تایپێ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-05-22:00:00 - کۆدی بابەت: 9712
تایپێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تایپێ (بە ئینگلیزی: Taipei، بە عەرەبی: تايبي)، بە فەرمی شاری تایپێ، پایتەخت و شارەوانی تایبەتی تایوانە. شاری تایپێ دەکەوێتە باکووری تایوانەوە. ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2019ـدا بە 2,646,204 کەس خەمڵێندرا. ڕووبەری ڕووی شارەکە 271.80 کیلۆمەتر دووجایە.

مێژووی شارەکه

مێژووی تۆمارکراوی تایپێ بە نیشتەجێبوونی نەتەوەی هان چین لە حەوزی تایپێ و لە ساڵی 1709ـدا دەستی پێ کرد، کە بووە هۆی پێکهێنانی پایتەختی نیشتمانی تایوان و ناوەندی پیشەسازی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو کە ئێستا شاری تایپێیە. لە ساڵی 1895ـدا شارەکە دەستی بە گەشەکردنی خێراتر کرد، و لە ساڵانی 1950ـکاندا ئەمریکا هاوکاری دارایی پێشکەش بە حکوومەتی کۆماری چین کرد، شارەکە لەڕووی پێکهاتە و پیشەسازییەوە گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

گرنگی شارەکە

تایپێ ناوەندی ئابووری، سیاسی، پەروەردەیی و کولتووری تایوانە و یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. ئەم شارە بە شارێکی جیهانی دادەنرێت و لەلایەن (GaWC)ـەوە وەک شارێکی ئەلفا هەڵسەنگێنراوە، هەروەها بەشێکە لە ناوچەیەکی پیشەسازی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو. هەریەک لە هێڵی ئاسن، ڕێگا سەرەکییەکان، فڕۆکەخانەکان و هێڵەکانی پاس تایپێ بە هەموو بەشەکانی دوورگەکەوە دەبەستنەوە. شارەکە دوو فڕۆکەخانە و چەندین باڵەخانەی تەلارسازی یان کولتووریی بەناوبانگی جیهانی تێدایە.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 2015ـدا بە 2.7 ملیۆن کەس خەمڵێندرا. هەروەها لە کۆتایی 2016ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی گەیشتە 2,695,704 کەس، 1,289,510 نێر و 1,406,194 مێ، بە بەراورد بە ساڵی 2015 ژمارەی دانیشتووان 9,106 کەس کەمی کرد. هەروەها ڕی دایشتووانی تایپێ 9,918 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا، و 10%ـی دانیشتووانی شارەکە لەسەرووی تەمەنی 65 ساڵییەوەن.

نەژاد

چوار گرووپی نەژادی لە شارەکەدا هەن، ئەوانیش، خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە، هۆکلۆ، دانیشتووانی خاکی سەرەکی و هاکا. دانیشتووانی خاکی سەرەکی و هۆکلۆ زۆربەی زۆری دانیشتووانی تایپێ پێکدەهێنن، نەتەوەی هاکاش لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا گەشەیان کردووە و ژمارەی دانیشتووانی خەڵکە ڕەسەنەکەی تایپێ کەمێک لە خوار 13 هەزار کەسەوەن و زۆربەیان لە ناوچەکانی دەوروبەری شاردا نیشتەجێن. بەشێکی زۆری ئەو دانیشتووانانەی کە لەدایکبووی وڵاتە بیانییەکانن خەڵکی ڤێتنام و ئەندەنوسیا و فلیپینن و ژمارەیان تەنیا 52 هەزار کەسە.

کەشوهەوا

شاری تایپێ کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە، مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و ناخۆش و هەوراویین، مانگەکانی وەرزی زستانیش فێنک و فرەبا و نیمچە هەوراوین، و بەدرێژایی ساڵ باران دەبارێت. پلەی گەرمی بە شێوەیەکی گشتی لە 13.3 پلەی سەدی بۆ 33.3 پلەی سەدی دەگۆڕێت و بەدەگمەن لەخوار 10 پلەی سەدی یان سەرووی 35.5 پلەی سەدییەوەیە.

بە پشتبەستن بە نمرەی گەشتیاری، باشترین کات بۆ سەردانکردنی تایپێ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم تا سەرەتای کانوونی یەکەمە.

تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە

وەرزی گەرما 3.3 مانگ دەخایەنێت، لە 8ـی حوزەیران تا 16ـی ئەیلوول، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە سەرووی 30.5 پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ مانگی تەممووزە و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی 33.3 پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرمی 26.7 پلەی سەدییە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە 24ـی تەممووزی 2020ـدا 39.7 پلەی سەدی بوو.

وەرزی سارد 3.3 مانگ دەخایەنێت، لە 5ـی کانوونی یەکەم تا 15ـی ئازار، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لەخوار 21.7 پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی 13.9 پلەی سەدی و بەرزترین پلەی گەرمی 18.9 پلەی سەدییە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە 13ـی شوباتی ساڵی 1901ـدا 0.2- پلەی سەدی بوو. هەروەها بەفر لە شارەکەدا بە هیچ شێوەیەک نابارێت جگە لەو شاخانەی کە کەوتونەتە ناو سنووری شارەکەوە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

  1. تایپێ 101
  2. مۆزەخانەی کۆشکی نیشتمانی
  3. کڵێسای لۆنگشان
  4. بازاڕی شەوانی شیلین
  5. مۆزەخانەی نەتەوەیی تایوان
  6. باخچەی ئاژەڵانی تایپێ
  7. مۆزەخانەی مێژوویی نەتەوەیی
  8. زیمێندین


سەرچاوەکان



238 بینین