سوودەکانی تووەشینە 

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-18-21:51:00 - کۆدی بابەت: 9902
سوودەکانی تووەشینە 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

سوودەکانی تووەشینە (بە ئینگلیزی: benefits of blueberry، بە عەرەبی: فوائد العنب البري)، تووەشینە میوەیەکی قەبارە بچووکی شێوە خڕە، ڕەنگێکی مۆر یان شینی هەیە. ئەم میوەیە پڕ پێکهاتەی خۆراکییە و بەهۆی تامە شیرین و بەچێژەکەیەوە زۆر کەس لایان پەسەندە. تووەشینە بە یەکێک لە تەندروستترین میوەکان دادەنرێت، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ڕێگری لە پیربوون، نەخۆشی شێرپەنجە و زیانگەیاندن بە DNA دەکات.

سوودەکانی تووەشینە 

زیانگەیاندن بە DNA کەم دەکاتەوە

ڕۆژانە بە هۆکاری جیاواز DNA لەشی مرۆڤ دووچاری زیان دەبێتەوە، واتە پڕۆسەیەکە ڕۆژانە بە بەردەوامی ڕوودەدات. زیانگەیاندن بە DNA یەکێکە لە هۆکارەکانی پیربوون، هەروەها ڕۆڵی لە دروستکردنی خانە شێرپەنجەییەکاندا هەیە. لەبەرئەوەی تووەشینە بە دژەئۆکسێن دەوڵەمەندە، دەتوانێت ڕێگری لە دروستبوونی تەنۆلکەی سەربەست بکات و DNA لە زیان بپارێزێت. لە لێکۆڵینەوەیەکی ١٦٨ کەسیدا، ڕۆژانە بڕی یەک لیتر لە شەربەتی تووەشینەیان خواردووەتەوە لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە DNA ئەم کەسانە بە ڕێژەی لە ٢٠٪ کەمتر زیانی بەرکەوتووە.

ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ ڕێک دەخات

یەکێک لە قۆناغەکانی بنیاتنانی نەخۆشی دڵ بریتییە لە بەرزبوونەوەی چەوریی خراپ (LDL) لە جەستەدا. بوونی دژەئۆکسێن لەم میوەیەدا وای کردووە لە تەندروستی دڵدا گرنگ بێت و ڕۆڵی لە کەمکردنەوەی چەوری خراپ هەبێت. بۆ نموونە دژەئۆکسێنی ئانتۆسیانین (Anthocyanin) تێدایە، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسە لە پێدانی ڕەنگ بە میوەکە، لەگەڵ ئەوەشدا چەوری خراپ کەم دەکاتەوە و بۆ تەندروستی دڵ گرنگە. هەروەها تووەشینە ماددەی ڕیشاڵی تواوەی تێدایە، بەشێوەیەکی گشتی ڕیشاڵی تواوە لە لابردن و کردنە دەرەوەی زراو گرنگە، زراو لە توورەگەی زراودا کۆدەکرێتەوە و بەشێکی لە کۆلیستڕۆڵ پێکهاتووە، لەبەر ئەوە کردنە دەرەوەی لە لەش گرنگە. لە لێکۆڵینەوەیەکدا، ئەو کەسانەی کێشیان زۆربووە بۆ ماوەی هەشت هەفتە ئەم میوەیەیان خواردووە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ڕێژەی چەوری خراپ لەم کەسانەدا بە بەراورد بە سەرەتا بە رێژەی لە ٢٧٪ کەمیکردووە. لە لێکۆڵینەوەیەکی تردا، بەشداربووان ئەم میوەیان لە دوای ژەمی سەرەکی خواردووە، خۆشحاڵانە ئاستی چەوری خراپ بە بەراورد بە سەرەتا کەمیکردووە. 

پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە 

بەرزە پەستانی خوێن یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، تووەشینە پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە. لە لێکۆڵینەوەیەکی هەشت هەفتەییدا ئەو کەسانەی ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ زۆربووە، ئەم میوەیەیان خواردووە و لە ئەنجامدا پەستانی خوێنیان بە ڕێژەی لە ٦٪ کەمیکردووە. تووەشینە یارمەتی جەستە لە بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نیتریک (nitric oxide) دەدات، کە دەبێتە هۆی ئارامبوونەوە و حەسانەوەی بۆری خوێن.

یارمەتی مێشک و باشترکردنی بیرەوەری دەدات

بەهۆی بوونی دژەئۆکسێن لە پێکهاتەیدا ڕێگری لە دروستبوونی تەنۆلکەی سەربەست و زیانگەیاندنی بە خانەکانی لەش دەکات. هەروەها ڕێگری لە پڕۆسەی پیربوون و دروستبوونی کاریگەری نەرێنی لەسەر مێشک دەکات. لە تاقیکردنەوەیەکدا منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ بۆ ماوەی ١٢ هەفتە هەموو ڕۆژێک ئەم میوەیەی خواردووە لە ئەنجامدا بەرەوپێشچوون لە ئەرکی مێشکدا بەدیکراوە.

ڕێژەی شەکر لە خوێندا کەم دەکاتەوە

تووەشینە بڕێکی کەم لە شەکری تێدایە، یەک کوپ یان ١٤٨ گرام لە تووەشینە نزیکەیی ١٥ گرام لە شەکری تێدایە، ئەم بڕە یەکسانە بەو ڕێژەیەی لە سێوێکی بچووک یان پرتەقاڵێکی گەورەدا هەیە. بەهۆی بوونی پێکهاتەی زیندەچالاکی لە پێکهاتەیدا ئەم ڕێژەی شەکرە نابێتە هۆی دروستبوونی کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی شەکر لە خوێندا، زۆر بەهێواشی و لەسەرخۆ ڕێژەی شەکر بەرز دەکاتەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە بەهۆی بوونی دژەئۆکسێن لە پێکهاتەی تووەشینەدا کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەو کەسانە دروستکردووە کە نەخۆشی شەکرەیان هەبووە.

ڕێگری لە هەوکردنی ڕێڕەوی میز دەکات

هەوکردنی ڕێڕەوی میز کێشەیەکی باوە لە خانماندا، تووەشینە ئەو ماددانەی تێدایە کە ڕێگری لە پێوەنووسانی بەکتریا بە خانەکانی لەش دەکەن، واتە ڕێگری لە بەکتریای ئیکۆلی (E.Coli) لە پێوەنووسانی بە دیواری میزڵدان دەکات، بەم شێوەیە ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن کەم دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



253 بینین