ئیبلیس

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-09-10-17:55:00 - کۆدی بابەت: 10194
ئیبلیس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئیبلیس (بە ئینگلیزی: Iblis، بە عەرەبی: إبليس) لە ئایینی ئیسلامدا گەورەی شەیتانەکانە، سەرەتا لە جنۆکە خواپەرستەکان بووە، کاتێک خودا بە فریشتەکانی فەرموو: کڕنووش بۆ ئادەم ببەن، هەموو فریشتەکان کڕنووشیان برد جگە لە ئیبلیس، لە پەروەردگار یاخیبوو و سەرپێچی فەرمانی کرد، خواش سزای دا و لە بەزەیی خۆی دەری کرد، پێشی دەوترێت شەیتان لەبەر ئەوەی وادەکات مرۆڤ لە ڕێگەی ڕاست لابدات و بۆ هەمیشە دوژمنی مرۆڤە تاکوو ڕۆژی دوایی، هەروەها هۆکاری دەرکردنی ئادەم و حەوا بوو لە بەهەشت بەهۆی هاندانیان بۆ سەرپێچی کردنی فەرمانی پەروەردگار و خواردنی بەرهەمی ئەو دارەی خوا لە ئادەمی قەدەغە کردبوو، ئیبلیس بە جنۆکە دادەنرێت چونکە دەتوانێت مرۆڤ ببینێت بەڵام بە پێچەوانەوە مرۆڤ توانای بینینی شەیتان و جنۆکەی نییە.

ئیبلیس واتای چییە؟

ئیبلیس لە زمانی عەرەبیدا لە وشەی (بلس)ــەوە وەرگیراوە کە بە واتای دەرکردن دێت و ئیبلیسیش واتا (دەرکراو لە بەزەیی خوا)، هەندێک لە زمانەوانەکان ئیبلیس بە واتای فریودەر، لە زمانی یۆنانیشدا لە وشەی (Diabolos) وەرگیراوە کە بە واتای شەیتان دێت.

ئیبلیس لە چی دروستبووە؟

خوای گەورە ئیبلیسی لە ئاگر دروست کردووە، بەهۆی ئەوەی خۆی بە گەورەتر و پیرۆزتر بینیوە لە مرۆڤ کە لە قوڕ دروستکراوە سەرپێچی فەرمانی خوای کرد، لەبەر ئەمەش لە بەهەشت دەرکرا و داوای لە خوا کرد کە تا هاتنی ڕۆژی دوایی ئادەم و نەوەکانی هەڵبخەڵەتێنێت و لە ڕێگەی ڕاست لایان بدات، لە سەرەتادا جنۆکەکان لە زەویدا نیشتەجێبوون بەڵام هەموویان خراپەکارییان تێدا ئەنجام دا جگە لە ئیبلیس و بەهۆی ئەمەوە خودا لەناوی بردن و ئیبلیسیشی خستە بەهەشتەوە و لەگەڵ فریشتە باڵاکاندا داینا، ئیبلیس چوار باڵی هەبووە بەڵام دوای ئەوەی نەفرین دەکرێت لەلایەن پەروەردگارەوە شێوەی لە فریشتەوە دەگۆڕێت بۆ شێوەی شەیتان، ملی لە شێوەی ملی بەرازدایە و سەریشی دەگۆڕێت بۆ هاوشێوەی سەری حوشتر و چاوەکانیشی ڕاکێشراون بە هەموو ڕووخساریدا.

بەرجەستەبوونی شەیتان

یەکێک لە تواناکانی جنۆکە یاخود ئیبلیس کە پەروەردگار پێی بەخشیوە بریتییە دەرکەوتنیان لە شێوەی مرۆڤ یان ئاژەڵدا، لە فەرموودەیەکیشدا ئەبو هورەیرە کەسێک دەستگیر دەکات کاتێک هەوڵی دزینی خواردنی دەدا پێغەمبەریش ﷺ دەفەرمووێت: ئەوە شەیتانە، بەڵام هەموو جنۆکەیەک ناتوانێت لە شێوەی کەسێک یان شتێکدا دەربکەوێت، ئەوانەی ئەم توانایەشیان هەیە تەنیا بۆ ماوەی ٤ خولەک دەتوانن لە شێوەیەکدا دەربکەون، دەشێت لە شێوەی ئاژەڵیشدا دەربکەون وەک سەگ و پشیلە و ماری ڕەش، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: سەگی ڕەش شەیتانە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ڕەنگی ڕەش هێز بە شەیتان دەبەخشێت و هێزی گەرمیشی تێدایە، لەبەر ئەم هۆکارەش پێغەمبەرمان ﷺ خەڵکی ئاگادار کردۆتەوە کە ئەو ئاژەڵانە نەکوژن چونکە لەوانەیە جنۆکە بن و موسڵمان بووبێتن.

ئایا شەیتان فریشتەیە؟

شەیتان یان ئیبلیس هەرگیز فریشتە نەبووە بەڵکوو لە جنۆکە خواپەرستەکان بووە و خوای گەورەش ڕێزی لێناوە و بەرزی کردووەتەوە بۆ لای فریشتە باڵاکانی بەهەشت، هەروەها فریشتەکان لە ڕووناکی دروست کراون بەڵام ئیبلیس لە ئاگر دروست بووە، ئیبلیس سەرپێچی فەرمانی خوای کردووە بەڵام فریشتەکان هەرگیز ناتوانن سەرپێچی خوا بکەن.

بەڵێنی ئیبلیس دژی ئادەم و مرۆڤایەتی

دوای ئەوەی ئیبلیس ڕەتیدەکاتەوە کڕنووش بۆ ئادەم ببات خوای گەورەش دەیخاتە بەر نەفرەتی خۆی، تا ڕۆژی لێپێچینەوەش مرۆڤ فریو دەدات و وایان لێدەکات سەرپێچی پەروەردگاری خۆیان بکەن، لە فەرموودەیەکدا پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێت: (تەختی ئیبلیس لە دەریادایە و هەموو ڕۆژێک شوێنکەوتووانی دەنێرێت بۆ هەڵخەڵەتاندنی مرۆڤایەتی).

هەنگاوەکانی هەڵخەڵاتندنی مرۆڤ لەلایەن شەیتانەوە

ئیبن قەیم ئاماژە بەوە دەکات کە شەیتان بە شەش هەنگاو مرۆڤ دەکاتە شوێنکەوتوو و ژێردەستەی خۆی کە بریتین لە: 

  1. هەنگاوی یەکەم: شەیتان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوەڵ و هاوبەش دانان بۆ پەروەردگار کەسەکان لەسەر یەکتاپەرستی هەڵگەڕێنێتەوە، لە ڕێگەی گومانەوە بەرەو بێباوەڕییان دەبات.
  2. هەنگاوی دووەم: هاندانی کەسەکە بۆ داهێنان و گۆڕانکاری لە ئاییندا (بدعة) و جێبەجێکردنی.
  3. هەنگاوی سێیەم: سەرپێچیکردنی خوا لەلایەن کەسەکە و ئەنجامدانی گوناهـ و تاوانی گەورە و هەڵگەڕانەوە لە خوا.
  4. قۆناغی چوارەم: گوناهە بچووکەکان دەڕازێنێتەوە و جوان و بچووکیان دەکاتەوە لەپێش چاو بۆ ئەوەی بە ئاسانی کار لە کەسەکە بکات و هەڵی بخەڵەتێنێت.
  5. قۆناغی پێنجەم: وا لە کەسەکە دەکات لە ئەنجامدانی کارە حەڵاڵەکان بکشێتەوە خۆی بە ڕێگەپێنەدراوەکان و کارە بێسوودەکانەوە سەرقاڵ بکات.
  6. قۆناغی شەشەم: سەرقاڵکردن و هەڵخەڵاتندنی مرۆڤ بەوەی کە شەیتان باشە و کاری چاکەی لەگەڵ دەکات بەهۆی ئەمانەوە وای لێدەکات کڕنووشی بۆ بەرێت.


سەرچاوەکان



856 بینین