ئایڵتس

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-02-19:54:00 - کۆدی بابەت: 10394
ئایڵتس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئایڵس، ئایتڵس، ئایڵتس یان سیستمی نێودەوڵەتی تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی (بە ئینگلیزی: International English Language Testing System، بە عەرەبی: نظام اختبار اللغة الإنجليزية الدولي) کورتکراوەی (IELTS، أيلتس)، تاقیکردنەوەیەکی ستاندارتی نێودەوڵەتییە بۆ توانای زمانی ئینگلیزی، بۆ ئەو کەسانەی بەشێوەی ئینگلیزی ناڕەسەن قسە دەکەن، لەلایەن ئەنجوومەنی بەریتانی، ئای دی پی لە ئوستوڕالیا و هەڵسەنگاندنی ئینگلیزی کامبریج بەڕێوەدەبرێت، لە ساڵی ١٩٨٠ خرایەڕوو، هەروەها یەکێکە لە تاقیکردنەوە گەورەکانی زمانی ئینگلیزی لە جیهاندا.

ئایڵتس لەلایەن زۆربەی دامەزراوە ئەکادیمییەکانی ئوستوڕالیا، بەریتانیا، کەنەدا، وڵاتانی ئەرووپا، ئێرلەندا و نیوزلەندا پەسەندکراوە، لەلایەن ٣٠٠٠ دامەزراوەی ئەکادیمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەلایەن ڕێکخراوە جۆراوجۆرە پیشەییەکانی تری سەرانسەری جیهان پەسەندکراوە.

ئایڵتس لەلایەن "ڤیزا و کۆچبەری بەریتانیا" وەک تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی بۆ داواکردنی ڤیزا لە دەرەوە و ناوەوەی بەریتانیا پەسەندکراوە.

هەروەها وەکوو مەرجی کۆچکردن بۆ ئوستوڕالیا و نیوزلەندا پەسەندکراوە، لە کەنەدا لەگەڵ چەند تاقیکردنەوەیەکی تر لەلایەن دەسەڵاتی کۆچبەرییەوە پەسەندکراوە.

بۆ دەرچوون لە تاقیکردنەوەکە پێویست بە نمرەیەکی دیاریکراو ناکات، ئەنجامی ئایڵتس بە هەموو ئەو کەسانە دەدرێت کە تاقیکردنەوەیان کردووە، لە نمرەی "باند ١" (نابەکارهێنەر) تا نمرەی "باند ٩" (بەکارهێنەری شارەزا)، هەر دامەزراوەیەک ئاستێکی جیاواز بۆ پەسەندکردن دادەنێت، هەروەها نمرەی "باند سفر" بۆ ئەو کەسانەی تاقیکردنەوەیان نەکردووە هەیە، دامەزراوەکان تاقیکردنەوەی زیاتر لە دوو ساڵ بە باوەڕپێکراو نازانن، مەگەر بەکارهێنەر بیسەلمێنێت کە ئاستەکەی پاراستووە.

مێژووی ئایڵتس

خزمەتگوزاری تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی لە ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن هەڵسەنگاندنی زمانی ئینگلیزی کامبریج و ئەنجوومەنی بەریتانی خرایە ڕوو. ڕێکخستنێکی داهێنەرانە بوو، کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانی فێربوون و فێرکردنی زمان بوو، لەوانە گەشەکردنی فێربوونی زمانی گەیاندن یان بەکارهێنانی ئینگلیزی بۆ مەبەستی تایبەت. ئەرکەکانی تاقیکردنەوەکە بەمەبەستی ڕەنگدانەوەی بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی بوو لە جیهانی ڕاستەقینەدا.

لەماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا تاقیکارەکان کەم بوون، لە ٤٠٠٠ کەس لە ساڵی ١٩٨١ بۆ ١٠٠٠٠ کەس لە ساڵی ١٩٨٥ بەرز بوویەوە. لە ساڵی ١٩٨٩ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستی پێکرد، پاشان زیاتر و زیاتر پەرەی پێدرا و بە هاوبەشی ڕێکخرا، ژمارەی تاقیکارەکان بە بەردەوامی بەرز دەبوویەوە، پێوەر و شێوازی نوێی بۆ زیادکرا.

تایبەتمەندییەکانی ڕاهێنانی ئەکادیمی و گشتی

ئایڵتس توانای گوێگرتن، خوێندنەوە، نووسین و قسەکردن بە زمانی ئینگلیزی تاقیدەکاتەوە.

یەکەی قسەکردن پێکهاتەیەکی سەرەکی ئایڵتسە، لە شێوەی چاوپێکەوتنی یەک بە یەک لەگەڵ تاقیکارەکان ئەنجامدەدرێت، لە کاتی قسەکردندا هەڵسەنگاندن بۆ تاقیکار دەکرێت، هەروەها گفتوگۆکە تۆماردەکرێت بۆ چاودێریکردن و دووبارە سەرنجدان بۆ پێداچوونەوەی نمرەی پێدراو.

شێوەزاری جۆراوجۆر و شێوازی نووسین لە تاقیکردنەوەکاندا بەمەبەستی کەمکردنەوەی لایەنگری زمانەوانی خراوەتەڕوو، بەجۆرێک شێوەزاری گوێگرتن بەگشتی ٨٠٪ـی بەریتانی، ئوسترالی و نیوزلەندییە، ٢٠٪ـی زۆربەی ئەمریکییە.

ئایڵتس لەلایەن پسپۆڕانی هەڵسەنگاندنی زمانی ئینگلیزی کامبریجەوە و بە زانیاری نووسەرانی سەرانسەری جیهان پەرەی پێدراوە، تیمەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئوستوڕالیا، نیوزلەندا، کەنەدا و وڵاتانی تری ئینگلیزی زمان جێگیرن.

نمرەی باند بۆ هەر کارامەییەکی زمان لە گوێگرتن، خوێندنەوە، نووسین و قسەکردن بەکاردەهێنرێت، پێوەرەکانی باند لە سفرەوە (تاقیکردنەوەی ئەنجام نەداوە) تا ٩ (بەکارهێنەری شارەزا) دەگۆڕێت.

تایبەتمەندی و پێکهاتەی تاقیکردنەوەی ئایڵتس 

دوو وەشانی سەرەکی ئایڵتس هەیە کە بریتین لە ڕاهێنانی ئەکادیمی و ڕاهێنانی گشتی، هەروەها تاقیکردنەوەیەکی جیاوازی ئایڵتسیش هەیە بە ناوی ئایڵتسی کارامەیی ژیان.

ڕاهێنانی ئەکادیمیی ئایڵتس و ڕاهێنانی گشتیی ئایڵتس بەشێوەیەک داڕێژراون کە تەواوی تواناکانی نابەکارهێنەر تا بەکارهێنەری شارەزا بگرێتەوە.

ئەو کەسانە ڕاهێنانی وەشانی ئەکادیمی ئەنجام دەدەن کە دەیانەوێت لە ئاستی باڵادا لە وڵاتێکی ئینگلیزی زمان بخوێنن، یان دەیانەوێت داوای تۆمارکردنی پیشەیی بکەن، وەکوو پزیشک و پەرستاران.

ئەو کەسانە وەشانی ڕاهێنانی گشتی ئەنجام دەدەن کە دەیانەوێت لە قوتابخانەیەکی ناوەندی کار و ڕاهێنان بکەن، بخوێنن یاخود کۆچ بکەن بۆ وڵاتێکی ئینگلیزی زمان، یاخود ئەزموونی کارکردن بەدەستبهێنن.

جیاوازی نێوان ڕاهێنانی ئەکادیمی و ڕاهێنانی گشتی بریتییە لە ناوەڕۆک، دەق و ئامانجی ئەرکەکان، هەموو تایبەتمەندییەکانی تر وەکوو تەرخانکردنی کات، درێژی وەڵامە نووسراوەکان و دانانی نمرەکان وەکوو یەکن.

ئایڵتسی کارامەیی ژیان بۆ ئەو کەسانەیە کە پێویستیان بە سەلماندنی تواناکانی زمانی ئینگلیزی و گوێگرتن هەیە.

چوار بەشەکەی تاقیکردنەوەی ئایەڵتس

گوێگرتن: ٣٠ خولەک لەگەڵ ١٠ خولەک کاتی گواستنەوە

خوێندنەوە: ٦٠ خولەک

نووسین: ٦٠ خولەک

قسەکردن: ١١ بۆ ١٤ خولەک 

کۆی کاتی تاقیکردنەوەکە بریتییە لە دوو کاتژمێر و ٤٥ خولەک.

گوێگرتن و خوێندنەوە و نووسین لە یەک دانیشتندا تەواو دەبێت، تاقیکردنەوەی قسەکردن دەکرێت لە هەمان ڕۆژدا ئەنجام بدرێت یان تا حەوت ڕۆژ پێش یان پاش تاقیکردنەوەکانی تر.

هەموو تاقیکارەکان هەمان تاقیکردنەوەی گوێگرتن و قسەکردن ئەنجام دەدەن، لە کاتێکدا تاقیکردنەوەکانی خوێندنەوە و نووسین جیاوازن بەپێی ئەوەی ئایا تاقیکارەکە وەشانی ئەکادیمی یان ڕاهێنانی گشتی ئەنجام دەدات.

گوێگرتن

گوێگرتن لە چوار بەش پێکدێت، ١٠ پرسیار لە هەر بەشێکدا، ٤٠ خولەک دەخایەنێت، ٣٠ خولەک بۆ تاقیکردنەوە، لەگەڵ ١٠ خولەک بۆ گواستنەوەی وەڵامەکان بۆ لاپەڕەی وەڵام.

بەشی یەکەم و دووەم دەربارەی ڕۆژانە و بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکانە، بەشی یەکەم گفتوگۆی نێوان دوو قسەکەرە، بۆ نموونە گفتوگۆیەک دەربارەی ڕێکخستنی گەشت، بەشی دووەم یەک کەس قسە دەکات بۆ نموونە وتارێک دەربارەی ئاسانکارییە ناوخۆییەکان. 

بەشی سێیەم و چوارەم دەربارەی بارودۆخی پەروەردەیی و ڕاهێنانن، بەشی سێیەم گفتوگۆی نێوان دوو قسەکەری سەرەکییە، بۆ نموونە گفتوگۆی نێوان دوو خوێندکاری زانکۆ، بەشی چوارەم یەک قسەکەر هەیە کە باس لە بابەتێکی ئەکادیمی دەکات.

لە کۆتایی تاقیکردنەوەکەدا ١٠ خولەک مۆڵەتیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی وەڵامەکانیان بۆ لاپەڕەی وەڵامەکان بگوازنەوە، تاقیکارەکان بەهۆی هەڵەی ڕێزمانی و ڕێنووسییەوە نمرە لەدەست دەدەن.

خوێندنەوە 

پەڕەی خوێندنەوە سێ بەش و دەقی هەیە کە کۆی گشتییان ٢,١٥٠ بۆ ٢,٧٠٠ وشەیە، جۆری پرسیار جۆراوجۆر دەبێت وەکوو پرسیاری فرە هەڵبژاردن، وەڵامی کورت، ناسینەوەی زانیاری، ناسینەوەی بۆچوونەکانی نووسەر، پوختەیەک بەبەکارهێنانی ئەو وشانەی لە دەقەکە وەرگیراون و هاوتاکردنی زانیاری، سەردێڕ، ناونانی هێڵکارییەکان (بۆ نموونە وێنەیەک دەدات و تاقیکار پێویستە ناوی بەشەکانی وێنەکە بنووسێت)، تایبەتمەندییەکانی ناو کۆتایی دەق یان ڕستەکە، پێویستە تاقیکارەکان لەکاتی نووسینی وەڵامەکانیان وریا بن چونکە بەهۆی هەڵەی ڕێنووسی و ڕێزمانی نمرەکانیان لەدەست دەدەن.

دەقەکان لە ڕاهێنانی ئەکادیمی 

سێ دەقی خوێندنەوە کە لە کتێب، گۆڤار، ڕۆژنامە و سەرچاوەی ئۆنلاینەوە دێن، کە بۆ کەسانی ناپسپۆڕ نووسراون، کە بە گشتی بۆ خوێندکارانی ئاستی بەکالۆریۆس و پاش بەکالۆریۆسن.

دەقەکان لە ڕاهێنانی گشتی 

بەشی یەکەم دوو یان سێ دەقی کورت لەخۆ دەگرێت، کە باس لە بابەتەکانی ڕۆژانە دەکەن، بۆ نموونە ئەو شتانەی کەسێک پێویستییەتی کاتێک لە وڵاتێکی ئینگلیزی زمان دەژی. بەشی دووەم دوو دەقی تێدایە کە باس لە کار دەکەن، بۆ نموونە باسکردنی کار، گرێبەست و کەرەستەکان. بەشی سێیەم دەقێکی درێژی تێدایە سەبارەت بە بابەتێکی گشتی، دەقەکە بە گشتی لە دەقی یەکەم و دووەم درێژتر و ئاڵۆزترە، لە ڕۆژنامە، کتێب، گۆڤار یان سەرچاوەیەکی ئۆنلاینەوە وەردەگیرێت.

نووسین

لاپەڕەی نووسین دوو ئەرکی هەیە کە پێویستە هەردووکیان تەواو بکرێن، لە ئەرکی یەکەمدا تاقیکارەکان لە ماوەی نزیکەی ٢٠ خولەکدا بەلایەنی کەمەوە ١٥٠ وشە دەنووسن، لە ئەرکی دووەمدا تاقیکارەکان لە ماوەی نزیکەی ٤٠ خولەکدا لایەنی کەم ٢٥٠ وشە دەنووسن.

تاقیکارەکان نمرەیان دادەبەزێت ئەگەر وەڵامەکەیان زۆر کورت بێت یاخود پەیوەندی بە بابەتەکەوە نەبێت، دەبێت وەڵامەکان بە ڕستەی تەواو بنووسرێت، نابێت ئاماژە و تێبینی بەکاربهێنن.

نووسین لە ڕاهێنانی ئەکادیمی

ئەرکی یەکەم تاقیکارەکان بە وشەی خۆیان باسی هێڵکارییەک، خشتەیەک، نەخشەیەک، وێنەیەک یان هێڵکارییەکی بازنەیی دەکەن. ئەرکی دووەم تاقیکارەکان باس لە دیدگایەک دەکەن، مشتومڕێک یان کێشەیەک، بەپێی ئەرکەکە ڕەنگە داوا لە تاقیکارەکان بکرێت چارەسەرێک بۆ کێشەیەک بخەنە ڕوو، بۆچوونێک بخەنە ڕوو، پاساویان بۆ بهێننەوە، بەراوردکردن و جیاوازی بەڵگەکان، بۆچوون و کاریگەرییەکان، هەڵسەنگاندنی بیرۆکە و بەڵگە بۆ مشتومڕێک دەهێننەوە.

نووسین لە ڕاهێنانی گشتی

ئەرکی یەکەم تاقیکارەکان دەقێک دەربارەی دۆخێکی ڕۆژانەی دیاریکراو دەنووسن، بۆ نموونە نووسین بۆ کاربەدەستێکی شوێنی نیشتەجێ بوونەکەت دەربارەی کێشەکانی شوێنی نیشتەجێ بوونەکەت، نووسین بۆ خاوەنکارێکی نوێ دەربارەی کێشەکانی بەڕێوەبردنی کاتەکانت، یان نووسین بۆ ڕۆژنامەیەکی ناوخۆیی دەربارەی پلانێک بۆ پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی ناوخۆیی. ئەرکی دووەم تاقیکار وتارێک دەربارەی بابەتێک دەنووسێت کە بەرژەوەندی گشتی تێدایە، بۆ نموونە ئایا دەکرێت لە شوێنە گشتییەکاندا ڕێگری لە جگەرە کێشان بکرێت؟، یان ئایا چالاکییە کات بەسەربردنەکانی منداڵان دەبێت پەروەردەیی بێت؟، یان چۆن دەتوانرێت کێشە ژینگەییەکان چارەسەر بکرێت.

قسەکردن

تاقیکردنەوەی قسەکردن چاوپێکەوتنێکی ڕووبەڕووە لەنێوان تاقیکار و تاقیکەرەوە، تاقیکردنەوەی قسەکردن سێ بەش لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە:

  • بەشی یەکەم بریتییە لە پێشەکی و خۆناساندن بۆ ماوەی چوار بۆ پێنج خولەک، لەوانەیە دەربارەی ماڵ، خێزان، کار، خوێندن، خولیا، ئارەزوو، هۆکاری تاقیکردنەوەی ئایڵتس و بابەتی تری گشتی وەکوو جلوبەرگ، کاتە بەتاڵەکان، کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت پرسیار لە تاقیکارەکان بکرێت. 
  • بەشی دووەم بۆ ماوەی سێ بۆ چوار خولەک دەخایەنێت، تاقیکارەکان سەبارەت بە بابەتێکی دیاریکراو کارتێکی ئەرکیان پێدەدەدرێت، تاقیکارەکان یەک خولەکیان پێدەدرێت بۆ ئامادەکردنی قسە لەسەر بابەتەکە، لە کاتی ئەرکەکەدا ئەو خاڵانە دیاریکراوە کە پێویستە قسەی لەسەر بکرێت و لایەنێکی بابەتەکە لەکاتی قسەکردنەکەدا دەبێت ڕوون بکرێتەوە، پاشان چاوەڕوان دەکرێت تاقیکارەکان بۆ ماوەی یەک یان دوو خولەک لەسەر بابەتەکە قسە بکەن، دواتر ڕەنگە پرسیارێک یان دوو پرسیاری لەسەر بکەن.
  • بەشی سێیەم چوار بۆ پێنج خولەک دەخایەنێت، گفتوگۆی نێوان تاقیکەر و تاقیکەرەوەیە، بەگشتی پرسیارەکانی پەیوەست بە بابەتەکەیە کە لە بەشی دووەمدا باسکراوە، ئەم پرسیارانە بەزۆری لە دوو کۆمەڵەی چوار بۆ پێنج پرسیاری پێکدێن.

نمرەکان

تاقیکەرەوەکان نمرە بۆ هەر پێکهاتەیەکی تاقیکردنەوەکە وەردەگرن، لە گوێگرتن، خوێندنەوە، نووسین و قسەکردن، پاشان نمرەکان کۆدەکرێنەوە و تێکڕای نمرەی گشتی باند دەردەچێت.

پێوەرەکانی باند

هیچ دەرچوون و شکستێک لە ئەنجامەکاندا نییە، ئایڵتس لەسەر پێوەرێکی نۆ باندی ڕێکخراوە، هەر باندێک هاوتایە لەگەڵ کارامەیی و لێهاتوویی لە زمانی ئینگلیزی، نۆ باندەکەی ئایڵتس بریتییە لە:

  • ٩ بەکارهێنەری شارەزا بەتەواوی دەتوانێت زمانەکە بەکاربهێنێت و ورد و ڕەوان و تێگەیشتنێکی تەواوی هەبێت.
  • ٨ بەکارهێنەری زۆرباش بەباشی لە زمانەکە تێدەگات، تەنیا ناوبەناو نادروستی و تێنەگەشتنی بۆ هەندێک بارودۆخی نامۆ هەیە، بەباشی لەگەڵ گفتوگۆ ئاڵۆزەکان خۆی دەگونجێنێت.
  • ٧ بەکارهێنەری باش شارەزاییەکی باشی لە زمانەکە هەیە، هەرچەندە هەندێک جار نادروستی لە بەکارهێنان و هەڵە تێگەیشتن هەیە، بەگشتی بە باشی لە گفتوگۆ ئاڵۆزەکان تێدەگات.
  • ٦ بەکارهێنەری شارەزا بەگشتی شارەزایی لە زمانەکە هەیە سەرەڕای هەندێک نادروستی و نەگونجاوی و هەڵەتێگەیشتن، دەتوانێت زمانێکی تا ڕادەیەک ئاڵۆز بەکاربهێنێت و لێی تێبگات، بەتایبەت لە بارودۆخە ئاشناکاندا.
  • ٥ بەکارهێنەری مامناوەند شارەزایی لە بەشێکی زمانەکە هەیە، لە زۆربەی بارودۆخەکاندا قسەی ئاسایی دەکات، هەرچەندە ئەگەری هەیە هەڵەی زۆر بکات، مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی بوارەکەی خۆیدا دەکات.
  • ٤ بەکارهێنەری سنووردار لێهاتوویی بنەڕەتی لە دۆخەکاندا سنووردارە، کێشەی بەردەوامی لە تێگەیشتن و دەربڕیندا هەیە، توانای بەکارهێنانی زمانی ئاڵۆزی نییە.
  • ٣ بەکارهێنەری زۆر سنووردار بەکارهێنەر لە دۆخە ئاشناکاندا تەنها واتای گشتی دەگەیەنێت و لێی تێدەگات، و توانای قسەکردنی سنووردارە.
  • ٢ بەکارهێنەری پچڕپچڕ توانای تێگەیشتن و گفتوگۆی خراپە، بە سەختی لە قسەکردن و نووسین تێدەگات.
  • ١ بەکارنەهێنەر لە بنەڕەتدا هیچ توانای بەکارهێنانی زمانەکەی نییە، تەنها دەتوانێت چەند وشەیەکی سنووردار بەکاربهێنێت.
  • سفر، هەوڵی تاقیکردنەوەی نەداوە

ئەنجامەکان

بۆ ئەو تاقیکارانەی بەشێوەی ئۆنلاین تاقیکردنەوە دەکەن ئەنجامەکانیان لەنێوان سێ بۆ پێنج ڕۆژدا بڵاودەکرێتەوە، بۆ تاقیکاری ڕووبەڕوو و کاغەزی پاش ١٣ ڕۆژ ئەنجامەکانیان بڵاو دەکرێتەوە، ڕاپۆرتی تاقیکردنەوەکە بۆماوەی دوو ساڵ کارا دەبێت. لە پێشتردا سنووردارکردن هەبوو کە تاقیکار نەیدەتوانی پاش ٩٠ ڕۆژ لە تاقیکردنەوە دووبارە تاقیکردنەوە بکاتەوە بەڵام لە ئێستادا هیچ سنوورێک نییە.


سەرچاوەکان



492 بینین