جۆرەکانی ئەستێرە

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-11-25-16:04:00 - کۆدی بابەت: 10446
جۆرەکانی ئەستێرە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جۆرەکانی ئەستێرە (بە عەرەبی: أنواع النجوم، بە ئینگلیزی: Types of stars). چەندین جۆری جیاوازی ئەستێرە لە گەردووندا هەیە، لە ئەستێرە سەرەتایییەکانەوە بۆ سوپەر زەبەلاحە سوورەکان. ئەستێرەکان دەکرێت بەپێی بارستایی و پلەی گەرمییەکەیان پۆلێن بکرێن، هەروەها دەتوانرێت بەپێی شەبەنگەکانیشیان پۆلێن بکرێن (ئەو توخمانەی هەڵیدەمژن). لەپاڵ درەوشانەوەکانیشیانەوە، پۆلی شەبەنگی ئەستێرەیەک زانیاری زۆر سەبارەت بە ئەستێرەیەک دەخاتەڕوو.

حەوت جۆری سەرەکی ئەستێرەکان هەن، بەپێی کەمبوونەوەی پلەی گەرمیەکەیان کە ئەمانەن: K,G,F,A,B,O و M. جۆری B و O زۆر باو نین، زۆر گەرم و درەوشاوەن. ئەستێرەکانی پۆلی M زیاتر باوترن، ساردترن و درەوشانەوەیان کەمترە و تەڵخن.

حەوت جۆرە سەرەکییەکەی ئەستێرەکان بەپێی شەبەنگەکانیان

کاتێک لە ئاسمان ڕادەمێنیت، دەبینیت هەندێک ئەستێرە ڕەنگێکی پرتەقاڵی گەرمییان هەیە، هەندێکیشیان ڕەنگیان سپییە. قەبارە و ڕەنگی ئەستێرەیەک بەندە لەسەر تەمەن و قۆناغی سوڕی ژیانی. حەوت جۆرە سەرەکییەکەی ئەستێرەکان بەپێی شەبەنگەکانیان بریتین لە:

  1. O (ڕەنگی شین)
  2. B (ڕەنگی شین)
  3. A (ڕەنگی شین)
  4. F (ڕەنگی شین/سپی)
  5. G (ڕەنگی سپی/زەرد)
  6. K (ڕەنگی پرتەقاڵی/سوور)
  7. M (ڕەنگی سوور)

سیستمی مۆرگن-کینن لە ئەستێرەناسی مۆدێرندا بەکاردەهێنرێت وەکوو سیستمێکی پۆلێن کردن بۆ ڕێکخستنی ئەستێرەکان بەپێی جۆری شەبەنگەکەیان و درەوشانەوەکەیان. سیستمەکە لە ساڵی ١٩٤٣ـەوە لەلایەن وڵیەم ویڵسن مۆرگن و فڵیپ سی کیننەوە پێشکەشکرا.

باوترین جۆری ئەستێرە چییە؟

کاتێک لە شەوێکی ساماڵدا سەیری ئاسمان دەکەیت، وا دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەستێرەکان سارد بن، ئەستێرە شینەکان دەکەونە ژێر پۆلێنی پۆلی B یان Aـی پۆلێنی ئەستێرەکان. سەرەڕای ئەوە  کورتەبنە سوورەکانی زنجیرەی سەرەکی باوترین جۆری ئەستێرەن لە گەردوونەکەماندا.

خۆری خۆمان سەر بە زنجیرەی سەرەکییە، لە جۆری G، بەڵام زۆربەی ئەستێرەکانی گەردوون ساردترن و بارستایییان کەمە. لە ڕاستییدا زۆربەی ئەستێرە کورتەبنە سوورەکان زۆر تەڵخن کە ناتوانرێت بە چاوی ئاسایی لە زەوییەوە ببینرێن. کورتەبنە سوورەکان بەهێواشی دەسووتێن، بەو واتایەی بەبەراورد بە ئەستێرەکانی تر، ماوەی ژیانیان زۆرترە.

نزیکترین ئەستێرە لە کۆمەڵەی خۆرەکەمانەوە ئەستێرەی پرۆکسیما سێنتووریە، کە کورتەبنەیەکی سوورە. کورتەبنە سوورەکان بە بچووکترین ئەستێرەکانی گەردوونیشەوە کێشیان نزیکەی ٧،٥٪ بۆ ٥٠٪ی خۆری خۆمان دەبێت. هەرچەندە کورتەبنەی سووری زنجیرەی سەرەکی باوترین جۆری ئەستێرەیە لە گەردووندا، بەڵام بە گشتی حەوت جۆری سەرەکی ئەستێرە هەیە.

ئەستێرە سەرەتایییەکان

ئەستێرەی سەرەتایی (Protostar) ئەو بەشەیە پێش ئەوەی ئەستێرەکە پێکبێت. پرۆتۆستار کۆکراوەی گازە کە لە ئەنجامی داڕووخانی هەورێکی زەبەلاحی گەردییەوە دروست بوون. ماوەی پەرەسەندنی قۆناغی پرۆتۆستار نزیکەی ١٠٠ هەزار ساڵ دەخایەنێت. بەتێپەڕبوونی کات کێشکردن و پەستان زیاد دەکات، دەبێتە هۆی داڕمانی پرۆتۆستارەکە. هەموو ئەو وزەیەی لەلایەن پرۆتۆستارەکەوە دەردەدرێت تەنها لەو گەرمییەوە دێت کە بەهۆی وزەی کێشکردنەوە دروست بووە، هێشتا یەکبوونی ناوەکی دەستی پێ نەکردووە.

ئەستێرەی تی تۆرس

ئەستێرەی تی تۆرس قۆناغی دروستبوونی ئەستێرە و پەرەسەندنیەتی ڕێک پێش ئەوەی ببێتە ئەستێرەی زنجیرەی سەرەکی. ئەم قۆناغە لە کۆتایی قۆناغی پرۆتۆستاردا دەست پێدەکات کاتێک ئەو پەستانی کێشکردنەی سەرچاوەی هەموو وزەی ئەستێرەکەیە، ئەستێرەکەی ڕاگرتووە.

ئەستێرەی تی تۆرس بەشی پێویست پەستان و پلەی گەرمی لە کرۆکەکەیدا نییە تا بتوانێت یەکبوونی ناوەکی ئەنجام بدات، بەڵام لە ئەستێرەکانی زنجیرەی سەرەکی دەچێت، بەوەی پلەی گەرمییەکانیان تا ڕادەیەک لەیەک نزیکن. بەڵام لەبەر ئەوەی گەورەترە، درەوشاوەترە. ئەستێرەکانی تی تۆرس پەڵەی خۆرییان لەسەرە، بڵێسەی بەهێزی تیشکی ئێکس و بای ئەستێرەییی زۆر بەهێز دەردەدەن. ئەستێرەکان بۆ ماوەی ١٠٠ ملیۆن ساڵ لەم قۆناغەدا دەمێننەوە.

ئەستێرەکانی زنجیرەی سەرەکی

ئەستێرەکانی زنجیرەی سەرەکی ئەستێرە گەنجەکانن. وزەکەیان سەرچاوەکەی یەکبوونی هایدرۆجین بۆ هیلیۆمە لە کرۆکەکەیدا. پڕۆسەیەک کە پێویستی بە پلەی گەرمی ٩،٩٩٩،٧٢٦ پلەی سیلیزییە. نزیکەی ٩٠٪ـی ئەستێرەکانی گەردوونەکەمان ئەستێرەی زنجیرەی سەرەکین، بە خۆری خۆشمانەوە. ئەستێرەکانی زنجیرەی سەرەکی بارستایییەکەیان لەنێوان ١/١٠ بۆ ٢٠٠ ئەوەندەی بارستاییی خۆرە.

ئەستێرە لە زنجیرەی سەرەکیدا لە دۆخی هاوسەنگی هایدرۆستاتیکیدایە. هێزی کێشکردن ئەستێرەکە بەرەو ناوەوە ڕادەکێشێت، وە پەستانی ڕووناکییەکە لە ئەنجامی کارلێکەکانی یەکبوونەوە کە لەناو ئەستێرەکەدا ڕوودەدەن بەرەو ئاڕاستەی دەرەوە پاڵدەنرێن. هێزەکانی دەرەوە و ناوەوە یەکتری هاوسەنگ دەکەن، وە ئەستێرەکەش شێوە خڕەکەی خۆی دەپارێزێت. ئەستێرەکانی زنجیرەی سەرەکی قەبارەکەیان بەندە لەسەر بارستایییەکەیان، کە پێناسی بڕی ئەو هێزی کێشکردنە دەکات کە بەرەو ناوەوە ئەستێرەکە ڕادەکێشێت.

ئەستێرە شینەکان

ئەستێرە شینەکان بەشێوەیەکی گشتی گەرمن لە جۆری O. بە زۆری لەو ناوچانەدا هەن کە دروستبوونی ئەستێرە تێیدا چالاکە، بە تایبەتی قۆڵەکانی گەلەئەستێرە لولپێچییەکان کە بە ڕووناکیەکەیان تۆز و هەورە گازییەکان ڕووناک دەکەنەوە و وا دەکەن ئەم پێکهاتانە بە ڕەنگی شین دەربکەون.

ئەستێرە شینەکان بە زۆری لە سیستمە ئاڵۆزە فرە ئەستێرەیییەکاندا دەبینرێن، کە تێیدا پێشبینی کردنی پەرەسەندنیان کارێکی قورسە بەهۆی دیاردەی گواستنەوەی بارستایی لە نێوان ئەستێرەکاندا و بەهۆی بوونی ئەگەری ئەستێرەی جیاواز لە سیستمەکەدا کە لە کۆتایی تەمەنیاندا بە سوپەرنۆڤادا تێپەر دەبن.

ئەستێرە شینەکان بە زۆری بەوە دەناسرێن کەهێڵی شەبەنگەکانیان ئاماژە بەوە دەکەن گازی هیلیۆم بە بەهێزی هەڵدەمژن، لەبەرئەوەی ئەم ئەستێرە شینانە زۆر گەرم و گەورەن، تەمەنیان کورتە و لە ئەنجامدا دەبنە هۆی ڕوودانی سوپەرنۆڤا و یان دەبنە کونی ڕەش یان ئەستێرەی نیوترۆنی.

کورتەبنەی سوور

کورتەبنە سوورەکان باوترین جۆری ئەستێرەن لە گەردووندا. سەر بە ئەستێرەکانی زنجیرەی سەرەکیین، بەڵام بارستایییان کەمترە و ساردترن بەبەراورد بە خۆری خۆمان. بەهۆی دۆخی ساردییەکەیانەوە ڕەنگەکەیان کاڵ دەردەکەوێت و درەوشانەوەیان کەمە، بەڵام ئەمە سوودی خۆی هەیە.

بەشێوەیەک سووتەمەنی هایدرۆجینەکەیان لەناو کرۆکەکەدا دەمێنێتەوە، بەمشێوەیە ئەستێرەکە سووتەمەنی پێدەمێنێت بۆ ماوەیەکی درێژی تەمەنی، واتە ئەم ئەستێرانە بەبەراورد بە ئەستێرەکانی تر تەمەنیان درێژترە. ئەستێرەناسەکان مەزەندەی ئەوە دەکەن کە هەندێک ئەستێرەی کورتەبنەی سوور بۆ ماوەی دە ترلیۆن ساڵ دەمێننەوە. بچووکترین کورتەبنەی سوور بارستایییەکەی ٠،٠٧٥ هێندەی خۆری خۆمانە.

کورتەبنەی زەرد

کورتەبنەی زەرد ئەستێرەیەکە سەر بە زنجیرەی سەرەکییە و لە پۆلێنی شەبەنگیی Gـدایە. بارستایییەکەی ٠،٧ بۆ ١ ئەوەندەی خۆری خۆمانە. نزیکەی ١٠٪ـی ئەستێرەکانی گەلەئەستێرەی ڕێگای کاکێشان کورتەبنەی زەردن. پلەی گەرمی سەر ڕووەکەیان نزیکەی ٦ هەزار پلەی سیلیزیە و بە ڕەنگی زەردێکی درەوشاوە دەدرەوشێنەوە کە بە لای سپیدا دەڕوات.

خۆری خۆمان نموونەیەکە بۆ ئەستێرەی جۆری G، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگی سپییە بەو پێیەی هەموو ئەو ڕەنگانەی بەرهەمی دەهێنێت تێکەڵ دەبن لەگەڵ یەکتردا. سەرەڕای ئەوەش، هەرچەندە هەموو ڕووناکییە بینراوەکەی خۆر تێکەڵ دەبێت و ڕەنگی سپی پێکدەهێنێت، ڕووناکییە بینراوە دەردراوەکەی لە شەبەنگەکەیدا،  لە بەشی ڕەنگی سەوزدا بەرزترین ئاست پیشاندەدات. بەڵام پێکهاتە سەوزەکە هەڵدەمژرێت یان تێکدەشکێنرێت لەلایەن لەرەلەرەکانی ناو خۆر خۆی و بەرگەهەوای زەوی.

ئەستێرەی نموونەییی جۆری G نزیکەی ٠،٨٤ بۆ ١،١٥ـی بارستایی خۆریان هەیە و پلەی گەرمییەکەیان دەکەوێتە نێوان ٥ هەزار بۆ ٥،٧٢٦ پلەی سیلیزی. هاوشێوەی خۆر هەموو ئەستێرەکانی جۆری G، لە کرۆکەکەیاندا هایدرۆجین دەگۆڕن بۆ هیلیۆم و کاتێک هایدرۆجینەکەیان تەواو دەبێت دەبنە زەبەلاحی سوور.

کورتەبنەی پرتەقاڵی

کورتەبنە پرتەقاڵییەکان لە جۆری Kـین. بەپێی قەبارەکەیان لەسەر زنجیرەی سەرەکی دەکەونە نێوان ئەستێرەکانی جۆری Mــی سوور و Gـی زەرد. ئەستێرەکانی جۆری K لە بەدواداگەڕان بۆ ژیانی بوونەوەری دەرەکی سوودیان لێ وەردەگیرێت، بەو پێیەی بڕێکی دیاریکراوی کەم لە تیشکی سەروو وەنەوشەییی دەردەدات کە زیان بە DNA دەگەیەنێت و لەناوی دەبات بەبەراورد بە ئەستێرەکانی جۆری G.

هەروەها بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠ ملیار ساڵ لە زنجیرەی سەرەکییدا دەمێننەوە بەبەراورد بە ١٠ ملیار ساڵی خۆری خۆمان. هەروەها ئەستێرەکانی جۆری K نزیکەی چوار ئەوەندەی جۆری G باون، کاری بەدوادا گەڕان بۆ هەسارە دەرەکییەکان ئاسانتر دەکات.

ئەستێرە سوپەر زەبەلاحەکان

گەورەترین ئەستێرەکان لە گەردووندا ئەستێرە سوپەر زەبەلاحەکانن. ئەستێرە زەبەلاح و سوپەر زەبەلاحەکان کاتێک دروست دەبن کە ئەستێرەکە هایدرۆجینی پێ نامێنێت و دەست دەکات بە سوتاندنی هیلیۆم. لەگەڵ داڕمانی کرۆکی ئەستێرەکە و گەرمتربوونی، ئەو گەرمییەی لە ئەنجامی ئەوە پێکدێت دەبێتە هۆی فراوان بوون و کشانی چینە دەرەکییەکان بەرەو ڕووی دەرەوە.

ئەو ئەستێرانەی بارستایییان کەمە یان مامناوەندن دواتر پەرەدەسێنن بۆ زەبەلاحە سوورەکان. ئەو ئەستێرانەشی بارستایییان زۆرە و دە هێندەی خۆری خۆمان گەورەترن دەبن بە سوپەر زەبەلاحی سوور لە ماوەی قۆناغی سووتاندنی هیلیۆمدا.

ئەستێرە سوپەر زەبەلاحەکان بە ڕێژەیەکی گەورە هایدرۆجین دەسووتێنن و بە تەنها لە ماوەی چەند ملیۆن ساڵێکدا هەموو سووتەمەنی کرۆکەکەیان بەکاردەهێنن. ئەستێرە سوپەر زەبەلاحەکان ژیانێکی خێرا دەژین و بە گەنجی دەمرن. وەکوو سوپەرنۆڤا دەتەقەنەوە و لەناو پرۆسەکەدا دەبنە پارچەی زۆر بچووک.

زەبەلاحی شین

ئەو ئەستێرانەی لە پۆلێنی ڕووناکی دەکەونە ژێر پۆلی III و II (زەبەلاح و زەبەلاحی درەوشاوە) بە ئەستێرەی زەبەلاحی شین دەناسرێن.

زاراوەکە بەسەر چەندین ئەستێرەی جیاوازدا دەسەپێنرێت لەناو قۆناغە جیاوازەکانی گەشەسەندنیاندا. ئەو ئەستێرانەن کە زنجیرەی سەرەکییان بەجێهێشتووە، بەڵام هێشتا چەند تایبەتمەندییەکی هاوشێوەیان هەیە. زەبەلاحە شینەکان دەگمەنترن لە زەبەلاحە سوورەکان، چونکە پەرەسەندنیان لەو ئەستێرانەوەیە کە زۆر گەورەن و کەمتر باون، هەروەها تەمەنیشیان کورتترە. 

سوپەر زەبەلاحی شین

ئەستێرە سوپەر زەبەلاحە شینەکان بەشێوەیەکی زانستی لە پۆلی OB سوپەر زەبەلاحەکاندا دەپۆلێنرێن. ئەستێرە سوپەر زەبەلاحە شینەکان گەورەترن لە خۆر، بەڵام لە ئەستێرە سوپەر زەبەلاحە سوورەکان بچووکترن. هەروەها بارستایییەکەیان دەکەوێتە نێوان دە بۆ ١٠٠ ئەوەندەی خۆری خۆمان.

بەشێوەیەکی سەرەکی ئەو ئەستێرانەی لە جۆری B و Oــن لە ماوەی چەند ملیۆن ساڵێکدا زنجیرەی سەرەکی بەجێدەهێڵن چونکە هەر بە زوویی هایدرۆجینەکەیان دەسووتێنن بەهۆی بارستایییە گەورەکەیانەوە. ئەم ئەستێرانە دەست بە پرۆسەی کشان دەکەن و دەچنە ناو قۆناغی سوپەر زەبەلاحی شینەوە لەگەڵ دەرکەوتنی توخمە قورسەکان لەسەر ڕووەکەیان.

زەبەلاحی سوور

کاتێک ئەستێرەیەک هایدرۆجینی کرۆکەکەی بەکاردەهێنێت، یەکبوونی ناوکی دەوەستێت و ئەستێرەکە چیتر پەستان بەرەو ڕووی دەرەوە دروست ناکات بە پێچەوانەی ئەو پەستانەی بەرەو ناوەوە ڕایدەکێشێت و هاوسەنگی هایدرۆستاتیکی تێکدەچێت. توێکڵێکی هایدرۆجینی بە دەوری کرۆکەکەیدا بەبەردەوامی دەسووتێت و ژیانی ئەستێرەکە بەردەوام دەبێت بەڵام دەبێتە هۆی زیادبوونی قەبارەکەی.

لەم ئەستێرانەدا هایدرۆجین هێشتا یەکدەبێت بۆ دروستکردنی هیلیۆم، بەڵام لەناو توێکڵێکدا بە دەوری هیلیۆمی دامرکاوی کرۆکەکەدا دەبێت. ئەستێرە بەتەمەنداچووەکە بووە بە زەبەلاحێکی سوور کە دەتوانێت ١٠٠ هێندەی پێشتر لەوە گەورەتر بێت کە لە قۆناغی زنجیرەی سەرەکییدا بووە. کاتێک ئەم هایدرۆجینە بەکاردەهێنرێت توێکڵی تری هیلیۆمی و توخمە قورسەکان دەتوانرێت لە کارلێکەکانی تری یەکبووندا بەکاربهێنرێت. قۆناغی زەبەلاحی سووری ئەستێرەیەک تەنها چەند سەت ملیۆن ساڵێک دەخایەنێت پێش ئەوەی بە تەواوی سووتەمەنی پێ نەمێنێت و ببێت بە کورتەبنەی سپی.

سوپەر زەبەلاحی سوور 

سوپەر زەبەلاحە سوورەکان ئەو ئەستێرانەن کە سووتەمەنی هایدرۆجینی کرۆکەکەیان لێ بڕاوە و لە ئەنجامدا، چینە دەرەکییەکانیان بە فراوانی دەکشێن.

کورتەبنەی سپی

کاتێک ئەستێرەیەک بە تەواوی سووتەمەنی هایدرۆجینی لێ بڕاوە لە کرۆکەکەیدا و بارستایی ئەوەندە نییە بتوانێت توخمەکانی تر ڕابکێشێت بەرەو کارلێکی ناوکەیەکبوون، دەبێت بە ئەستێرەی کورتەبنەی سپی. پەستانی ڕووناکییەکەی کە بەرەو ڕووی دەرەوەیە و لە ئەنجامی کارلێکی یەکبوونەوە دروستدەبوو، دەوەستێت و ئەستێرەکە بەرەو ڕووی ناوەوە و لەژێر کاریگەری کێشکردنی خۆیدا دادەڕمێت. کورتەبنەیەکی سپی دەدرەوشێتەوە چونکە پێشتر ئەستێرەیەکی گەرم بووە، بەڵام چیتر کارلێکی یەکبوون ڕوونادات. کورتەبنە سپییەکە سارد دەبێتەوە هەتا پلەی گەرمییەکەی دەبێتە پلەی گەرمی چواردەورەکەی لە گەردووندا. ئەم پڕۆسەیە سەدان بۆ ملیاران ساڵ دەخایەنێت، بۆیە تا ئێستا هیچ کورتەبنەیەکی سپی بە تەواوی سارد نەبووەتەوە.

ئەستێرەی نیوترۆنی

ئەستێرە نیوترۆنییەکان کرۆکە داڕماوەکەی ئەستێرە مەزنەکانن کە لە ماوەی تەقینەوەی سوپەرنۆڤاکەدا بە پەستێنراوی بەناو قۆناغی کورتەبنە سپییەکەدا تێپەڕیون. ئەو کرۆکەی دەمێنێتەوە دەبێت بە ئەستێرەی نیوترۆنی. ئەستێرەی نیوترۆنی جۆرێکی نائاساییی ئەستێرەیە کە بە تەواوی لە نیوترۆن پێکهاتووە. نیوترۆن ئەو پێکهاتانەن کە لە پرۆتۆن گەورەترن بەڵام بێ بارگەن.

ئەستێرە نیوترۆنییەکان بە پرۆسەی "پەستانی لێکهەڵوەشانی نیوترۆن" لە دژی بارستایییەکەی پاڵپشتی دەکرێت. هێزی کێشکردنە بەهێزەکەی ئەستێرەی نیوترۆنی پرۆتۆن و ئەلیکترۆنەکان بە یەکدا دەکێشێت بۆ دروستکردنی نیوترۆن. ئەگەر ئەستێرەکە زۆر مەزنتر بوو، لە دوای تەقینەوەی سوپەرنۆڤاکەوە دەبنە کونی ڕەش لە جیاتی ئەستێرەی نیوترۆنی.

کونی ڕەش

لە کاتێکدا ئەستێرە بچووکەکان لەکاتی تەواو بوونی سووتەمەنیەکەیاندا لەوانەیە ببنە ئەستێرەی نیوترۆنی یان کورتەبنەی سپی، ئەستێرە مەزنەکان کە بارستایییەکەیان سێ هێندەی خۆری خۆمان دەبێت لەوانەیە لە تەقینەوەی سوپەرنۆڤاکەدا ژیانیان کۆتایی بێت.

پاشماوە مردووەکەی کە لە دوای بەجێ دەمێنێت بەبێ هیچ پەستانێک بەرەو ڕووی دەرەوە لە دژی هێزی کێشکردنەکەی، دەبێتە هۆی ئەوەی داڕمان بەردەوام بێت بەرەو خاڵێکی تەرایی و لە کۆتاییدا ببێت بە کونێکی ڕەش. کونە ڕەشەکان خاوەنی هێزێکی کێشکردنن کە تەنانەت ڕووناکیش لێی دەرباز نابێت.


سەرچاوەکان



1979 بینین