چۆن سەهۆڵی وشک دروست دەکرێت؟

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-09-01-21:22:00 - کۆدی بابەت: 10111
چۆن سەهۆڵی وشک دروست دەکرێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەهۆڵی وشک

سەهۆڵی وشک چۆن دروست دەکرێت (بە ئینگلیزی: How Dry ice is made، بە عەرەبی: كيفية صنع الثلج الجاف). سەهۆڵی وشک سەهۆڵێکە کە لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە دروست دەکرێت و ساردییەکی زۆر زیاد دەبەخشێت، بە پێچەوانەی سەهۆڵی ئاساییەوە، سەهۆڵی وشک کاتێک گەرم دەبێت لە ڕەقەوە نابێت بە شل، بەڵکوو بەهۆی کرداری هەڵچوونەوە ڕاستەوخۆ دەچێتە دۆخی گازییەوە، لە پلەی گەرمیی -١٠٩ پلەی فەهرەنایتدا سەهۆڵی وشک بەشێوەیەکی بەرچاو ساردترە لە سەهۆڵێکی ئاسایی کە پلەی گەرمی ڕووکارەکەی ٣٢ پلەی فەهرەنایتە. 

مێژووی سەهۆڵی وشک

سەهۆڵی وشک لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٠٠ دۆزرایەوە، هەروەها لە ساڵانی ١٩٢٠ بۆ یەکەمجار خرایە بواری بازرگانییەوە، دەستەواژەی سەهۆڵی وشک لە ساڵی ١٩٢٥ بۆ یەکەمجار بەکارهات. ئەم جۆرەی سەهۆڵ بەکارهێنانی بازرگانی باوی هەبوو و لە بواری فراوان و جیاوازی پیشەسازیدا بەکاردەهات. بۆ نموونە لە بواری خۆراک و کشتوکاڵیدا سەهۆڵی وشک لە کاتی گواستنەوەدا بەکاردێت بۆ ڕێگریکردن لە خراپبوون و تێکچوونی خۆراکەکە. لەبەر پلە گەرمییە نزمەکەی، سەهۆڵی وشک ڕێگری لە گەشەی بەکتریا دەکات و خراپبوونی خۆراک خاودەکاتەوە، کە ئەمەش وا لە خواردنەکە دەکات بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر تازە و بەتام و بۆنداربێت.  
سەهۆڵی وشک چەندین بەکارهێنانی تریشی هەیە یەکێک لەوانە بۆ جوانی و چێژبەخشینە، کە بۆ دروستکردنی دووکەڵ بەکاردێت بەبێ ئەوەی پێویست بە کردنەوەی ئاگر بکات.

چۆنیەتی دروستکردن

باوترین ڕێگای دروستکردنی سەهۆڵی وشک لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە دروست دەکرێت. گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن پەستانی دەخرێتە سەر و سارد دەکرێتەوە بۆ دروستکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی شل. دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی شل دەخرێتە ناو ئامێری pelletizer کە بەشێوەیەکی فراوان لە پیشەسازیدا بۆ کەمکردنەوەی قەبارە بەکاردێت، یان دەخرێتە ئامێری قاڵب دروستکەرەوە. ئەم دوو ئامێرە بۆشاییان تێدایە کە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی شل دەکەن بە سەهۆڵی وشک (کە لە شێوەی بەفردایە) و گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، سەهۆڵی وشک لە پلەی گەرمی -١٠٩ پلەی فەهرەنایت دەیبەستێت و پەستانی دەخرێتە سەر تاکوو دەبێت بە سەهۆڵی ڕەق. دواتر ئەو گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەی ماوەتەوە دووبارە دەگەڕێنرێتەوە بۆ دروستکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی شل.

ڕێنمایی

لەگەڵ ئەوەی سەهۆڵی وشک لە بواری پیشەسازی و بازرگانی و ژیانی ڕۆژانەدا چەندین بەکارهێنانی جیاواز و سوودبەخشی هەیە، بەڵام چەند خاڵێک هەن دەبێت لە کاتی کارکردن بە سەهۆڵی وشکدا ڕەچاو بکرێن، وەک:

  1. کاتێک سەهۆڵی وشک هەڵدەگریت دەستکێشی ئەستوور لەدەست بکە، چونکە ئەگەر ڕاستەوخۆ دەستی لێبدەیت دەکرێت شانەکانی دەستت بەهۆی ساردییەکەیەوە زیانیان پێ بگات.
  2. لە کاتێکدا کە بەکارهێنانی سەهۆڵی وشک لەنزیک خۆراکدا سەلامەتە، بەڵام هەرگیز نابێت بخورێت.
  3. سەهۆڵی وشک لە شوێنی کراوەدا بەکاربهێنە و ئاگاداربە کە خەستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی هەوای ئەو شوێنە لە ٥٪ تێپەڕ نەکات.

دروستکردنی سەهۆڵی وشک لە ماڵەوە

هەرچەند کە کڕینی سەهۆڵی وشکی ئامادەکراو تێچووەکەی لە دروستکردنی لە ماڵەوە کەمترە، بەڵام دەتوانیت بەم ڕێگایانە لە ماڵەوە دروستی بکەیت:

کەرەستە پێویستەکان

  1. ئاگرکوژێنەوەی CO2 (دەبێت لەسەری نووسرابێت کە CO2 تێدایە، ئەگەرنا ناتوانیت سوودی لێ ببینیت)
  2. دەستکێشی ئەستوور
  3. جانتای قوماش (وەک تۆت باگ)

دروستکردن

ئەوەی پێویستە لەسەرت بیکەیت کۆکردنەوەی سەهۆڵە وشکەکە و ڕێگریکردنە لە بڵابوونەوەی، مەبەست لە بەکارهێنانی جانتاکەش هەر ئەم ئامانجەیە. بەم شێوەیە ئەنجامی بدە:

  1. دەستکێشە ئەستوورەکانت لەدەست بکە.
  2. دەمی ئاگرکوژێنەوەکە بخە ناو جانتاکە.
  3. دەستت بەدەوری دەمی جانتاکەدا بگرە.
  4. ئاگرکوژێنەوەکە خاڵی بکە.
  5. بەم شێوەیە خودکارانە لەناو جانتاکەدا سەهۆڵی وشکت بۆ کۆدەبێتەوە.

سەهۆڵی وشک زۆر بەخێرایی دەتوێتەوە، بەڵام تۆ دەتوانیت بە هەڵگرتنی لە بەستەردا بۆ ماوەیەی درێژتر بە بەستووی بیهێڵیتەوە.


سەرچاوەکان



798 بینین