باشترین پێکهاتە خۆراکییەکان بۆ گەشەی قژ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-08-11-21:34:00 - کۆدی بابەت: 9801
باشترین پێکهاتە خۆراکییەکان بۆ گەشەی قژ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باشترین ڤیتامین و کانزاکان بۆ گەشەی قژ (بە ئینگلیزیThe Best Nutrients for Hair Growth، بە عەرەبیأفضل العناصر الغذائية لنمو الشعرزۆربەی خەڵکی قژێکی تەندروست دەرکەوتوو بە یەکێک لە نیشانەکانی تەندروستی یان جوانی دادەنێن، هەروەک هەر بەشێکی تری لەشت، قژیش پێویستی بە چەندین پێکهاتەی خۆراکی جیاواز هەیە بۆ ئەوەی گەشەکردوو و تەندروست بێت.
لە ڕاستیدا قژیش پێویستی بە چەندین پێکهاتەی خۆراکی جیاواز هەیە بۆ ئەوەی گەشەکردوو و تەندروست بێت.
لە کاتێکدا کە هۆکاری تری وەکوو تەمەن، بۆماوەیی و هۆرمۆنەکان بە هەمان شێوە کاردەکەنە سەر گەشەی قژ، کەواتە یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی بوونی قژێکی جوان و پڕ بریتییە لە وەرگرتنی بڕی پێویست لە ئەم پێکهاتە خۆراکییانە.

پێنج جۆری ڤیتامین کە کاردەکەنە سەر گەشەی قژ

ڤیتامین A

هەموو خانەکانی لەش بۆ گەشەکردن پێویستیان بە ڤیتامین A هەیە، کە ئەمەش گەشەی قژ دەگرێتەوە کە خێراترین گەشەی شانەیە لە لەشدا. هەروەها ئەم ڤیتامینە وا لە ڕژێنەکانی پێست دەکات بەردەوام ماددەیەکی چەور دەر بدەن بە ناوی (sebum)، کە ئەم ماددەیە پێستی سەر شێدار دەکاتەوە و قژ بە تەندروستی دەهێڵێتەوە.
ئەگەر بەردەوام بڕێکی کەم لە ڤیتامین A وەربگریت ئەوا تووشی چەند کێشەی تەندروستی دەبیتەوە و یەکێک لەوانەش قژ هەڵوەرینە.
لە کاتێکدا کە گرنگە بڕی پێویست لە ئەم ڤیتامینە بەدەست بهێنیت، بەڵام پێویست ناکات هەوڵ بدەیت زۆرترین بڕت دەست بکەوێت، چونکە توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە بڕی زیاد لە پێویستی ئەم ڤیتامینە بە هەمان شێوە زیان بە قژ دەگەیەنێت و تووشی هەڵوەرینی دەکات.

پەتاتەی شیرین، گێزەر، سپێناغ و کولەکە دەوڵەمەندن بە بێتا کارۆتینەکان کە بەپێی پێویستی لە لەشدا دەگۆڕێن بۆ ڤیتامین A
ڤیتامین A لە بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وەکوو شیر، هێلکە و ماستدا بوونی هەیە.

ڤیتامینەکانی B

یەکێک لە ناسراوترین ڤیتامینەکان بۆ گەشەی قژ بریتیین لە ڤیتامینەکانی B کە پێیان دەوترێت بایۆتین (biotin)، بایۆتین وەکوو چارەسەرێکی جێگرەوەی قژ هەڵوەرین بەکاردێت، کە ئەو کەسانەی کەمی ئەم ڤیتامینەنانەیان هەیە دوای چارەسەر ئەنجامێکی دڵخۆشکەریان دەست دەکەوێت.
بەڵام هەرچۆنێک بێت کەمی ئەم ڤیتامینانە زۆر دەگمەنە چونکە بەشێوەیەکی سروشتی لە مەودایەکی فراوانی خواردندا بوونیان هەیە. هەروەها هیچ زانیارییەک بوونی نییە دەربارەی ئەوەی کە لە کەسانی تەندروستدا بایۆتین کاریگەری هەبێت لەسەر گەشەی قژ.
ڤیتامینەکانی تری B یارمەتی دروستبوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدەن، کە خڕۆکە سوورەکان ئۆکسجین و ماددە خۆراکییەکان بۆ پێستی سەر و سەلکی موو دەگوازنەوە. ئەم پڕۆسانە بۆ گەشەی قژ گرنگن.
دەتوانیت لەڕێگەی ئەم خواردنانەوە ڤیتامینەکانی B دەست بکەوێت:

گرنگە کە بزانرێت بەرهەمەکانی ئاژەڵ تاکە سەرچاوەی گرنگن بۆ ڤیتامین B12، کەواتە ئەگەر کەسێکی ڕووەکخۆریت باشترە تەواوکەری خۆراکیی ڤیتامین B12 وەربگریت.

ڤیتامین C

زیانی تەنۆلکەی سەربەست دەکرێت ڕێگری لە گەشەی موو بکات و لاوازی بکات. ڤیتامین C دژەئۆکسێنێکی بەهێزە کە دژی پەستانی ئۆکسێنەری تەنۆلکە سەربەستەکان دەوەستێت. 
لەگەڵ ئەوەشدا لەش پێویستی بە ڤیتامین C هەیە بۆ ئەوەی پڕۆتینی کۆلاجین بەرهەم بهێنێت، کە بەشێکی گرنگی پێکهاتەی قژ دەگرێتەوە.
ڤیتامین C یارمەتی لەش دەدات ئاسن هەڵبمژێت، کە کانزایەکی گرنگە بۆ گەشەی قژ. 
شلیک، بیبەر و میوە ترشەکان هەموویان سەرچاوەیەکی باشن بۆ ڤیتامین C.

ڤیتامین D

کەمیی ئاستی ڤیتامین D پەیوەستە بە هەڵوەرینی قژەوە. وا دادەنرێت ئەم ڤیتامینە ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە پڕبوونی قژدا، بەڵام زۆربەی توێژینەوەکان سەرنجیان خستووەتە سەر وەرگرەکانی ئەم ڤیتامینە. ڕۆڵی ڕاستەقینەی ڤیتامین D لە گەشەی قژدا نەزانراوە.
وەک دەزانرێت زۆربەی خەڵکی بڕی پێویستی ڤیتامین D بەدەست ناهێنن، کەواتە باشترە کە هەوڵ بدەیت ڕۆژانە بڕی پێویست لە ئەم ڤیتامینە بگات بە لەشت.
لەشی مرۆڤ لەڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆرەوە ڤیتامین D بەرهەم دەهێنێت. ژەمی باشیش بۆ دەستکەوتنی ئەم ڤیتامینە بریتیین لە: 

  • ماسیی چەوی زۆر
  • هەندێک جۆری قارچک
  • هێلکە
  • شیر
  • ماست

ڤیتامین E

هەروەک ڤیتامین C، ڤیتامین E دژەئۆکسێنێکە کە دژی پەستانی ئۆکسێنەر دەوەستێت.
لە توێژینەوەیەکدا، ئەو کەسانەی قژیان هەڵدەوەری دوای وەرگرتنی ڤیتامین E بۆ ماوەی ٨ مانگ گەشەی قژیان بە ڕێژەی ٣٤٫٥٪ زیادی کرد.

سەرچاوە باشەکانی ڤیتامین E:

کانزا گرنگەکان بۆ گەشەی قژ

ئاسن

ئاسن یارمەتی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدات تاکوو ئۆکسجین بگوازنەوە بۆ خانەکانی لەش. کە ئەمەش وای لێدەکات کانزایەکی گرنگ بێت و ڕۆڵی هەبێت لە زۆربەی فەرمانەکانی لەشدا و لەوانەش گەشەی قژ.
ئەو کەمیی ئاسنەی کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە کەمخوێنی سەرەکیترین هۆکاری هەڵوەرینی قژە، کە بە تایبەت لە خانماندا باوە.
ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئاسن:

  • هێلکە
  • گۆشتی سوور
  • سپێناخ
  • سەدەف
  • نیسک

زینک

زینک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشە و نوێبوونەوەی شانەکانی قژدا، هەروەها یارمەتی چەورییە ڕژێنەکان دەدات کە لە دەوری سەلکی موودا بە ڕێکی کاربکەن.
قژ هەڵوەرین نیشانەکانی باوی کەمیی زینکە. توێژینەوەکان باسیان لەوە کردووە کە چارەسەری کەمیی زینک بە تەواوکەری خۆراکی دەتوانێت نیشانەکانی پەیوەست بە هەڵوەرینی قژ کەم بکاتەوە.
هەروەها چەند ڕاپۆرتێک باسیان لەوە کردووە کە وەرگرتنی بڕێکی زیاد لە پێویستی زینک بە ژەمێکی زۆری تەواوکەری خۆراکی دەکرێت بە هەمان شێوە ببێتە هۆی هەڵوەرینی قژ.
لەبەر ئەم هۆیە، باشترە کە هەوڵ بدەیت زینکت لەڕێگەی خۆراکەوە دەست بکەوێت نەک لەرێگەی تەواوکەری خۆراکییەوە. 
ئەو خۆراکانەی ڕێژەی بەرزی زینکیان تێدایە بریتیین لە:

پوختە

خۆراک باشترین سەرچاوەی ئەو ڤیتامینانەیە کە بۆ گەشەی قژ گرنگن، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەگەر نەتتوانی لە ژەمەکانتدا بەپێی پێویست لە ئەم ڤیتامینانە وەربگریت، دەکرێت تەواوکەری خۆراکی یارمەتیدەر بێت.
بە پشت بەستن بە توێژینەوەکان تەواوکەرە خۆراکییەکان باشترین کاریگەرییان هەیە بۆ چارەسەری ئەو کەسانەی کەمیی ڤیتامینەکانیان هەیە.
بەڵام گرنگە بزانرێت کە وەرگرتنی ژەمی زۆر و زیاد لە پێویست دەکرێت زیانبەخش بێت. کەواتە گرنگە کە لەگەڵ پزیشکەکەتدا گفتوگۆی ژەمی دەرمانەکان و ڕێژەی کەمیی ڤیتامینەکانی لەشت بکەیت.
لە کۆتایی ڕۆژەکەتدا باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی ئەم ڤیتامینانەت دەست بکەوێت ئەوەیە کە خۆراکی هاوسەنگ و پڕ لە تەواوکەری خۆراکی بخۆیت.


سەرچاوەکان



970 بینین