خەمۆکی دوای هاوسەرگیری

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-13-23:04:00 - کۆدی بابەت: 9822
خەمۆکی دوای هاوسەرگیری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەمۆکی دوای هاوسەرگیری (بە ئینگلیزی: Depression after marriage، بە عەرەبی: الاكتئاب بعد الزواج) جۆرێکی خەمۆکییە کە دوای هاوسەرگیری ڕوودەدات. هەرچەندە بەگشتی لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە کوڕان و کچان دوای هاوسەرگیری دڵخۆشتر دەبن بە بەرانبەر بە ئەو کاتەی کە سەڵتن. بەڵام هەمیشە کۆمەڵێک کێشە دێتە پێشەوە کە کار لە بووک و زاوای نوێ دەکات و تووشی خەمۆکییان دەکاتەوە.
هەرچەندە هەندێک پێیان وایە کە تەنها خانمان دووچاری خەمۆکی دوای هاوسەرگیری دەبن، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و بەشێکی زۆری پیاوانیش تووش دەبن، بەڵام ڕێژەکە لە خانماندا زیاترە. بە نزیکەیی لە هەر دە بووک و زاوایەکی نوێ یەکێک لەوانە دووچاری خەمۆکی دەبێت. 

نیشانەکان

بووک یان زاوایەک کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە و یەکێک لەوان یاخود هەردووکیان تووشی خەمۆکی دوای هاوسەرگیری بوون، دەکرێت ئەم نیشانانەیان تێدا دەربکەوێت:

  • کەمبوونەوەی حەز بۆ کارکردن یان وازهێنان لە کار.
  • کەمکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ کەسە نزیکەکانیدا.
  • گۆڕانکاری لە خواردنی ڕۆژانەدا.
  • کەمبوونەوەی حەز بۆ ئەو کارانەی کە پێشتر زۆر حەزت لێی بوو.
  • کەمبوونەوەی حەزی سێکسی.
  • گۆشگیری و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵ و کۆمەڵگا.

ڕێگریکردن

ئاشنابوون بە بارودۆخی دوای هاوسەرگیری

زۆرێک لە ژنان و کەمتر پیاوان ئاشنا نین بەکێشەکان، بەگشتی خانمان خەیاڵی زۆریان سەبارەت بە هاوسەرگیری لەسەردایە، وەک پۆشینی جلی جوان و ئاهەنگ و بازاڕکردنی زۆر. بەڵام بیر لە ژیان و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی دوای هاوسەرگیری ناکەنەوە کە ماڵێک دەکەوێتە سەریان. خانمان و پیاوانیش بەرانبەر بە ماڵی باوکیان ئەرکیان زۆر زیاترە و بۆیە ئەگەر پێشوەختە خۆیان بۆ ئەمە ئامادە نەکردبێت، کاریگەری خراپی دەبێت لە سەریان و تووشی خەمۆکی دەبن.

یەکترناسین

پێویستە ئەو دوو کەسە بەتەواوی شارەزای ژیان و خواستەکانی یەکتری ببن. ئینجا پێکەوە لە ماڵێکدا بژین، چونکە ئەگەر هاتوو هەموو ئەمانە ڕوون نەبوون کاریگەری خراپی لێ دەکەوێتەوە.

پێشبینیکردن بۆ کێشەکان

دوای هاوسەرگیری دەبێت پێشبینی ڕوودانی هەر کێشەیەک بکەیت و بەتەواوی خۆتی بۆ ئامادە بکەیت. دەبێت بزانیت کاتێک ئەرکت زیاتر دەبێت کێشەی زیاتریشت ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر پێشبینیت کردبێت و خۆت ئامادە کردبێت بۆیان، ئەوا کێشەکان ناتوانن بتڕوخێنن.

مانگی هەنگوینی

چوون بۆ شوێنێکی جیاواز و گەشتکردن بە مەبەستی مانگی هەنگوینی، دەتوانێت بارودۆخت زۆر باشتر بکات و بە هەموو شێوەیەک دوورت بخاتەوە لە خەمۆکی. بۆیە واباشترە دوای هاوسەرگیری ئەگەریش گەشتێکی بچووک و کورتخایەنیش بێت هەر ئەنجامی بدەیت.

بەفیڕۆنەدانی پارە

یەکێک لە هۆکارەکانی خەمۆکی نەبوونی پارەیە لەدوای هاوسەرگیری. بەفیڕۆدانی پارە لە هەندێک شتی کاتی و ناپێویستدا کە دەبێتە هۆی نەمانی پارە بۆ پێویستییە گرنگەکان. زۆر گرنگە هەردوو هاوسەرەکە پلانێک دابنێن بۆ هەڵگرتنی پارەکانیان و پاشەکەوتی لێ بکەن.

تەنها بیر لە ئاهەنگەکە مەکەنەوە

پێویست ناکات تەواوی بیرکردنەوەت لەسەر ئاهەنگەکە و شێوازی ڕێکخستنی بێت. ئەمە وادەکات وابزانیت ژیانی هاوسەری هەمیشە وەک ئاهەنگێکە و هیچ ناخۆشییەک و کێشەیەکی تێدایە. ئاهەنگی هاوسەرگیری تەنها ڕۆژێکە، بەڵام ژیانی هاوبەش لەدوای ئەو ڕۆژەوە دەست پێ دەکات. بۆیە دەبێت تەواوی ئامادەکارییەکانت بۆ پاش هاوسەرگیری و ئاهەنگەکە بێت.

ڕۆمانسی بن

هەردوو هاوسەر پێویستە گرنگی بە یەک بدەن، پێکەوە هەستەکانیان بۆ یەکتری دەرببڕن، گەشت بکەن و چوونە دەرەوەیان هەبێت. هەروەها لەگەڵ بوونی هەر کێشەیەک لە بارەیەوە گفتوگۆ بکەن و بەخێرایی چارەسەری بکەن.


سەرچاوەکان



540 بینین