سەعد غامدی

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-11-23-23:40:00 - کۆدی بابەت: 10429
سەعد غامدی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەعد غامدی (بە عەرەبی: سعد الغامدي، بە ئینگلیزی: Sa'ad Al-Gamidi)، پێشنوێژ و قورئانخوێنی سعوودی، ناوی تەواوی سەعد سەعید سەعد غامدییە لە ٧ی ئابی ١٩٦٧ لە شاری دەمام لە ڕۆژهەڵاتی شانشینی عەرەبی سعوودی لەدایکبووە.

زانیاری کەسی

ناو سەعد غامدی
لەدایکبوون  ٧ی ئابی ١٩٦٧ 
پیشە پێشنوێژ و قورئانخوێن
نەتەوە عەرەبی سعوودی
زمان عەرەبی
خێزان هاوسەردارە و خاوەنی پێنج منداڵە
هۆکاری بەناوبانگبوون قورئان خوێندن

ئەزموونی خوێندنی سەعد غامدی

سەعد غامدی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری دەمام تەواوکردووە، لەگەڵ خوێندنەکەیدا لە وەرزی هاوینیشدا لە ناوەندە هاوینەکان و ئەڵقە قورئانییەکاندا بەشداری کردووە، بەهۆی ئەوەی دیارترین ئەو بەهرانەی کە ئەم ناوەند و کۆمەڵە خێرخوازییانە گرنگییان پێ دەدا خوێندنەوەی قورئان و وتنی سروودی ئایینی بووە، سەعد غامدیش بە هەوڵی خۆی و هاوکاری گەنجەکان پەرەی بە لێهاتووییەکانی داوە و بەم شێوەیەش لە ساڵی ١٩٨٥ دەستی بە وتنی سروودی ئایینی کردووە و شریتی سروودی دەمامی یەکەم و دەمامی دووەمی بڵاوکردووەتەوە، لە بەناوبانگترین سروودەکانیشی (ملكنا هذه الدنيا قرونا) و (غربا)یە.

دواتر و لە ساڵی ١٩٩٠ لە زانکۆی (ئیمام محەمەدی کوڕی سعود)ـی ئیسلامی لە کۆلێجی شەریعە بەشی بنەماکانی ئایین (أصول الدين)ـی تەواوکردووە، لەهەمان ساڵ و لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا تەواوی قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە.

قورئانخوێندن و پێشنوێژی

سەعد غامدی بە شێوازی خوێندنەوەی (الشيخ مروان بن عبدالرحمن القادري) پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی (الشيخ علي المجدوعي) لە شاری دەمام کاریگەربووە، وەکوو خۆی دەڵێت "شێخ مەڕوان بە خوێندنەوەکەی ئایەتەکانی قورئان تەفسیر دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی خۆشە، ئەمەش لە کەم کەسدا هەیە کە ئەم دووانە پێکەوە کۆبکاتەوە". بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩١ لە نوێژی تەراویحدا پێشنوێژی بۆ خەڵکی کردووە، کە سەرەتای دەستپێکردنی بوو لە جیهانی خوێندنەوە و پێشنوێژی، یەکەم بڵاوکراوەی دەنگیشی خوێندنەوەی سوورەتی (الأحزاب و الزمر) بوو. دواتر و لە ساڵی ١٩٩٦ مۆڵەتی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزی بە ڕیوایەتی (حفص عن عاصم)ـی وەرگرتووە. سەعد غامدی لە مزگەوتە جیاوازەکانی جیهاندا پێشنوێژی کردووە وەکوو نەمسا و ئەمریکا و بەریتانیا و شانشینی بەحرەین. لە ساڵی ٢٠٠٩ـوە بە فەرمانی شاهانە وەکوو پێشنوێژ لە نوێژی تەراویحی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا لە مزگەوتی پێغەمبەر (ﷺ) دامەزراوە. 

ئەزموونی کارکردنی سەعد غامدی 

  1. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٠ بۆ ١٩٩٤ لە بواری فێرکردن و وانە وتنەوەدا کاری کردووە.
  2. لە ساڵی ١٩٩٥ تاکوو  ٢٠٠٢ وەکوو سەرپەرشتیاری پەروەردە لە وانەی پەروەردەی ئیسلامی لە دەمام کاری کردووە.
  3. بەڕێوەبەری قوتابخانەی (محەمەد فاتیح)ـی ناحکوومییە لە شاری دەمام.
  4. سەرپەرشتیاری گشتییە لە بنکەی (ئیمام شاتبی) بۆ قورئانی پیرۆز لە شاری دەمام.
  5. سەرپەرشتیاری گشتییە لە بنکەی (منار الهدى) بۆ زانستەکانی قورئان و پەروەردە و خولی شەرعی.
  6. لە ساڵی ١٩٩٩ بۆ ٢٠١٠ پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی (يوسف بن أحمد) بووە لە شاری دەمام.
  7. ئەندامی لیژنەی کۆمەڵایەتییە بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی لە شاری دەمام.
  8. سەعد غامدی زیاتر کاری پێشنوێژی کردنە و لە چەندین وڵاتی عەرەبیدا پێشنوێژی کردووە.

بڵاوکراوەکانی‌

  1. خەتمێکی قورئانی پیرۆز کە لە ساڵی ١٩٩٦ تۆمارکراوە.
  2. خوێندنەوەی هۆنراوەی (هداية المرتاب)ـی ئیمام سەخاوی، لە بواری (قورئان)ـدا.
  3. خوێندنەوەی هۆنراوەی (ألفية العراقي)ـی حافز عێراقی، لە بواری زانستەکانی فەموودە.
  4. نامەیەک (بۆ فێرخوازانی قورئان).
  5. زیکرەکان.
  6. ڕوقیەی شەرعی.
  7. خوێندنەوەی هۆنراوەی (الجزرية، تحفة الأطفال)، لە بواری جوان خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز (تجوید).


سەرچاوەکان



281 بینین