مزگەوتی گەورەی لاهۆر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-15-22:37:00 - کۆدی بابەت: 10267
مزگەوتی گەورەی لاهۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مزگەوتی گەورەی لاهۆر (بە ئینگلیزی: Grand Jamia Mosque Lahore، بە عەرەبی: الجامع الكبير لاهور)، مزگەوتێکە دەکەوێتە شارۆچکەی بەحریە لە لاهۆر، لە پاکستان. ئەم مزگەوتە سێیەم گەورەترین مزگەوتە لە پاکستان و چواردەیەم گەورەترین مزگەوتە لە جیهاندا، لەگەڵ ئەوەشدا جێگای ٧٠ هەزار نوێژخوێن لەم مزگەوتەدا دەبێتەوە.

ئەم مزگەوتە لەلایەن نایار عەلی دادا (Nayyar Ali Dada) دیزاینکراوە، لە جەژنی قوربان و لە ٦ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ـدا کرایەوە، لە بەشی ناوەوەی مزگەوتەکەدا جێگەی ٢٥ هەزار نوێژخوێن دەبێتەوە، لە کاتێکدا لە حەوشە و ڕاڕەوەکەیدا کە دەچێتەوە سەر هۆڵە سەرەکییەکان بە شێوەیەکی گشتی جێگەی ٧٠ هەزار نوێژخوێن دەبێتەوە. بیناسازییەکەی لە ژێر کاریگەریی مزگەوتی بەدشاهی و مزگەوتی وەزیر خان لە پاکستان و مزگەوتی شێخ زاید لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیدا بووە، تێچووەکەشی بە زیاتر لە چوار ملیار روپیە دەخەمڵێندرێت (یان نزیکەی ٣٩ ملیۆن دۆلار).

پێکهاتەی مزگەوتەکە چوار منارە لەخۆ دەگرێت کە بەرزی هەریەکەیان ١٦٥ پێیە و ڕووکاری دەرەوەی مزگەوتەکە بە چوار ملیۆن کاشی موڵتانی دەستکرد ڕووپۆشکراوە. ناوەکەشی بە فەرشی دەستکرد ڕازاوەتەوە کە لە وڵاتی تورکیاوە هاوردەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە زیاتر لە ٥٠ سورەیا (چلچرا) ڕووناککراوەتەوە کە لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردەکراون. یەکێک لە نهۆمەکانی ئەم مزگەوتە لە مۆزەخانەیەکی میراتی ئیسلامی پێکهاتووە کە کۆمەڵە قورئانێکی دەگمەن، کتێبخانەیەکی ئیسلامی و هەروەها پێشەنگایەکی نیگارکێشی ئیسلامی کە بەرهەمی هونەری جۆراوجۆری کۆنی تێدایە. زیاتر لە چوار ملیۆن کاشی مۆزاییکی دەستی موڵتانی لە ڕووبەری ڕووی مزگەوتەکەدا بەکارهاتووە.

دیزاین

بنکەی تەواوی پێکهاتەی مزگەوتەکە ٢٠ پێ لە سەرووی زەویەوە بەرزکراوەتەوە، سەربانەکەشی بۆ ٨٠ پێ بەرزکراوەتەوە و قوبەیەکی گەورە لە بەشی ناوەڕاستدا دانراوە کە بە ٢٠ قوبەی بچووکتر دەورە دراوە. قوبەی ناوەندی گەوهەری تاجی ئەم هونەرکارییە ناوازەیە، کە بەرزییەکەی ٤٠ پێیە و پانییەکەی ٥٠ پێ. هەروەها مزگەوتەکە شەش دەرگای داری شێوە کەوانەیی هەیە.

تەلارسازی خۆماڵی لە هەموو کەرەستە ناوخۆییەکاندا نەخشێنراوە، ڕەنگدانەوەی جەوهەری ڕاستەقینەی تەلارسازی هیندۆ-ئیسلامییە بە تێکەڵەیەکی دەوڵەمەند لە توخمە مۆدێرنەکان. پێکهاتە سەرەکییەکە لە "خشتی گوتکا" دروستکراوە کە لە "مولتانی میتی" تایبەت دروستکراوە بۆ دوورکەتنەوە لە نیراتی پۆتاسیۆم کە بەگشتی لە خشتی لاهۆردا هەیە. پێکهاتەی خشتەکە بەزۆری بە هونەری مۆزاییک کاشی ڕەنگ ڕوون ڕازاوەتەوە، بە چەند شێوەیەکی ئەندازەیی و وێنەی گەڵا و لق و پۆپ نمایشکراوە. بە شێوازێک دیزاینکراوە ببێتە تەلارسازییەکی سەرسامکەر کە هەریەک لە ستایلی هونەری ئیسلامی کۆن و مۆدێرن بەرجەستە بکات.

مەڕمەڕێکی سپی یۆنانی و ئیتاڵی ڕووی دەرەوەی داپۆشیوە، لە کاتێکدا بەشی ناوەوەی به دەستنووسی ئیسلامی ڕازێنراوەتەوە. ٤٫٥ ملیۆن کاشی سیرامیکی دەستی لەلایەن وەستاکانەوە بە دەست دانراون، کە ماوەکەی تەنها چوار ساڵی خایاند. منارەکانی شێوە هەشت لایین و بەرزی هەریەکەیان ١٦٥ پێیە و هونەرکارییەکی جوان دەخاتەڕوو. بنکەی هەر منارەیەک ٤ دەرگای داری شێوە کەوانەیی هەیە کە بە هونەری مۆزاییکێکی ڕەنگ ڕوون ڕازێنراونەتەوە و تا سەرەوەی پێکهاتەکە بەرز دەبنەوە. هەر منارەیەک باڵکۆنی داری هەیە کە لە “شیشام” دروستکراوە و بەشی سەرەوەشیان چەتری شێوە کووپۆکەن.

دیمەنی حەوشەکەشی بە شێوازی تایبەتی "شارباغ" دیزاینکراوە، کە شێوازی باخچەیەکی فارسییە و لە زۆرێک لە مزگەوتە گەورەکانی نیمچەکیشوەردا دەبینرێت. باخچەی شێوە چوارگۆشەیی بەسەر چوار بەشدا دابەشکراوە، لەڕێگەی چوار ڕێڕەوی ڕۆیشتنەوە کە لە ناوەڕاستیاندا فوارەیەکی ئاوی جوانی تێدایە.


سەرچاوەکان



268 بینین