جۆرەکانی خولیا و ناوەکانیان لە زمانی ئینگلیزیدا

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-09-08-14:52:00 - کۆدی بابەت: 10183
جۆرەکانی خولیا و ناوەکانیان لە زمانی ئینگلیزیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی (فایڵ-Phile) لە (Phileein)ـی یۆنانی کۆنەوە وەرگیراوە و وەک نیشانەیەک بۆ ئەو کەسانە دادەنرێت کە حەز و خۆشەویستی و خولیایەکی زۆریان بۆ شتێکی تایبەت هەیە و بە واتای خۆشەویستی دێت. هاوکات لە زمانی ئینگلیزیدا وەک پاشگرێک لەگەڵ ناوی ئەو شتانەی کە کەسەکە حەزێکی زۆری بۆی هەیە دەنووسرێت، بۆ نموونە وەک (ئێنثەفایڵ-Anthophile لە ئینگلیزیدا بۆ کەسێک بەکاردێت حەزێکی زۆری بۆ گوڵ هەبێت).

ئەو وشانەی لە ئینگلیزیدا بۆ جۆرەکانی حەز و خولیا بەکاردێن

  • ئەلیۆرۆفایڵ (Ailurophile): بەو کەسە دەوترێت زۆر پشیلەی خۆشدەوێت.
  • ئەسترۆفایڵ (Astrophile): ئەو کەسەیە کە زۆر حەزی لە ئەستێرەکان و ئەستێرەناسی و هەسارەکانە.
  • ئۆتۆفایڵ (Autophile): ئەو کەسەیە کە زۆر حەزی بە تەنیاییە.
  • بیبڵیۆفایڵ (Bibliophile): ئەو کەسەیە کە حەز و خۆشەویستییەکی زۆری بۆ کتێب هەیە. 
  • سیڕەونۆفایڵ (Ceraunophile): ئەو کەسەیە کە زۆر حەزی لە هەورەبروسکە و هەورەگرمەیە.
  • کەیۆنۆفایڵ (Chionophile): ئەو کەسەیە کە ئاسوودەیی و ئارامی لە کەشوهەوای سارددا دەدۆزێتەوە و زۆری حەز لێیەتی.
  • کڵاینۆفایڵ (Clinophile): ئەو کەسەیە کە زۆر حەزی لە پاڵکەوتن و ڕاکشان و چوونە جێگەی خەوتنە.
  • کۆیمترافایڵ (Coimetrophile): بۆ ئەو کەسە بەکاردێت کە حەزی بە گۆڕستانە.
  • سینەفایڵ (Cynophile): کەسێکە کە سەگی خۆشدەوێت.
  • دێندرۆفایڵ (Dendrophile): ئەو کەسەیە کە زۆر حەزی لە سروشت و دار و دارستانە.
  • دیسکۆفایڵ (Discophile): ئەو کەسەیە کە حەزێکی زۆری بۆ کۆکردنەوەی سیدی و قەوان و تۆمارکەر هەیە.
  • هیلیۆفایڵ (Heliophile): کەسێکە کە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ خۆر و چوونە بەرخۆر هەیە.
  • هێپۆفایڵ (Heppophile): ئەو کەسەیە کە ئەسپی خۆشدەوێت.
  • ڵیمنۆفایڵ (Limnophile): ئەو کەسەیە کە زۆر حەزی لە دەریاچەیە.
  • ڵۆگۆفایڵ (Logophile): کەسێکە کە وشەکانی خۆشدەوێت.
  • نیکتۆفایڵ (Nyctophile): کەسێکە کە تاریکی و شەوی خۆشدەوێت.
  • فۆتۆفایڵ (Photophile): کەسێک کە لە ڕووناکی سروشتیدا هەست بە ئاسوودەیی دەکات و حەزی لێیەتی.
  • پلوڤیۆفایڵ (Pluviophile): کەسێکە کە بارانی خۆشدەوێت و ئاسوودەیی و خۆشیی دەبینێت لە ڕۆژانی باراندا. 
  • پۆگنۆفایڵ (Pognophile): کەسێکە کە زۆر حەزی لە ڕیش و سمێڵە.
  • ڕیترۆفایڵ (Retrophile): بەو کەسە دەوترێت کە زۆر حەزی لە دروستکراوە هونەری و شوێنەوار و جوانکارییەکانی ڕابردووە.
  • سێڵێنۆفایڵ (Selenophile): ئەو کەسەیە کە مانگی خۆشدەوێت.
  • ستیگماتۆفایڵ (Stigmatophile): کەسێکە کە زۆر حەزی لە تاتۆ و سمینە.
  • ثەلاسۆفایڵ (Thalassophile): کەسێکە کە زۆر حەزی لە دەریا و زەریایە.
  • ڵینگوافایڵ (Linguaphile): کەسێکە کە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ زمانە جیاوازەکان هەیە. 
  • سینێفایڵ (Cinephiles): کەسێکە کە شەیدای سینەمایە و فیلمدۆستە و ئارەزووی سەیرکردنی فیلمی هەیە. 
  • ئاڕکتۆفایڵ (Arctophile): کەسێکە کە حەزێکی زۆری بۆ ورچی بچووکی یاریکردن هەیە (بۆ نموونە وەک مستەر بین).
  • ئێرگۆفایڵ (Ergophile): کەسێکە کە زۆر حەزی بە ئیشکردنە.
  • جاوافایڵ (Javaphile): کەسێکە کە زۆر حەزی بە قاوە خواردنەوەیە.
  • نێفۆفایڵ (Nephophile): کەسێکە کە هەورەکانی خۆشدەوێت.
  • نۆتافایڵ (Notaphile): ئەو کەسەیە کە وەک خولیایەک زۆر حەزی لە کۆکردنەوەی پارەی کاغەز و دراوی بانکییە.
  • ئۆرۆفایڵ (Orophile): کەسێکە کە شاخەکانی خۆشدەوێت و حەزی پێیانە.
  • ئۆنایڕۆفایڵ (Oneirophile): ئەو کەسەیە کە زۆر حەزی بە خەونبینینە و هەمیشە بیر لە خەونەکانی شەوانەی دەکاتەوە.
  • گرافۆفایڵ (Graphophile): کەسێکە کە زۆر حەزی بە نامەی دەستنووس و نووسین هەیە.
  • نۆوسیۆفایڵ (Gnosiophile): کەسێکە کە زۆر حەزی بە زانیارییە.
  • گامۆفایڵ (Gamophile): کەسێکە کە زۆر حەزی لە هاوسەرگیرییە.
  • ئایساپترۆفایڵ (Eisoptrophile): کەسێکە کە زۆر حەزی لەوەیە خۆی لە ئاوێنەدا ببینێت.


سەرچاوەکان



509 بینین