ڤایکینگەکان (٢٠١٣)

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-18-10:58:00 - کۆدی بابەت: 9888
ڤایکینگەکان (٢٠١٣)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زنجیرەی ڤایکینگەکان (بە عەرەبی: فایکنغز، بە ئینگلیزی: Vikings) زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی مێژوویی درامییە، کاری دروستکردن و نووسینی لەلایەن مایکڵ هێرستەوە بۆ کراوە بۆ کەناڵی هستری، کە تۆڕێکی کەنەدییە. زنجیرەکە لە وڵاتی ئێرلەندا وێنەی گیراوە و یەکەم ئەڵقەی لە ٣ـی ئاداری ساڵی ٢٠١٣ لە کەنەدا پەخشکراوە. زنجیرەکە لە ٣٠ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ کۆتایی هات، کە بەشی دووەمی وەرزی شەشەم هەمووی لەسەر تۆڕی ئەمازۆن پرایم ڤیدیۆ لە ئێرلەندا پەخشکرا، پێش ئەوەی لە بەرواری ١ـی کانوونی دووەم بۆ ٣ـی ئاداری ٢٠٢٠ لە کەنەدا پەخشبکرێت. زنجیرەیەکی تر بە ناونیشانی ڤایکینگەکان: ڤاڵهاڵا، کە هەر سەر بە جیهانی زنجیرەی ڤایکینگەکانە لە بەرواری ٢٥ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ یەکەم ئەڵقەی لە تۆڕی نێتفلێکس پەخشکرا.

چیرۆک

چیرۆکی ڤایکینگەکان ئیلهامی لە داستانەکانی ڕاگنار لۆثبرۆکەوە وەرگرتووە، بەناوبانگترین ڤایکینگ بووە کە بە پاڵەوانی ئەفسانەیی باکوورییەکان و بەڵای سەر ئینگلتەرای ئەنگلۆ-ساکسۆنەکان و فەڕەنسای ڕۆژاوا ناسراوە. لە زنجیرەکەدا ڕاگنار جووتیارێکە کە بە هەڵکوتانە سەر ئینگلتەرا ناوبانگ پەیدا دەکات و لە کۆتاییدا بە پاڵپشتی خێزان و هاوڕێ جەنگاوەرەکانی دەبێتە پاشای سکاندەنەیڤییەکان. لە وەرزەکانی دابێتی زنجیرەکەدا، چیرۆکەکە باسی بەخت و سەرکێشی کوڕەکانی لە ئینگلتەرا، سکاندەنەیڤیا، ڕووسیای کیڤ، دەریای ناوەڕاست و باکووری ئەمریکا دەکات.

ئەکتەرەکان

  1. تراڤیس فیمڵ بە کەسایەتی ڕاگنار
  2. کاثرین وینیک بە کەسایەتی لاگاثا
  3. کڵایڤ ستاندن بە کەسایەتی ڕۆڵۆ
  4. گوستاڤ سکارسگارد بە کەسایەتی فڵۆکی
  5. جۆرج بڵاگدن بە کەسایەتی ئاثڵستان
  6. ئەڵیسا سەزەرڵند بە کەسایەتی ئاوسڵگ
  7. ئەڵێکساندەر ڵەدویگ بە کەسایەتی بیۆرن
  8. ڵاینەس ڕۆچ بە کەسایەتی پاشا ئێکبەرت
  9. ئاڵێکس هوو بە کەسایەتی ئایڤاری بێ ئێسک
  10. جۆردن پاتریک سمس بە کەسایەتی ئوببە
  11. مۆو دەنفرد بە کەسایەتی ئەیثڵوڵف

زانیاری گشتی

ژانەر

مێژوویی درامی، ئاکشن، سەرکێشی

دروستکراوە لەلایەن

مایکڵ هێرست

نووسراوە لەلایەن

مایکڵ هێرست

ئەکتەرانی بەشداربوو

تراڤیس فیمڵ، کاثرین وینیک، کڵایڤ ستاندن، ئاڵێکس هوو، گوستاڤ سکارسگارد

گۆرانی دەستپێکی ئەڵقەکان

گۆرانی "If i had a heart" لەلایەن "Fever Ray

ئاوازدانەر

ترێڤەر مۆرس

زمانی ڕەسەن

ئینگلیزی

ژمارەی وەرزەکان

٦ 

کاتی هەر ئەڵقەیەک

٤٥-٥٠ خولەک

ژمارەی ئەڵقەکان

٨٩

ڕەیتین

٨.٥/١٠ لە پێگەی IMDB، ٩٣٪ لە پێگەی Rotten tomatoes 

خەڵاتەکان

زنجیرەی ڤایکینگەکان پاڵێوراوی ١٣٤ خەڵات و براوەی ٤٥ خەڵاتە، لە نێویاندا خەڵاتێکی ئێمی. خانمە ئەکتەر کاثرین وینیک (بە کەسایەتی لاگاثا) شەش جار بۆ ڕۆڵەکەی پاڵێوراوە بەڵام هیچیانی نەبردووەتەوە. هەر یەکە لە ئەکتەران مۆو دەنفرد (بە ڕۆڵی ئەیثڵوڵف)، ئەڵێکساندەر ڵەدویگ (بە ڕۆڵی بیۆرن) و تراڤیس فیمڵ (بە ڕۆڵی ڕاگنار) بۆ ڕۆڵەکانیان پاڵێوراون و توانیویانە ببنە براوەی خەڵات.

کۆمەڵە زانیارییەک سەبارەت بە زنجیرەکە

  • لە سەرەتادا وا بڕیار بوو زنجیرەکە وەکوو کورتە زنجیرەیەک بەرهەم بهێنرێت، بەڵام دوای پەخشکردنی وەرزی یەکەمی، بەهۆی کاردانەوە و ڕەخنە ئەرێنییەکانەوە نوێکرایەوە بۆ وەرزی دووەم و تا شەش وەرز بەردەوام بوو.
  • نووسەر و دروستکەری زنجیرەکە، مایکڵ هێرست، ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ویستوویەتی پۆرترەیتێکی وردتر و ئاڵۆزتر بۆ ڤایکینگەکان بکێشێت جیاوازتر لەوەی تەنها باسی جەنگاوەر و تاڵانکارییەکانیان بکات، کە خەڵکی بەو شێوەیە دەیان ناسن.
  • ئەو خانمە ئەکتەرەی ڕۆڵی لاگاثای شیڵد مەیدن دەبینێت، کاثرین وینیک، لە ڕاستیدا خۆی شارەزایی لە هونەری جەنگیدا هەیە. پشتێنی ڕەشی پلە سێی لە تایکواندۆدا هەیە و خاوەنی پشتێنی ڕەشی پلە دووشە لە کاراتیدا. 
  • ڤایکینگ لە بنەڕەتدا ناسنامە و ناسنامەی نەتەوەیی نییە. بوون بە ڤایکینگ پیشەیە و زاراوەکە لە کردەی تاڵانکردنەوە هاتووە.
  • ناوی ڕاگنار بە واتای "پارێزەری قەڵا" دێت. لۆدبۆرکیش (لۆثبرۆک) بە وەرگێڕانی وشەیی بە واتای "پانتۆڵی موودار" دێت، لەوانەیە وشەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەو پانتۆڵ یان پۆشاکە فەروودارانەی کە ڤایکینگەکان زۆرجار لەبەریان دەکرد.
  • قەلەڕەش ڕۆڵێکی گرنگی لە زنجیرەکەدا هەیە. لە ئەفسانەی باکوورییەکاندا، ئۆدنی خواوەند بەوە ناسرابوو دوو قەلەڕەشی هەیە، بە ناوەکانی هەگن و مونن کە وەکوو پەیامبەر بوون بۆی.
  • کەسایەتییەکانی زنجیرەکە هی یەک نەتەوە نین. بەرهەمهێنەرەکان بیریان لەوە کردەوە لە جیاتی ئەوە دەیانکەن بە "کۆکراوەیەک لە خەڵکی سکەندەنەیڤی"، هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونیشیان کاتیگات بێت کە شوێنێکی خەیاڵییە و لە ڕاستیدا زەوی نییە، بەڵکوو دەریایەکە کە نەرویج، سوید و دانیمارک پێکەوە دەبەستێتەوە.
  • لاگاثا لە داستانی ڕاگنار و کوڕەکانیدا دەرناکەوێت. بەڵکوو لە داستانەکەی ساکسۆ بە ناوی "Grammaticus Gesta Danorum"دا دەردەکەوێت و لەوانەیە ساکسۆ خۆی ئەو کەسایەتییانەی دروست کردبێت و لە ڕاستیدا بوونی نەبووبێت.
  • ڕۆڵۆ لە کەسایەتییەکی ڕاستەقینەی ڤایکینگەکانەوە وەرگیراوە کە ناوی هڕۆڵف (Hrolf) بووە، و بەشێکی فەڕەنسای داگیرکردووە کە بە نۆرماندی یان خاکی باکوورییەکان ناسراوە.
  • دە زمانی لەناوچوو لە زنجیرەکەدا بەکارهێنرا بۆ ئەوەی بیرۆکەیەک بدرێت بە بینەران بەوەی زمانی ڤایکینگەکان چۆن بووە. بەشێک لە سیناریۆ نووسراوەکە وەرگێڕدرابوو بۆ سەر زمانی باکووری کۆن، ئانگلۆ-ساکسۆن، لاتینی و فرانکی کۆن.
  • لە ئەڵقەیەکدا، ڕاگنار و پیاوەکانی بەلەمێک ڕادەکێشن بۆ سەر قەدپاڵێک. ئەو دیمەنە ڕاستی بووە و هیچ CGIیەک بەکارنەهاتووە.
  • پۆرترەیتی ڤایکینگەکان بۆ ژن، وەکوو کەسانی ئازاد و جەنگاوەر، ورد و ڕاستەقینەیە. ژنان لە چاخی ڤایکینگەکاندا خاوەنی ئازادییەکی زۆر بوون، مافیان هەبوو جیاببنەوە و دووبارە هاوسەرگیریش بکەنەوە.
  • کۆمپانیای زین سکۆپ و کەناڵی هیستری، ڕێککەوتن بۆ دروستکردنی کتێبێکی کۆمیکی خۆڕایی کە هەر لە زنجیرەکەوە وەرگیراوە. لە فێستیڤاڵی کۆمیک کۆنی ساڵی ٢٠١٣ کۆمیکەکە بڵاوکرایەوە. باسی پێش ڕووداوەکانی وەرزی یەکەم دەکات.
  • فڵۆکی ناوێکی باکوورییە بە واتای "ڤایکینگی پاڵەوان" دێت، بەڵام دەکرێت ناوەکە لە وشەی سویدی فڵۆکیگ (Flokig)ـەوە وەرگیرابێت، بە بۆ پەسن دانی کەسێکی نامۆ، سەر لێشێواو و دەروون ناتەواو بەکاردێت.
  • ئەم خاڵە سپۆیڵە: هەوادارانی زنجیرەکە شۆک بوون کاتێک لە کۆتایی وەرزی سێیەمدا کەسایەتی سیگی مرد، بەڵام مردنەکەی پلانی بۆ دانەنرابوو. لەبەر هۆکاری تایبەتی خانمە ئەکتەرەکە ناچاربوو زنجیرەکە بە جێبهێڵێت، بۆیە هێرست بڕیاریدا کەسایەتییەکە بکوژێت و بیگەیەنێت بە کۆتاییەکی گونجاو.
  • ئەم خاڵە سپۆیڵە: مایکڵ هێرست ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کوشتنی ئاثڵستان تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی کەسایەتییەکە لەو تەنگژە ڕۆحیە ڕزگاری ببێت، بەڵام دانی بەوەدا ناوە نووسینی مردنی ئاثڵستان زۆر زەحمەت بووە بە لایەوە.
  • بەشی زۆری دیمەنەکانی زنجیرەکە لە ناو سروشتی ڕاستەقینەدا وێنەی گیراوە.
  • لە کاتی وێنەگرتنی دیمەنی داگیرکردنی پاریس، بەرهەمهێنەرەکان شوێنی تایبەتیان بۆ وێنەگرتنەکە بنیاد نابوو و لە کاتی وێنەگرتندا چەند نواندنکارێکی پاڵشت ئاگریان تێبەربوو.
  • لە سەرەتادا هەر یەکە لە کڵایڤ ستاندن (بە ڕۆڵی ڕۆڵۆ) و گوستاڤ سکارسگارد (بە ڕۆڵی فڵۆکی) دەیانویست ڕۆڵی ڕاگنار وەربگرن، هەروەها تراڤیس فیمڵ (بە ڕۆڵی ڕاگنار) دەیویست ڕۆڵی فڵۆکی وەربگرێت.
  • ئایین ڕۆڵێکی گەورەی لە زنجیرەی ڤایکینگەکاندا هەیە. باوەڕەکەی ڕاگنار بەشێکی گرنگی کەسایەتییەکە بوو، هەروەها تێکەڵبوونی لەگەڵ قەشە کریستیانییەکە (ئاثڵستان) و پرسیارکردنی سەبارەت بە بیروباوەڕە باکوورییەکان، ئاژاوە و سەرلێشێوانی بۆ خۆی و شوێنکەوتەکانیشی دروستکرد.


سەرچاوەکان



836 بینین