تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-14-17:41:00 - کۆدی بابەت: 9833
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی

ناوه‌ڕۆك

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی چییە؟

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (بە ئینگلیزی: Gross Domestic Product، بە عەرەبی: ناتج محلي إجمالي) کورتکراوەکەی (GDP)ـیە، پێوەرێکی ئابوورییە، بریتییە لە کۆی گشتی بەهای دراوی یان بەهای بازاڕی هەموو ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییە تەواوانەی لە سنووری وڵاتێکدا لە کاتێکی دیاریکراودا بەرهەمهێنراون. وەکوو پێوەرێکی فراوانە بۆ تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی، هەروەها وەک کردارێکی گشتگیر بۆ خەمڵاندنی باری ئابووری  وڵاتێکی دیاریکراو کاردەکات. هەرچەندە بە شێوەیەکی گشتی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانە هەژماردەکرێت، بەڵام هەندێک جاریش سێ مانگ جارێک هەژماردەکرێت.

پێناسەیەکی سادەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی کۆی چالاکی ئابووری (کۆی بەرهەم یان کۆی داهات) لە ئابووری وڵاتێکدا دەپێوێت، پێوەرێکە بەدواداچوون بۆ بەرهەمی ئابووری وڵاتێک دەکات، ئەو وڵاتەی کە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی زیاترە، بڕێکی زیاتر لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێنێت و بە گشتی ئاستی ژیانیان بەرزترە.

لەبەر ئەم هۆکارەش زۆرێک لە هاوڵاتیان و سەرکردە سیاسییەکان گەشەی پێوەری تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بە پێوەرێکی گرنگی سەرکەوتنی نەتەوەیی دەبینن، زۆرجار ئاماژە بە گەشەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی و گەشەی ئابووری دەکەن بە شێوەیەکی گۆڕاو.

بەڵام بەهۆی سنووردارکردنی جۆراوجۆرەوە زۆرێک لە ئابووریناسان ئاماژەیان بەوە کردووە کە نابێت تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی ئابووری گشتی وڵاتێک بەکاربهێندرێت، چونکە کەمترە لە سەرکەوتنی کۆمەڵگایەک.

تێگەیشتن لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی

هەژمارکردنی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتێک، هەموو بەرهەمەکانی کۆمپانیا تایبەت و حکومییەکانیش دەگرێتەوە، خەرجییەکانی حکوومەت، وەبەرهێنانەکان، کۆگا تایبەتەکان، تێچووی بیناسازی و هاوسەنگی بازرگانی دەرەکی دەگرێتەوە. لە نێو هەموو ئەو پێکهاتانەی کە بەرهەمی ناوخۆیی پێک دەهێنن، هاوسەنگی بازرگانی دەرەکی ئێجگار گرنگە.

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتێک مەیلی زیادبوونی هەیە، کاتێک کۆی بەهای ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی بە وڵاتانی بیانی دەفرۆشن لە کۆی بەهای ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییە بیانییانە زیاتر بێت کە بەکارهێنەرانی ناوخۆیی دەیکڕن. کاتێک ئەم دۆخە ڕوودەدات پێی دەڵێن ئەو وڵاتە زیادەی بازرگانی هەیە.

ئەگەر دۆخێکی پێچەوانە ڕووبدات، ئەو بڕە پارەیەی کە بەکارهێنەرانی ناوخۆیی بۆ بەرهەمە بیانییەکان خەرجی دەکەن، زیاتر بێت لە کۆی گشتی ئەوەی کە بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی دەتوانن بیفرۆشن بە بەکارهێنەرانی بیانی، ئەوا پێی دەڵێن کورتهێنانی بازرگانی. لەم دۆخەدا تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتێک مەیلی کەمبوونەوەی هەیە.

با بڵێین تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتێک لە ساڵی ٢٠١٢ نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلار بووە، تا ساڵی ٢٠٢٢ تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بۆ ١٥٠ ملیار دۆلار گەشەی کردووە. هەروەها نرخەکان لە هەمان ماوەی ساڵدا بە ڕێژەی ١٠٠٪ بەرزبوونەتەوە. لەم نموونەیەدا ئەگەر تەنها سەیری تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بکەین، وا دیارە ئابووری وڵاتەکە لە ئاستێکی باشدایە.

ئایا تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بەرز باشە؟

زۆربەی خەڵک تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بەرز بە شتێکی باش دەزانن، چونکە پەیوەندی بە دەرفەتی ئابووری زیاتر و باشتربوونی ئاستی خۆشگوزەرانی مادییەوە هەیە.

بەڵام دەکرێت وڵاتێک تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بەرزی هەبێت و هێشتاش شوێنێکی باش نەبێت بۆ ژیانکردن، بۆیە گرنگە پێوانەی تریش لەبەرچاو بگیرێت.

مێژووی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی

چەمکی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٧ لە ڕاپۆرتێکدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا پێشنیارکرا، وەک وەڵامێک بۆ بێبازاڕییە گەورەکەی ساڵی ١٩٢٩ بۆ ١٩٣٧ـی ئەمریکا، لەلایەن ئابووریناسێک بە ناوی سایمۆن کوزنێتس.

لەو کاتەدا سیستمی سەرەکی پێوانەکردن تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی (GNP) بوو، پاش کۆنفڕانسی بریتۆن ودسی ساڵی ١٩٤٤، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وەک پێوەرێکی ستاندارد بۆ پێوانەکردنی ئابوورییە ناوخۆییەکان وەرگیرا، بەڵام ئەمریکا بەردەوام بوو لە بەکارهێنانی تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی وەک پێوەرێکی فەرمی خۆی تا ساڵی ١٩٩١، دواتر گۆڕا بۆ تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی.

لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو هەندێک لە ئابووریناسان و داڕێژەرانی سیاسەت دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی، بۆ نموونە هەندێک پێیان وابوو تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وەک نیشاندەرێکی ڕەهای شکست یان سەرکەوتنی نەتەوەیەکە، سەرەڕای ئەوەی گرنگی بە تەندروستی، بەختەوەری، یەکسانی و هۆکارە پێکهێنەرەکانی تری خۆشگوزەرانی نادات.

بەڵام زۆربەی دەسەڵاتداران وەک ئارسەر ئۆکون کە ئابووریناس بوو لە ئەنجومەنی ڕاوێژکارانی ئابووری جۆن کەنەدی، بە توندی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی نیشاندەرێکی ڕەهایە بۆ سەرکەوتنی ئابووری، دەوترا کە بۆ هەر بەرزبوونەوەیەک لە تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی هاوتای دابەزینی ڕێژەی بێکارییە.


سەرچاوەکان

57 بینین