جۆرجی ژوکۆڤ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-15-20:19:00 - کۆدی بابەت: 9848
جۆرجی ژوکۆڤ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جۆرجی کۆنستانتینۆڤیچ ژوکۆڤ (بە ئینگلیزی: Georgy Zhukov، بە عەرەبی: غيورغي جوكوف) جەنەڕاڵ و مارشاڵێکی یەکێتیی سۆڤیەت بوو. هەروەها وەک سەرۆکی ئەرکانی گشتی و وەزیری بەرگری کاری کردووە و ئەندامی سەرۆکایەتی حیزبی شیوعی و مەکتەبی سیاسی بووە. لە جەنگی جیهانیی دووەمدا ژوکۆڤ سەرپەرشتی هەندێک لە یەکلاکەرەوەترین سەرکەوتنەکانی سوپای سووری دەکرد.

ژوکۆڤ لە بنەماڵەیەکی جووتیاری هەژار لە ناوەڕاستی ڕووسیا لەدایکبووە، لە سوپای ئیمپراتۆری ڕووسیا وەرگیراوە و لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا شەڕی کردووە، لە جەنگی ناوخۆی ڕووسیادا لە سوپای سووردا خزمەتی کردووە. وردە وردە پلەکانی بڕیووە و ساڵی ١٩٣٩ ژوکۆڤ فەرماندەیی گرووپێکی سوپای پێدرابوو و لە شەڕێکی چارەنووسسازدا بەسەر هێزەکانی ژاپۆن لە خاڵخین گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کە بەهۆیەوە یەکەم خەڵاتی لە چوار خەڵاتی پاڵەوانی یەکێتیی سۆڤیەت بەدەستهێنا. لە شوباتی ساڵی ١٩٤١ ژوکۆڤ وەک سەرۆکی ئەرکانی گشتی سوپای سوور دەستنیشانکرا.

دوای لەشکرکێشی ئەڵمانیا بۆ سەر یەکێتیی سۆڤیەت، ژوکۆڤ پۆستی سەرۆکی ئەرکانی گشتی لەدەست دا. دواتر بەرگری بەرەی لینینگراد و مۆسکۆ و ستالینگرادی ڕێکخست. بەشداری لە پلاندانان بۆ چەند هێرشێکی گەورەدا کردووە، لەوانە شەڕی کورسک و ئۆپەراسیۆنی بەگرەیش. ژوکۆڤ لە ساڵی ١٩٤٥ فەرماندەیی بەرەی یەکەمی بیلاڕووسی کرد؛ بەشداری لە هێرشی ڤیستۆلا-ئۆدەر کرد، هەروەها شەڕی بەرلین کە بووە هۆی شکستی ئەڵمانیای نازی و کۆتایی هاتنی جەنگ لە ئەورووپا. وەک ڕێزلێنانێک بە ڕۆڵی ژوکۆڤ لە جەنگەکەدا وەک فەرماندەی نمایشی سەرکەوتنی مۆسکۆ لە ساڵی ١٩٤٥ هەڵبژێردرا.

دوای جەنگ، سەرکەوتن و جەماوەری ژوکۆڤ بووە هۆی ئەوەی جۆزێف ستالین وەک ئەگەرێکی هەڕەشە سەیری بکات، ستالین پۆستەکانی لێ سەندەوە و دایبەزاند بۆ کۆمەڵێک فەرماندەیی سەربازی کە گرنگییەکی ستراتیجی کەمیان هەبوو. دوای مردنی ستالین لە ساڵی ١٩٥٣، ژوکۆڤ پشتگیری لە هەوڵی نیکیتا خرۆشۆڤ کرد بۆ سەرکردایەتی سۆڤیەت. ساڵی ١٩٥٥ وەک وەزیری بەرگری دەستنیشان دەكرێت و دەكرێتە ئەندامی سەرۆكایەتی. لە ساڵی ١٩٥٧دا ژوکۆڤ جارێکی تر ڕەزامەندی لەدەستدا و ناچار بوو خانەنشین بێت، لەدوای ئەوە هەرگیز نەگەڕایەوە بۆ پێگەیەکی کاریگەر و لە ساڵی ١٩٧٤ کۆچی دوایی کرد.

ژیان

لە ساڵی ١٨٩٦/١٢/١ لە بنەماڵەیەکی جووتیاری هەژار لە شاری سترێلکۆڤکا لە ئۆبلاستی کالوگا لەدایکبووە، لە کارگەیەکی مۆسکۆ وەک چەرمەسەر کاری کردووە. لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا وەرگیرا بۆ ناو سوپای ئیمپراتۆری ڕووسیا و لەوێ لە کەرتی سوارەی یەدەگدا کاری کردووە و دوو جار خەڵاتی فەرمانی سانت جۆرجی پێبەخشرا و پلەی بەرزکرایەوە بۆ ئەفسەر بەهۆی ئازایەتییەکەی لە شەڕدا. کاتێک شۆڕشی بەلشەڤی هەڵگیرسا، پەیوەندی بە حیزبی بەلشەڤیکەوە کرد و ڕێزێکی زۆری لە حیزبەکەدا پەیدا کرد چونکە لە پاشخانێکی هەژارەوە هاتبوو. 

دوای چاکبوونەوەی لە نەخۆشی تایفۆس، لە ماوەی ساڵانی ١٩١٨-١٩٢١ بەشداری لە شەڕی ناوخۆی ڕووسیادا کردووە، لە سوپای یەکەمی سوارەدا کاری کردووە و بەهۆی سەرکوتکردنی یاخیبوونی تامبۆڤ لە ساڵی ١٩٢١دا خەڵاتی فەرمانی ئاڵای سووری پێبەخشراوە.

خزمەت لە كاتی ئارامدا تا شەڕی خاڵخین گۆڵ

لە کۆتایی مانگی ئایاری ١٩٢٣ ژوکۆڤ بوو بە فەرماندەی کەرتی ٣٩ی سوارە و لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٤ پەیوەندی بە قوتابخانەی باڵای سوارە دەکات و لە هەمان ساڵدا کۆتایی بە خوێندن هێنا و گەڕایەوە بۆ فەرماندەیی کەرتەکە. لە ساڵی ١٩٣٠ ژوکۆڤ بووە فەرماندەی تیپی دووی سوارە، لە ساڵی ١٩٣٣ ژوکۆڤ بووە فەرماندەی لەشکری چواری سوارە، لە ساڵی ١٩٣٧ بووە فەرماندەی گەلەی سێی سوارە و لە ساڵی ١٩٣٨ بووە جێگری فەرماندەی ناوچەی سوارە سەربازییەکانی بیلاڕووس. 

لە ساڵی ١٩٣٨ ژوکۆڤ فەرماندەیی سوپای مەغۆلی یەکەمی سۆڤیەت دەگرێتە ئەستۆ و هەڵمەتێکی سەربازی لە دژی سوپای کوانتۆنگی ژاپۆنی لە سنووری نێوان مەنگۆلیا و ژاپۆن دەستپێکرد. ئەم هەڵمەتە شەڕێکی ڕانەگەیەندراو بوو کە لە ساڵی ١٩٣٨ تا ١٩٣٩ بەردەوام بوو، کە لە شێوەی شەڕ و پێکدادانی بچووک لەسەر سنوور دەستی پێکرد و دواتر پەرەی سەند بۆ شەڕێکی هەمەلایەن کە تێیدا ژاپۆنییەکان ٨٠ هەزار سەرباز و ١٨٠ تانک و ٤٥٠ فڕۆکەیان لەدەستدا. ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێکی ستراتیجی یەکلاکەرەوە لە شەڕی خالخین گۆڵدا، ژوکۆڤ داوای بەهێزکردنی زۆری کرد و لە ٢٠ی ئابی ١٩٣٩دا هێرشی سۆڤیەت دوای هێرشێکی تۆپخانە دەستیپێکرد. ٥٠٠ تانکی سۆڤیەتی BT-5 و PT-7 بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکان و بۆمبهاوێژەکانی سۆڤیەت پێشڕەوییان کرد، ئەمەش یەکەم شەڕی سەربازی هێزی ئاسمانیی سۆڤیەت بوو.

ژوکۆڤ بڕیاریدا گەمارۆی ژاپۆنییەکان بدات، بۆیە دوو تیپی تانک پێشڕەوییان کرد بۆ پێشەوە و دواتر جیابوونەوە و دوای گەیشتن بە کۆتایی خاڵخین گۆڵ، هەردوو تیپەکە دەستیان کرد بە نزیکبوونەوە لە یەکتر، گەمارۆیەکی خنکێنەریان بەسەر هێزەکانی ژاپۆن لە چوار لاوە سەپاند، جگە لەوەش بۆردومانی ئاسمانی کە بووە هۆی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ژاپۆن و بووە هۆی خۆبەدەستەوەدانی سوپای شەشەمی ژاپۆن لە کۆتاییدا. تا ٣١ی ئابی ١٩٣٩ ژاپۆنییەکان لە سنوور پاککرانەوە، ئەم هەڵمەتە گرنگییەکی ستراتیجی و تاکتیکی هەبوو، چونکە بەهۆیەوە ژوکۆڤ توانا و تاکتیکەکانی سوپای سووری نیشان دا و تاقیکردەوە.

ژوکۆڤ بەهۆی سەرکەوتنەکەیەوە خەڵاتی پاڵەوانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێبەخشرا، لە ساڵی ١٩٤٠ ژوکۆڤ بوو بە جەنەڕاڵ و لە ساڵی ١٩٤١ بوو بە سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای سوور.

ئامادەکاری بۆ هێرشی ئەڵمانیا

ژوکۆڤ لە ٢ی شوباتدا وەک سەرۆکی ئەرکانی سوپای سوور و وەزیری بەرگری بەشداری کرد لە داڕشتنی پلانێکی ستراتیجی بۆ هێرشی سۆڤیەت بۆ سەر ئەڵمانیا لە ئەگەری ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن ئەڵمانیا بۆ سەر هاوپەیمانەکانی، پلانەکە تاوەکوو ١٥ـی ئایاری ١٩٤١ کۆتایی هات. لە ١٤ی ئایاردا، سێمیۆن تیمچێنکۆ و جۆرجی ژوکۆڤ پێشنیارێکیان پێشکەش بە ستالین کرد بۆ ئەوەی لە ڕێگەی باشووری پۆڵەندا هێرشی پێشوەختە بۆ سەر ئەڵمانیا ئەنجام بدەن. بە داگیرکردنی سنوورەکانی وێستلا و بەردەوامبوون لە پێشڕەوی بۆ کاتۆڤیس یان تەنانەت بۆ بەرلین (لە ئەگەری کشانەوەی ئەڵمانییەکان لە پۆڵەندا) یان پێشڕەوی بۆ کەنارەکانی دەریای باڵتیک (لە ئەگەری ئەوەی ئەڵمانییەکان نەکشێنەوە و بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا و پرۆسیای ڕۆژهەڵات بکەن).

بڕیار بوو هێرشبەرانی سۆڤیەت بگەنە وارشۆ و دبلن و دواتر وارشۆ بگرن پێش ئەوەی هێرش بکەنە سەر باشوور و شکستی کۆتایی ئەڵمانییەکان لە لوبلین بەجێ بهێنن. بەڵام ستالین بەو پلانە ڕازی نەبوو، ویستی کاتێکی زیاتری بۆ ڕێکخستن و پڕچەککردنی سوپای سوور هەبێت.

جەنگی گەورەی نیشتمان

لە ڕۆژی ٢٢ـی حوزەیرانی ١٩٤١ ئەڵمانیای نازی هێرشی کردە سەر بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت. ژوکۆڤ لە ٢٢ی حوزەیراندا ڕێنمایی "خۆبەخشانی گەل بۆ بەرگری"ـی واژۆکرد، کە تێیدا هەڵمەتێکی گشتگیر بۆ گەمارۆدانی چڕەکانی ئەڵمانیا لە سۆڤالکی، پاشان گەمارۆدان و لەناوبردنی ئەڵمانییەکان بە ئاڕاستەی ڤلادیمێر-ڤۆلینا و گرتنی ناوچەی لوبلین دەستپێکرد. سەرەڕای باڵادەستی ژمارەیی، ئەم هەڵمەتە شکستی هێنا و یەکەکانی سوپای سوور لەلایەن ڤێرماختەوە لەناوچوون. دواتر ژوکۆڤ وتی کە لەژێر فشاری سەرکردایەتیدا ئەم ڕێنماییەی واژۆ کردووە و لە ٢٩ی تەممووزی ١٩٤١ ژوکۆڤ بەهۆی بەشدارینەکردن لە شەڕی کیێڤ لە پۆستی سەرۆکی ئەرکانی گشتی دوورخرایەوە، چونکە پێیوابوو ئەگەر سۆڤیەت بەرگری لە کیێڤ بکات، دەورە دەدران، ئەمەش لە ڕاستیدا ڕوویدا.

ڕۆژی دواتر کرا بە فەرماندەی بەرەی یەدەگ و لەوێ سەرپەرشتی هێرشی یێڵنیای دەکرد، لە ١٠ی ئەیلوولی ١٩٤١ ژوکۆڤ بوو بە فەرماندەی بەرەی لینینگراد و شانبەشانی ژدانۆڤ و ڤۆرۆشیلۆڤ ئەرکی بەرگریکردن لە شارەکەی پێ سپێردرا و ئەویش لە ئەرکەکەدا سەرکەوتوو بوو. لەو ماوەیەدا ژوکۆڤ یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی دا کە بەشدار بوو لە گۆڕینی ڕەوتی شەڕەکە، بەو پێیەی بۆی دەرکەوت کە ژاپۆنییەکان هێرش ناکەنە سەر یەکێتیی سۆڤیەت و ئەوان سەرقاڵی شەڕی خۆیانن لە دژی ئەمریکا، بۆیە ئەو هێزانەی کە لە سیبیریا جێگیر بوون ڕاپێچی کردن بۆ مۆسکۆ. بڕیارەکەی ژوکۆڤ یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کە بەشداربووە لە بەرپەرچدانەوەی ئەڵمانییەکان لە شەڕی مۆسکۆدا. پاشان ژوکۆڤ هێرشێکی بەرفراوانی بەرپەرچدانەوەی لە شەڕی ریێڤدا دەستپێکرد، کە تیایدا ئەڵمانییەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوت کە ٣٣٠ هەزار سەربازیان لەدەستدا. 

ژوکۆڤ لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٢ بەهۆی سەرکەوتنەکانیەوە دەبێتە جێگری ستالین و ڕەوانەی بەرەی باشووری ڕۆژاوا دەکرێت بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی بەرگری لە ستالینگراد بگرێتە ئەستۆ، لەگەڵ مارشاڵ ڤاسیلێڤسکی پلانی دژە هێرشی داڕشت و سوپای شەشەمی ئەڵمانیا گەمارۆ دەدات و ناچاری دەکات خۆی ڕادەست بکات. دوای شکستی ئەڵمانییەکان لە شەڕی ستالینگراد، ڕەوانەی بەرەی کالینینگراد کرا، لەوێ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دروست کرد بە ناوی ئۆپەراسیۆنی مەریخ، کە بە لەدەستدانی ٤٠ هەزار سەربازی ئەڵمانییەکان کۆتایی هات.

لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٣ ژوکۆڤ ئۆپەراسیۆنێکی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی لینینگراد شانبەشانی کلیمنت ڤۆرۆشیلۆڤ دەستپێکرد و توانی گەمارۆکە بشکێنێت، دواتر ڕووی لە بەرەی باڵتیک کرد و ئۆپەراسیۆنی ئیسکرا (سپارک)ـی دەستپێکرد، کە زیانی ١١٠ هەزار کەشتی جەنگی لە ئەڵمانییەکان دا. لە تەممووزی ١٩٤٣دا ژوکۆڤ داڕێژەری شەڕی کورسک بوو، کە تێیدا هێرشێکی دژە هێرشی ئەنجامدا و تێیدا ئەڵمانییەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوت کە بڕی ١٥%ی کۆی جبەخانە سەربازییەکانیان بوو.

لە ١٢ی شوباتی ١٩٤٤ ژوكۆڤ هەماهەنگی كرد بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە بەرەی یەكەم و دووەمی ئۆكرانیا، لە مانگی ئایاری ١٩٤٤دا ژوكۆڤ ئۆپەراسیۆنی باگرەیشنی دەستپێكرد، كە زیانێكی زۆری بە ئەڵمانییەكان گەیاند و یەک یەك ملیۆن سەربازیان لەدەست دا. دوای ئەوە بەرەکانی جەنگ لەگەڵ بیلاڕووس ڕێکخران بۆ ئازادکردنی بولگاریا. ژوکۆڤ لە ١٦ی تشرینی دووەم بوو بە فەرماندەی بەرەی بیلاڕووس و بەشداری شەڕی بەرلینی کرد و بە سەربازەکانی وت: "یادی خوشک و براکانمان، دایک و باوکانمان، ژن و منداڵەکانمان بکەنەوە کە لەلایەن نازییەکانەوە تا مردن ئەشکەنجە درابوون، بەڵام ئێمە بەو جۆرە دڕندەییە وەڵامیان نادەینەوە."

سەرەڕای ڕاسپاردەی ژوکۆڤ بۆ سەربازەکان، هێزەکانی سوپای سوور لە کاتی شەڕی بەرلیندا تۆڵەیەکی گەورەیان کردەوە، دوای ئەوە ژوکۆڤ لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی سۆڤیەت چووە ناو بەرلین و بەشداری لە مەراسیمی واژۆکردنی بەڵگەنامەی خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیادا کرد.

قۆناغی دوای جەنگ و ململانێ لەگەڵ بێریا

دوای خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیا، ژوکۆڤ بوو بە فەرماندەی ئەو ناوچانەی ئەڵمانیا کە لەژێر کۆنترۆڵی سۆڤیەتدان و لە ١٠ی حوزەیران ژوکۆڤ بۆ ئامادەکردنی نمایشی سەرکەوتن گەڕایەوە مۆسکۆ و ستالین وەک فەرماندەی گشتی لە نمایشەکەدا دەستنیشانی کرد. شەوی ٢٤ی حوزەیران ژوکۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ بەرلین و دەست دەکاتەوە بە سەرۆکایەتی بەرەکە، لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٤٥دا ژوکۆڤ خراپبوونی بارودۆخی ژیانی دانیشتووانی ئەڵمانی لە بەرلین دەبینێت، ئەمەش وایکرد سێ بڕیاری گرنگ دەربکات بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی:

  • بڕیاری ژمارە ٦٣ (١١ی ئایاری ١٩٤٥) دابینکردنی خۆراک بۆ دانیشتووانی ئەڵمانی لە بەرلین.
  • بڕیاری ژمارە ٦٤ (١٢ی ئایاری ١٩٤٥) کە ڕێگە بە نۆژەنکردنەوە و پاراستنی کەرتی خزمەتگوزاری لە بەرلین دەدات.
  • بڕیارنامەی ژمارە ٨٠ (٣١ی ئایاری ١٩٤٥) دابینکردنی پێداویستی شیر بۆ منداڵانی ئەڵمانیا لە بەرلین.

ژوکۆڤ داوای لە حکوومەتی سۆڤیەت کرد کە خۆراک بۆ بەرلین بنێرێت، لەوانە ٩٦ هەزار تەن دانەوێڵە، ٦٠ هەزار تەن پەتاتە، ٥٠ هەزار ئاژەڵ و هەزاران تەن خۆراکی تر، وەک شەکر و ڕۆنی ئاژەڵ. ژوکۆڤ هەوڵێکی زۆری دا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی هاووڵاتییانی ئەڵمانیا لە بەرلین و شارەکانی تری ئەڵمانیا کە لەژێر کۆنترۆڵی سۆڤیەتدان. جگە لەوەش سەركردەكانی هاوپەیمانان کە گەشتیان بۆ بەرلین دەكرد، فڕۆكەیان بەكاردەهێنا و بە ئۆتۆمبێل دەچوونە ناو شارەكەوە، بەڵام ژوكۆڤ، ئۆتۆمبێلێكی كۆنەی شەمەندەرەی بەكارهێنا بۆ گواستنەوەی بۆ بەرلین و بە پێ دەچووە ناو شارەكە بۆ ئەوەی گەلی ئەڵمانیا خۆیان بە کەم نەزانن. 

لە ١٦ی تەممووز تا ٢ی ئاب ژوکۆڤ شانبەشانی سەرکردەکانی حکوومەتە هاوپەیمانەکان بەشداری لە کۆنفرانسی پۆتسدام کرد، ژوکۆڤ پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرکردەکانی تری وەک دوایت ئایزنهاوەر (ئەمریکا)، بێرنارد مۆنتگۆمێری (بەریتانیا) و مارشال جان دی لاتەر (فەرەنسا) دروستکرد. لەگەڵیاندا چەندین بابەتی وەک سزادانی تاوانبارانی جەنگی نازی و گێڕانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا و هاوپەیمانان و شکستپێهێنانی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن تاوتوێ کرد.

ژوکۆڤ لە ساڵی ١٩٤٦دا وەک فەرماندەی ناوچەی سەربازی لە ئۆدێسا دەستنیشان دەکرێت و لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٨ تووشی جەڵتەی دڵ دەبێت، دوای ئەوە بۆ ماوەی مانگێک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە. بەدرێژایی ئەو کاتە بێریا (بەرپرسی دەزگای ئاسایش و پۆلیسی نهێنی سۆڤیەت لە سەردەمی ستالین) لە هەوڵی ڕووخاندنی ژوکۆڤ بوو، لە ترسی ئەوەی کە جەماوەریی و کاریگەرییەکەی گەشە بکات و بێریا پێگەی خۆی لەدەست بدات و ژوکۆڤ جێگەی بگرێتەوە. بەڵام هەوڵەکەی شکستی هێنا، بەڵام لەدوای ئەوەش هێشتا بەردەوام بوو لە دروستکردنی تۆمەتی گەندەڵی و قۆرخکاری.

ئایزنهاوەر کاتێک لە دۆخی نالەباری ژوکۆڤ دەزانێت، هاوسۆزی خۆی بۆ دۆست و هەڤاڵی ژوکۆڤ دەدەبڕێت و هەموو جەنەراڵەکانی سوپای سووریش لە دژی بێریا لایەنگری ژوکۆڤ بوون و دواتر ژوکۆڤ بەبێ تاوان لە تۆمەتەکە ناسێندرا. لە شوباتی ١٩٥٣ ستالین فەرمانی بە ژوکۆڤ کرد کە بێتە مۆسکۆ و لە کاتی جەنگی کۆریادا وەک فەرماندەی سوپای کۆریا و چین هەڵبژێردرا، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا، چونکە ستالین مانگێک دواتر لە مانگی ئازاری ١٩٥٣ کۆچی دوایی کرد.

دوای ستالین

دوای مردنی ستالین ژوکۆڤ بوو بە بریکاری وەزیری بەرگری و دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا تۆڵە لە بێریا بکاتەوە. دوای مردنی کتوپڕی ستالین، یەکێتیی سۆڤیەت کەوتە قەیرانی سەرکردایەتییەوە، مالێنکۆڤ بوو بە سەرۆکی کاتی و لەگەڵ خرۆشۆڤدا بەدوای کەسایەتییەکی سەربازی بەهێزدا دەگەڕا بۆ ئەوەی بەشداری لە حکوومەتدا بکات، ئەوان ژوکۆڤیان هەڵبژارد بەهۆی ئەوەی کە کەسایەتییەکی کارامەی سەرکردایەتی بوو جگە لەوەش دووجار خرۆشۆڤی ڕزگار کردبوو لە کاتی جەنگی جیهانیدا. ژوکۆڤ و خرۆشۆڤ دەستیان کرد بە ڕووخاندنی بێریا، چونکە لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی دەکرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سارد.

لە ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٥٣ مەکتەبی سیاسی دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجامدا، پێش دانیشتنەکە، ژوکۆڤ فەرمانی بوونی هێزێکی تایبەتی بە ئۆتۆمبێلێکی چەواشەکراو کردبوو بە مەبەستی دەستگیرکردنی بێریا، و پاسەوانەکانی گۆڕی بە گارنیۆنی سەربازی. لەگەڵ هاتنی بێریا، خرۆشۆڤ ئیدانەی دەکات و تۆمەتباری دەکات بە چالاکی دژە سۆسیالیستی و کارکردن بۆ ئەمریکا، بڕیار درا لە حیزبی شیوعی دەربکرێت و بخرێتە دادگای سەربازی، دواتریش هێزی تایبەت بە سەرۆکایەتی ژوکۆڤ یهاتنە ژوورەوە بۆ دەستگیرکردنی بێریا. ژوکۆڤ ئەندامی دادگای سەربازی بێریا بوو کە جەنەڕاڵ ئیڤان کۆنێڤ سەرۆکایەتی دەکرد، دادگای سەربازیش بە تەقەکردن تاوەکوو مردن سزای لە سێدارەدانی بۆ بێریا دەرکرد.

وەزیری بەرگری و ئەندامی مەکتەبی سیاسی

کاتێک بولگانین بوو بە سەروەزیران، ژوکۆڤی وەک وەزیری بەرگری دەستنیشان کرد، ژوکۆڤ بەشداری لە زۆر چالاکیی سیاسیدا کرد و پێشنیاری گەڕاندنەوەی سیستمی کۆمیساری کرد، بەو پێیەی حیزب و سەرکردە سیاسییەکان هیچ ئەزموونێکیان لە پیشەی سەربازیدا نەبوو و دەسەڵات دەبێت لە دەستی کۆمیساری و فەرماندەکانی سوپا بێت. ژوکۆڤ تا ساڵی ١٩٥٥ لەگەڵ ئایزنهاوەر سەبارەت بە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئەو دوو زلهێزە پەیوەندی دەکرد. ژوکۆڤ لە تەممووزی ١٩٥٥ بەشداری لە لوتکەی جنێڤ کرد بۆ واژۆکردنی پەیمانی ئاشتی لەگەڵ نەمسا و کشانەوەی سوپای سوور لەو وڵاتە. لە سەرهەڵدانی شۆڕشی هەنگاریادا ژوکۆڤ داوای ناردنی هێزەکانی کرد بۆ پشتیوانی لە دەسەڵات لە هەنگاریا. 

کاتێک شانشینی یەکگرتوو و فەرەنسا و ئیسرائیل لە کاتی قەیرانی سوێسدا هێرشیان کردە سەر میسڕ، ژوکۆڤ پشتیوانی بۆ میسر دەربڕی و خەریکی پەیوەندیکردن بوو بە سەرکردەکانی میسڕ بۆ پشتیوانی و ڕاوێژی سەربازی. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بولگانین هۆشداری بدات و سۆڤیەت هەڕەشەی بۆردومانی فەرەنسا و ئیسرائیلی کرد بە چەکی ئەتۆمی ئەگەر لە میسڕ نەکشێنەوە. ئەمەش بووە هۆی كشانەوەی ئەو سێ وڵاتە لە سوێس، ژوكۆڤ لە ١ی تشرینی یەكەمی ١٩٥٧ سەردانی ئەلبانیا و یووگۆسلاڤیای كرد بۆ تاوتوێكردنی چاكسازی لە بڕیاری جیابوونەوەی تیتۆ-ستالین.

وەستان لە بەرانبەر کودەتا

ژوکۆڤ لە ٦٠ ساڵەی لەدایکبوونیدا بۆ جاری چوارەم خەڵاتی فەرمانی پاڵەوانی یەکێتیی سۆڤیەت وەرگرت، بەمەش بووەتە باڵاترین کەسایەتی سەربازی لە یەکێتیی سۆڤیەتدا، جگە لە لایەنە جەماوەرییەکەی، دواتریش بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی شیوعی. کاتێک خرۆشۆڤ ڕەخنەی لە ستالین و کولتووری پەرەستنی کەسایەتیی ستالینی دەگرت، ستالینی لەلای لینین داگرت و خستیە ڕیزی سەرکردەکانی تری سۆڤیەت لە گۆڕستانی دیواری کرێملین، ئەم کردارانە توڕەیی لای دڵسۆزانی ستالینی وەک مۆلۆتۆڤ و ڤۆرۆشیلۆڤ و کاگانۆڤیچ و چەندانی تر دروست کرد بۆیە پیلانی کودەتایان لە دژی خرۆشۆڤ دانا. لە بەرانبەردا ژوکۆڤ ڕایگەیاند: "سوپا دژی کودەتاکە دەوەستێت، تەنانەت تانکێکیش بەبێ فەرمانی من ناڕوات."

بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە ژوکۆڤ لە پاڵ خرۆشۆڤ وەستابوو، خرۆشۆڤ دوای ماوەیەکی کورت ژوکۆڤی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و لە حیزبی شیوعی دەریکرد و تۆمەتی لەسەر داڕشت و لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا ناچاری کرد خانەنشین بێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە خرۆشۆڤ دەسەڵاتی تایبەتی دەویست و لە کاریگەری و جەماوەری ژوکۆڤ دەترسا و بۆ ئەوەی خرۆشۆف دەسەڵاتی لەدەست نەدات.

ساڵانی کۆتایی 

ژوکۆڤ لە ساڵی ١٩٥٨ دەستی کرد بە نووسینی بیرەوەرییەکانی بە ناونیشانی "بیرەوەری و ڕەنگدانەوەی"، لەگەڵیشیدا تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و تێکچوونی باری تەندروستی بوو. دوای دوورخستنەوەی خرۆشۆڤ لە تشرینی یەکەمی ١٩٦٤، سەرکردەی نوێ برێژنێڤ دەستی کرد بە گەڕاندنەوەی شەرەفی ژوکۆڤ و بانگهێشتی کرد بۆ سەرپەرشتیکردنی نمایشی سەربازی بۆ یادکردنەوەی سەرکەوتن لە گۆڕەپانی سوور. 

ژوکۆڤ لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٧ تووشی جەڵتەی مێشک دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، لە ماڵەوە لە ژێر چاودێری گالینا سێمیۆنۆڤای هاوسەری دووەمی بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، ژوکۆڤ لە ساڵی ١٩٦٩ بیرەوەرییەکانی بڵاوکردەوە و چەند مانگێک دوای بڵاوبوونەوەی بووە کتێبێکی پڕفرۆش. 

کۆچی دوایی

ژوکۆڤ لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٧٤ دوای ئەوەی جارێکی تر تووشی جەڵتەی مێشک بوو گیانی لەدەست دا، تەرمەکەی بەپێی وەسیەتنامەکەی سووتێندرا و خۆڵەمێشەکەی لە گۆڕستانی دیواری کرێملین لە تەنیشت هاومارشاڵەکانی و فەرماندەکانی سوپای سوور بەخاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



1215 بینین