ئەتڵانتس

له‌لایه‌ن: - کەژان حیکمەت کەژان حیکمەت - به‌روار: 2022-09-17-23:45:00 - کۆدی بابەت: 10290
ئەتڵانتس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شاری ئەتڵانتس (بە ئینگلیزی: Atlants، بە عەرەبی: اطلانتس) هەروەها ناسراوە بە ئەتلانتیکا (بە ئینگلیزی : Alantica)، دەوترێت یەکێکە لە دوورگە ئەفساناوییەکان لە زەریای ئەتڵەسی بەتایبەتی دەکەوێتە بەشی ڕۆژاوای سەر بەگەرووی شاخی تارق. نزیکەی ٢٥٠٠ ساڵ ئەفسانەی ئەتڵانتس بڵاوبووەتەوە، ئەم ئەفسانە بۆ ئاماژەکردن بە کۆمەڵیک لە سەرکەوتنی جیاوازبووە لە بوارەکانی ئەندازیاری یان تەلارسازی و بیناکاری و هێزی سوپا یاخود سەرچاوە سروشتییەکان. پێناسەیەکی تری ئەتڵانتس ئەوەیە کە ناوچەیەکە هێندەی قەبارەی کیشوەرێک دەبێت، کە زۆر لە ڕووەکەکان، گیانەوەرەکان، ئاوی سازگار، خاکێکی بەپیت و زۆر لە تایبەتمەندی دیکە لەخۆدەگرێت.

چیرۆکی شاری ئەتڵانتسی ونبوو

بۆماوەی چەندین ساڵ چیرۆکی شاری ئەتڵانتس و شارستانییە ونبووەکەی هزری مرۆڤی داگیر کردووە، هیچ زانیارییەک یان پاشماوەیەکی مێژوویی بە دەست نەکەوتووە، بەڵام یەکەم دەرکەوتنی ئەم چیرۆکە دەگەڕێتەوە بۆ وەسفێکی فەیلەسوفی یۆنانی ئەفلاتوون ئەویش لەڕێگەی بەرهەمێکی گفتوگۆ بوو لەژێر ناونیشانی تیمایوس، کە بەرهەمەکە باس لە گفتوگۆیەکی نێوان سوقرات و فیساگۆرس دەکات، لەم وتووێژە یەکێکی سۆفی بەناوی کریتیاس باسی شاری ئەتڵانتسی کردووە.

تایبەتمەندێتی ئەتڵانتسی ونبوو

فەیلەسوفی یۆنانی ئەفلاتوون وەسفێک دەربارەی شاری ئەتڵانتس دەخاتەڕوو کە باشترین شوێنە کە ئەندازیارەکان و تەلارسازەکان تێدا دەژین، هەروەها کۆمەڵیک لە بەندەر و پەرستگا و کۆشک لەخۆ دەگرێت. ئەتڵانتس لەسەر شێوەی گردێک بنیادنراوە کە لە چواردەورییەوە بە ئاو دەورەدراوە لەسەر شێوەی ئەڵقە کە لە ڕێگەی  تونێلەوە پێکەوە بەرستراونەتەوە ئەمەش بەشداری دەکات لە ڕێگەدان بە کەشتییەکان کە تێیدا بڕۆن، چونکە ئەم ئەڵقانەی ئاو پێکەوە یەکدەگرن و کەناڵیکی گەورەی ئاو پێکدەهێنن پاشانیش دەگەن بە زەریا.

ئەفسانەی ئەتڵانتسی ونبوو

ئەفلاتوون لە بەرهەمەکانی ئاماژە بەوە دەکات کە شاری ئەتڵانتسی ونبوو خواوەندی دەریایی یۆنانی بوسیدون فەرمانڕەوایەتی شارەکەی کردووە، ئەم دەستەواژەی دەربڕینی خۆی بۆ هاوسەرەکەی بەکارهێناوە ئەویش بە دروستکردنی خانوویەکی گەورە بۆی لەسەر یەکێک لە گردەکان. ئەفلاتوون ئاماژەی بەوە کردووە کە دانیشتوانی ئەم شارە لە ئەندازیار پێکدێت، کە خاوەنی جۆرەها تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بوون، سەبارەت بە دانیشتوانی چینی دەوڵەمەند ئەوان لە چیاکان نیشتەجێبوون. ئەفسانەی شاری ئەتڵانتس بە توڕەبوونی خواوەند زیوس کۆتایی دێت، بەڵام ئەم کۆتاییە ئەوە نازانێت کە زیوس بڕیاری لەناوبردنی شاری ئەتڵانتسی داوە یان نا، بەڵام بەسە باس لە بەڵێنی زیوس بکەین بۆ فێرکردنی وانەیەکی توندوتیژی ئەتڵەسی.

تیۆرییەکان دەربارەی ئەتڵانتسی ونبوو

چەندین تیۆری هەن دەربارەی شاری ئەتڵانتسی ونبوو، کە ئارەزووی ئەوە بوون هۆکاری نەمانی ئەم شارە بخەنەڕوو، هەروەها یارمەتیدەر بوون بۆ کێشانی وێنەیەک سەبارەت بە شێوە و سروشتییەوە. ئەم هۆکارەنەش یەکێکن لەگرنگترین تیۆرییەکان :

  • ئەتڵانتس کیشوەرێک بووە: یەکێکە لەو تیۆرییانەی کە ئاماژە بە شاری ئەتڵانتس دەکات کە کیشوەرێک بووە لە زەریای ئەتڵەسی و تووشی نقومبوونێکی لەناکاو بووە، ئەم تیۆرییە بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەتڵانتس شوێنێکە لە ڕاستیدا بوونی هەبووە و تەنها ئەفسانەیەک نەبووە لەلایەن ئەفلاتوونەوە، ئەم تیۆرییە لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەم دەرکەوت لەلایەن کتێبی نووسەر ئیگناتیۆس دۆنێلی بەناونیشانی (ئەتڵەسی– جیهانێک پێش لافاو)، ئەم کتێبە مشتومڕێک دەربارەی ئەو دەستکەوتنانە لەخۆ دەگرێت کە لە جیهانی کۆندا دەرکەوتوون، نووسەر دەیبەستێتەوە بە شارستانییەک کە ژینگەیەکی پێشکەوتووی هەبووە. دۆنێلی وەسفێکی بۆ ئەتڵانتس کردووە کە دەڵێت کیشوەرێک بووە بەهۆی ئاوەوە نقوم بووە، بە پشتبەستن بەو شوێنەی کە ئەفلاتوون لە زەریای ئەتڵەسیدا دیاریکردووە، کە بە بەردەکانی گەرووی شاخی تارق دەناسرێت.
  • ئەتڵانتس برییتیە لە ئەنتارتیکا: تیۆرییەکە ئاماژە بە ئەتڵانتس دەکات کە تەنها وێنەیەکی پەرەسەندوو بووە لە ئەنتارتیکای ئێستا، ئەم تیۆرییەش بۆ چارلز هابۆد دەگەڕێتەوە لەڕێی یەکێک لە بڵاوکراوەکانی لە ساڵی ١٩٥٨ی زایینی ئەویش لەژێر ناونیشانی (توێکڵی گۆڕاو)، بەمەش هابۆد پێی وایە کە توێکلی زەوی گۆڕانی بەخۆوە بینیوە نزیکەی پێش ١٢٠٠٠ ساڵ، لە ئەنجامدا ئەنتارتیکا شوێنەکەی گۆڕا بۆ شوێنێکی زۆر دوور، هەروەک دەوترێت ئەم کیشوەرە یەکێک لە پێشکەوتووترین شارستانیەتی پێک هێناوە، گۆڕانکاری شوێنەکەی بووەتە هۆی ناشتنی شارستانییەتی ئەتڵەسی لەژێر سەهۆڵدا.
  • ڕۆمانی ئەفسانەیی: تیۆرییەکە دەڵێت شاری ئەتڵانتس تەنها شوێنێکی خەیاڵییە و هیچی تر، سەبارەت بە چیرۆکی لە دەستدانی لە ڕووداوێکی مێژوویەوە وەرگیراوە، بەستراوەتەوە بەو لافاوەی کە کاریگەری لەسەر دەریای ڕەش هەبووە ساڵی ٥٦٠٠ پێش زایین. دەریای رەش لەو سەردەمەدا بریتیبوو لە دەریاچەیەك لە نیوەی قەبارەی ئێستای بوو، کە زۆر لە شارستانییەت لە دەوریدا بڵاوبووبوویەوە ىەڵام تووشی ئەو لافاوانە بوون کە لە دەریاکەوە هاتن.
  • ئەتڵانتس لە سێگۆشەی بەرمۆدا ونبووە:ئەم تیۆرییە لە یەکێک لە بیرۆکەکانی نووسەر دۆنیلییەوە وەرگیراوە، زۆرێک لە نووسەران ئارەزووی لێکۆڵینەوە و دامەزراندنی تیۆری بوون دەربارەی ئەتڵانتس، یەكێک لە گرنگترین لەو نووسەرانە چارلز بێرلیتس بوو، کە چەندین کتێبی دەربارەی دیاردە و ڕووداوە سەروو سروشتییەکانەوە نووسیوە، یەكێک لەو پێشبینیانەی کە بێرلیتس ئاماژەی پێکردووە ئەوەیە کە بەڕاستی ئەتڵانتس بوونی هەیە ، یەکێکە لەو کیشوەرانەی دەکەوێتە بەرامبەر دوورگەکانی بەهاما، بەڵام لە سێگۆشەی بەرمۆدا دیار نەماوە، ئەوانەی پشتگیری ئەم تیۆرریە دەکەن ئاماژە بەوە دەکەن کە شوێنەواری دیوار و ڕێگەیان لە کەناراوەکانی بیمینی دۆزیوەتەوە، بەڵام زاناکان لێکۆڵینەوەیان لەم دیوار و ڕێگایانە کرد توانیان بگەن بەوەی کە تەنها چەند شێوەیەکی سروشتین.
  • شارستانییەتی مینۆکان برییتیە لە ئەتڵانتس : تیۆرییەکە ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەتڵانتس برییتیە لە شارتانییەتی مینۆکان کە لە ماوەی ساڵانی ١٦٠٠ بۆ ٢٥٠٠ پێش زایین دۆزراوەتەوە، ئەم شارستانییەتە لە دوورگەکانی تێرا و کریت دەرکەوتووە کە یەکێکن لە دوورگەکانی یۆنان. خەڵکی شارتانییەتی مینۆکان سەر بە فەرمانڕەوای مینۆس بوون، هەروەک چۆن ئاماژە دەکرێت کە یەکەمین شارتانییەتە لە کیشوەری ئەورووپا، کە زۆرێک لە ڕێگا و قەڵای جوانی لەخۆ گرتووە.
  • داهێنانی ئەفلاتوون بۆ ئەتڵانتس: ئەو تیۆرییەیە کە ئەفلاتوون و داهێنانی بۆ شاری ئەتڵانتس دەبەستێتەوە، واتە لە ڕاستیدا بوونی نەبووە، بەڵکو لە دەرئەنجامی بیرۆکەکانی ئەفلاتوونەوە دەرکەوتووە، کە باسەکانی دەربارەی ئەتڵانتس جگە لە خەیاڵێک هیچی تر نین.


سەرچاوەکان

110 بینین