تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-17-23:22:00 - کۆدی بابەت: 9885
تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی

ناوه‌ڕۆك

تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی چییە؟

تێکڕای بەرهەمی نیشتیمانی (بە ئینگلیزی: Gross national product، بە عەرەبی: ناتج قومي إجمالي) کورتکراوەی (GNP)ـیە، پێوەرێکی ئابوورییە، کۆی بەهای بازاڕی کاڵا و خزمەتگوزاری تەواو بەرهەمهێنراوە لە ئابووری نەتەوەیەکدا، لە کاتێکی دیاریکراودا، بە گشتی لە ماوەی ساڵێکدا.

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بەشێوەیەکی باو بە وەرگرتنی کۆی خەرجییەکانی بەکارهێنانی تاک، وەبەرهێنانی ناوخۆیی تایبەت، خەرجییەکانی حکوومەت، کۆی هەناردەکردنەکان و هەر داهاتيک کە دانیشتووان لە وەبەرهێنانەکانی دەرەوەی وڵات بەدەستی دەهێنن هەژماردەکرێن.

تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی پەیوەندی بە پێوەرێکی گرنگی تری ئابوورییەوە هەیە، ئەویش تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیییە (GDP) کە هەموو ئەو بەرهەمانە هەژماردەکات کە لە سنووری وڵاتێکدا بەرهەمهاتووە بێ گوێدانە ئەوەی کێ خاوەنی ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنانە.

تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆییەوە دەست پێدەکات، داهاتی وەبەرهێنانەکانی دانیشتووانی  دەرەوەی وڵات هەژمار دەکات، بەڵام داهاتی دانیشتووانی بیانی کە لە وڵاتەکەدا بەدەستیان هێناوە هەژمار ناکات.

تێگەیشتن لە تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی

کۆی بەهای دراوی ئەو بەرهەمانە هەژماردەکات کە لەلایەن دانیشتووانی وڵاتێکەوە بەرهەمدەهێندرێت، بەو هۆیەوە ئەو بەرهەمهێنانانە هەژمار ناکرێن کە لەلایەن دانیشتووانی بیانییەوە بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام داهاتی وەبەرهينەرانی ناوخۆیی لە دەرەوەی وڵات هەژمار دەکات.

تێکرای بەرهەمی ناوخۆیی کاڵا و خزمەتگوزارییە نیوە دروستکراوەکان هەژمار ناکات بۆ ئەوەی بە دووربێت لە دوو جار هەژمارکردن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا ساڵی ١٩٩١ تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی وەکوو پێوەری سەرەکی بۆ چالاکییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی بەکاردەهێنا، پاشان دەستی کرد بە بەکارهێنانی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی.

هۆکاری یەکەم چونکە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر لەگەڵ داتا ئابوورییەکانی تری ئەمریکا دەگونجا کە جێگەی بایەخی داڕێژەرانی سیاسەتن، وەک دامەزراندن و بەرهەمهێنانی پیشەسازی، کە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی هەژماردەکەن و بەرهەمی نەتەوەیی پشتگوێ دەخەن.

هۆکاری دووەم گۆڕانکاری بۆ تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ئاسانکاری بوو بۆ بەراوردکردنی نێوان وڵاتان، چونکە زۆربەی وڵاتانی تر لەو کاتەدا بە پلەی یەکەم تێکڕای بەرهەمی ناوخۆییان بەکاردەهێنا.

تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی چی پێوانە دەکات؟

تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی یەکێکە لە پێوەرەکان بۆ پێوانەکردنی بەرهەمی ئابووری نەتەوەیەک. بریتییە لە بەهای هەموو ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە هاوڵاتیانی وڵاتێک بەرهەمی دەهێنن چی لە ئاستی ناوخۆییدا، چی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە کەمکردنەوەی ئەو داهاتەی کە دانیشتووانی بیانی بەدەستی دەهێنن.

جیاوازی نێوان تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی و تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی

تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی و تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی دوو چەمکی زۆر نزیکن، جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوانیان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕەنگە چەندین کۆمپانیا هەبن لەلایەن کەسانی بیانییەوە خاوەندارێتی بکرێن کە کاڵا و خزمەتگوزاری لە وڵاتەکەدا بەرهەمدەهێنن، هەروەها چەندین کۆمپانیا هەبن کە خاوەندارێتییان لەلایەن کەسانی ناوخۆییەوە بکرێت کە کاڵا و خزمەتگوزاری بۆ جیهان بەرهەمبهێنن و داهاتەکەی بۆ کەسانی ناوخۆیی بگەڕێتەوە.

بۆ نموونە ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی لە کوردستان کاڵا و خزمەتگوزاری بەرهەمدەهێنن و داهاتەکەی بۆ وڵاتە بیانییەکە دەگەڕێتەوە، لە هەمان کاتدا کۆمپانیای ناوخۆیی لە دەرەوەی وڵات کاڵا و خزمەتگوزاری بەرهەمدەهێنن و داهاتەکەی بۆ ناوخۆ دەگەڕێتەوە.

ئەگەر داهاتی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی دەرەوەی کوردستان زیاتر بێت لەو داهاتەی کە لە ناوخۆی کوردستان بەدەست دەهێنرێت لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە، ئەوا تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی زیاترە لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی.

هەژمارکردنی هەردوو بەرهەمی ناوخۆیی و نەتەوەیی ئەنجامێکی جیاواز لە ڕووی بەرهەمەوە بەدەستدەهێنێت، بۆ نموونە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتێکی دیاریکراو ٢٣.٢ ترلیۆن دۆلار بێت، تێکڕای بەرهەمی نەتەوەیی ٢٣.٤٧ ترلیۆن دۆلار بێت.

لە کاتێکدا تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی گشتگیرترین پێوەرە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان پەیڕەو دەکرێت بۆ چالاکییە ئابوورییەکانی وڵاتێک، بەڵام تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی هێشتا شایەنی سەرنجدانە، چونکە جیاوازی گەورەی نێوانیان ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ ئەوەی وڵاتێک زیاتر سەرقاڵی بازرگانی نێودەوڵەتی یان بەرهەمێنان یان کارە داراییەکانە.


سەرچاوەکان



752 بینین