سیسرک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-01-22:41:00 - کۆدی بابەت: 9656
سیسرک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سیسرک (بە ئینگلیزی: Cockroach، بە عەرەبی: صرصور)، گیانەوەرێکی بێ بڕبڕەدارە و لە کۆمەڵەی مێرووەکاندایە، یەکێکە لە بووونەوەرە سەرەتاییەکان و بە درێژایی زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن ساڵە بوونی هەیە، نشینگەکەی وڵاتە جیاوازەکانی هەموو کیشوەرەکان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵەکی باشوور، جێگەی ژیانکردنیشی لە ناوچەی تاریک و پیس و شێداردایە، هەروەها شێوازی ژیانکردنی تاکەکان دەکرێت بەتەنها بێت یاخود دەکرێت پێکەوە کۆمەڵەی تایبەت بەخۆیان دروستبکەن.

شێوازی پەیوەندیکردنیان بەیەکترییەوە لە ڕێگەی کۆمەڵێک ماددەی تایبەتەوە دەبێت کە لە جەستە و پیساییەکانیاندا هەیە، ئەو ماددەیە وەک ئاگادارکەرەوەیەکە و هەموویان پێکەوە کۆدەکاتەوە، ژمارەی ئەندامەکانی سیسرک بلیۆنان دانەیە و مەترسی گەورەی لەناوچوونیان لەسەر نییە، بەڵام زۆربوونی مرۆڤ و گیانەوەرە ڕاوکەرەکان یاخود تێکدانی نشینگەکانیان هۆکارن بۆ هەڕەشەکردن لەسەر ژیانیان و کەمبوونەوەیان، سیسرکەکان بوونەوەری زۆر خێران و تەنها لە چرکەیەکدا ١.٥ مەتر دەبڕن، کە ئەمەش دەکاتە زیاتر لە ٣٢١ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، هەروەها سیسرکەکان لە هەندێک لە وڵاتەکاندا وەک ژەمی خۆراکی بەکاردێن، بۆ نموونە خەڵکی لە تایلەند دوای سوورکردنەوەی دەیخۆن و بەسەرچاوەیەکی باشی پڕۆتین دادەنرێت.   

شێوەی دەرەوەی

جەستەی سیسرک بە بەرگێکی ڕەق داپۆشراوە و چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە وەک قاوەیی، ڕەش، ڕەساسی، زەرد، بێجی لەگەڵ ڕەنگی جیاوازی تر، قەبارەیەکی بچووکی هەیە و کێشی تەنها ٣٠ گرامە هەروەها بەرزییەکەی لە نێوان ٣٥-٤١ میللیمەتر دەبێت و درێژیشی دەگاتە چوار سانتیمەتر، جگە لە ئەمانەش مەودای نێوان باڵەکانی دەگاتە نزیکەی ٨ سانتیمەتر، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی جۆرەکانی سیسرک باڵیان هەیە بەڵام تەنها ژمارەیەکی کەمیان دەتوانن بفڕن، یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی سیسرک ئەوەیە کە ڕەنگی جەستەی تاریکە و لەسەریدا دوو هەستەوەری وەرگری درێژی هەیە.

هەروەها ئەگەر سیسرکێک سەری لێ ببێتەوە بەهەر هۆکارێک ئەوا دەتوانێت بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەرگە بگرێت و لە ژیاندا بمێنێتەوە، شێوازی هەناسەدانیان لە ڕێگەی کۆمەڵێک بۆری تایبەتەوەیە کە پێی دەوترێت ڕیشووی کەوانەدار، ئەم بۆرییانە دەبنە هۆی ڕێکخستنی ئاستی ئاو لە جەستەیدا بۆ نموونە ئەگەر لە وشکبوونەوە نزیکبێتەوە ئەوا بۆ ماوەی ٤٠ خولەک هەناسەدانی دەوەستێنێت، بەڵام هەموو تایبەتمەندییەکان دەکرێت گۆڕانکارییان بەسەردابێت چونکە ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاواز لە سیسرکەکان هەیە.

خۆراک

ئەم بوونەوەرە هەموو شتخۆرە و هەلقۆزەرەوەیە کە هەموو شتێک دەخوات، بەڵام ئارەزووی بۆ شەکر و خۆراکی چەور زیاترە، بەتایبەتیش ماددەی ئەندامی و شیبووەوە دەخوات، هەروەها گیانەوەرێکی ڕۆژەکی نییە و بەڵکو شەوانەیە، واتە کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکانی لە شەودایە و بە ڕۆژدا زۆر کەم دەردەکەوێت، سیسرکەکان دەتوانن بەدرێژایی ٣٠ ڕۆژ بەبێ خۆراک بژین و بمێننەوە، هەروەها دەتوانن ١٠ ڕۆژیش ئاو نەخۆنەوە، بەڵام ئەم بوونەوەرە خۆشی دەبێت بە خۆراکی گیانەوەری تری وەک مەمکدار و جاڵجاڵۆکە لەگەڵ باڵندەکان.

زۆربوون

تاکەکانی سیسرک لەماوەی نێوان تەمەنی ٤-٦ مانگیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، کاتێک مێینەیەک سەرنجی نێرینەیەک ڕادەکێشێت، ئەوا نێرینەکە لێی نزیکدەبێتەوە و باڵەکانی بڵاو دەکاتەوە پاشان تۆوەکانی دەردەدات، دواتر مێینەکەش چینێکی پارێزەر بە دەوری هێلکەکاندا دروستدەکات، هەر مێینەیەک دەتوانێت ١٦-١٨ هێلکە بکات کە لە سەرەتادا ٢-٤ ڕۆژ هێلکەکان لەسەر سکی هەڵدەگرێت، پاشان دەیانگوازێتەوە بۆ جێگەیەکی شێدار و ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکانیش ٢٨ ڕۆژ دەخایەنێت، سوڕی ژیانی ئەم جۆرە مێرووە دەگاتە ساڵ و نیوێک، بەڵام ماوەی تەمەن بەگوێرەی جۆرەکەی و بڕی خۆراک و ئاویش دەگۆڕێت.  

جۆرە سەرەکییەکان

زیاتر لە ٤٠٠٠ جۆری جیاواز لە سیسرک هەیە کە زۆرینەی جۆرەکانی بێ زیانن، تەنها ٣٠ جۆریان بە بوونەوەری زیانبەخش دادەنرێن، کە هەڵگری ٣٣ جۆری جیاواز لە بەکتریا و شەش جۆری جیاواز لە کرمە مشەخۆرەکانە لەگەڵ حەوت هۆکاری نەخۆشی تر، جۆرەکان لە چەند خێزانێکی سەرەکیدا پۆلێنکراون، ئەمانەش نموونەی هەندێک لە جۆرە سەرەکییەکانە:

  • سیسرکی تاک شاخی ئوستوڕالی
  • سیسرکی درەخت
  • سیسرکی ئەڵمانی
  • سیسرکی قاوەیی هێڵدار
  • سیسرکی فیکەلێدەری مەدەغەشقەری
  • سیسرکی شاراوەی مەزن
  • سیسرکی قالۆنچەی زەریای هێمن
  • سیسرکی ئەمریکی
  • سیسرکی قاوەیی
  • سیسرکی ماسکداری قاوەیی
  • سیسرکی کوبی
  • سیسرکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی یاخود پێی دەوترێت قالۆنچەی ڕەش

شێوازی ڕێگریکردن

دەکرێت ڕێگریکردن لە سیسرکەکان کەمێک سەخت بێت چونکە ئارەزوویان بۆ زۆرینەی ئەو شتانە هەیە کە موڵکی مرۆڤەکانن، بەڵام کۆمەڵێک کردەوە هەن کە دەکرێت ببنە هۆی کەمکردنەوەیان و ڕێگریکردن لە زۆربوونیان، وەک ئەمانە:

  1. پاک ڕاگرتنی ماڵەکەت، چونکە سیسرکەکان ئارەزووی جێگەی پیس دەکەن و ئەگەر خاوێن بێت ئەوا هەوڵ بۆ دۆزینەوەی جێگەی نوێ دەدەن.
  2. لەبەر ئەوەی گیانەوەرێکی شەوانەیە و بەشەودا چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، باشتر وایە کە پێش خەوتن هەموو خۆراکەکان هەڵبگیرێن و لاببرێن.
  3. داخستن و چاککردنەوەی هەر درز و بۆشاییەک کە لە ماڵدا هەبێت و بەهۆیەوە مێروو بێتە ژوورەوە.
  4. ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک لە دەرەوەی ماڵەکاندا.
  5. بڕینی گژوگیاکان و لابردنی سەرچاوە ئاوییەکان چونکە دەکرێت سیسرکەکان بیکەن بە جێگەی ژیانکردنیان.
  6. بەکارهێنانی ترش و خۆڵی تایبەت بۆ ناوماڵ.


سەرچاوەکان



1083 بینین