لۆلاپلۆزا

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-08-06-22:28:00 - کۆدی بابەت: 9730
لۆلاپلۆزا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لۆلاپلۆزا یاخود لۆلا (بە ئینگلیزی: Lollapalooza، بە عەرەبی: لولابلوزا)، فێستیڤاڵێکی ساڵانەی میوزیکە، لە شیکاگۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سازدەکرێت. لە سەرەتادا لە ساڵی ١٩٩١ وەکوو بۆنەیەکی گەشتی میوزیکی دەستی پێکرد. بەڵام چەند ساڵێک دواتر بوو بە فێستیڤاڵێکی ساڵانە و شیکاگۆ وەکوو شوێنی فێستیڤاڵەکە هەڵبژێردرا. ئەم فێستیڤاڵە لە گراند پارکی شیکاگۆ، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەنێوان مانگەکانی تەممووز و ئابدا بەڕێوەدەچێت. میوانداری نزیکەی ٤٠٠٠٠٠ کەس دەکات بە بەشداری چەندین گۆرانیبێژ و هونەرمەندی بەناوبانگ. لۆلاپلۆزا یەکێکە لە گەورەترین و بەناوبانگترین فێستیڤاڵەکانی میوزیک لەجیهاندا هەروەها یەکێکە لە درێژترین ماوەی فێستیڤاڵەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕۆژنامەی بەناوبانگی میوزیکیی (سپین) یەکەم کۆنسێرتی لۆلای بەباشترین کۆنسێرت لە لیستی "٣٥ گەورەترین کۆنسێرتەکانی ٣٥ ساڵ لەمەوبەر" تۆمارکرد.

مێژوو

گرووپی لۆلاپلۆزا

لە ساڵی ١٩٩١ وەک گەشتێکی ماڵئاوایی لەلایەن پێری فارێڵ، گۆرانیبێژی گرووپی (جەین ئەدیکشن) ڕێکخرا. یەکەم گەشتی لۆلا کۆمەڵە باندێکی جۆراوجۆر بوون کە سەردانی زیاتر لە ٢٠ شاری کەنەدا و ئەمریکای باکووریان کرد، لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزەوە تاکوو کۆتایی مانگی ئاب بەردەوام بوو، گەشتەکە سەرکەوتنێکی بازرگانی گەورەی بەدەست هێنا. دواتر بەهۆی قازانجە زۆرەکەی لە ساڵی ١٩٩٢ گەشتێکی تری هەمان شێوە ڕێکخرا و سەردانی چەندین شاری کرد، ئەمە تا ساڵی ١٩٩٧ بەردەوام بوو، بەڵام دواتر بەهۆی لەدەستدانی پارەیەکی زۆر، لە ١٩٩٨ گەشتەکە هەڵوەشێنرایەوە.

لە ٢٠٠٣ـەوە

لۆلاپلۆزا لەساڵی ٢٠٠٣ دووبارە لەدایکبووەوە. لە ٢٠٠٤ ڕێکخەرانی لۆلا بڕیاریاندا کە ماوەی گەشتەکە زیاد بکەن بۆ هەر شارێک دوو ڕۆژ بەڵام کەمی بلیت فرۆشتن بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی لۆلاپلۆزای ٢٠٠٤. لە ساڵی ٢٠٠٥ فارێڵ و ئاژانسی ویلیام مۆریس هاوبەشیان کرد لەگەڵ کۆمپانیایەکی تەکساسی وەرزشی بەناوی ئۆستن کە ئێستا بە C3 پرێزنتز ناسراوە، بە فەرمی گەشتەکەیان کرد بە فێستیڤاڵێکی ساڵانە. فێستیڤاڵە دوو ڕۆژیەکەی شیکاگۆی ٢٠٠٥ سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆیە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ کرا بە سێ ڕۆژ، لە ساڵی ٢٠١٦ ڕۆژێکی تریش زیادکرا و بوو بە چوار ڕۆژ و نەگۆڕاوە. لە ساڵی ٢٠٢٠ نەتوانرا فێستیڤاڵەکە ئەنجام بدرێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵام بەشێوەی پەخشی ئۆنلاین لە یوتیوب بەردەوام بوو. لە ٢٠٢١ لەدوای نەمانی کۆرۆنا فێستیڤاڵەکە ئاسایی بوەوە و لۆلا بووە بە نموونەی فێستیڤاڵی ئەمریکی مۆدێرن.

فراوانبوونی لۆلاپلۆزا

  • لەساڵی ٢٠١٠ ڕاگەیەنرا کە لۆلا لە شیکاگۆ دەمێنێتەوە هاوکات لە دەرەوەی ئەمریکاش لقی لێ پێشکەش دەکرێت.
  • لە مانگی نیسانی ٢٠١١ لە سانتیاگۆ لە چیلی کە دەکەوێتە ئەمریکای باشوور لۆلا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ پێشکەش کرا. 
  • لە ساڵی ٢٠١٢ یەکەم ڤێرشنی بەڕازیلی لۆلا لە ساو پاولۆ بەڕێوەچوو.
  • لۆلاپلۆزای ئەرجەنتینی لە ساڵی ٢٠١٣.
  • لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤ یەکەم لۆلاپلۆزای ئەورووپی ڕاگەیەندرا و لە ٢٠١٥ لە فڕۆکەخانەی پێشووی بەرلین لە ئەڵمانیا ئەنجام درا.
  • لۆلای ٢٠١٩ی سوید لە ستۆکهۆڵم.
  • لۆلاپلۆزای پاریسی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٧.

بڕیاردرا لە ساڵی ٢٠١٣ لە ئیسرائیل فێستیڤاڵەکە بکرێت بەڵام دواخرا بۆ کاتێکی نادیار و هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیاریکراو نەدرا لەسەر هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی. لە ٢٠٢٢ ڕاگەیەندرا کە یەکەم لۆلاپلۆزای ئاسیایی لە ٢٠٢٣ لە مۆمبای لە هیندستان بەڕێوەدەچێت.

جۆری میوزیک و هونەرمەندەکانی لۆلا

فێستیڤاڵەکە ژانەرەکانی میوزیکی (ئاڵتێرناتڤ ڕۆک، پەنک ڕۆک، هیپ هۆپ، پۆپ، سۆول، ئەلەکترۆنیک) لەخۆدەگرێت. هونەرمەندانی فێستیڤاڵەکە دەکرێن بە دوو بەشەوە لاوەکی و سەرەکی و چەندین هونەرمەندی بەناوبانگ یەکەم دەرکەوتنیان لە لۆلاپلۆزاوە بووە. لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی لۆلا (پێری فارێڵ، بێڵی ئایلش، زە ویکێند، لانە دێڵ ڕەی، لەیدی گاگا، پۆست ماڵن، ئاریانا گرەید، بورنۆ مارس، کانی وێست، دی جەی سنەیک، چەین سمۆکەر، دوا لیپا، جەی هۆپ ئەندامی گرووپی بانگتان و چەندین هونەرمەندی تر). لە لۆلاپلۆزای ٢٠٢٢ لە ماوەی چوار ڕۆژەکەدا زیاتر لە ١٧٠ هونەرمەند بەشدارییان کرد.

داهاتی فێستیڤاڵەکە

بەوتەی بەرپرسانی شار، لۆلاپلۆزا لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە نزیکەی ٢ بلیۆن دۆلاری بۆ ئابووری شیکاگۆ زیاد کردووە و لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە سەردانی دەکرێت، لۆلا هەموو تەمەنێک لەخۆ دەگرێت و ستەیجی تایبەتی منداڵانی تێدایە بەناوی کیدزاپلۆزا. لە ٢٠١٤ـەوە تاوەکوو ساڵی ٢٠٢٢ کۆمپانیای  C3 پرێزنتز خاوەنی فێستیڤاڵەکەیە. نرخی بلیتێکی بۆ تەنها یەک ڕۆژ لە ١٢٥$ دەست پێدەکات و هەندێک بلیتی ڤی ئای پی نرخەکەی دەگاتە ١٦٠٠$. پێشتر چەندین جار بەهۆی کەمی بلیت فرۆشتن لۆلا هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام ئێستا لە ماوەی چەند کاتژمێرێک بلیتەکان نامێنن. لە مێژووی لۆلا جەی هۆپی ئەندامی گرووپی بانگتان زۆرترین ڕێژەی فرۆشتنی بلیتی هەبووە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ یەکێک بوو لە هونەرمەندە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە.


سەرچاوەکان



697 بینین