ئایا دڵخۆشی بە پارە دەکڕدرێت؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-19-21:36:00 - کۆدی بابەت: 10311
ئایا دڵخۆشی بە پارە دەکڕدرێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

ئایا دڵخۆشی بە پارە دەکڕدرێت (بە ئینگلیزی: Can money buy happiness، بە عەرەبی: هل يمكن للمال شراء السعادة). وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هێندە ئاسان نییە، چەندین لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدراوە و چەندین هۆکار کار لەسەر وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەکەن، وەکوو بەهای کولتووری، ئەو شوێنەی تیایدا دەژیت، ئەو شتانەی لای تۆ گرنگە لەگەڵ ئەو شێوەیەی پارەکانتی تێدا خەرج دەکەیت. هەندێک کەس پێیان وایە بڕی ئەو پارەیەی کەسەکە هەیەتی کاریگەری لە دڵخۆشبوونی دەکات، واتە بە تەنها هەبوونی پارەکە بۆ دڵخۆشبوون بەس نییە. 

پەیوەندیی نێوان پارە و دڵخۆشی 

دەوترێت ئەو شتانەی مرۆڤ دڵخۆش دەکەن بەهایەکی ناوەکییان  هەیە، واتە مەرج نییە ئەوەی تۆ پێی دڵخۆش دەبیت کەسێکی تر بەهەمان شێوە پێی دڵخۆش ببێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە پارە بەهایەکی دەرەکی هەیە، واتە بە شێوەیەکی گشتی هەموو کەس بە هەبوونی پارە دڵخۆش دەبێت. بۆ نموونە دەکرێت تۆ بە بۆنکردنی گوڵەباخ هەست بە دڵخۆشی بکەیت، لە کاتێکدا دەکرێت کەسێکی تر بە بۆنکردنی بێزار ببێت و ئارەزووی نەکات، ئەم جۆرە دڵخۆشییە ناوەکییە چونکە بەهاکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. بێگومان ناتوانرێت لە فرۆشگایەکدا بە پارە دڵخۆشی بکڕدرێت، بەڵام دەکرێت پارە بە چەند ڕێگایەکی جیاواز بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنرێت، بۆ نموونە کڕینی ئەو شتانەی وا دەکەن ئەو بەها ناوەکییە زیاد ببێت. لەم حاڵەتەدا ئەگەر کەسێک بە بۆنی گوڵەباخ سەرسام بێت و بە بۆنکردنی دڵخۆش بێت و ئارەزووی بکات، ئەوا دەکرێت بە پارە ئەم جۆرە گوڵە بکڕێت و بەم شێوەیە ئەم دڵخۆشییە ناوەکییە زیاد دەبێت. ئەم یاسایە دەکرێت بۆ هەندێک بابەتی تری جیاواز بەکاربهێنرێت، بەڵام دەشێت ئەم دڵخۆشییانە کاتی بن و بۆ ماوەیەکی درێژ و بۆ هەمیشە نەمێننەوە. 

دەکرێت پارە لە ژیانی کەسانی هەژاردا هۆکاری دڵخۆشی بێت

لە ساڵی ٢٠١٨ لێکۆڵینەوەیەک ئەنجامدرا، بۆ ئەوەی بزانن ئەگەر مانگانە بڕە پارەیەکی دیاریکراو بدرێت بەو ژنە هەژارانەی لە ماڵەوەن و بێکارن چی ڕوودەدات و ئەنجامەکەی چی دەبێت. لەدوای ٤٨ مانگ و لە ئەنجامدا دەرکەوت، هەم خۆیان و هەم منداڵەکانیان زیاتر هەستیان بە دڵخۆشی کردووە و لەڕووی تەندروستیشەوە باشتر بوون. بێجگە لە پارە، هۆکاری تری وەکوو کولتوور کار دەکاتە سەر دڵخۆشبوونی کەسەکە، لە ئەنجامدا دەکرێت چێژ و خۆشی لە شتانێک ببینیت کە کەسانی تر خۆشی لێنابینن. لێکۆڵینەوەکان و تاقیکردنەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، پارە دەبێتە هۆی دڵخۆشبوون لە کاتێکدا پێداویستییە سەرەکییەکانی پێ بکڕدرێت. هەبوونی تەندروستییەکی باش و ماڵێکی گونجاو و بەدەستکەوتنی خۆراکی باش هۆکارەکانی دڵخۆشبوونن. 

ئایا چۆنیەتی خەرجکردنی پارەکانت گرنگی هەیە؟

بێگومان شێوازی خەرجکردنی پارەکانیشت کاریگەری لەسەر ئەم بابەتە هەیە. چەند لێکۆڵینەوەیەک ئەوەیان دەرخستووە، کە یارمەتیدانی کەسانی تر لەڕێگەی پێدانی پارە پێیان و هەروەها خەرجکردنی پارە لەو چالاکیی و تاقیکردنەوانەی بە پارەیە وەکوو چوون بۆ کۆنسێرت زۆرتر چێژ بە کەسەکە دەبەخشن، یان کڕینی دیارییەک بۆ کەسێکی نزیک بە هەمان شێوە خۆشییەک بە کەسەکە دەبەخشێت. 

ڕێگاکانی تری دڵخۆشبوون 

لەوانەیە یەکێک بیت لەو کەسانەی پارە بە سەرچاوەیەکی دڵخۆشبوون نەزانیت و هەبوونی پارە دڵخۆشت نەکات، چەند ڕێگایەکی تر بۆ دڵخۆشبوون هەیە، ئەوانیش بریتیین لە:

  1. ئەو شتانە بنووسەرەوە کە بۆیان سوپاسگوزاریت: هەستکردن و هەژمارکردنی ئەو شتانەی کە هەتە وات لێ دەکات هەست بە ئەرێنیبوون بکەیت. لەجیاتی ئەوەی بیر لەو شتانە بکەیتەوە کە خاوەنی نیت، هەوڵبدە بیر لەو شتانە بکەیتەوە کە خاوەنیانیت و هەروەها سوپاسگوزاری دەرببڕە. 
  2. ڕاهێنانکردن: ئەنجامدانی ڕاهێنان دەبێتە هۆی دەردانی چەند هۆڕمۆنێک کە بەرپرسن لە دڵخۆشبوونی کەسەکە بۆ ماوەیەکی کاتی، هەروەها وات لێ دەکات هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بکەیت. 

کەواتە پارە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ خۆشی بۆ کەسەکە ناهێنێت، بەڵام دەکرێت لەڕێگەی خەرجکردنی پارەکانت لەو شتانەی ئارەزوویان دەکەیت دڵخۆشبیت، بێگومان جۆری دڵخۆشییەکەش دەگۆڕێت، دەکرێت کاتی یان هەمیشەیی بێت. بەڵام بێجگە لە هەبوونی پارە دەکرێت خۆشی لە چەند شتێکی تریشدا بدۆزرێتەوە و بەتەنها پارە نەکرێت بە سەرچاوەی دڵخۆشی.


سەرچاوەکان



902 بینین