فریشتەکان

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-09-11-23:40:00 - کۆدی بابەت: 10224
فریشتەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فریشتەکان (بە ئینگلیزی: Angels، بە عەرەبی: الملائکة)، یەکێکن لە دروستکراوەکانی خوا لە ئایینی ئیسلامدا، کە لە ڕووناکی بەدیهێنراون، خواپەرستی ئەنجام دەدەن و فەرمانەکانی خوا جێبەجێ دەکەن و سەرپێچی ناکەن و ڕێز لە مرۆڤەکان دەگرن، ناخۆن و ناخۆنەوە، بێزار و ماندوو نابن، تەنیا پەروەردگار ژمارەیان دەزانێت، بڕواکردن بە هەبوونی فریشتەکان بنەماکانی باوەڕە لە ئیسلام و ڕەتکردنەوەی بوونیان لە گوناهە گەورەکانە، هەر یەکێکیان فەرمان و پیشەی تایبەتییان پێ سپێرراوە لەلایەن خوای گەورەوە.

فریشتەکان لە ئیسلامدا

هەموو مسوڵمانان بڕوایان وایە کە فریشتەکان دروستکراوی بەڕێزی خودان، ئەوان دەنێردرێنە سەر زەوی بۆ گەیاندنی پەیامی خوا بە پێغەمبەران، هەروەها پێیان وایە کە باوەڕداری فەرزە و ئەرکی سەرشانیانە، تەنیا خاوەنی ئەو توانایەن کە خوا پێی بەخشیون، باوەڕکردن بە فریشتەکان ئەمانە دەگرێتەوە:

  • باوەڕکردن بە بوونیان.
  • باوەڕکردن بەو فریشتانەی ناویان هێنراوە وەک: جوبرەئیل، باوەڕکردن بەبوونی ئەو فریشتانەش کە ناویان نەهێنراوە.
  • باوەڕکردن بەو تایبەتمەندییانەیان کە باسکراون.
  • باوەڕکردن بەوەی فرمانەکانی پەروەردگار جێبەجێ دەکەن وەک: سوپاسگوزاری و یەکتاپەرستی بە شەو بە ڕۆژ بێ ماندووبوون.

تایبەتمەندییەکانیان

فریشتەکان پیرۆزن و لە ڕووناکی دروستکراون ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی بێ توانا بن لە خراپەکاری، پەروەردگار باڵی پێ بەخشیون و پێغەمبەریش ﷺ لە وەسفی جوبرەئیلدا دەفەرموێت: شەش سەد باڵی هەیە، مرۆڤەکان لە توانایاندا نییە فریشتەکان ببینن جگە لە پێغەمبەران لە کاتێکدا کە خوا پەیامی بۆ دەناردن، پێغەمبەر محەمەد ﷺ دوو جار جوبرەئیلی بینیوە، یەکەم جار لە ئەشکەوتی حەرائدا، دووەم جاریش لە گەشتی ئیسرا و میعراجدا کە لە قورئانیشدا ئاماژەی پێدراوە، ئەوان شەرم لە مرۆڤەکان دەکەن و ڕێزیان دەگرن بەتایبەت مرۆڤە چاکەکارەکان و ئەوانەی لە پێناو سەرخستنی ئایینی خوا تێدەکۆشن، هەروەها ئەوان پڕن لە جوانی و پاکی و زانست و کارەکانیان بەبێ هەڵە و بە ڕێکوپێکی ئەنجام دەدەن، دەشتوانن خۆیان بخەنە سەر شێوەی پیاو یان شێوەی خۆیان دەگۆڕن بەپێی ئەو فەرمانەی خوای گەورە داوایان لێدەکات، فریشتەکان بە پێچەوانەی مرۆڤەکانەوە باسی ڕەگەزیان ناکرێت، خواردن و خواردنەوە ناخۆن و هەرگیز ماندوو نابن.

فەرمانی فریشتەکان

فریشتەکان بەردەوام خەریکی ئەنجامدانی پەرستن و بەندایەتی کردنی خوای گەورەن بەبێ ماندووبوون و بێزاربوون و ملکەچن بۆ پەروەردگاری خۆیان، بەردەوام خەریکی یادکردنەوە و ستایشکردنی خوای گەورەن، لە قورئانی پیرۆزیشدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەشت فریشتە بەرپرسن لە هەڵگرتنی تەختی خوای گەورە، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (خوای گەورە فریشتەیەک بۆ تۆوی مرۆڤ دەنێرێت و وێنای دەکات، توانای بیستن و بینایی پێدەبەخشێت، پێست و گۆشت و ئێسکەکانی دروست دەکات، پاشان داوا لە خوا دەکات کە چ ڕەگەزێک بێت، پەروەردگاریش فەرمان دەکات بە ئەنجامدانی ئەوەی کە دەیەوێت)، ئەرکێکی تریان ئەوەیە ڕێگای ڕاست نیشانی مرۆڤەکان بدەن و هانیان بدەن بۆ چاکەکردن و ئەوان نوێژ لەسەر باوەڕداران دەکەن، بە پێچەوانەشەوە جنۆکەکان مرۆڤەکان بۆ خراپەکردن هاندەدەن، هەموو مرۆڤێک دوو فریشتە لەسەر شانەکانی نیشتەجێن و هەموو کار و کردەوەکان تۆمار دەکەن و بە وردەکارییەوە دەینووسنەوە فریشتەیەکیش بەرپرسە لە پاراستنی خۆی و نزاکانی، یەکێک لە فریشتەکان بەرپرسە لە گیان کێشان لە جەستەدا و خوای گەورەش لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی بەوە داوە دوای تەواوبوونی ماوەی تەمەنی کەسێک فریشتەی گیان کێشان ڕۆحی لە جەستەی جیادەکاتەوە و پاشان دەیگەڕێنێتەوە بۆ لای پەروەردگار، چەند ئەرکێکی تریشیان هەیە بەرامبەر بە بێباوەڕان ئەنجامی دەدەن، دیارترینیان سزادانە بەسەر بێباوەڕان، وەک لەناوچوونی خەڵکی لوط و نەفرەتکردن لە بێباوەڕان و ئەوانەی گوناهـ و تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن.

ئەو فریشتانەی ئاماژەیان پێکراوە

فریشتەکان ژمارەیان یەکجار زۆرە، بەڵام تەنیا ناوی هەندێکیان لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە و باس لە تایبەتمەندی و فەرمانەکانیان کراوە کە بریتین لە:

  1. جوبرەئیل: زیاتر لە جارێک ناوی لە قورئاندا هاتووە خوای گەورەش دەربارەی فەرموویەتی: (ئەو زانستەی جوبرەئیل هەڵی دەگرێت خاوەنی هێزێکی زۆرە)، بە گەورەی فریشتەکان دادەنرێت و سروش و پەیامی خوا دەگەیەنێت بە پێغەمبەران، لە ئەشکەوتی حەرائـ پێغەمبەر محەمەد ﷺ دەبینێت و قورئانی پیرۆزی پێ ئاشنا دەکات، مژدەی لەدایکبوونی یەحیای بە پێغەمبەر زەکەریا ﷺ و مژدەی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا ﷺ بە مەریەم داوە.
  2. ئیسرافیل: ئەو فریشتەیەیە لە کاتی هاتنی ڕۆژی دواییدا فوو دەکات بە کەناڕەدا و هەموو جیهان تێکدەچێت و زەوی دەهەژێت و دروستکراوەکان لە گۆڕەکانیان بەخەبەر دەهێنێت و بەرەو مەیدانی ڕۆژی دواییان دەبات.
  3. فریشتەی گیانکێشان: بەرپرسە لە جیاکردنەوەی ڕۆحی بوونەوەران لە جەستەیان و گەڕاندنەوەیان بۆ لای خوا.
  4. میکائیل: ئەرکی باراندنی باران و سەوزکردن و پێگەیاندنی ڕووەکەکانی لەسەر شانە، هەروەها یەکێکە لە بەڕێزترین فریشتەکان لای پەروەردگار.
  5. مالیک: دەرگاوانی دۆزەخە.
  6. ڕیزوان: دەرگاوانی بەهەشتە.
  7. مونکەر و نەکیر: دوو فریشتەن ئەرکیان لێپرسینەوە لە مردووەکان لەناو گۆڕەکانیاندا، دەربارەی خوا و پێغەمبەر و ئایینی مردووەکە لێپرسینەوە دەکەن.
  8. هارووت و مارووت: دوو فریشتەن ناویان لە قورئاندا هاتووە و دابەزیونەتە سەر خاکی بابل.
  9. ڕەعد: بەرپرسە لە هەورەکان و دروستکردنی هەورە بروسکە لە ئاگر لەو کاتەی پەروەردگار فەرمانی پێ دەکات.
  10. فریشتەی کێوەکان: فریشتەیەکە چیا و کێوەکانی پێ سپێردراوە.
  11. هەڵگرانیی تەختی خوا: هەشت فریشتەن بەرپرسن لە هەڵگرتنی تەختی پەروەردگار.

ئەرکی مسوڵمان بەرامبەریان

مسوڵمانانیش هەندێک ئەرکیان لەسەر شانە بەرامبەر فریشتەکان، ڕێزگرتن و ناوهێنانیان بەڕێزەوە و هەروەها دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی وشەی خراپ بەرانبەریان، هەروەها فریشتەکان تەنیا دەچنە شوێنە پیرۆزەکانەوە کە نوێژ و چاکەی تێدا ئەنجام دەدرێت و ناچنە ماڵێکەوە سەگ و وێنە و پەیکەری تێدا بێت، دوورکەوتنەوە لە تف ڕۆ کردنە سەر زەوی لە کاتێکدا کەسێک خەریکی نوێژکردنە چونکە ئەم ڕەفتارانە فریشتەکان دوور دەخەنەوە.


سەرچاوەکان



1737 بینین