سوورەتی (البقرة)

له‌لایه‌ن: - پەرژین عومەر پەرژین عومەر - به‌روار: 2022-09-24-15:22:00 - کۆدی بابەت: 10346
سوورەتی (البقرة)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوورەتی (البقرة) (بە عەرەبی: سورة البقرة، بە ئینگلیزی: Surat Al , Baqarah)، سوورەتی (البقرة) بە واتای مانگا دێت، سوورەتێکی مەدەنییە و ئەوەی کە زانایان لەسەری کۆکن یەکەم سوورەتە کە لە شاری مەدینە دابەزیبێت، درێژترین سوورەتی قورئانە، ژمارەی ئایەتەکانی ٢٨٦ ئایەتە لەدوای سوورەتی (المطففين) پێش سووڕەتی (آل العمران) دابەزیوە، ئەم سوورەتە یەکێکە سوورەتانەی كە لە سەرەتادا بە چەند پیتێكی پچڕ پچڕ دەستی پێکردووە، ناوی اللە ١٠٠ جار تێیدا دووبارە بووەتەوە، درێژترین ئایەتی قورئانی تێدایە كە ئەویش ئەو ئایەتەیە باسی ئادابی قەرزكردن و قەرزدان دەكات كە ئایەتی ژمارە ٢٨٢ـە.

هۆکاری ناونانی سوورەتی (البقرة) چییە؟ 

ئەم سوورەتە لە فەرموودەکانی پێغەمبەری خودا ﷺ و لە وتەکانی سەلەفەوە بە سوورەتی (البقرة) واتا مانگا ناوبراوە، پێغەمبەری خودا ﷺ ئەم سوورەتەی بە سوورەتی (البقرة) ناو بردووە فەرموویەتی (ئەوەی کە دوو ئایەتی کۆتایی سورەتی (البقرة) بخوێنێتەوە بەسیەتی)، هەروەها عائیشە ئەم سوورەتەی بەسوورەتی (البقرة) ناوبردووە فەرموویەتی کاتێک دوو ئایەتی کۆتایی سوورەتی (البقرة) دەربارەی سوو دابەزی پێغەمبەری خودا ﷺ بازرگانی کردن بە سوو لە بازاڕی (الخمر)ـدا قەدەغەکرد، ڕووی ناونانی ئەم سوورەتە بەهۆی ئەوەی تێیدا باسی چیرۆکێکی مانگا دەکات کە خودای گەورە فەرمانی کردە سەر نەوەی ئيسڕائیل بەسەربڕینی و وەسفی خراپ تێگەشتنیان دەکات بە سوورەتی (البقرة) ناونراوە.

دابەزینی سوورەتی (البقرة)

ئەم سوورەتە واجبی ڕۆژوو گرتنی تێدایە و ڕۆژوو گرتن لەساڵی یەکەمی کۆچییدا واجب بووە، پاشان ڕۆژووگرتنی مانگی ڕەمەزان لە ساڵی دووەمی کۆچییدا واجب بوو، لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خودا ﷺ حەوت ڕەمەزان بە ڕۆژوو بووە یەکەم ڕەمەزان لە ساڵی دووەمی کۆچیدا بوو ئەبێت سوورەتی (البقرة) لە ساڵی یەکەم یان کۆتایی ساڵی یەکەم یان ساڵی دووەمی کۆچییدا دابەزیبێت، بەهۆی ئەوەی كە ئەم سوورەتە حوکمی ڕۆژووگرتن، کوشتن، حەج و عومرە، مانگە قەدەغەکراوەکان کە چوار مانگن (ذو القعدة، وذو الحجة، والمحرم، ورجب) هەروەها حووکمی جیابوونەوە و هاوبەش دانەرانی تێدایە بۆ ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵ دابەزینی بەردەوام بووە.

سەبارەت بەگەورەیی ئەم سوورەتە

پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (سوورەتی (البقرة) بخوێنن، خوێندن و دەست پێوەگرتنی بەرەكەتە، وازلێهێنان و نەخوێندنی پەشیمانییە، ساحیر و جادوگەرەكانیش ناتوانن زیان بگەیەنن بە كەسێك كە بیخوێنێت).


سەرچاوەکان



989 بینین