێویستی خۆی دەخوات، ئەمەش دەتوانێت هەڵئاوسانی گلوکۆز دروست بکات و ببێتە هۆی بەرگری ئەنسۆلین.

کێشەی کۆئەندامی هەرس

کەسێک کە بەخێرایی خۆراک دەخاتە دەمییەوە و دەیخوات و لەگەڵ هەر پاروویەک کەمێک هەوا قووت دەدات، کە ئەمەش (با) غازات لە گەدەدا دروست دەکات و دواجار یەکێکە لە ناڕەحەتییەکانی کۆئەندامی هەرس، دەکرێت درێژخایەن بێت.


سەرچاوەکان



304 بینین