قیژاندن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-07-23:19:00 - کۆدی بابەت: 9748
قیژاندن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هاوارکردن یان قیژاندن (بە ئینگلیزی: Scream Or shout، بە عەرەبی: صرخة)، ڕەفتارێکی سروشتییە کە مرۆڤ لەکاتی توڕەیی، کاتێک پێویستی بەیارمەتییە یان ترساوە، ئەنجامی دەدات. ئەگەر کەسێک لەسەر شەقام بقیژێنێت سەرنجی زۆربەی خەڵک بۆ خۆی ڕادەکێشێت و هەندێک کەس بۆ یارمەتیدانی دەچن، قیژاندن یەکێکە لەشێوازەکانی پەیوەندیکردن کە ڕەنگدانەوەی بەرفراوانی هەست و سۆز و وروژاندنی تێدایە.

هۆکارەکانی هاوارکردن

  1. ئازار: ئەم جۆرە هاوارە ئازار و ئەشکەنجە نیشان دەدات، هاواری ئازار قووڵتر و بەرزترە لە هاواری ترس، ئەم جۆرە هاوارە دەکرێت بۆ داوای یارمەتی بێت یان بۆ بەتاڵ کردنەوەی ئازار و ناڕەحەتی جەستە یان ڕۆح بێت.
  2. سەرسوڕمان: بەگشتی هاوارکردن بەهۆی سەرسوڕمانەوە کورتە و لەڕووی دەنگەوە ئاڵۆز نییە، بۆ نموونە گرتەی کامێرا شاراوەکان کاتێک کەسێک خۆی لە شوێنی دارێک داناوە و لەپڕ دەجووڵێت، بۆ ترساندنی پیادەڕەوەکان، یان کاردانەوەت کاتێک لەشەودا گڵۆپی ژوورەکە هەڵدەکەیت و لەپڕ قالۆنچەیەک دەبینیت، ئەم جۆرە هاوارە خۆنەویستانەیە و زیاتر بەهۆی سەرسوڕمانەوەیە نەک ترسی ڕاستەقینە.
  3. خۆشی: هەندێک کات هاوار و قیژە نیشانەی هەستی خۆشی و شادییە، بۆ نموونە کاتێک دیارییەک دەکەیتەوە و ئەو شتە دەبینیت کە زۆر حەزت لێیەتی هاوار دەکەیت، یان کاتێک گۆرانیبێژێکی دڵخوازت لە کۆنسێرت دەبینیت هاوار دەکەیت.
  4. ترس: ترس باوترین هۆکاری هاوارکردنە، کرداری هاوارکردن پێویستی بە هێز و وزەی زۆرە کە دەبێتە هۆی لەرزینی دەنگە ژێیەکان بەشێوەیەکی نادروست، هاوار بەهۆی ترسەوە چڕ و بەرزە و شڵەژانی تێدایە.
  5. توڕەیی: ئەم جۆرە هاوارکردنە پەیوەندی بەو کاتانەوەیە کە مرۆڤ توڕەیە، هەڵبەت لەم جۆرە هاوارکردنەدا هەمیشە بەتەنیا نین و هەندێک کات بە کۆمەڵ لە گرووپدا ئەنجامی دەدەین. 
  6. نائومێدی یان خەم: هاوارکردن بەهۆی نائومێدی یان خەمەوە ڕەفتارێکی خۆنەویستانەیە، لەم حاڵەتەدا بەزۆری بەسەر خۆماندا یان بەسەر کێشەکەدا هاوار دەکەین، هەڵبەت لەم جۆرە هاوارەدا توڕەییش هەیە، بۆ نموونە کاتێک لە ترافیکدا گیر دەخۆیت و پەلەتە، ڕەنگە بەنائومێدییەوە هاوار بکەیت و توڕەش ببیت.

کاریگەرییە ئەرێنییەکانی هاوارکردن

  1. کەمکردنەوەی فشار: زیاتر لە ٥٠ ساڵە شێوازی چارەسەری "بیرهێنانەوە و دووبارەکردنەوەی دیمەنەکانی منداڵی" بەکاردەهێنرێت کە تێیدا هانی نەخۆش دەدرێت هەستی توندوتیژی منداڵی بە گریان و هاوار دەرببڕێت، بۆ نموونە لەم شێوازەدا لەبری ئەوەی لەسەر قەنەفەیەک پاڵ بکەویت و قسە بکەیت، بە هاوارکردن خۆت بەتاڵ دەکەیتەوە.
  2. زیادبوونی هێز: توێژینەوەیەک دەریخستووە کە هاوارێکی خێرا و بەرز، هێز زیاد دەکات.

ڕاهێنانی هاوارکردن و قیژاندن

  • بەتەنیابە: ئەگەر لەشوێنێک دەژیت کە ناتوانیت بەتەنیابیت، ڕەنگە باشتر وابێت لەگەڵ خێزانەکەت یان هاوژوورەکانت قسە بکەیت و پێیان بڵێیت کە دەتەوێت چیبکەیت، دڵنیاببەرەوە کە کێشەیان لەگەڵ بابەتەکەدا نییە.
  • پاڵبکەوە: پاڵکەوە و شتێکی نەرم لەژێر خۆتدا دابخە و سەرینێک بخە ژێر سەرت.
  • بیربکەرەوە: بیر لەو شتانە بکەرەوە کە ئازاریان داویت یان توڕەیان کردوویت، دەکرێت هەر شتێک بێت لە تەمەنی منداڵییان شتێک کە لەو دواییانە ڕووی داوە و بۆتە هۆی بێتاقەتیت.
  • هاواربکە: هیچ لە دڵتدا ڕامەگرە، بەدەنگی بەرز هاوار بکە و بگری، هەروەها دەتوانیت بە مستەکۆڵە لە زەوی بدەیت، یان تەنیا پاڵکەویت و لە ناخەوە هاوار بکەیت، دوای ئەوە هەناسەدانت بگەڕێنیتەوە باری ئاسایی، دەبێت هەست بەئارامی بکەیت وەکوو ئەوەی بارێک لەسەر شانت لابرابێت ئەگەر وانەبێت، دەتوانیت بۆ چەند جارێک ئەم شێوازە بەکاربهێنیت.


سەرچاوەکان



293 بینین