پاستای مریشک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-19-21:46:00 - کۆدی بابەت: 9906
پاستای مریشک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پاستای مریشک (بە ئینگلیزی: Chicken pasta، بە عەرەبی: باستا الدجاج) خواردنێکی ناوداری جیهانییە، پاستا جۆری زۆرە و یەکێک لە جۆرەکانی پاستای مریشکە. پاستا خواردنێکی ئیتاڵییە و بەڵام ئێستا لە سەرتاسەری جیهاندا دروست دەکرێت.
دروستکردنی پاستای مریشک کاتێکی زۆری ناوێت و بەئاسانی دروست دەکرێت بە چەند ڕێگایەک.

کەرەستەکان

بۆ چوار کەس پێویست بەم کەرەستانە دەکات:

  • ٣٠٠ گرام مەعکەرۆنی بەو شێوەی کە حەزت لێیە
  • ٢٠٠ گرام قارچک
  • پارچەیەک سنگی مریشک
  • یەک دەنک سیر
  • ١/٤ـی کوپێک ئاردی سپی
  • پیازێکی گەورە
  • بیبەرێکی گەورە
  • دوو پەرداخ شیر
  • خوێ، کەرە (زبدە)، بیبەری کوتراو، بە ئەندازەی پێویست

شێوازی دروستکردنی

  1. سەرەتا پیازەکە بە شێوازی درێژ لەت دەکرێت، پاشان تاوەیەک بەپێی پێویست ڕۆنی تێ دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت تاکوو کەمێک ڕۆنەکە سوورببێتەوە. پاشان پیازەکەی تێ دەکرێت و سوور دەکرێتەوە، و لە ناو تاوەکە دەردەهێنرێت.
  2. سنگی مریشکەکە ورد ورد دەکرێت و لەناو ڕۆنەکەدا سووردەکرێتەوە. تاکوو سنگی مریشکەکە سووردەبێتەوە، مەنجەڵێک پڕ دەکرێت لە ئاو و دەخرێتە سەر ئاگر بۆ ئەوەی بکوڵێت. دوای ئەوەی مریشکەکە بە نزیکەیی سوور دەبێتەوە سیری وردکراوی تێ دەکرێت. پاشان پیازەکەشی تێ دەکرێت و بەباشی تێکەڵ دەکرێن.
  3. بیبەری سەوز بە درێژی لەت دەکرێت و دەکرێتە ناو سنگی مریشکەکەوە بۆ ئەوەی سوور ببێتەوە. پاشان خوێ و بیبەر و بەهاراتی تێ دەکرێت. پاشان سەری دەنێیتەوە بۆ ماوەی ١٥ خولەک. 
  4. قارچکەکان بە ناسکی بە درێژی لەت دەکرێن و دەکرێنە ناو سنگی مریشکەکەوە. دوای ئەوەی ئاوی مەنجەڵەکە کوڵا چەند دڵۆپێک ڕۆنی تێ دەکرێت، بۆ ئەوەی مەعکەرۆنییەکان نەنووسێن بەیەکەوە، دواتریش خوێی تێ دەکرێت بە پێی پێویست، پاشان مەعکەرۆنییەکەی تێ دەکرێت.
  5. پاش ١٠ خولەک سنگی مریشکەکە و کەرەستەکانی تر بەباشی سوور دەبنەوە، بۆیە دەبێت بکوژێتەوە. هەروەها دوای ئەوەی مەعکەرۆنییەکان بەتەواوی نەرم بوون، مەنجەڵەکە لەسەر ئاگر لادەبەیت و مەعکەرۆنییەکان لە ئاوەکە دەهێنیتە دەرەوە، دەکەیت بە سوزگییەکدا و ئاوی ساردی پێدا دەکەیت بۆ ئەوەی نەلکێن بە یەکەوە.

دروستکردنی سۆسی پاستا

چوار کەوچک کەرە دەکەیتە ناو مەنجەڵێکەوە، چاوەڕێ دەکەیت تاکوو دەتوێتەوە. پاشان ئاردەکەی تێ دەکەیت و تێکی دەدەیت تاکوو کەمێک ڕەنگەکەی زەرد دەبێت. پاشان کەم کەم شیرەکەی تێ دەکرێت و لەگەڵیدا تێک دەدرێت، بۆ ئەوەی ئاردەکە گرێی تێ نەکەوێت. بە توندی تێکی دەدەیت تاکوو ئاردەکە بەباشی بتوێتەوە و پاشان کە شیرەکە تەواو بوو و ئاردەکە توایەوە، ئینجا بە هێواشی تێکی دەدرێت. پێویستە ئاگرەکەی ژێریشی کز بێت. خوێ و بیبەر دەکرێتە سۆسەکەوە و بۆ ماوەی دە خولەک تێک دەدرێت تاکوو خەست ببێتەوە. 

لە کۆتاییدا لە ناو مەنجەڵێکی گەورەدا مەعکەرۆنی و سنگی مریشک و کەرەستەکانی تر پێکەوە تێکەڵ دەکەیت. پاشان سۆسە سپییەکەی تێ دەکرێت و بەباشی تێکەڵ دەکرێت. دەخرێتە سەر ئاگرێکی کز بۆ ماوەی پێنج خولەک و دواتر پێشکەش دەکرێت.


سەرچاوەکان



808 بینین