بەکارهێنانە جیاوازەکانی خواردنەوە گازییەکان لە ماڵدا

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-21-15:34:00 - کۆدی بابەت: 9933
بەکارهێنانە جیاوازەکانی خواردنەوە گازییەکان لە ماڵدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەکارهێنانە جیاوازەکانی خواردنەوە گازییەکان (بە ئینگلیزی: The different uses of soft drinks، بە عەرەبی: استخدامات مختلفة للمشروبات غازية)، ڕەنگە بەهۆی زیانەکانی خواردنەوە گازییەکان، لە سەبەتەی شت کڕینەکانتان لاتان بردبێت، بەڵام بەکارهێنانی خواردنەوە گازییەکان تەنها بۆ خواردنەوە نییە لەگەڵ خواردن، بەکارهێنانی زۆری هەیە کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدرێت.

بەکارهێنانەکان

  1. بەکارهێنانی خواردنەوە گازییەکان لە چێشتلێناندا: مادەم خواردنەوە گازییەکان تامێکی خۆشیان هەیە، دەتوانین لە چێشتلێناندا بەکاریبهێنین، ئەم خواردنەوە گازدارە پێکهاتەیەکی نایابە بۆ ناسککردنەوەی گۆشت، ئەو گازەی لە خواردنەوەکەدایە گۆشتەکە نەرم دەکاتەوە، لە ماوەی شەش کاتژمێر یاخود یەک شەو، هێشتنەوەی گۆشتەکە لە خواردنەوە گازییەکەدا، گۆشتەکە نەرم دەکاتەوە. خواردنەوە گازییەکان لەگەڵ سۆسی خەستدا تێکەڵ دەکرێن وەکوو کەچەپ یان باربیکیو. خواردنەوە گازییەکان لە دروستکردنی کێکدا بەکاردێن، کاتێک خواردنەوەی گازی دەکرێتە ناو هەویری کێکەکە، کێکە نەرم و بەتام دەبێت.
  2. ساردی ڕەش بۆ کۆن دەرخستنی وێنەکان: ئەگەر ئارەزووی هونەر و کاری دەستی دەکەیت، ئەم بەکارهێنانەی خواردنەوەی گازیت بەدڵ دەبێت، هەندێک ساردی ڕەش دەکەیتە ناو پرژێنەرێک و دەیپرژێنی بەسەر وێنەکەدا، تاکوو کۆن دەربکەوێت، دەبێت ڕێژەی ساردییەکە کەم بێت تاکوو وێنەکە تێکنەچێت، دەتوانیت ئیسفنجێک بکەیتە ناو ساردییەکە و دواتر بەهێواشی بیدەی لە دەوری وێنەکە. ئەم شێوازە وا لە کاغەزەکە دەکات دەستی پێوە بچەسپێت، لەبەرئەوە بە سەرنجەوە دەست لە کاغەزەکە بدە تاکوو نەدڕێت، چەند خولەکێک بوەستە تاکوو کاغەزەکە وشک دەبێتەوە، دوای ئەوە بیخە ناو ئەلبووم یان چوارچێوە و هەڵیبگرە.
  3. بەکارهێنانی خواردنەوەی گازی لە شۆردنی جلوبەرگدا: شۆردنی ئەو جلانەی کە پەڵەی چەوری یان خوێنیان لەسەرە کێشەیە و ڕەنگە بە چەند جار شۆرین خاوێن نابنەوە، دەتوانیت لەبری پاککەرەوەکان خواردنەوەی گازی بەکاربهێنیت، بۆ ئەم مەبەستە هەندێک خواردنەوەی گازی لەگەڵ پاککەرەوە بکەرە ناو جلشۆرەکە، پەڵەکان پاک دەبنەوە و بۆنی ناخۆشی جلەکان نامێنن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ترشی کاربۆنیک و ترشی فۆسفۆریک لە خواردنەوەی گازییەکادا. بۆ پاککردنەوەی پەڵەی ماجیک لەسەر جلوبەرگ یان فەڕش دەتوانیت کەمێک خواردنەوەی گازی بکەیتە سەر پەڵەکە چەند خولەکێک بمێنێتەوە، دواتر بەشە دیاریکراوەکە بە ئاو و سابوون بشۆ. بۆ لەناوبردنی بۆنی بەنزین لەسەر جلوبەرگ، دەتوانیت خواردنەوەی گازی بەکاربهێنیت. بەڵام دەبێت ئەوە بزانن ئەم کردارە بۆ جلی زۆر کاڵ و ڕۆشن بەکار نەهێنن.
  4. لێکردنەوەی بنێشت لە قژ و جلوبەرگ: کاتێک بنێشت دەنووسێت بە قژەوە، زۆر بێزارکەرە و بەناخۆشی لێدەبێتەوە، هەندێک کەس لەم کاتانەدا یەکسەر ئەو پارچە قژەی بنێشتەکەی پێوە نووساوە بە مقەست دەیبڕن، بەڵام پێویست بەوە ناکات، تەنانەت ئەگەر بنێشتەکە نەرمیش بێت و بە قژەکەدا بڵاوبووبێتەوە، بە خواردنەوەی گازی دەتوانیت هەموو بنێشتەکان لە قژەکە جیا بکەیتەوە.
    خواردنەوە گازییەکە سارد بکە و بەوریاییەوە بیکە بەسەر ئەو بەشانەی قژەکەدا کە بنێشتی پێوە نووساوە، دوای ئەوە بنێشتەکە ڕەق دەبێت و لێدەبێتەوە. ئەگەر بنێشت بە جلەوە نووسا، کەمێک خواردنەوەی گازی بەسەردا بکەن و لێی گەڕێن ماوەیەک ئاوا بمێنێتەوە، دوای ئەوە بەئارامی بە لێواری چەقۆیەک بنێشتەکە لێ بکەنەوە.
  5. پاککردنەوەی تەوالێت: بۆ پاککردنەوەی کاسەی تەوالێت دەتوانن خواردنەوەی گازی بەکاربهێنن، بەم شێوەیە پێویست ناکات نیگەرانی بۆن و هەڵمی ماددە کیمیاییە پاککەرەوە بەهێزەکان بن. بۆ پاککردنەوەی تەوالێت، ساردییەکە بکەن بە تەوالێتەکەدا، ڕێگا بدەن بەلایەنی کەمەوە یەک کاتژمێر پێوەی بمێنێتەوە، دوای تێپەڕینی ماوەکە بە ئاو و فڵچە کاسەکە بشۆن.
  6. پاککردنەوە و شۆردنی دەفر و قاپەکان: خواردنەوەی گازی زۆر باشە بۆ لابردنی پەڵەی چەوری و خواردن لەسەر تاوە و مەنجەڵەکان، خواردنەوە گازییەکە بکە ناو تاوە یان مەنجەڵە سووتاوەکە و بیخە سەر ئاگر، نزیکەی نیو کاتژمێر با لەسەر ئاگر بێت و دواتر لایبدە. هەروەها دەتوانیت هەمان ڕێگا بەکاربهێنیت بۆ خۆراکەکانی وەکوو برنج و مەعکەرۆنی، کە بە بنی مەنجەڵەوە دەنووسێن یان بۆ پاککردنەوەی سینی فڕن بێگومان نابێت سینی فڕنەکە بخەیتە سەر ئاگر، سەرەتا لە مەنجەڵێکدا خواردنەوە گازییەکە گەرم بکە پاشان بیکە ناو سینی فڕنەکە و دواتر بە ئاو و زاهی قاپشتن بیشۆ.
  7. پاککردنەوەی دەفری مس یان ڕەشەوە بوو: خواردنەوەی گازی کاریگەرە لە لابردنی ڕەشی دەفرە مسییە کۆنەکان.
  8. نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی جەستە: بۆ ڕزگاربوون لە بۆنی ناخۆشی جەستە، دەتوانیت بتڵێک ساردی لەگەڵ هەندێک شامپۆی جەستە بکەیتە ناو تەشتێک ئاو یان بانیۆی گەرماو و خۆتی پێبشۆیت. هەروەها دەتوانیت ساردی یان خواردنەوە گازییەکە بڕێژیت بە جەستەتدا و پێش شۆردنی کەمێک چاوەڕێ بکەیت، دوای ڕشتنی ساردی بەسەر شوێنی مەبەستدا، بەخێرایی لە بۆنە ناخۆشەکە ڕزگارت دەبێت.
  9. پاککردنەوەی پەنجەرەکان: پێکهاتەی خواردنەوەی گازی پێکهاتەیەکی نایابە بۆ پاککردنەوەی شووشەی پەنجەرە، پارچەیەک بە خواردنەوە گازییەکە تەڕ بکە و بیهێنە بە شووشەکەدا، دوای ئەوە شووشەکە بە ئاو بشۆ تاکوو پاشماوەی ساردییە شیرینەکەی لەسەر نەمێنێتەوە.
  10. لوولکردنی قژ: ترشی فسفۆریکی ناو خواردنەوەی گازی، وادەکات قژ لوولییەکی سروشتی هەبێت لەبەرئەوە ئەگەر بەدوای ڕێگایەکی ئاساندا دەگەڕێیت بۆ لوولکردنی قژەکانت، بە ساردی بیانشۆ.


سەرچاوەکان



272 بینین