بۆچی ئەو کاتانەی نابێت پێبکەنین پێکەنینمان دێت؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-25-23:36:00 - کۆدی بابەت: 10015
بۆچی ئەو کاتانەی نابێت پێبکەنین پێکەنینمان دێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی ئەو کاتانەی نابێت پێبکەنین پێکەنینمان دێت؟ (بە عەرەبی: لماذا نضحك في اوقات التي لا يجب ان نضحك؟، بە ئینگلیزی: Why laugh at times that should not be laugh؟)، لە پرسەیەکدا یان ڕێک ئەو کاتەی کەسی بەرانبەرت توڕە دەبێت، تۆ پێکەنینت دێت، لێرەدا باسی هۆکار و چارەسەری ئەم دۆخە دەکەین.

هۆکاری پێکەنین لە دۆخە هەستیار و نائاساییەکاندا

پێکەنین لە بارودۆخی جدیدا پێکەنینێکە فشاراوییە و بە پێکەنینی ڕاستی دانانرێت، کاتێک شتێکی وات بۆ دێتە پێش لە بارودۆخێکی سەخت و جدیدا پێدەکەنیت، بە خۆت دەڵێی بۆچی ئەوە ڕوویدا، دواتر دووچاری شەرم و ناڕەحەتی دەبیت. هەڵبەت هەندێک ڕێگا چارەش هەیە تاکوو بتوانیت ڕێگری لەو دۆخە بکەیت، بەڵام وا باشە سەرەتا هۆکارەکەی بزانن.

کاردانەوەی سۆزداری

ئەگەر لە بارودۆخی نەشیاودا پێکەنینت هات و نەتتوانی کۆنتڕۆڵی بکەیت، واتای ئەوە نییە کە تۆ کەسێکی خراپیت، ئەم پێکەنینە پێکەنینێکی ڕاستقینە نییە، بەڵکوو میکانیزمی بەرگری جەستەتە بۆ کەمکردنەوەی ئەو دڵەڕاوکێ و فشار و ناڕەحەتییەی لەو ساتەدا تووشی دەبیت، پێکەنین وامان لێدەکات سەرنجمان لەسەر ئەو کارەساتە و ئازارە دەروونییە دووربکەوێتەوە، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەست و سۆزە نەرێنییەکان. 

ڕێگا چارەکانی کۆنتڕۆڵکردنی پێکەنین لە شوێنی نەشیاو و بارودۆخی گرنگدا

  1. لە دۆخەکە تێبگە: پێکەنین وەکوو دەرمانێکی ئارام کەرەوەیە، هەندێک بارودۆخ هەیە کە تێیاندا نابێت پێبکەنیت، بۆ نموونە کاتێک سەردانی کەسێکی نەخۆش دەکەیت یان لە پرسەدا، نابێت پێبکەنیت، بەڵام لەم بارودۆخانەدا زیاتر پێکەنینت دێت، هەوڵ دەدەیت کۆنتڕۆڵی بکەیت بەڵام ناتوانیت. لەئەنجامدا مێشکت بەرەنگاری ئەم بارودۆخانە دەبێتەوە ئەگەر دەتەوێت حاڵەتەکەت بگۆڕیت، هەوڵبدە نوقرچک لە خۆت بگریت، بچیتە توالێت یان ژوورێکی تر تا بتوانیت پێکەنینەکەت بشاریتەوە.
  2. دەربڕینی خەمۆکی و دڵتەنگی: بیر لە بارودۆخێکی ڕابردوو بکەرەوە کە ئازار بەخشبووە بۆت، تەنیا پێویستە دەروونت هان بدەیت و یارمەتی لە هەناسەدانت وەربگریت.
  3. لێوەکانت تەڕ بکە یان گاز لە لێوت بگرە: هەوڵبدە بیر لە ڕەفتارێک بکەیتەوە کە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی پێکەنینەکەت، بۆ نموونە هەناسەی قووڵ یان گازگرتن لە لێوت.
  4. یاری بە قەڵەمێک بکە: ئەم پێکەنینە تەنیا لەکاتی خەم و خەفەتدا نییە، بەڵکوو دەکرێت لە بارودۆخێکی جدی کاردا بێت، باشترین ڕێگا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پێکەنینەکە ئەوەیە کە یاری بە قەڵەمێک بکەیت و سەرنج بخەیتە سەر فشار خستنە سەر قەڵەمەکە.
  5. شوێنەکە جێبهێڵە و پێبکەنە: ئەگەر بۆت گونجا، بۆماوەیەک لە شوێنەکە بڕۆ دەرەوە و پێکەنینەکەت بەتاڵ بکەوە.
  6. سەرنج بخە سەر ڕەنگی ژوورەکە: یەکێک لە ڕێگاکانی کۆنتڕۆڵکردنی پێکەنین و گۆڕینی دۆخەکە، ئەوەیە کە سەرنجت بخەیتە سەر شتێکی تر، بۆ نموونە دەتوانیت بیر لە ڕەنگەکان بکەیتەوە، سەیری دەورووبەر بکەیت.
  7. لای خۆتەوە گۆرانی بڵێ: دەتوانیت لە مێشکدا گۆرانییەک بێنیتەوە یادت، هەوڵبدە لە مێشکی خۆتدا بیڵێیتەوە تاکوو سەرنجت لەسەر بارودۆخەکە نەمێنێت، یان بیر لە پیتزا و خواردنێکی خۆش بکەرەوە.


سەرچاوەکان



527 بینین