چاندنی داری هەنگی دنیا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-09-10-23:03:00 - کۆدی بابەت: 10200
چاندنی داری هەنگی دنیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری هەنگی دنیا (بە ئینگلیزی: Planting loquat tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة الاسکدنیا، بشملة)، هەنگی دنیا ڕووەکێکی بچووکی هەمیشە سەوزە کە دەکرێت هەتاکوو ٦-٩ مەتر گەشە بکات، بەڵام بەگشتی زۆرینەیان سێ مەتر بەرزدەبن، ئەم دارە بەئاسانی گەورەدەبێت و بەرهەمێکی دەبێت کە قەبارەکەی هێندەی هەڵووژەیەکە و تامێکی شیرینی هەیە، شێوەی خڕ یان هێلکەییە و تەنها چەند سانتیمەترێک دەبێت، بەرگێکی تەنکی نەرمی پرتەقاڵی هەیە یاخود ڕەنگی سوور دەبێت، بەشی ژێر بەرگەکەشی بەگوێرەی جۆری دارەکە دەکرێت سپی و زەرد یان پرتەقاڵی بێت، بەری هەنگی دنیا زیاتر وەک میوەیەک دەخورێت بەڵام دەتوانرێت وشکبکرێتەوە یان بۆ دروستکردنی خۆراکیش بەکاربێت.

جێگەی نموونەیی و گونجاو بۆ گەشەکردنی ئەم دارە ناوچەی نیمچە خولگەییە، هەندێکیشیان پێویستیان بە جێگەی گەرمترە، بەگشتی لە جێگەیەکدا کە مزرەمەنییەکان گەشەبکەن ئەوا داری هەنگی دنیاش گەشەدەکات، بەڵام لە ناوچەیەکدا کە کەشوهەواکەی زۆر گەرم یان زۆر ساردبێت ئەوا بەر ناگرێت، جگە لە ئەمانەش ئەگەر لە وەرزی بەرگرتندا ژمارەی بەرهەمەکەی زۆربوو ئەوا پێویستە تەنک بکرێت، بەلابردنی میوە بچووکەکان یاخود کەمکردنەوەی ژمارەی دەستە و کۆمەڵەکان، بۆ ئەوەی ئەوانەی کە دەمێننەوە بە تەواوەتی پێبگەن و بگەنە قەبارەی گونجاوی خۆیان، کاتی گونجاویش بۆ چاندنی ئەم دارە لە وەرزی پاییزدایە، بە چاندنی تۆویش بەئاسانی چەکەرە دەکات و سەوزدەبێت.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • هەڵبژاردنی جێگەیەکی گونجاو کە تیشکی خۆری زۆری هەبێت و پارێزراوبێت لە مەترسی ڕەشەبا و زریانەکان.
  • هەڵکۆڵینی چاڵێک کە هێندەی درێژی ڕەگی نەمامەکە قوڵ بێت و دووهێندەی پانییەکەی فراوان بێت.
  • چاندنی درەختە بچووکەکە و بڵاوکردنەوەی ڕەگەکەی لە چاڵەکەدا.
  • پاشان پڕکردنەوەی چاڵەکە، باشترە نیوەی خۆڵی ئاسایی جێگەکەبێت و نیوەکەی تریشی سەمادی کۆن و بەتەمەن بێت.
  • کوتینەوەی چاڵەکە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەوا لە نێو چاڵەکەدا نەبێت.
  • دواتر ئاودانی و دروستکردنی بەربەستێک بە دەوروبەری چاڵەکەدا کە ببێتە هۆی گلدانەوەی ئاوەکە.
  • هەندێک لە جۆرەکانیشی داری کورتەباڵان و لە ئینجانە و گۆزەی گەورەدا گەشەدەکەن، کە کاتی بەرگرتنیان لە پێش جۆرە گەورەکانەوەیە، بەڵام پێویستە ساڵانە ئینجانەکەی بۆ بگۆڕدرێت و جێگەکەشی گونجاوبێت.

شێوازی گرنگیپێدان

داری هەنگی دنیا پێویستی بە جێگەیەکە کە چەندین کاتژمێر ڕووناکی خۆری بەربکەوێت، دەکرێت هەندێک لە کاتەکانیشی سێبەربێت بەلام دواتر کە بەرهەمی گرت بەباشی پێناگات، جۆری خاکەکەی ئاسایی بێت یاخود وەک لم بێت دارەکە گەشەدەکات، بەمەرجێک کە ئاو بەباشی پێیدا تێپەڕبێت و وشکبێتەوە، هەروەها نابێت خاکەکەی تفت بێت بەڵکو جۆری هاوسەنگ و ترشی پێویستە، دواتر لە هەبوونی هەلومەرجی گونجاودا لەماوەی ١٠ ساڵدا دەگاتە گەشەکردنی تەواو و پێگەیشتن.  

بەگشتی پێویستە خاکەکەی شێداربێت و ئاوی بەڕێکی پێبدرێت، بەڵام لە کاتی هەڵئاوسانی بەرەکەی و پێگەیشتنیدا ئاوی زیاتری پێویستە، هەروەها دەبێت ساڵانە سێ جار بە خاکی دیاریکراو جێگەکەی بەپیتبکرێت و کاتەکەشی لە وەرزەکانی زستان و بەهار لەگەڵ سەرەتای هاوین بێت، بەڵام نابێت لە دوای نیوەی هاوینەوە بێت، ئەگەر دارەکە کاردانەوەی هەبوو و گەشەکردنی زیادە و نائاسایی کرد، ئەوا دەبێت بەپیتکردنی کەمبکرێتەوە و تەنها لە ناوەڕاستی زستاندا ماددەی بۆ زیادبکرێت.  

هەندێک لە جۆرەکانی داری هەنگی دنیا خۆیان دەپەڕێنن و دەنکە هەڵاڵەکانیان دەگوازنەوە، بەڵام زۆرینەیان تەنها بەشێکیان دەپەڕێنن، واتە هەردوو ڕەگەزی نێرینە و مێینە لەهەمان درەختدا بوونی هەیە، بەڵام توانای بۆ گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵە و ژمارەی بەرهەمەکەی کەمترە، بۆیە باشترە چەندین داری هەنگی دنیا لە نزیک یەکتریدا بچێنرێت، کە مەودای نێوانیان بگاتە نزیکەی ٤.٥ مەتر.  

لە تەمەنی ٣-٤ ساڵیدا داری هەنگی دنیا بەردەگرێت، کاتی پێگەشتنی بەرهەمەکەشی لە پاش ٩٠ ڕۆژ لە کرانەوەی تەواوی خونچەکەیەوە دەبێت، بەڵام پێویستە بە تەواوەتی پێبگات پێش ئەوەی لێبکرێتەوە، دواتریش ماوەی مانەوەی لە بەفرگردا بە تەندروستی ١-٢ هەفتەیە دەخایەنێت و دەمێنێتەوە.  

هەروەها ساڵانە لەدوای لێکردنەوەی بەرهەمەکەی پێویستە ئەم دارە هەڵبپاچرێت هەتاکوو لە وەرزی گەشەکردنی نوێدا بەهێزتر ببێت، کە دەبێت هەموو لقە نەخۆش و لاوازەکانی ببڕدرێن، لەگەڵ تەنککردنەوەی لقە ئەستوورەکانی بەشی ناوەڕاستی دارەکە، بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی کە تیشکی خۆر دەگاتە هەموو بەرهەمەکان، کە ئەگەر چەندین جاریش داری هەنگی دنیا هەڵبپاچرێت زیانی پێناگات و ئاساییە.

نەخۆشی و گرفتەکان

هەرچەندە ئەم دارە بە کەمی تووشی گرفت و نەخۆشی دەبێت، بەڵام هێشتا ئەگەری ژمارەیەک مەترسی هەیە وەک ئەمانە:

  • تووشبوونی بە بەکتریا کە دەبێتە هۆی ڕەشبوونی گەڵا و چڵەکانی، بۆ ئەمەش پێویستە تەنها لقە زیان پێگەیشتووەکان لاببرێن و بگەیەنرێنە لقە ساغ و تەندروستەکان، دواتر چاودێری تەواوی دارەکە بکرێت.
  • مێشی میوەی کاریبی دەکرێت هێرش بکاتە سەر دارەکە، کە تەنها بە ڕشتنی ماددەی قڕپێکەر دەکرێت ڕێگری لە دروستبوونی مەترسی و زیان بکرێت.
  • یاخود دەکرێت باڵندەکان میوەکەی بخۆن، بەڵام بە دانانی داو و تۆڕی تایبەت یان داپۆشینی میوەکان بە بەرگ ئەوا بەرهەمەکەی دەپارێزرێت.


سەرچاوەکان

77 بینین