هەڤاڵ ئەبووبەکر

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-23-14:17:00 - کۆدی بابەت: 9967
هەڤاڵ ئەبووبەکر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەڤاڵ ئەبوبەکر (بە عەرەبی: هفال ابوبكر، بە ئینگلیزی: Haval Abubakir)، ناوی تەواوی هەڤاڵ ئەبووبەکر حوسێن محەمەدە و لەدایکبووی ١ـی کانوونی دووەمی ١٩٧١ـی هەڵەبجەی شەهیدە، لە ١١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ تاکوو ٢٥ـی ئابی ٢٠١٦ وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە کاردابووە و لە ٤ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ بووەتە پارێزگاری سلێمانی.

هەڤاڵ ئەبووبەکر حوسێن محەمەد
دوانزەهەمین پارێزگاری سلێمانی
دەستبەکاربوون
٤ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧
جێگر لەیلا عومەر
دەستنیشان کراوە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی
لە ئەرکدا بووە
لە ١١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ تاکوو ٢٥ـی ئابی ٢٠١٦
پارێزگار ئاسۆ فەرەیدوون
جێگر ئەکرەم شەریف
پاشینە ئازاد حەمە ئەمین
وردەکاریی تاکەکەسی
لەدایکبوون ١ـی کانوونی دووەمی ١٩٧١
هەڵەبجە
شوێنی مانەوە سلێمانی، هەرێمی کوردستان
هاووڵاتی عێراقی
نەتەوە کورد
پارتی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان
هاوسەر شیلان عومەر
خێزان بێخاڵ ئەبووبەکر (خوشک)
ئۆڕاڵ ئەبووبەکر، شەماڵ ئەبووبەکر (برا)
منداڵەکانی شەن، ڤارێ، ڤالان
پەروەردە دکتۆرا لە ئەدەبی نوێ و ڕۆژنامەوانی
خوێندن لە پەیمانگای تەکنیکی موسڵ
زانکۆی سلێمانی
ئایین ئیسلام

بڕوانامەکانی

  1. لە ساڵی ١٩٩٠ـدا بڕوانامەی دبلۆمی لە پەیمانگای تەکنیکیی موسڵ بەدەستهێناوە.
  2. لە ساڵی ٢٠٠٢ـدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەبەشی کوردیی زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە.
  3. لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا بڕوانامەی ماستەری لە ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەگەریی کوردی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە.
  4. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بڕوانامەی دکتۆرای لە ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەگەریی مۆدێرن لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە.

کار و چالاکییەکانی

  1. ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی هەرێمی کوردستان بوو لە ٢٨ـی تەممووزی ١٩٩٨ تاکوو ٢٠٠١.
  2. لە ساڵی ٢٠٠٢، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بووە.
  3. ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٠٣.
  4. ئەندامی لیژنەی باڵای ڕاگەیاندنی سەرژمێری گشتی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٤.

هەڵبژاردنی ٣٠ـی نیسانی ٢٠١٤

لە ڕۆژی ٣٠ـی نیسانی ٢٠١٤ـدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ئەم هەڵبژاردنە تەنها لە ٣٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ـدا بەڕێوەچووبوو. هەڤاڵ ئەبووبەکر سەرۆک لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و پاڵێوراوی گۆڕان بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی. لەکاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ململانێیەکی توند لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هەبوو بەتایبەت لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی، کە پاڵێوراوی یەکێتی ئاسۆ فەرەیدوون بوو.

لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا، بزووتنەوەی گۆڕان توانی ١٢ کورسی بەدەستبهێنێت بە کۆکردنەوەی ٣٥٩٫٦٠٠ دەنگ، کە هەڤاڵ ئەبووبەکر ٢٤١٫٢٤١ دەنگی بەدەستهێنابوو. لەدوای ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان لەبارەی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی، کە بڕیارە دوو ساڵی سەرەتا بۆ یەکێتی و دوو ساڵی کۆتایی بۆ گۆڕان بێت، ڕۆژی ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ هەڤاڵ ئەبووبەکر وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵبژێردرا. ڕۆژی ٢٥ـی ئابی ٢٠١٦، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەڤاڵ ئەبووبەکری لەپۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بەخشی و وەکوو پاڵێوراوی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەسەندی کرد.

پارێزگاری سلێمانی

دوای ئەوەی لە ٢٥ـی ئابی ٢٠١٦، لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیەوە متمانەی پارێزگاری پێدرا، بەهۆی هەبوونی کێشەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم، نووسراوی پەسەندکردنی وەکو پارێزگار ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ نەکرا، بۆیە بەشێوەیەکی کاتی سەردار قادر وەکوو جێگری پارێزگاری سلێمانی مامەڵەی دەکرد و دوای تەواوبوونی ماوە یاسایییەکەی ناونیشانی لەبری پارێزگاری سلێمانی پێبەخشرا و دواتر لە مانگی ئایاری ٢٠١٧ دەستی لەکارکێشایەوە، پاشان عومەر قەڵادزەیی پۆستی لەبری پارێزگاری سلێمانی وەرگرت. دوای ٢٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دابەشکرد، نووسراوی پەسەندکردنی هەڤاڵ ئەبووبەکر وەکو پاڵێوراوی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ پایەی پارێزگاری سلێمانی ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کرا. دواتر بەفەرمانی ژمارە ٥١٥٥ـی ٢٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ کە بە واژۆی نێچیرڤان بارزانی دەرچووە، هەڤاڵ ئەبووبەکر وەکوو پارێزگاری سلێمانی بە پلەی بریکاری وەزارەت لە وەزارەتی ناوخۆ دامەزرێنرا.

ڕۆژی ٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەرکرد، ڕۆژی دواتر لەڕێگەی نووسراوێکەوە دەستبەکاربوونی خۆی بە وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاند.


سەرچاوەکان



522 بینین