نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-09-18-23:35:00 - کۆدی بابەت: 10300
نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان (بە ئینگلیزی: sexually transmitted diseases)، (بە عەرەبی: الأمراض المنقولة جنسيا)، کۆمەڵێک نەخۆشیین کە لە ڕێگەی سێکسەوە دەگوازرێنەوە. ئەم نەخۆشییانە زیاتر بە کورتکراوەی (STD) دەناسرێن. دەکرێت هۆکاری نەخۆشییەکە ڤایرۆس، بەکتریا، مشەخۆر بێت. پیاوان و ژنان هەردووکیان دووچاری ئەم نەخۆشییە دەبنەوە. بەڵام بەگشتی ئەم نەخۆشییە زیاتر کاریگەری لەسەر ژنان هەیە وەک لە پیاوان. ئەویش بەهۆی ئەوەی کۆئەندامی زاوزێی ژنان ئاڵۆزترە و لە بەشی زیاتر پێکهاتووە. ساڵانە خەڵکێکی زۆر دووچاری ئەم نەخۆشییانە دەبنەوە، بەگشتی نەخۆشییەکی مەترسیدارە و ئەگەر زوو چارەسەری بۆ وەرنەگیردرێت، لێکەوتەی خراپی لێ دەبێتەوە. تووشبوون بە ئەم کۆمەڵە نەخۆشییە لەوانەیە بێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە، یاخود تەنانەت مردنی کەسەکەش. باشترین ڕێگا بۆ دوورکەوتنەوە لەم نەخۆشیانە بریتییە لە دوورکەوتنەوە لە کاری ناشەرعی. 

جۆرەکانی

کلامیدیا

کلامیدیا (بە ئینگلیزی: chlamydia) بەهۆی بەکتریای کلامیدیا ترایکۆماتیسەوە کۆئەندامی زاوزێی کەسەکە تووش دەکات. بەڵام دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ کۆم، گەروو، چاوی کەسەکە. گشتی زۆرینەی ئەوانی تووشی دەبن هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانن کەسانی تر تووش بکەن. بەڵام ڕەنگە ئەم نیشانانە دەربکەوێت لە نەخۆشەکاندا:

  • هەبوونی دەردراوی زەرد لە زێدا
  • ئاوسانی زێ
  • ئازار لە کاتی جووتبووندا
  • ئازار لە بەشی خوارەوەی سک
  • هەوکردنی ملی منداڵدان
  • میزەچرکێ و ئازار و سووتانەوە لە کاتی میزکردندا
  • خوێنبەربوون لە نێوان سوڕەکانی مانگانەدا

لە پیاواندیشدا چەند نیشانەیەکی هەیه وەک:

  • هەبوونی دەردراوی ئاویی و شیری، زەردباو، سەوز، چڵکاویی لە چووکەوە.
  • ئازار و سووتانەوە لە کاتی میزکردندا.
  • ئازار و خورانی چووک.
  • ئازار و ئاوسانی گون یاخود هەردووکیان.
  • ئازار لە بەشی خوارەوەی سک.

ئەم نەخۆشییە لە ڕێگەی پشکنینەوە دەتوانرێت دیاری بکرێت، پاشان چارەسەری پێویست وەربگیرێت بۆی. هەروەها چەندین لێکەوتەی خراپیشی هەیە لەسەر کەسەکە.

سوزەنەک

سوزەنەک (بە ئینگلیزی: Gonorrhea) هۆکاری تووشبوون بەم نەخۆشییە بەکتریایەکە بەناوی نایسیریا گۆنۆریا. نەخۆشییەکە تووشی هەردوو ڕەگەز دەبێت و زیاتر لە گەنجاندا باوە. نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەگشتی هەمان نیشانەکانی نەخۆشی کلامیدیان، هەروەها جیا لە ئەندامەکانی زاوزێ دەتوانێت کۆم، چاو، گەروو، تووش بکات. دوای پشکنین و دڵنیابوون لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە پێویستە کەسەکە چارەسەری پزیشکی وەربگرێت، هەروەها چەندین لێکەوتەی خراپ هەیە کە دەکرێت بەهۆی سوزەنەکەوە تووش ببیت.

ئایدز

ڤایرۆسی نەمانی بەرگری لە مرۆڤ (بە ئینگلیزی: Human immunodeficiency virus) ڤایرۆسێکە کە هێرش دەکاتە سەر کۆئەندامی بەرگری جەستە، کورتکراوەکەی بریتییە لە (HIV) مەترسی و کاریگەری تووشبوون بە نەخۆشی و تووشبوونی میکرۆبی زیاتر دەکات. ئەگەر هاتوو چارەسەر نەکرا، دەکرێت پەرەبسەنێت بۆ قۆناغی پێشکەوتوو کە پێی دەوترێت نەخۆشی ئایدز (AIDS)، کۆنیشانەی نەمانی بەرگری دەستکەوتوو (بە ئینگلیزی: Acquired Immuno Deficiency Syndrome) ئەو کەسانەی دوای تووشبوون بە ڤایرۆسەکە چارەسەری پێویست وەردەگرن، بە دەگمەن ڤایرۆسەکە پەرە دەسەنێت بۆ ئایدز. ئەمەش پێویستی بە چاودێری ورد و خۆپارێزییە.

بالووکەی کۆئەندامی زاوزێ

بالووکەی کۆئەندامی زاوزێ (بە ئینگلیزی: Genital Wart) کە بریتییە لە گەشەی نائاسایی چینی دەرەوەی پێست لەسەر ڕووی پێست، کە وەک گرێیەک دەردەکەوێت. هۆکاری تووشبوون بەم بالووکەیە ڤایرۆسێکە بەناوی پاپیلۆما (HPV)، کە زیاتر لە ١٠٠ جۆری جیاوازی هەیە. بالووکەکان لەسەر پێستی ئەندامەکانی زاوزێی ژنان و پیاوان دەردەکەون. لەسەر چووک، گونەکان، نێوان ڕانەکان، لە ژنانیشدا لەسەر زێ، ناوەوەی زێ، کۆم، ملی منداڵدان. تووشبوون بەم ڤایرۆسە مەترسییەکی گەورەیە بۆ تووشبوون بە زۆرینەی جۆرەکانی شێرپەنجە، بەتایبەت شێرپەنجەی ملی منداڵدان. بۆیە ئەم بالووکانە پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەیە.

تامیسکەی کۆئەندامی زاوزێ

تامێسکە یاخود تامیسکەی کۆئەندامی زاوزێ (بە ئینگلیزی: Genital Herpes). جۆرێکه لە تامیسکە کە لە کۆئەندامی زاوزێی خانمان و پیاواندا دەردەکەوێت. ئەم تامیسکەیە بەهۆی ڤایرۆسی (HSV) کەسەکە تووش دەکات. ئەم تامیسکەیە چەند نیشانەیەکی هەیە وەک: خورانی زۆر، سووتانەوە و ئازار لە کاتی میزکردن، ئازاری پێ و سمت. بۆ دەستنیشان کردنی نەخۆشییەکە پێوستە پزیشک بڕیار بدات و بە سەیرکردنی برینەکان دەزانێت تامیسکەیە یاخود نا، تاکوو ئێستا هیچ چارەسەرێک نییە بۆ تامیسکە و هەموو ڕێگاکان بۆ کەمکردنەوەی برینەکان و ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەیان.

هەوکردنی جگەر جۆری B

هەوکردنی جگەر جۆری B (بە ئینگلیزی: Hepatitis B) باوترین جۆری هەوکردنی جگەرە لە جیهاندا، نەخۆشییەکی کوشندە و مەترسیدارە. ئەم نەخۆشییە جگەر تووشی هەوکردن دەکات. کە دەکرێت هەوکردنەکە کورتخایەن یاخود درێژخایەن بێت. هەوکردنی کورتخایەن لە شەش مانگ زیاتر تێناپەڕێت و دوای ئەوە ڤایرۆسەکە لە جەستەی کەسەکەدا نامێنێت. بەڵام هەوکردنی درێژخایەن زیاتر لە شەش مانگ دەخایەنێت و ڤایرۆسەکە بۆ هەمیشەیی لە جەستەی کەسەکەدا دەمێنێتەوە. بەگشتی نیشانەکان بریتییە لە:

تاکوو ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکە نەدۆزراوەتەوە، ئەوەی هەیە دواخستن و ڕێگریکردنە لە دەرکەوتنی لێکەوتە خراپەکانی نەخۆشییەکە.

هەوکردنی جگەر جۆری C

هەوکردنی جگەر جۆری C (بە ئینگلیزی: Hepatitis C)، جۆرێکی تری هەوکردنی جگەرە. ئەم تووشبوونە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باوترین جۆری هەوکردنی جگەرە. نیشانەکانی هەر وەک هەوکردنی جۆری B ـیە، بەڵام لەگەڵیشدا خوران و ئاوسانی دەست و پێی لەگەڵدایە. بەهەمان شێوە تووشبوونی کوتخایەن و درێژخایەنی هەیە. ئەوانەی دووچاری هەوکردنی کورتخایەن بوون پێویستیان بە چارەسەرێکی ئەوتۆ نییە و بە پشوودان باش دەبنەوە، بەڵام ئەوانەی دوووچاری هەوکردنی درێژخایەن بوون چارەسەرەکەیان تەنها ڕێگریکردن و وەستاندنی مەترسی لێکەوتەکانە.

فەرەنگی

فەرەنگی کە بە چەند ناوێکی تریش دەناسرێتەوە، وەک سیفلیس، زهوری (بە ئینگلیزی: Syphilis)، ئەم نەخۆشییە بەهۆی بەکتریای تریپۆونیما پاڵیدم بڵاودەبێتەوە. یەکەمین نیشانەی دەرکەوتنی برینێکی بچووک و بێ ئازارە، نیشانەکانی تری بریتین لە: هەبوونی برین لە ناوچەی زاوزێ، دەم، کۆم، لە قۆناغەکانی تریشدا نیشانەکان قورستر دەبن. ئەم نەخۆشییەکە سێ قۆناغی هەیە بۆ بڵاوبوونەوەی و تەشەنەکردنی. کاتێک هەستت بە هەر جۆرە نیشانە و برینێک کرد ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکە بۆ چارەسەری پێویست.

ئەسپێی کۆئەندامی زاوزێ

ئەسپێی کۆئەندامی زاوزێ یاخود ئەسپێی ناوگەڵ (بە ئینگلیزی: Pthirus pubis). ئەم ئەسپێیە بە ئەسپێی قرژاڵیش دەناسرێتەوە، هەروەک چۆن قژ تووشی ئەسپێ دەبێت مووەکانی ناوچەی زاوزێش ئەسپێیان تێدا دەردەکەوێت. ئەم ئەسپێیانە خوێنی مرۆڤ دەمژن و دەبنە هۆی خورانێکی زۆر هەروەها چەند نیشانەیەکی تریشیان هەیە وەک: هەستیاربوون بە دەستلێدان، کەمبوونەوەی وزە و چالاکی، دروستبوونی برین و هەوکردن. تەنها بە سەیرکردنی ناوچەی زاوزێ و وردبوونەوە لێی دەتوانرێت ئەسپێکان ببینرێن. چارەسەری ئەسپێ سەرەتا بە لابردنی مووەکان دەست پێدەکات و ئەگەر ئەم ڕێگایە سەرکەوتوو نەبوو پێویستە شامپۆی تایبەت بە ئەسپێ بەکاربهێنرێت.

شانکرۆید

شانکرۆید (بە ئینگلیزی: Chancroid) نەخۆشییەکی بەکتریاییە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی کراوە لە ناوچەی زاوزێدا. لەچاو جۆرەکانی تری نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان، نەخۆشییەکی دەگمەنە. ئەم برینە زۆرجار بە قارچک دەناسرێتەوە و چەند نیشانەیەکی هەیە: برینەکان نەرمن و دەوروبەریان خۆڵەمێشی یان زەردە باوە و لێوارەکانی تیژە. لەوانەیە زۆر بەئاسانی لە کاتی دەست لێدانیاندا خوێنیان لێ بێت. لە کاتی میزکردن و جووتبووندا تووشی خوێنبەربوون دەبێت. هەروەها نیشانەی تایبەت و جیاوازی هەیە لە خانمان و پیاواندا. لە ڕێگەی وەرگرتنی نموونە لە شلەی ناو برینەکان نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکرێت. ئەم نەخۆشییە بە دوو ڕێگا چارەسەر دەکرێت، ئەویش دەرمان و نەشتەرکارییە.

تریکۆمۆنایەسس

تریکۆمۆنایەسس (بە ئینگلیزی: trichomoniasis) یەکێکی ترە لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان. ئەم نەخۆشییە زیاتر لە خانماندا دەردەکەوێت و نیشانەکانی زیاترە وەک لە پیاوان، هەروەها زۆرێک لەو نەخۆشانەی کە دووچاری تریکۆمۆنایەسس دەبنەوە، دەکرێت تووشی نەخۆشییە سێکسییەکانی تریش ببن وەک: سوزەنەک، کلامیدیا، بالووکەی کۆئەندامی زاوزێ، ئایدز. نیشانەکانی لە خانمان و پیاواندا جیاوازە، بەگشتی ڕەنگی دەردراوەکانی زێ دەگۆڕدرێت بۆ زەرد و سەوز و خۆڵەمێشی. سووربوونەوە و خوران و سووتانەوەی زێ، هەستیاری چووک، سووتانەوە لە کاتی میزکردن. نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکرێت لە ڕێگەی وەرگرتنی نموونە لە میز و دەردراوەکانی زێ و چووک، هەروەها لە ڕێگەی چەند دەرمانێکەوە چارەسەری نەخۆشییەکە دەکرێت.

ڕێگریکردن

چەند ڕێگایەک هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان ئەویش بریتییە لە:

  • دوورکەوتنەوە لە جووتبوونی ناشەرعی
  • دوورکەوتنەوە لە جووتبوون لەگەڵ کەسی نەخۆشدا.
  • دوورکەوتنەوە لە جووتبوون لە ڕێگەی دەم و کۆمەوە.
  • دوورکەوتنەوە لە هاوڕەگەزخوازی بەتایبەت لە پیاواندا.
  • وەرنەگرتنی خوێنی کەسی تووشبوو.
  • بەکارنەهێنانی دەرزی کەسی تر لە کاتی چارەسەر وەرگرتندا.
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
  • دوورکەتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان.


سەرچاوەکان



967 بینین