مزگەوتی پێغەمبەر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-28-22:41:00 - کۆدی بابەت: 10050
مزگەوتی پێغەمبەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مزگەوتی پێغەمبەر (بە ئینگلیزی: Al-Masjid an-Nabawi یان The Prophetic Mosque، بە عەرەبی: المسجد النبوي، یان الحرم النبوي یان مسجد النبي)، یەکێکە لە مزگەوتە گەورەکانی جیهان و دەکەوێتە شاری مەدینەی سعودیەی عەرەبی و لەلایەن پێغەمبەری ئیسلام محەمەد ﷺ دروستکراوە. لە دوای مزگەوتی قوباء (Quba)ـوە دووەم مزگەوتە کە لەلایەن پێغەمبەر محەمەد ﷺ دروستکراوە. هەروەها لە دوای مزگەوتی حەرامەوە، دووەم گەورەترین مزگەوت و پیرۆزترین شوێنە لەلای مسوڵمانان. مزگەوتی پێغەمبەر دەکەوێتە ناوەندی شاری مەدینەوە و شوێنێکی سەرەکی زیارەتە. ئەم مزگەوتە دە منارەی تێدایە و بەرزی هەر منارەیەک ۱۰٥ مەترە.

مزگەوتی پێغەمبەر یەکێکە لەو سێ مزگەوتەی کە گەشتیاران ڕووی تێدەکەن، پێغەمبەری خوا محەممەد ﷺ فەرموویەتی: (لا تُشَدُّ الرحالُ إلا إلى ثلاثةِ مساجدَ: مسجدِ الحرام، ومسجدِ الأقصَى، ومسجدي هذا)، واتە: گەشتیاران دەرناچن تەنھا بۆ سێ مزگەوت نەبێت، ئەوانیش مزگەوتی حەرام، ئەم مزگەوتە (مزگەوتی پێغەمبەر) و مزگەوتی ئەقسایە. هەروەها دەفەرموێت: (وصلاةٌ في مسجدِي ألفُ صلاةٍ). واتە: نوێژێک لە مزگەوتەکەی من بەرامبەر هەزار نوێژە.

لە بنەڕەتدا مزگەوتەکە بینایەکی کراوە بوو و وەکوو ناوەندێکی ڕۆشنبیری، دادگا و قوتابخانەیەکی ئایینی خزمەتی کرد. مزگەوتی پێغەمبەر دوانگە (میمبەر)ـێکی تێدایە بۆ ئەو کەسانەی کە قورئانی پیرۆز فێری خەڵکی دەکەن و بۆ پێغەمبەر ﷺ کە وتاری ڕۆژانی هەینی تێدا دەدا. بەدرێژایی مێژوو مزگەوتەکە لەلایەن دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکانەوە فراوان کراوە و شێوەی گۆڕدراوە. یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم مزگەوتە گومەزی سەوزە (القبة الخضراء)، لە گۆشەی باشووری خۆرهەڵاتی مزگەوتەکەدایه، لەو شوێنەی کە لە بنەڕەتدا خانووی عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) بووە، لە ئێستادا گۆڕی پێغەمبەر ﷺ ـی لێیە. زۆربەی حاجییەکان دەچن بۆ شاری مەدیینه بە مەبەستی سەردانکردنی ئەو گومەزە. ئەم مزگەوتە بە شێوەیەکی گشتی کراوەیە، لە سەردەمی هاوچەرخدا یەک جار و لە ساڵی ۲۰۲۰ـدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-۱۹ـەوە داخرا.

مێژووی مزگەوتەکە

مزگەوتی پێغەمبەر لە ساڵی ٦۲۲ـی زایینیدا لەلایەن محەمەد ﷺ دروستکرا دوای گەیشتنی بە شاری مەدینە. لە سەرەتادا زەوی مزگەوتەکە هی دوو کوڕی هەتیو بوو، کاتێک ئەم دوو کوڕە زانیان پێغەمبەر ﷺ دەیەوێت زەوییەکەیان بکڕێت و مزگەوتێکی تێدا بنیاد بنێت، چوون بۆ لای پێغەمبەر ﷺ و زەوییەکەیان وەکوو دیارییەک پێشکەش کرد؛ بەڵام محەمەدﷺ سووربوو لەسەر ئەوەی لێیان بکڕێت چونکە منداڵەکان هەتیو بوون. ئەو نرخەی کە لەسەری ڕێکەوتن ئەبو ئەیوب ئەلئەنساری (أبو أيوب الأنصاري) پارەکەیدا.

مزگەوتەکە بە حەوت مانگ تەواوکرا و پانییەکەی ۳۰٫٥ مەتر و درێژییەکەی ۳٥٫٦۲ مەتر بوو. ئەو پێکهاتانەی کە لە دروستکردنی مزگەوتەکەدا بەکارهات گەڵای دارخورما، قوڕی شێلرا و قەدی دارخورما بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزی مزگەوتەکە ۳٫٦ مەتر بوو. هەروەها سێ دەرگای هەبوو، ئەوانیش دەرگای بەزەیی (باب الرحمة) لە بەشی باشوور، دەرگای جبریل (باب جبريل) لە بەشی خۆرئاوا و دەرگای ئافرەتان (باب النساء) لە بەشی خۆرهەڵات.

لە ساڵی ٧ـی کۆچی و لە دوای فەتحی خەیبەر مزگەوتەکە فراوانکرا، درێژی و پانی مزگەوتەکە کرا بە ٤۷٫۳۲ مەتر، هەروەها سێ کۆڵەکەی لە تەنیشت دیواری خۆرئاوا بنیادنرا، کە بوو بە شوێنی نوێژکردن. مزگەوتەکە لە سەردەمی یەکەم جێنشینی پێغەمبەر ﷺ (ئەبوبەکری سدیق)ـدا بەم شێوەیە مایەوە.

پاشان لە سەردەمی دووەم جێنشینی پێغەمبەر ﷺ (عومەری کوڕی خەتاب)ـدا، بە مەبەستی فراوانکردنی مزگەوتەکە هەموو خانووەکانی دەوروبەری مزگەوتەکە تێکدران جگە لە خانووەکانی هاوسەرەکانی پێغەمبەر ﷺ. درێژی مزگەوتەکە کرا بە ٦٦٫۱٤ مەتر، پانییەکەی کرا بە ٥۷٫٤۹ مەتر و بەرزییەکەی کرا بە ٥٫٦ مەتر، هەروەها دەرگایەکی تریشی بۆ مزگەوتەکە زیادکرد بە ناوی (البطيحة)، بۆ ئەو کەسانەی کە هۆنراوەیان دەخوێندەوە.

لە سەردەمی سێیەم جێنشینی پێغەمبەر ﷺ، عوسمانی کوڕی عەفان، لە ساڵی ٦٤٩ـدا مزگەوتەکە ڕووخێنرا و شێوەیەکی چوارگۆشەیی پێدرا، دروستکردنەوەی مزگەوتەکە ماوەی دە مانگی خایاند و ڕووەکەی بەرەو کەعبەی مەککە گۆڕدرا. درێژی مزگەوتە نوێیەکە ٨١.٤٠ مەتر پانییەکەی ٦٢.٥٨ مەتر بوو. ژمارەی دەروازەکان و ناوەکانیان وەک خۆیان مانەوە و مزگەوتەکە و کۆڵەکەکانی بە بەرد دروستکرانەوە. پاشان و لە سەردەمی ئەمەوییەکان، عەباسییەکان، مەمالیکەکان و عوسمانییەکان تا حکوومەتی سعودیە مزگەوتەکە فراوانتر کرا و گۆڕانکاری لە ماددە پێکهێنەرەکان و ڕووبەرەکەیدا کرا، ئەوە بوو لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٢ـدا پڕۆژەیەکی شەش ملیار دۆلاری بۆ زیادکردنی ڕووبەری مزگەوتەکە ڕاگەیەندرا، مزگەوتەکە فراوانکرا، بە شێوەیەک کە جێی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تا دوو ملیۆن نوێژخوێنی تێدا دەبوویەوە.

هەندێک لە شوێنە گرنگەکانی ناو مزگەوتەکە

گومەزی سەوز.

باخچە (روضة الشريفة).

میحراب.

مینبەر.

منارەکان.

بانگدەرەکانی مزگەوتەکە

۱. کامیل ساڵح.

۲. موستەفا عوسمان.

۳. عبدولموتەلیب ساڵح ئەحمد.

٤. عیسام حسێن عەبدولغەنی بوخاری.

٥. عبدولڕەحمانی عبدولئیلا‌هـ .

٦. عومەر يوسف محەمەد كەمال.

۷. سامی محەمەد حەسەن.

٨. فەیسڵ عەبدولمەلیک.

۹. سعود عەبدولعەزیز حسێن بوخاری.

۱۰. محەمەدی ماجد هەمزە حەکیم.

۱۱. ئەیاد ئەحمەد عەباس.

۱۲. ئەشرەف محەمەد هەمزە.

۱۳. محەمەد مەروان.

۱٤. عەبدولمەجیدی کوڕی سەلام.

۱٥. عومەری کوڕی نەبیلی کوڕی هەمزە.


سەرچاوەکان



1025 بینین