سولەیمانی حەلەبی

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-09-17-23:52:00 - کۆدی بابەت: 10293
سولەیمانی حەلەبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سولەیمانی حەلەبی (بە عەرەبیسليمان الحلبي، بە ئینگلیزی: Suleiman al-Halabi کوردێکی دانیشتووی شاری حەلەب بوو کە لە ساڵی ١٨٠٠ کوژرا بەھۆی کووشتنی ژەنەراڵی باڵای ھێزەکانی فەڕەنسا ژان باپتیست کلیبەر لە میسڕ کە ئەرکەکەی گرتبووە دەست دوای گەڕانەوەی ناپلیۆن بۆ فەڕەنسا. سولەیمان سزادرا بە سووتاندنی دەستەکانی تا ئێسکەکانی و دواتر کووشتنی بە ھەڵدڕین.

سولەیمانی حەلەبی
لەدایکبوون  ١٧٧٧، حەلەب، سووریا
مردن  ١٨٠٠، میسر
هۆکاری مەرگ سووتاندن، هەڵدڕین، سەربڕین
پیشە خوێندکاری توێژینەوەی ئایینی
ئایین ئیسلام
خوێندکار زانکۆی ئەزهەر
ناسراو بە تیرۆرکردنی ژەنەراڵی فەڕەنسی ژان باپتیست کلیبەر

ژیان

سولەیمانی حەلەبی ساڵی ١٧٧٧ لە حەلەبی سووریا لەدایکبوو لە خێزانێکی کوردی بەناوی قوس قۆپار. باوکی بەناوی محەمەد ئەمین بازرگانی کەرە و زەیتوون بوو. ساڵی ١٧٩٧ باوکی سولەیمانی نارد بۆ میسر بۆ خوێندنی زانستی ئیسلامی لە زانکۆی ئەزھەر. ساڵی ١٨٠٠ و لە تەمەنی ٢٣ ساڵی سولەیمان ژەنەڕاڵی فەڕەنسی ژان باپتیست کلیبەری تیرۆرکرد کە تازە شوێنی ناپلیۆن پۆناپارتی گرتبووەوە وەک ژەنەڕاڵی باڵای ھێزەکانی فەڕەنسا لە میسر. لەپێناو نزیکبوونەوە لە ژەنەڕاڵە فەڕەنسییەکە سولەیمان خۆی وەک سواڵکەرێک پیشاندا و دوای نزیکبوونەوە لێی بە چەقۆیەک ھێرشی کردەسەری.

تیرۆرکردن و دادگایی و کووشتن

ڕۆژی ١٤ـی حوزەیرانی ١٨٠٠ سولەیمانی حەلەبی لە ماڵی ژەنەڕاڵ کلیبەر نزیکبوویەوە لەشێوەی سواڵکەرێکدا و داوای بینینی ژەنەڕاڵەکەی کرد. کاتێک لەیەک نزیکبوونەوە کلیبەر دەستی درێژکرد بۆ سولەیمان تاوەکو ماچی بکات بەڵام لە جیاتییدا سولەیمان ژەنەڕاڵەکەی بۆ خۆی ڕاکێشا، بەتوندی و چوار جار بە چەقۆیەکی تیژ لێیدا. یەکێک لە ھاوەڵەکانی کلیبەر ھەوڵی دا بەرگری بکات بەڵام سولەیمان ئەویشی بریندار کرد گەرچی برینەکەی سەخت نەبوو.

سولەیمان خۆی شاردەوە، بەڵام لەلایەن سەربازانی فەڕەنسا دۆزرایەوە لەگەڵ چەقۆکەیدا. سولەیمان دەستگیرکرا و ئەشکەنجەدرا بەڵام ڕەتیکردەوە ھیچ پەیوەندییەکی ھەبێت بە شێخ عەبدوڵڵا شەرقاوی یان ھەر ڕێکخراوێکی دژ بە داگیرکاری فەڕەنسی لە میسڕ. سولەیمان دادگایی کرا و سزادرا بە ھەڵدڕین لە ڕۆژی ناشتنی ژەنەڕاڵ کلیبەر. پێش کووشتنی سولەیمان سەرجەم ئەو کەسانەی تر کە تاوانبار کرابوون بە ھاودەستی لەگەڵ سولەیمان، بە بەرچاویەوە سوتێنران و دواتر سەریان لە لاشەیان کرایەوە. دوای ئەوەی نۆرەی سولەیمان ھات دەستەکانی سوتێندران تاکوو ئێسکەکانی دەستی بەدەرکەوتن کرد و دواتر بە ھەڵدڕین کوژرا بەڵام بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر گیانی دەرنەچوو و بە ئازارەوە دەیناڵاند. دوای مردنی سەری سولەیمان لە لاشەی جیاکرایەوە و لەئێستادا کەلەسەری سولەیمان لەگەڵ چەقۆکەی لە پاریس نمایش دەکرێن و بە فەڕەنسی لەسەریان نووسراوە "تاوانبار".


سەرچاوەکان



231 بینین