چۆن دەوڵەمەند ببم؟

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-04-16:17:00 - کۆدی بابەت: 10402
چۆن دەوڵەمەند ببم؟

ناوه‌ڕۆك

چۆن دەوڵەمەند ببم؟

چۆن لە سفرەوە دەوڵەمەند ببم (بە عەرەبی: كيف أصبح غنياً؟، بە ئینگلیزی: ?How to get rich) چەندین ڕێگا بۆ دەوڵەمەندبوون هەیە، ئەگەر هەوڵی زانینیان بدەیت دەکرێت خۆت بخەیتە سەر ڕێگای ڕاست بۆ کۆکردنەوەی سامان، خاوەنکاران و بازرگانان لە دۆخێکی باشدان بۆ بنیاتنانی سامانەکەیان و دەوڵەمەندبوون، بەڵام لێرەدا باس لە ڕێگای خێرا ناکەین.

کاتێک خاوەنی کارێک دەبیت دەتوانیت کۆنتڕۆڵی ئەو بڕە سامانە بکەیت کە دەتەوێت بۆ خۆتی بنیاتبنێیت، دەتوانیت کارەکەت بەپێی ئامانجەکانی داهات و قازانج بگونجێنیت.

بنەماکانی بنیاتنانی سامان

شێوازی بیرکردنەوە لە پارە: پێویستە بیرکردنەوەیەکی ئەرێنیت هەبێت دەربارەی پارە کاتێک بیر لە بنیاتنانی سامانەکەت دەکەیتەوە، بیرکردنەوەی تۆ بۆ دەوڵەمەندبوون جیاوازە، بیرکردنەوە لەوەی بەدەستهێنانی پارە کار و ماندووبوونی دەوێت.

ملیۆنێرەکان هێشتا مانگانەکانیان ڕێکدەخەن: تەنانەت ملیۆنێرەکان پەیڕەوی ڕێکخستنی مانگانەکانیان دەکەن، گەورەترین نهێنی بۆ ئەوەی چۆن دەوڵەمەند بیت و بە دەوڵەمەندی بمێنیتەوە کەمکردنەوەی خەرجییەکانە بە شێوەیەک خەرجییەکانت لەو بڕە پارەیە کەمتر بێت کە بەدەستی دەهێنیت، پێویستە خواستەکانت سنووردار بن، تەنانەت بۆ ملیۆنێرەکانیش پارەیەکی بێسنوور نییە.

بەڕێوەبردنی پارە کلیلێکە: بەڕێوەبردنی پارە یەکێکە لە گرنگترین بنەماکان بۆ ئەوەی دەوڵەمەند ببیت و بە دەوڵەمەندی بمێنیتەوە، بەڕێوەبردنی پارە ڕەفتار و خوویەکە، پێویستە ئاگادار بیت لەکوێ وەبەرهێنان دەکەیت و پارەکانت خەرج دەکەیت.

وەبەرهێنان بکە: وەبەرهێنان بە تێپەڕبوونی کات سەروەت و سامان زیاد دەکات، بە پێی حەز و خولیا و توانای خۆت وەبەرهێنان بکە، تا دەتوانیت لە چەند بوارێکدا وەبەرهێنان بکە، زیاتر لە یەک سەرچاوەی بەدەستهێنانی داهات دروستبکە.

بەپێی تواناکانت بژی: ئەگەر بەگوێرەی تواناکانت نەژیت واتای ئەوەیە ئەو پارەیەی بەدەستی دەهێنیت خەرجی دەکەیت، لەو کاتەدا هیچ بڕە پارەیەکی پێویستت نابێت کە بتوانیت پاشەکەوتی بکەیت و وەبەرهێنان بکەیت، بەڵام ژیان بەپێی تواناکانت یەکێکە لە بنەماکانی دەوڵەمەندبوون، دەبێت پارەی هاتووت لە ڕۆشتووت زیاتر بێت.

دانانی پلانی هەژمارکردنی داهات و خەرجی و دارایی: کاتێک دەست دەکەیت بە حسابکردنی داهات و خەرجییەکانت دەکرێت هاوکارت بێت لەوەی هەندێک جار نەزانیت پارەکانت چۆن و لەچیدا خەرج کردووە، لەم کاتەدا دەتوانیت داهات و خەرجییەکانت بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەببەیت.

هەروەها پلانی دارایی دەبێت هەم ئامانجی کورتخایەن و درێژخایەن لەخۆبگرێت بۆ هەموو ئەو شتانەی دەتەوێت لەڕووی داراییەوە بەدەستی بهێنیت، بۆ نموونە دانەوەی قەرزەکان و زیادکردنی داهات و وەبەرهێنان.

سێ هەنگاو بۆ بنیاتنانی سامان

هەنگاوی یەکەم پارە پەیدا بکە: ئەم هەنگاوە ڕەنگە سەرەتایی دەربکەوێت بەڵام بنەڕەتترین و سەرەکیترین هەنگاوە بۆ ئەو کەسانەی تازە دەستیان پێکردووە، ڕەنگە گوێبیستی ئەوە بووبیت بە بەردەوامی پارە پاشەکەوت بکە تا لە کۆتاییدا دەبێتە بڕێک پارەی بەرچاو، بەڵام ئەمانە هەرگیز وەڵامی ئەوە نادەنەوە کە ئایا چۆن پارە بەدەست دەهێنیت بۆ ئەوەی پاشەکەوتی بکەیت؟.

دوو ڕێگای بنەڕەتی هەیە بۆ بەدەستهێنانی پارە ئەوانیش بریتین لە داهاتی بەدەستهاتوو و داهاتی ناڕاستەوخۆ، داهاتی بەدەستهاتوو لەو کارەوە دێت کە بۆ بژێوی ئەنجامی دەدەیت، داهاتی ناڕاستەوخۆ لە وەبەرهێنانەوە بەدەستی دەهێنیت. لەوانەیە هیچ داهاتێکی ناڕاستەوخۆت نەبێت بۆ ئەوەی دەست بە وەبەرهێنان بکەیت. ئەگەر خەریکیت بڕیار دەدەیت دەست بە پیشەیەک بکەیت یان بیر لە گۆڕانکاری لە پیشەکەت دەکەیتەوە، ڕەنگە ئەم پرسیارانە یارمەتیدەربن بۆ ئەوە دیاری بکەیت داهاتی بەدەستهاتووت لە کوێوە دێت: 

چێژ لە چی وەردەگریت؟ کاتێک ئەو کارەی دەیکەیت چێژی لێ وەردەگریت ئاستێکی باشترت دەبێت، پیشەیەکی درێژخایەنت دەبێت، لە ڕووی داراییەوە ئەگەری سەرکەوتنت زیاترە.

لە چیدا باشیت؟ بیر لەو کارە بکەرەوە کە تێیدا باشیت و بە باشی ئەنجامی دەدەیت و بەهرەت تێدایە.

هەنگاوی دووەم پارە پاشەکەوت بکە: تەنها پارەپەیداکردن یارمەتی کۆکردنەوەی سامان نادات پێویستە پارە پاشەکەوت بکەیت، ئەم هەنگاوانە لەبەرچاو بگرە.

بەلایەنی کەمەوە مانگێک بەدواداچوونی ورد بۆ خەرجییەکانت بکە: لەوانەیە بتوانیت پڕۆگرامێکی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنیت بۆ ئەم کارە یاخود تێنووسێک بەکاربهێنە، هەموو خەرجییەکانت تۆماربکە هەرچەندە کەمیش بێت، پاشان بە وردی دەبینیت پارەکانت بەرەو کوێ دەڕۆن و پێویستە لە چیدا خەرجی کەم بکەیتەوە.

هەنگاوی دووەم خەرجییەکانت بەسەر خواست و پێویستییەکاندا دابەشبکە، خواردن، شوێنی نیشتەجێ بوون، تەندروستی و جلوبەرگ پێویستییەکی ئاشکران، بەشێکی زۆری تر تەنها خواستن و بەپێی پارەکەت خواستەکانت بەدی بهێنە و زیادەڕۆیی مەکە.

ئامانجی پاشەکەوتکردن دابنێ، کاتێک بیرۆکەیەکی گونجاوت هەبوو خەرجی و پاشەکەوتەکانت ڕێک بخە و هەوڵ بدە پابەند بیت پێیەوە.

هەنگاوی سێیەم وەبەرهێنان: کاتێک توانیت هەندێک پارە تەرخان بکەیت هەنگاوی دواترت وەبەرهێنانە. بەڵام پێش ئەوەی دەست بە وەبەرهێنان بکەیت دڵنیابە لەوەی هەندێک پارەت داناوە بۆ هەر حاڵەتێکی فریاگوزاری دارایی و چاوەڕواننەکراو.


سەرچاوەکان



1701 بینین