بازاڕی ڕەش

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-19-22:14:00 - کۆدی بابەت: 10313
بازاڕی ڕەش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بازاڕی ڕەش، ئابووری نهێنی یان ڕەشەبازاڕ (بە ئینگلیزی: Black Market، بە عەرەبی: السوق السوداء) چالاکییەکی ئابوورییە، بازاڕێکی نهێنی یان زنجیرە مامەڵەیەکی بەدەر لە ڕێپێدانی یاساییە، یان بە کۆمەڵە یاسایەکەوە پابەند نییە، بۆ خۆ بەدوورگرتن لە باجدان و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان.

ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی لە بازاڕی ڕەشدا دەخرێنەڕوو دەکرێت نایاسایی بن، واتە کڕین و فرۆشتنیان بەپێی یاسا ڕێپێنەدراوە، یان دەکرێت یاسایی بن بەڵام بۆ خۆ بەدوورگرتن لە باجدان لە بازاڕی ڕەش مامەڵەیان پێوەبکرێت.

بازاڕە نایاساییەکان بە بازاڕی نایاسایی، بازاڕی بەرسێبەر یان بازاڕی نهێنیش ناسراون.

پێناسەیەکی سادە بۆ بازاڕی ڕەش

بازاڕی ڕەش بریتییە لە هەر بازاڕێک کە ئاڵوگۆڕی کاڵا و خزمەتگوزاری بە مەبەستی ئاسانکاری لە مامەڵەکردنی کاری نایاسایی و دوورکەونەوە لە چاودێری و باجدان لەلایەن حکوومەتەوە ئەنجام بدرێت.

تێگەیشتن لە بازاڕی ڕەش

بە شێوەیەکی نەریتی چالاکییەکانی بازاڕی ڕەش مامەڵەکانیان بە پارەی نەختینەیی ئەنجامدەدەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی هیچ شوێنەوارێکی کاغەزی دروستنەکرێت، لەگەڵ سەرهەڵدانی ئینتەرنێتتدا ئێستا زۆرێک لە چالاکییەکانی بازاڕی ڕەش بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدرێن، وەکوو لە دارک وێبدا (وێبسایتێکی نایاساییە) زۆرجاریش بە دراوی دیجیتاڵی ئەنجامدەدرێت.

بەهۆی سروشتی بازاڕەکەوە زۆرجار بازاڕە نایاساییەکان دەتوانن کاریگەری بکەنە سەر ئابوورییەک، بەو پێیەی بازاڕی نهێنین کە چالاکی ئابووری تێدا تۆمارناکرێت و هیچ باجێک نادەن.

زۆرجار وا گریمانە دەکرێت کە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتێک بەرهەمی ناوخۆیی ڕاستەقینەی وڵاتێک نییە، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو چالاکییە بازرگانییانە لەبەرچاو ناگیرێن کە لە بازاڕە نهێنییەکاندا ئەنجام دەدرێن.

زۆرێک لە گرفتەکانی بازاڕی ڕەش بریتین لە مەترسی ساختەکاری، توندوتیژی، مامەڵەکردن بە کاڵای ساختە یان بەرهەمی ساختە، کە بە تایبەتی لە حاڵەتی مامەڵەکردن بە دەرمانەوە مەترسیدارە.

جۆرەکانی بازاڕی نایاسایی

بازاڕی نهێنی زۆرجار شوێنێکە بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵای نایاسایی و مەترسیدار، ئەو شوێنانەن کە بە شێوەیەکی نایاسایی بازرگانی بە ماددە یان بەرهەمە کۆنتڕۆڵکراوەکانەوە دەکەن وەکوو ماددەی هۆشبەر و چەک.

هەروەها بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بازاڕێکی زۆر گەورەی نایاساییە، بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە وەکوو ئەنجامدانی کاری زۆرەملێ بە مرۆڤەکان، کاری لەشفرۆشی، سوپای منداڵان و بازاڕی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ.

لە ساڵی ٢٠٢١ـدا مەزەندە دەکرا ٤٠ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا لە کۆیلایەتی مۆدێرندا گیریان خواردووە، لە چوار بەش بەشيکیان منداڵن، نزیکەی سێ بەش لە چوار بەشیان ئافرەتن.

بازاڕە نهێنییەکانی تر بریتین لە قومارکردنی نایاسایی، بازرگانی نایاسایی بە ئاژەڵە کێوییەکانەوە، کانزاکاری، ماسیگرتن و داربڕینی نایاسایی.

لە چوارچێوەی داراییدا گەورەترین بازاڕی نهێنی بۆ دراوەکان لەو وڵاتانەدان کە کۆنتڕۆڵی توندی دراویان هەیە، لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک ڕەنگە خۆیان لەم بازاڕە نایاساییانە بەدوور بگرن چونکە بە شتێکی خراپی دەزانن، بەڵام ڕەنگە لە بارودۆخێکدابن هیچ هەڵبژاردنێکی تریان نەبێت جگە لە ڕووکردنە ئەم کارە نایاساییانە یان ناچاربکرێن.

سەبارەت بە بازاڕە نایاساییەکانی دراو بە پلەی یەکەم لەو گەلانەدا بوونیان هەیە کە جگە لە کۆنتڕۆڵکردنی دراو کێشەکانی هەڵاوسان و یەدەگی دراوی نزمیان هەیە، یان نرخی ئاڵوگۆڕی دراو جێگیرە و بە شێوەیەکی بەرز بە دۆلاری ئەمریکی یان دراوێکی ترەوە پەیوەستکراوە، لە ئەنجامدا بازاڕی نهێنی دراو لە گەلانی وەکوو ئەرجەنتین، ئێران و ڤەنزوێلا گەشە دەکات.

بازاڕە نهێنییەکان

هەندێک جار بازاڕی نهێنی تاکە هەڵبژاردەیە بۆ دابینکردنی کاڵا لە هەندێک بارودۆخدا بۆ هەندێک کەس، بۆ نموونە لەگەڵ خێزانەکەت لە شوێنێکی نامۆ لە پشوودان و منداڵەکەت نەخۆش دەکەوێت و پێویستی بە دەرمان دەبێت، ئەگەر هیچ دەرمانخانەیەک لە نزیکتەوە بەردەست نەبێت و تاکە ڕێگە بۆ بەدەستهێنانی دەرمان لە بازاڕێکی نهێنییەوە بێت، کەم کەس دوودڵ دەبێت لە ئەنجامدانی.

هەروەها دروستکردنی بڕێکی زۆر لە بلیتی ساختە بۆ چوونەژوورەوەی کۆنسێرتێک یان بۆنەیەکی وەرزشی مامەڵەیەکی نایاساییە. 

لە ژمارەیەک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا دەرمانی ڕزگارکردنی ژیانی کەمیان هەیە، زۆرجار تاکە جێگرەوە ئەوەیە لە ڕێگەی بازاڕێکی نهێنییەوە دەستیان بکەوێت.

نموونەی بازاڕی نهێنی

یەکێک لە نوێترین نموونەکانی بازاڕی نهێنی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای مۆدێرنی بازاڕی ڕێگای ئاوریشم (وێبسایتێکی نایاساییە) بوو، بازاڕێکی دیجیتاڵی بوو کە بیتکۆین بۆ سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکان و فرۆشتنی چەک بەکاردەهێنرا.

بازاڕەکە لە ساڵی ٢٠١١ دەسیپێکرد و لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵییەوە ڕاگیرا، ئەو پیاوەی لە پشت ئەم بازاڕەوە بوو، ئەندازیارێکی زانستی کۆمپیتەری تەمەن ٢٩ ساڵ بوو بە ناوی ڕۆس ئولبریخت، لە ڕێگای ئاوریشمدا چەندین جۆر کەلوپەلی نایاسایی مامەڵەیان پێوەکراوە، فرۆشی یەک ملیار دۆلار بووە.

٤٠٠٠ بازرگانی ماددەهۆشبەرەکانی لەگەڵ ١٠٠ هەزار کڕیارکردووە، هەر تاکێک دەیتوانی هەر شتێکی نایاسایی وەکوو هێرۆیین، مووشەک هاوێژ (ئاڕپی جی)، بەڵگەنامەی ساختە و تەنانەت بەکرێگرتن بۆ کاری کوشتن. دواجار بووە هۆی دەستگیرکردنی ئولبریخت و بازاڕە نایاساییەکەی ڕاگیرا و بۆ هەتاهەتایە زیندانی کرا.

بازاڕی نهێنی چۆن کاردەکات؟

بازاڕی نایاسایی جۆراوجۆر هەیە و سەرجەمیان بە شێوەی جۆراوجۆر کاردەکەن، بازاڕەکە دەکرێت بازاڕێکی ڕووبەڕوو بێت، کە دوو کەس بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵای نایاسایی لە شوێنێکدا کۆببنەوە، بۆ نموونە مامەڵەی ماددە هۆشبەرەکان لە گۆشەی شەقامێکدا. هەروەها بازاڕەکە دەکرێت بە شێوەی ئۆنلاین بوونی هەبێت وەکوو دارک وێب، کە تاکەکان بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵاکان پەیوەندی دەکەن و پارەدان بە شێوەی دراوی دیجیتاڵییە.


سەرچاوەکان



2217 بینین