بۆچی خۆر گەرمە؟

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-30-22:16:00 - کۆدی بابەت: 10082
بۆچی خۆر گەرمە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی خۆر گەرمە؟ (بە عەرەبی: لماذا الشمس حارة؟، بە ئینگلیزی: Why is the sun hot). هەموومان دەزانین کە خۆر گەرمترین ئەستێرەی ژیانمانە، بەڵام بۆچی؟ لە جیاتی پرسیاری ئەوە بکەیت چی وا لە خۆر دەکات گەرم بێت، باشتر وایە بپرسیت چی وا لە خۆر دەکات وزەی گەرمی دەربپەڕێنێت. وەڵامەکە ئاسانە: ناوکە یەکبوون.

پلەی گەرمی خۆر

پلەی گەرمی خۆر بەپێی چینەکانی دەگۆڕێت. پلەی گەرمی چەقی خۆر بە نزیکەیی ١٥ ملیۆن پلەی سیلیزییە و پلەی گەرمی ڕووەکەشی نزیکەی ٥,٥٠٠ پلەی سیلیزییە. لەهەر ١,٥ ملیۆنی چرکەیەکدا, خۆر بڕی ئەوەندە وزە دەردەپەڕێنێت کە مرۆڤ لە ساڵێکدا بەکاری دەهێنێت. 

ناوکە یەکبوون لە نێو خۆردا

خۆر لە گاز و پلازما پێکهاتووە. بەشی زۆری گازەکەی ٩٢٪ـی هایدرۆجینە. ئەگەر خۆر بچووکتر بوایە، دەبووە تەنێکی گەورەی شێوە خڕی هایدرۆجینی هاوشێوەی هەسارەی موشتەری. هایدرۆجینی ناو چەقی ئەستێرەکە بە هێزی کێشکردن ڕاگیر بووە و بووەتە هۆی دروستبوونی پەستانێکی بەرز. پەستانەکە هێندە بەرزە کاتێک گەردیلەکانی هایدرۆجین بە هێزی پێویست بەر یەک دەکەون، توخمێکی تازە دروست دەبێت کە هیلیۆمە و ئەم کردارە پێی دەوترێت ناوکە یەکبوون.

کرداری ناوکە یەکبوون بەردەوام، دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی وزە لەناو چەقی خۆردا و پلەی گەرمی چەقەکەی دەگاتە ١٥ ملیۆن پلەی سیلیزی. دواتر وزەکە تیشک دەدرێت بەرەو دەرەوە بۆ سەر ڕووی خۆر، بەرگ و بەرەو ناو بۆشایی.

ئایا خۆر لە کرۆکی زەوی گەرمترە؟

زەوی و خۆر خاڵی هاوبەشیان زۆرە. هەردووکیان گەورەن، تەنی شێوە خڕی چین چینن کە زیندەوەران بە زیندووێتی دەهێڵنەوە. بەڵام ئایا خۆر لە کرۆکی زەوی گەرمترە؟ وەڵامەکە بە سانایی نەخێرە. زاناکان وا پێشبینی دەکەن کە پلەی گەرمی کرۆکی زەوی نزیکەی شەش هەزار پلەی سیلیزی بێت و پلەی گەرمی خۆریش نزیکەی پێنج هەزار پلەی سیلیزییە. خۆری ئەستێرە لە حەوت چین پێکهاتووە و پلەی گەرمییەکەی بە پێی چینەکانی دەگۆڕێت. چینەکان دابەش بوون بەسەر چینە ناوەکییەکان: کرۆک، ناوچەی گەرمی هەڵگر و ناوچەی تیشکدانەوە. چینە دەرەکییەکانیش: فۆتۆسفیر، کرۆمۆسفیر، ناوچەی گواستنەوە و خەرمانە.

پلەی گەرمی کرۆکی خۆر دەگاتە نزیکەی ١٥ ملیۆن پلەی سیلیزی. کەواتە کاتێک دەوترێت کرۆکی زەوی لە خۆر گەرمتر بەو واتایە دێت کرۆکی زەوی لە چینەکانی دەرەوەی خۆر گەرمترە، بەڵام گەر بەراوردی گەرمی کرۆکی خۆر بە زەوی بکەین، ئەوا کرۆکی خۆر زۆر گەرمترە.


سەرچاوەکان



693 بینین