ڤیتامین B1

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-02-22:10:00 - کۆدی بابەت: 10123
ڤیتامین B1

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

ڤیتامین B1 یان سیامین (بە ئینگلیزی: Vitamin B1, Thiamin، بە عەرەبی: فیتامین بي١)، پێکهاتەیەکی خۆراکی گرنگە و بۆ هەموو شانەکانی لەشی مرۆڤ پێویستە تاکوو بە شێوەیەکی گونجاو کار بکەن. ئەمە یەکەم جۆری ڤیتامین B کە لەلایەن زاناکانەوە دۆزراوەتەوە، هەر لەبەرئەوەشە ژمارە یەک خراوەتە پاڵ ناوەکەی. ڤیتامین B1 ڤیتامینێکی لە ئاودا تواوەیە، واتە لە توانایدا هەیە لە ئاودا بتوێتەوە. یارمەتی جەستە دەدات لە گۆڕینی خۆراکەکان بۆ وزە، واتە بۆ بەدەستهێنانی وزە گرنگە. ئەم ڤیتامینە لەڕێگەی خۆراک و تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە دەست دەکەوێت. لەشی مرۆڤ ئەم ڤیتامینەی بۆ دروستکردنی (ATP) پێویستە، کە گەردێکە وزە بۆ خانەکان دەگوازێتەوە. هەروەها بۆ گەورەبوون و گەشەکردنی خانەکان پێویستە، بەشێکی زۆر کەم لەم ڤیتامینە لە جگەردا کۆدەکرێتەوە و بەشە زۆرەکەی لەڕێگەی میزەوە دەکرێتە دەرەوە، لەبەرئەوە پێویستە ڕۆژانە گرنگی بە خواردنی ئەو خۆراکانە بدرێت کە ئەم ڤیتامینەی تێدایە. ئەم ڤیتامینە بە کوڵاندنی زۆر و لە پلەیەکی گەرمی بەرزدا لەناودەچێت، لەبەرئەوە دەبێت ئاگاداربیت، ئەو خواردنانەی ئەم ڤیتامینەی تێدایە نابێت زۆر بکوڵێنرێت بۆ ئەوەی بەهاکەی خۆی لەدەست نەدات.

سەرچاوەکانی ڤیتامین B1

ڤیتامین B1 بە شێوەیەکی سروشتی لە گۆشت، ماسی و دانەوێڵەکاندا هەیە، هەروەها بۆ نان و شیری وشکی منداڵانیش زیادکراوە. ئەو خۆراکانەی بەم ڤیتامینە دەوڵەمەندن بریتیین لە:

سوودەکانی ڤیتامین B1

ڤیتامین B1 یان سیامین کەسەکە لە تووشبوون بە گرفتەکانی کۆئەندامی دەمار، مێشک، ماسولکەکان، دڵ، گەدە و ڕیخۆڵە دەپارێزێت، هەروەها بەشداری لە گواستنەوەی ئەلکترۆلایتەکان بۆ ناوەوە و دەرەوەی ماسولکەکان و دەمارە خانەکان دەکات. ڕێگری لە هەندێک نەخۆشی وەک بێری بێری (Beriberi) دەکات، کە نەخۆشییەکە کار لەسەر دڵ، دەمارەکان و کۆئەندامی بەرگری دەکات. ڤیتامین B1 یارمەتی خانەکان لە بەرهەمهێنانی وزە دەدات، واتە یارمەتی گۆڕینی خۆراکە ماددەکانی وەک کاربۆهیدرات بۆ وزە دەدات. ئەگەر بە بڕی پێویست لەم ڤیتامینە وەرنەگریت ئەوا ئەم پڕۆسەیە بە تەواوی ڕوونادات، لە ئەنجامدا دووچاری ماندووێتی، نەمانی ئارەزووی خواردن و لاوازبوونی ماسولکەکان دەبیتەوە. هەروەها ئەم ڤیتامینە پێی دەوترێت ڤیتامینی دژەفشار لەبەرئەوەی لە کاتی فشاردا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی کۆئەندامی بەرگری. 

دەبێت ڕۆژانە چەندێک لە ڤیتامین B1 وەربگریت؟

دەستووری ڕۆژانەی ڕاسپێردراو (RDA)، واتە بڕی ئەو دەرمانەی کەوا دەبێ لە ڕۆژێکدا بخورێت بۆ پیاوانی تەمەن ١٩ ساڵ و بەرەو سەرەوە بریتییە لە ١٫٢ میلیگرام لە ڕۆژێکدا. هەروەها بۆ ئافرەتانی هەمان تەمەن بریتییە لە ١٫١ میلیگرام لە ڕۆژێکدا، بەڵام بۆ خانمانی دووگیان و دایکانی شیردەر ئەم بڕە بۆ ١٫٤ میلیگرام لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات.

کەمیی ڤیتامین B1 

لە ئەمریکا کەمیی ڤیتامین B1 زۆر کەمە، لەبەرئەوەی بە شێوەیەکی گشتی خەڵکەکان بڕی پێویست لەم ڤیتامینە وەردەگرن. کەمیی ئەم ڤیتامینە بەهۆی خواردنی بڕێکی کەم لەو خۆراکانەی ڤیتامین B1 تێدایە ڕوودەدات، کەمبوونەوەی هەڵمژینی ئەم ڤیتامینە لە ڕیخۆڵەدا بەهۆی هۆکاری تایبەتەوە، لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە ڤیتامین B1 لە ڕێگەی میزەوە بۆ نموونە ئەو کەسانەی ئاڵوودەی ماددە کحولییەکانن یان بەهۆی بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی تایبەتەوە وەکوو دەرمانی میزپێکەر (Diuretic). کەمیی ڤیتامین B1 بە شێوەیەکی سەخت، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشییەک کە بە بێری بێری ناسراوە. بێری بێری دەبێتە هۆی لەدەستدانی ماسولکەکان و کەمبوونەوەی هەستکردن بە دەست و پێیەکان، لەبەرئەوەی ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی تێکچوونی جووڵە و کاردانەوەکانی لەشی مرۆڤ. هەروەها دەکرێت ئەم حاڵەتە شلەمەنی یان ئاو لە پەلەکانی بەشی سەرەوە و دڵدا کۆبکاتەوە، کار دەکاتە سەر هەناسەدانی کەسەکە و جووڵەی چاوەکانی. حاڵەتێکی تر کە بەهۆی زۆر کەمیی ڤیتامین B1 ڕوودەدات بریتییە لە کۆنیشانەی وێرنیک کۆرساکۆف (Wernicke-Korsakoff)، بە شێوەیەکی گشتی ئەم حاڵەتە دوو نەخۆشی جیاوازە. نەخۆشی وێرنیک کار دەکاتە سەر کۆئەندامی دەمار و دەبێتە هۆی تێکچوونی بینین و لەدەستدانی بەکارهێنانی ماسولکەکان پێکەوە، هەروەها کار لەسەر دەروونی کەسەکەش دەکات. ئەگەر نەخۆشی وێرنیک بەبێ چارەسەر مایەوە، واتە چارەسەر نەکرا ئەوا نەخۆشییەکە دەگۆڕێت بۆ کۆنیشانەی کۆرساکۆف. لە کۆنیشانەی کۆرساکۆفدا مێشکی مرۆڤ بۆ هەمیشە توانای هێشتنەوەی بیرەوەرییەکان لەدەست دەدات، واتە بۆ هەمیشە کەسەکە کێشەی بیرەوەری دەبێت. هەردوو نەخۆشییەکە دەکرێت بەهۆی دەرزی یان تەواوکەری خۆراکیی ڤیتامین B1 چارەسەر بکرێت، بەم شێوەیە یارمەتی ماسولکە و توانای بینین دەدات، بەڵام ئەم چارەسەرە یارمەتیدەر نابێت لەو کەسانەی بەهۆی کۆنیشانەی کۆرساکۆف دووچاری تێکچوونی بیرەوەری دەبنەوە. 

ئەو کەسانە کێن ئەگەری تووشبوونیان بە کەمیی ڤیتامین B1 زیاترە 

تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە، نەخۆشکەوتن لەماوەی دووگیانیدا، ئەنجامدانی نەشتەرکاری قەڵەوی و ئەو کەسانەی سیستمێکی خۆراکی ناتەندروست جێبەجێ دەکەن ئەگەریان بە تووشبوونی کەمیی ڤیتامین B1 زیاترە. ئەو کەسانەی بە بەردەوامی خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە بە هەمان شێوە ئەگەری تووشبوونیان هەیە، لەبەرئەوەی ڕێگری لە هەڵمژینی ئەم ڤیتامینە لە ڕیخۆڵەدا دەکات. ئەو کەسانەی بەهۆی خواردنەوەی ماددە کحولییەکان دووچاری کەمی ڤیتامین B1 دەبنەوە، لە ئەنجامدا تووشی حاڵەتێک دەبن پێی دەوترێت وێرنیک کۆرساکۆف، ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەکرێت ببێتە هۆی مردن. هەروەها نەخۆشییەکانی تری وەک HIV، ڕێژەی هەڵمژینی خۆراکە ماددەکان کەم دەکەنەوە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی تووشبوون بە کەمیی ڤیتامین B1. 

ژەهراویبوون بە ڤیتامین B1

ئەگەری تووشبوونت بە ژەهراویبوونی ڤیتامین B1 زۆر کەمە و حاڵەتێکی دەگمەنە، لەبەرئەوەی لە کاتی وەرگرتنی بڕێکی زۆر لەم ڤیتامینە چی لەڕێگەی خۆراکەوە بێت یان تەواوکەری خۆراکی، لەش بڕی پێویستی لێ هەڵدەمژێت و بڕە زیادەکەی لەڕێگەی میزەوە دەکاتە دەرەوەی لەش، بەم شێوەیە تووشی ژەهراویبوون یان زۆری ئەم ڤیتامینە نابیت. 

ڤیتامین B1 و خواردنەوە کحولییەکان 

ئەو کەسانەی ماددە کحولییەکان دەخۆنەوە ئەگەری تووشبوونیان بە کەمیی ڤیتامین B1 زۆر زیاترە بە بەراورد بە کەسێک کحول ناخواتەوە، لەبەرئەوەی ماددە کحولییەکان زیان بە دیواری ڕیخۆڵە باریکە دەگەیەنن، لە ئەنجامدا هەڵمژینی ئەم ڤیتامینە کەم دەبێتەوە و لەش بڕی پێویستی لەم ڤیتامینە پێ ناگات، هەروەها بڕێکی زۆر لەڕێگەی میزەوە دەکرێتە دەرەوەی لەش. لە ئەنجامی خواردنەوەی کحول بە بەردەوامی، دوای یەک بۆ دوو هەفتە نیشانەکانی کەمیی ڤیتامین B1 لە کەسەکەدا دەردەکەوێت.


سەرچاوەکان



1226 بینین